دوای تووشبوونی كۆرۆنا

دلاوەر عەلائەدین

رووداو. ١٢ ئاداری ٢٠٢٠

دوای تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا (كۆڤید 19)، چارەنووسی نەخۆش پەیوەستە بە كۆمەڵێك فاكتەرەوە، كە پێویستە لەكاتی خۆپاراستن رەچاوبكرێن:

1) رێگەی گواستنەوە: دەست بۆ دەم و لوت، وەیان راستەوخۆ لە رێگەی هەناسەوە.

2) جورعەی ڤایرۆسەكە: ژمارەی ڤایرۆسەكانی دەچنە لەشەوە

3) تەمەن و باری تەندروستی مرۆڤە توشبووەكە.

هاوكات تێگەیشتن لە كاروانی ڤایرۆسەكە لەناو لەشی مرۆڤ گرنگە بۆ ئەوەی خەڵك لە زانیاری و رەفتار و رێگەچارەی نەشیاو یان زیانبەخش دوور بكەوێتەوە.

ئەگەر ڤایرۆسی كۆرۆنا بە دەست بگوازرێتەوە بۆ ناو دەم و لوت، لەوێدا، چەند سەعاتێكی دەوێ تاوەكو خۆی بە خانەكانی ناو دەم و گەروو و لوت هەڵدەواسێ و دواتر نیشتەجێ دەبێ. بۆیە:

- هەتا دەكرێ لە دوای دەست لێدانی كەلوپەلی ڤایرۆساوی، مرۆڤ دەست بۆ دەم و لوت نەبات، و ئەگەر بردیشی، بە بێ دواكەوتن دەست و دەم و لوتت بشۆرێ وغەرغەرە بە ئاو یان خوێواو بكات. ئەوە چانسێكت دەداتە مرۆڤەكە هەتا ڤایرۆسەكە لە قۆناخی یەكەم رابگری، ئەگینا دواتر هیچكام لەوانە سوودێكی ئەوتۆی نابێ.

- ئەگەر ژمارەی ڤایرۆسەكانی دەگوازرێتەوە ناو دەم و لوت زۆربن (واتە ئەو شوێنەی دەستی پێكەوتووە زۆر پیس بووبێ)، ئەوا ڤایرۆسەكە خێراتر و بە ژمارەی زۆرتر جێگیر دەبێ و لە لەش بڵاودەبێتەوە و نیشانەكانی نەخۆشیەكە زووتر بەدەر دەكەوێ.

دوای نیشتەجێبوون، ڤایرۆسەكە دەچێتە ناو خانەكانی دەم و لوت و گەروو. لەوێدا پێداویستی گەشەكردن و زۆربوون مسۆگەر دەكات و لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا بە هەزاران قات زیاد دەكات. لەوێشەوە لە خانەكانی گەرووەوە لە رێگەی هەناسە و خوێنەوە بڵاودەبێتەوە بۆ ناو سیپەلاك و باقی لەش. هەر لەو كاتەشەوە كەسی تووشبوو توانای گواستنەوەی ڤایرۆسەكەی هەیە بۆ یەكێكی دیكە. واتە پێش ئەوەی خۆشی نیشانەكانی لێ دەركەوتبێ.

دیارە لەو نێوەشدا ئامراز و كۆئەندامی بەرگری لەش دەكەونە شەڕ لە دژی ڤایرۆس. لەو شوێنەی كە شەڕی تێدا دەبێ، نیشانەكانی نەخۆشەکە دەردەكەون. دەم و گەروو و دیوی پشتەوی لووت كۆمەڵێك شانەی لیمفاویان تێدایە، كە یەكەم بەرەی شەڕكردنن. ئەوانە بەهۆی شەڕەكەوە دەست بە ئاوسان دەكەن و مرۆڤەكە هەست بە ئاوسانی مل و گەرو و كەوتن و كڕانەوەی پشتەوەی لووت و گەروو دەكات.

لە لەشی مرۆڤێكی تەندروست و لاودا، رەنگە ئەو شەڕە لە گەروودا یەكلایی ببێتەوە، هێزەكانی بەرگری لەش لەوێدا ژمارەی ڤایرۆسەكان كەم دەكەنەوە و رێگە بە زۆربەیان نادەن تەشەنە بكەن. لەونێوەشدا كۆئەندامی بەرگری راهێنان بە خڕۆكە سپییەكان دەكات و ئامادەیان دەكات بۆ شەڕكردنی راستەوخۆ و دروستكردنی ئەنتی بۆدی. ئیتر نەخۆشیەكە سووك دەبێ و كەسەكە زووتر رزگاری دەبێ.

دوای گەروو، ڤایرۆسەكە چەند رۆژێكی دیكە دەخایەنێ هەتا دەگاتە سیپەلاك و بۆرییەكانی هەناسە. ئەوانیش لەكاتی شەڕدا تووشی برینداری و مردنی خانەكان دەبن، بەڵام لەوانەدا – بە بەراورد لەگەڵ گەروو - شانەی لیمفاوی كەمترن و ئاستی بەرگری گشتی نزمترە، بۆیە، زیانی گەورەتریان پێ دەكەوێ. ئەوەش كار دەكاتە سەر توانای بۆرییەكانی هەناسە و سیپەلاك بۆ كاربەجێگەیاندنیان، بۆیە مرۆڤەكە تووشی تەنگە نەفەسی و كەمبوونەوەی رادەی ئۆكسجینی لەش دەكات.

ئەگەر مرۆڤی ساغ یەكەمجار ڤایرۆسی لە رێگەی هەڵمژینی هەناسە و دڵۆپی كۆكە و پژمینی نەخۆشێك تووش ببێ، ئەوا زۆربەی ڤایرۆسەكان بە راستەوخۆیی دەگەنە سیپەلاك و بۆریەكانی هەناسە و یەكەمجار ئەوێ بریندار دەكەن. لەو كەسانەدا، رەنگە یەكەمین نیشانەكانی نەخۆشی بە كۆكە و تەنگەنەفەسی بەدەر بكەون بەبێ ئەوەی كێشەی گەروو و لوت زاڵ ببێ. خۆ ئەوانەی بۆ ماوەیەكی درێژتر لەگەڵ نەخۆشێك تێكەڵ دەبن و دەكەونە گفتوگۆ و هەڵمژینی هەناسەی یەكتر، ئەوا جورعەی (ژمارەی) ڤایرۆسەكانی كە راستەوخۆ دەگەنە بۆرییەكانی هەناسە و سیپەلاك زیاتریش دەبن و نەخۆشەكە زووتر نیشانەكانی لێ دەردەدات و رەنگە نەخۆشییەكە تووندتریش بێ.

- لە ژوورێكی داخراودا كە دەنگە دەنگی زۆری تێدایە، زۆربەی ئەوانەی قسە دەكەن، لە نزیك یەكتر دەوەستن و دەنگیان بەرزتر دەكەنەوە، بەوە پریشكی دەم و لووتیان بە ئاسانتر ئاڵوگۆڕ دەكەن و زیاتریش هەناسەی یەكتر هەڵدەمژن. هەیانە بۆ نهێنی پاراستن دەمیان لەیەكتر زۆر نزیك دەكەنەوە، بەوە دیسان جورعەی ڤایرۆسەكانیان كە راستەوخۆ لە رێگەی هەناسەوە دەگەیننە سیپەلاكی یەكتر گەورەتر دەبێ. هەتا ئەو تێكەڵاویە رووبەڕووش درێژتر بخایەنێ، ژمارەی ڤایرۆسە گوزراوەكان زیاتر دەبن.

- بۆیەش گرنگە هەتا بكرێ، كەمترین خەڵك بۆ كەمترین ماوە لە ژوورێكدا بن، و لەكاتی قسەكردن بە لانیكەمەوە مەترونیوێك هەتا دوو مەتر لێك دوور بن، و كۆبوونەوەكانیش زوو كۆتایی پێ بێنن، و دواتر هەوای ژوورەكان بگۆڕن.

ئەگەر تووشبووێك بەرگری لەشی كەم بێ، بۆ نموونە بەهۆی نەخۆشی، یان دەرمانی هەندێ جۆرە نەخۆشی، و یان جگەرەكێشان (كە كاری بۆڕیەكانی هەناسە و سیپەلاك تێك دەدات)، ئەوا ڤایرۆسەكە گەورەترین زیان لە سیپەلاك دەدات و لەوێشەوە ناوەستێ لە سەرجەم بەرەكانی شەڕدا سەردەكەوێ و خۆی دەگەیەنێتە كۆئەندامەكانی دیكەی لەش و كاری ئەوانیش تێك دەدات. لەوانە، رەنگە گورچیلەكان لەكار بخات.

- لەو حاڵەتەدا نەخۆش هەر دەبێ لە نەخۆشخانە بخەوێ و كۆمەڵێك ئامرازی ژووری ئینعاشی لە خزمەتدا بێ، لەوانە ئۆكسجین و هاوكاری هەناسەدان و شوشتنەوەی گورچیلە و رێكخستنەوەی فشاری خوێن و رێكخستنەوەی لێدانی دڵ و هی دیکە.

- هەر لەبەر ئەو هۆیانەشە كە پێویستە جەخت نەك تەنیا لە پاكوخاوێنی بكرێتەوە، بەڵكو لە باشكردنی تەندروستی و جگەرە تەرككردن. هیچ كاتێك درەنگ نییە بۆ ئەوەی دەستپێبكەیت.

بەرگری لەش و گواستنەوەی بەرگری

دوای چاكبوونەوە، كۆئەندامی بەرگری لەش ئەو ڤایرۆسەی لەبیر دەمێنێ و ئەگەر لە ئایندەدا دیسان رووبەڕووی بێتەوە دەیناسێتەوە و هەموو ئامرازەكانی شەڕكردنی بۆ بەگەڕ دەخات. بەوە لەش بە یەكجارەكی دەپارێزێ، تەنیا لەو حاڵەتانە نەبێ كە ڤایرۆسەكە لەژێر فشاری بەرگری خەڵكدا مەجبوور دەبێ بەرگری خۆی بگۆڕێ، بەڵام ئەو گۆڕانكارییە زۆر خێرا نییە و لە زۆربەی حاڵەتیشدا گۆڕانكاری بچووكن. واتە ئەگەر لەشی مرۆڤ بۆ جاری دووەمیش بەرەنگاری ئەو ڤایرۆسە - بە بەرگە نوێیەكەی - بوویەوە، ئەوا نەخۆشییەكەی سووك دەبێ.

هاوكات، كە ژمارەی ئەو كەسانەی لە نەخۆشییەكە رزگاریان دەبێ زۆر دەبن، بگرە دەگەنە ئاستی زۆرینە، ئەوكات هەمان ئەو كەسانە دەبنە بەربەست لەبەردەم تەشەنەكردنی ڤایرۆسەكە، وە ئاستی توشبوون كەم دەكەنەوە – واتە بەرگری كۆمەڵ.

لە سەردەمانی پێشوو، پێش داهێنانی ئەنتیبایۆتیك، كاریگەرترین شێوازی چارەسەری نەخۆشی بریتی بوو لە گواستنەوەی سیرەم (ئاوی خوێن)ی ئەو كەسانەی لە نەخۆشییەكە چاكدەبنەوە بۆ یەكێكی توشبووی نوێی. ئەو شێوازە لە ئێستاشدا بەردەوام لە بواری نەخۆشی ڤایرۆسی كاری پێ دەكرێ، نەك تەنیا بۆ چارەسەركردن بەڵكو وەك كوتانێك بۆ رێگرتن لە نەخۆشی. ئێستاش دەكرێ بیر لەوە بكرێتەوە، بەتایبەتی لە چین كە ژمارەی ئەوانەی چاكبوونەوە و لە ڤایرۆسەكە پاكبوونەتەوە بایی ئەوەندە زیادی كردووە كە بتوانرێ بە سیرەمی ئەوان خەڵكی دیكە لە مردن وەیان نەخۆشبوون رزگار بكرێن.

دوایین وشە: مایەی خۆشحاڵییە كە سەرباری بەربەستەكان، كەچی هەرێمی كوردستان لە زۆر وڵاتانی دیكەی دەورووبەر و بگرە ئەوروپییەكان باشتر خۆی پاراستووە. بەشێكی ئەو سەركەوتنە دەگەڕێتەوە بۆ هاوكاری و هۆشیاری تاكەكەس و كۆمەڵگە و حكومەت. هاوكات خەڵك بەدوای زانیاری بەسوود دەگەڕێ بۆ خۆپاراستن و پاراستنی خەڵكی دیكە. هیوادارین هەموو لایەك لەوەدا بەردەوام بێ.