بڕیاری ترەمپ و ئەگەرەكانی بەردەم رۆژئاڤا


بڕیاری ترەمپ و ئەگەرەكانی بەردەم رۆژئاڤا

دلاوەر عەلائەدین

رووداو 25-12-2018

بە بڕیارێك و چەند تویتێكی لەناكاو، دۆناڵد ترەمپ نەك تەنیا زەلكاوەكەی سووریا و ناوچەكەی شڵەقاند، بەڵكو تەواوی دامەزراوەكانی حوكمڕانی وڵاتەكەشی هەژاند و خۆشی خستە بەر هەڕەشەی فشاری ناوەكی و دەرەكی. لەوانەیە، خەڵك و سیاسەتمەدارانی كوردی سووریا ئومێد لەسەر ئەو فشارانە هەڵچنن، بەڵام نەخێر، ئەگەری گۆڕینی بڕیارەكان زەحمەتە. ترەمپ زۆر لەوە سەرسەختترە كە خۆی تووشی شەرمەزاریی پەشیمانبوونەوە بكات. تەنانەت، رێگەی لەوەش گرتووە كە بەرپرسەكانی پێنتاگۆن فێڵی نوێ بدۆزنەوە بۆ خاوكردنەوەی كشانەوەی هێزەكان. بۆیە، تەنیا ئومێدێك كە لە ئارادابێ بۆ كوردی سووریا ئەوەیە بە هەوڵی خۆیان و دۆستەكانیان ئەڵتەرناتیڤێكی مامناوەندی بهێننە ئاراوە.

دۆناڵد ترەمپ، وەك سەرۆك، دەسەڵاتی ئەوەی هەیە كە سەرجەم فشارەكان پشتگوێ بخات. خۆشی دوور لە سۆز و بەها ئەخلاقیەكان، زیاتر گوێی لەوەیە ئایا توركیا ئامادەیە لەجیاتی مووشەکی رووسیی زەمین- ئاسمانی S400، مووشەکی پاتریۆتی ئەمەریكی بە بەهای زیاتر لە سێ ملیار دۆلار بكڕێ. دەشزانێ كە دەنگدەرەكانی (بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی) گرنگی بە كەمكردنەوەی خەرجیە دەرەكیەكان و گەڕاندنەوەی لەشكرەكەیان بۆ ناوماڵ دەدەن، نەك شەڕی داعش یان پاراستنی چارەنووسی هاوپەیمانێكی ناحكومی لە وڵاتێكی بیانی.

بۆیەش، لە پەیوەندیە تەلەفۆنیەكەدا، سەرۆك ترەمپ وەك بزنسمانێكی خراپ هاتە پێش. سەرۆك ئەردۆگان میچی داواكارییەكانی بایی ئەوەندە بەرزكردبووەوە كە خۆشی بڕوای نەبوو ترەمپ بێ دوودڵی پێیان رازی بێ، وای دانابوو كە لە ناوەڕاستدا یەكتر دەگرنەوە و ترەمپ داوای سەبرگرتن و دواخستن یان رێكکەوتنی دیكەی لێ بكات. كەچی ترەمپ ئەردۆگانیشی تووشی شۆك كرد لەوەی كە، بە پێچەوانەی راوێژی راوێژكارەكانی، بە هەموو داواكارییەكان رازی بوو. تەنانەت ئەردۆگان ترسی لێ نیشت و ئامۆژگاری ترەمپی كرد لەوەی كە كشانەوەكە نابێ لەناكاو بێ. دیارە توركیاش هێشتا ئامادە نییە وا زوو هێرش بكاتە سەر رۆژئاڤا. بێگومان ئەوەش وا دەكات كە توركیا پەلە لە ئامادەباشیی سەربازی بكات، بەڵام مانای ئەوە نییە كە جارێ وازوو هێرش دەكات. هاوكات، رەنگە سیاسەتی توركیا ئەوە نەبێ كە هەتا قووڵاییەكی زۆر هێزەكانی پەیەدە بڕەتێنێ، بەڵكو تەنیا بە قووڵایی 20 هەتا 30 كیلۆمەتەر زنجیرەیەكی سنووری داگیر بكات و بە هاوكاریی (لەشكری سووریای ئازاد) ئیدارەیەكی هاوشێوەی عەفرین دابمەزرێنێ و پەناهەندەكانی ناو توركیا بگەڕێنێتەوە ناو سووریا. ئەوجا لە گفتوگۆیەكانی لەگەڵ ئێران و رووسیا بۆ نەخشەكردنی ئایندەی سووریا رۆڵی بڕیاردەرێكی سەرەكی ببینێ. ئەوەش بێجگە لەوەی دەتوانێ گورزێكی مەزن لە پەیەدە بدات و لەنێو دوو بەرداشی هێزی توركی لە باكوور و هێزەكانی داعش و رژێمی سووریا لە باشوور، بیگوشێ و زۆربەی خاك و سامانەكانی ناوچەكەیانی لەدەست دەربێنێ.

بێگومان ئێران و رووسیا و رژێمی ئەسەد بە دەرئەنجامی ئەو كارانە سوودمەندن، چونكە دەمێكە هەرسێكیان كەمپەینیان بۆ وەدەرنانی ئامەریكا لە سووریا كردووە، بەڵام چاوەڕوان نەبوون كە توركیا وا بە ئاسانی بەدیاری بۆیانی مسۆگەر بكات. ئەگینا، هیچكام لەو سێ لایەنە لە دژی هێزە كوردیەكان نەبوونە. هەرسێك لەوانەش جیددیترن لە شەڕی داعش بە بەراورد لەگەڵ توركیا، چونكە دەزانن ئەو پازدە هەزار شەڕكەرەی داعش كە لە دیوی سووریا ناوچەكانیان لەدەستداوە، دەتوانن بەخێرایی ناوچەكانی وەك رەققە داگیر بكەنەوە. ئەوەش دەرگایەك بەكراوەیی بەجێدەهێلێ بۆ ئەوەی هێزی سووریای دیموكرات (هەسەدە) روو بكاتە ئەو سێ وڵاتە و دەست بە گفتوگۆی چارەنووسساز بكات. بێگومان ئەوەش باجی خۆی هەیە و هەسەدە مەجبوور دەكات كە چارەنووسی هەتا ئایندەیەكی نادیار بە رژێمی ئەسەدەوە ببەستێتەوە.

لێرەدا، پێویستە ئاماژە بە رۆڵی ئەوروپیەكان بكرێت. ئەوانە نزیكترین دراوسێی ناوچەكەن كە ئامانجی هیجرەتی پەنابەران و لەگەڵیشیاندا ئامانجی تێرۆریستانن. بۆیەش ترسیان لەوەیە كە بە ئاڵۆزبوونی بارودۆخ و دواتر سەرهەڵدانەوەی داعش، دیسانەوە ژمارەیەكی زۆر لە پەنابەران روو لە ئەوروپا بكەن. دەشترسن كە ئەو هەزاران شەڕكەرەی داعش كە لە بنەڕەتەوە ئەوروپایین و لە ناوچەكەدا قەتیس ماون، یان لای پەیەدە زیندانین، دەرفەتی ئازادبوونیان دەستكەوێ و بگەڕێنەوە ئەوروپا. بەریتانیا و فەرەنسا بە ئاشكرا نیگەرانیی خۆیان لە بڕیارەكەی ترەمپ دەربڕیوە، بەڵام هێشتا نزیك نین لە بڕیارێك بۆ ئەوەی هێزی وڵاتەكانیان بنێرنە سووریا و بۆشایی هێزی ئەمەریكی پێ پڕ بكەنەوە. ئەوروپاییەكان هەتا ئێستا باجی سیاسەتەكانی ئەمەریكایان داوە بەبێ ئەوەی خۆیان بتوانن رۆڵی رابەر لە سیاسەتی ناوچەكەدا ببینن. دامەزراوەكانی یەكێتی ئەوروپا بە شێوازێك دروستكراون كە نەتوانن سیاسەتی دەستێوەردان یان هەنگاوی لەشكرکێشی بهاوێن، بۆیە رۆڵەكە بۆ ئەندامە گرنگەكانی یەكێتی ئەوروپا ماوەتەوە. ئەوان دەتوانن رێگە لە سەرهەڵدانی شەڕێكی قورسی نێوان هاوپەیمانێكی ستراتیژی وەك توركیا (ئەندام لە ناتۆ) و هاوپەیمانێكی تاكتیكیی لۆكاڵی (دژ بە داعش) بگرن. ئەوەش مانای وانییە كە توركیا بە قسەیان دەكات، بەڵام توانای فشاری نەرمیان لەسەر هەیە.

جا لەو نێوەدا، ئایا كوردی رۆژئاڤا چی بكەن؟ جارێ زووە كاردانەوەی نێگەتیڤ بەرامبەر ئەمەریكا نیشان بدەن، یان تۆمەتی خیانەتیان بدەنە پاڵ، چونكە پرۆسەی بڕیاردان لە ئەمەریكا ئاڵۆزە و رۆژگاریش هێشتا زۆری پێوە ماوە. بە واتایەكی دیكە، لەوكاتەی كە ئامادەباشی بۆ رۆژی رەش دەكەن، هەوڵی كردنەوەی دەرگای زیاتر یان ئەلتەرناتیڤ بدەن.

شاراوە نییە كە لە رابردوودا كوردی رۆژاڤا لە پاراستنی پارسەنگی پەیوەندیەكانیان لەگەڵ رۆژهەڵات و رۆژئاوا سەركەوتوو بوونە. لە چوارچێوەی شەڕی داعشدا، لە یەك كاتدا پەیوەندی باشیان لەگەڵ ئەمەریكا و ئەوروپا و سعودیە و ئێران و رووسیا و رژێمی ئەسەد هەبووە، بەبێ ئەوەی لە هەناودا متمانەی هاوبەش لەگەڵ هیچكام لەوانە پەیدا بووبێ. ئەو دەرەنجامەی ئێستا بۆ كورد هەموو كاتێك پێشبینیكراو بووە. هاوكات، هیچكام لە هێزە جیهانیەكان پەیوەندیەكانیان لەگەل هەسەدە نەپچڕاندبوو. ئێستاش، دیارە كە گفتوگۆی راستەوخۆ لەنێوان هەسەدە و توركیا كارێكی ئاسان نییە، بەڵكو بەلای توركیاوە مەحاڵە. بەڵام لە دوای كشانەوەی ئەمەریكا، رەنگە ئێران و رووسیا ئامادەبن پشتگیری لە كوردی رۆژئاڤا بكەن بە مەرجێك لەگەڵ رژێمی ئەسەد رێكبكەون. ئیمڕۆ كاتی بیركردنەوەی چڕو پڕ و زیادكردنی دۆست و كەمكردنەوەی نەیارە، سەركردەكانی رۆژئاڤا زیاد لە هەموو كاتێك پێویستیان بە حیكمەت و هونەری لۆبیكردنە.

بڕیاری ترەمپ و ئەگەرەكانی بەردەم رۆژئاڤا