ئاينده‌ی يه‌كێتی و ڕێگای هه‌ستانه‌وه
ئاینده‌ی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و هۆكاره‌كانی كه‌م ده‌نگهێنانی له‌هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان
دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زیز عه‌لائه‌دین
4/10/2013
هاوڵاتی: وه‌ك ده‌نگده‌رێك و دواتر چاودێرێك هه‌ڵبژاردنی ئه‌وجاره‌ی په‌رله‌مانی كوردستان چۆن ده‌بینی؟
د. دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین: هه‌ڵبژاردنی ئه‌وجاره به گرنگ و مێژوویی ده‌بینم و به‌ڕێ كردن و ئه‌نجامدانی به‌و شێوازه مۆدێرن و شارستانیه به مایه‌ی شانازی ده‌بینم. دیاره كه ئه‌نجامه‌كانیشی به دڵخۆشكه‌ر ده‌بینم، چونكه له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا چه‌ندین دیارده‌ی بێ هاوتا به‌دی ده‌كرێن كه پێشتر له هه‌رێمدا نه‌بوونه.
ئه‌و دیارده بێ هاوتایانه وه‌كو چی؟
د. دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین: یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه كه متمانه‌ی حیزبه ململانێكه‌ره‌كان به پڕۆسه‌كه زۆر به‌رزتره له جاران، وه له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا به ئیستیحقاقه‌وه براوه و نه‌براوه هه‌ن، و هه‌ریه‌كه‌شیان ده‌ره‌نجامه‌كانی قه‌بووله.
یه‌كێكی تر ئه‌وه‌یه كه ئۆپۆزیسیۆنه‌كه‌ی چوار ساڵی ڕابوردوو به متمانه‌ی ده‌نگده‌رانه‌وه هاتۆته‌وه مه‌یدان و پلانی هه‌یه بۆ به‌شداری كردن له حكومه‌ت. واته ئه‌و حیزبانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌لات چوار ساڵه‌كه‌ی حاله‌تی ئۆپۆزیسیۆنێتیان به زه‌ره‌ر نه‌بینی و بگره سوودیان لێ بینی، كه ئه‌وه‌ش مه‌غزای دیموكراسیه‌ته.
هاوكات، حیزبێك له حیزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات كه پله‌ی سێیه‌می هێناوه و به ڕاشكاوانه خۆی به شكست خواردوو ده‌زانێ، ئاماده‌یی نیشان ده‌دات كه‌وا ببێته ئۆپۆزیسیۆن و ده‌ستاوده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی بكات، ئه‌وه‌ش دیارده‌یه‌كی پێشتر نه‌بیستراو بوو.
ئه‌و دیاردانه ده‌ستكه‌وتی بێ هاوتان كه به‌ڵگه و نیشانه‌ی ئه‌وه‌ن كه‌وا هه‌رێمی كوردستان قۆناخی براكوژی و قۆناخی ڕێكه‌وتننامه‌ی ستراتیژی و قۆناخی دڵه‌ڕاوكێی دیموكراسی به‌جێ هێشت، و پێی نایه ناو قۆناخی په‌ره پێدانی دیموكراسیه‌ت و چه‌سپاندنی كه‌ڵتوری دیموكراسی، كه لێره‌وه به‌ره‌و دوا ئه‌زموونه‌كه ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌بێ. ئه‌وه‌ش له پڕۆسه‌ی نیشتیمانسازیدا بۆ بونیادنانی بنه‌ماكانی ده‌وڵه‌تێكی سه‌رده‌میانه و بونیادنانی سیسته‌می دیموكراسی سه‌رده‌میانه هه‌نگاوێكی مه‌زن و بێ هاوتایه.
* هاوڵاتی: وه‌ك ده‌زانین ئه‌و حیزبه‌ی ده‌سه‌ڵات كه ده‌ڵێت هاتوه‌ته پله‌ی سێیه‌م و دانی به شكستی خۆی داناوه یه‌كێتیه، ئه‌وه‌ش به پێی ئه‌نجامه به‌راییه‌كان، شكستی ئه‌وجاره‌ی یه‌كێتی چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنی؟
د. دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین: یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان یه‌كه‌م حیزب و دوایین حیزب نیه كه له هه‌ڵبژاردنێكی گشتیدا تووشی شۆكی پاشه‌كشه بووبێ، و واشی لێ چاوه‌ڕوان ده‌كرێ كه كاروانه‌كه‌ی لێره‌وه نه‌وه‌ستێ. حیزبێكی خاوه‌ن جه‌ماوه‌ر و خاوه‌ن ڕابوردووی وه‌ك یه‌كێتی، ده‌توانێ ئاینده مسۆگه‌ر بكات، به‌ڵام ئه‌وه پێویستی به حیكمه‌ت و له‌خۆبوورده‌یی سه‌ركرده‌كان و هیممه‌تی كادرانی توێژی ناوه‌ڕاست هه‌یه.
له هه‌ندێ ڕووه‌وه یه‌كێتی نیشتیمانی له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا شكستی نه‌هێناوه به‌ڵكو ئه‌و ڕێژه ده‌نگه‌ی كه پێشتریش له‌و حه‌فت ساڵه‌ی ڕابوردوودا هه‌یبووه هه‌ر وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه یه‌كه‌مجاره به ته‌نیا به لیستی جیاواز دابه‌زی و ڕێژه‌ی ده‌نگه‌كانی به زه‌قی به‌رچاو بكه‌وێت و له چاو پارتی و گۆڕان به بچووكی ده‌ربكه‌وێت، وه به هۆیه‌وه مه‌ترسی له‌ده‌ستدانی ده‌سه‌ڵاتی لێ په‌یدا ببێت. خۆ گۆڕان و پارتیش ئه‌و ڕێژه ده‌نگه‌ی كه پێشتر، له هه‌لبژاردنه‌كانی ڕابوردوو هه‌یانبووه، تا ڕاده‌یه‌ك هه‌ر وه‌ك خۆیان ماونه‌ته‌وه به‌لام به به‌راورد له‌گه‌ل یه‌كێتی به براوه ده‌رده‌كه‌ون.
هاوڵاتی: چاودێران هۆكاره‌كانی شكسته‌كه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ هه‌ڵه‌كانی بانگه‌شه و ڕووداوه‌كه‌ی ۳٠ حوزه‌یران، بۆچوونی ئێوه چیه؟
د. دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین: هه‌ڵه‌كانی بانگه‌شه و سیاسه‌ته‌كانی ئه‌و چه‌ند مانگه‌ی ڕابوردوو هۆكاری بنه‌ڕه‌تی شكسته‌كه نین به‌ڵكو دیارده و نیشانه‌كانی ئه‌و نه‌خۆشیانه‌ن كه یه‌كێتی نیشتیمانی له مه‌ودای ده ساڵی ڕابوردوو دووچاریان بووه و له چه‌ندین شكست و قه‌یرانی پێشووشدا ره‌نگیان داوه‌ته‌وه، به‌ڵام سه‌ركرده‌كان لێی بێ‌باك بوونه و سیاسه‌تێكی خۆكوژانه‌یان په‌یڕه‌و كردووه.
له ده ساڵی پێش یه‌ك گرتنه‌وه‌ی دوو ئیداره‌ی هه‌رێم، ئه‌زموونی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی یه‌كێتی له ویلایه‌تی سه‌وزدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، و بووه هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ناعه‌داله‌تی و نیگه‌ران بوونی كادر و ئه‌ندام و جه‌ماوه‌ره‌كانی یه‌كێتی و باقی خه‌ڵكی ناوچه‌كه. له‌و كاته‌دا قه‌یرانی پێشڕه‌وێتی و سه‌ركردایه‌تی و قه‌یرانی دابه‌ش كردنی ده‌سه‌ڵات له ناو ئه‌و ڕێكخراوه سه‌ری هه‌ڵدا. پێشتریش ئه‌و جۆره قه‌یرانه هه‌ر هه‌بوو به‌ڵام له‌به‌ر شه‌ڕ و قه‌یرانی سیاسی سه‌رتاسه‌ریی هه‌رێم به‌دیار نه‌ده‌كه‌وتن و چاره‌سه‌ریه‌كانیش بۆ دواتر هه‌ڵده‌په‌سێردران.
له مه‌ودای حه‌فت ساڵی ڕابوردووشدا به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی سه‌ركرده‌كانی ناو یه‌كێتی به‌جۆرێك گه‌شه‌ی كرد كه سه‌ركردایه‌تی و سه‌رچاوه‌كانی بڕیاردان له خه‌ڵك و له توێژه‌كانی ناوه‌ڕاست دابڕابوون و بێباكانه بڕیاری چاره‌نووسیان له ڕوانگه‌ی ته‌سكی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ته‌وه ده‌دا. ململانێی كوتله‌كان له ئاستی مه‌كته‌بی سیاسی زیادی كردبوو و كه‌س گوێی به په‌یڕه‌و پڕۆگرامی حیزبه‌كه نه‌ده‌دا و ململانێیه‌كه‌ش سه‌ربه‌ره‌و خوار بۆ ئاستی ئۆرگان و شانه‌كانی حیزب و پڕۆژه بازرگانیه‌كان شۆڕ بووبوونه‌وه. ئیتر وورده وورده شتێك نه‌ما به ناوی سیاسه‌تی پێكه‌وه‌یی و بڕیاری ده‌سته‌جه‌معی. ئه‌وانه‌ش بوون كه بوونه هۆی سه‌رهه‌ڵدانی بزوتنه‌وه‌ی ڕیفۆرم.
خۆ له پێنج ساڵی ڕابوردوودا، یه‌كێتی نیشتیمانی دووچاری چوار قه‌یرانی چاره‌نووساز بووه‌وه و له هه‌ریه‌كه‌یاندا به جۆرێك شكستی هێنا، كه‌چی له دوای هیچ كامیاندا سه‌ركرده‌كان هیممه‌تێكی ئه‌وتۆیان نه‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه له خراپتر بوونی بارودۆخی یه‌كێتی بگرن. له ساڵی ٢٠٠٧ هه‌تا ٢٠٠٨، زیاتر له نیوه‌ی ئه‌ندام و كادرانی یه‌كێتی له ڕێكخراوه‌كه جیا بوونه‌وه، كه‌چی سه‌ركرده‌كان له‌و له‌تبوونه‌دا بێ‌باك بوون و بگره له ڕووی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و داراییشه‌وه هانی سه‌ركرده‌كانی گۆڕانیان دا كه له‌كۆڵیان ببنه‌وه. له ساڵی ٢٠٠۹ و دواتر له ٢٠١٠ یه‌كێتی دوو شكسی گه‌وره‌ی له دوو هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا به‌خۆیه‌وه بینی و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ته‌واوی ده‌نگه ناڕازیه‌كانی كۆ كرده‌وه.
له‌و نێوه‌شدا سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی خۆیشی گورزی ڕاسته‌وخۆی له‌خۆی دا، به‌وه‌ی كه له ٢٠٠٨ حكومه‌تی كابینه‌ی پێنجه‌می وه‌رنه‌گرته‌وه له ٢٠١٢ حكومه‌تی كابینه‌ی شه‌شه‌می ته‌سلیم به پارتی كرده‌وه، و له‌و نێوه‌شدا به پێشڕه‌وێتی پارتی له هه‌ولێر و به‌غدا ڕازی بوو.
له ١٧ی شوباتی ٢٠١١ دا دیسانه‌وه خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ری سلێمانی و ئۆپۆزیسیۆن گورزێكی كوشنده‌یان له یه‌كێتی دا و به هه‌موو پێوه‌رێك شكستیان به مه‌دره‌سه و سیسته‌می فه‌رمانڕه‌وایه‌تی یه‌كێتی هێنا، كه‌چی تا ئیمڕۆشی له‌گه‌ڵدا بێت، یه‌كێتی ده‌رسی لێ فێر نه‌بوو و هیچ گۆڕانكاریه‌كی ئه‌وتۆی ئه‌نجام نه‌دا كه خه‌ڵكی ده‌نگده‌ر دڵنیا بكاته‌وه. به‌ڵكو زیاتریش به جه‌خته‌وه له‌سه‌ر نه‌هجی خۆی به‌رده‌وام بوو و هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌تریشی ئه‌نجام دا. بۆ نموونه، ناوچه‌ی بادینانی پشتگوێ خست و له هه‌ولێر و سلێمانی ڕێگه‌ی ململانێی تێكده‌ر خۆشتر كرا.
دواتر، له دوای غیابی سیاسی سكرتێری گشتی، سه‌رچاوه‌كانی بڕیاردان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ هه‌واڵی نه‌خۆشیه‌كه و ده‌سه‌ڵاته‌كانی سكرتێری گشتی به‌جۆرك كرد كه میسداقیه‌تی سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی بنكۆڵ كرد و خه‌ڵكی ده‌نگده‌ری یه‌كێتی هه‌نده‌ی تر بێ هیوا كرد. جا ئه‌و هه‌ڵانه‌ی كه له داڕێژتنی لیست و كه‌مپه‌ینی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا هاتنه كایه‌وه ده‌ره‌نجامی ئه‌و ڕه‌وته چه‌وته و ده‌ره‌نجامی بێ سه‌روبه‌ری و بێ به‌رنامه‌یی و په‌رش و بڵاوی سه‌ركردایه‌تی بووه له‌و ده ساڵه‌ی رابوردوودا.
هاوڵاتی: كه‌واته ئه‌و بێبه‌رنامه‌یه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ئه‌و حیزبه‌ی به ئه‌مڕۆ گه‌یاند؟
د. دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین: ئه‌زموونی وڵاتانی دیموكراسی سه‌لماندوویانه كه هه‌ر حیزبێكی كه له ئاستی سه‌ركردایه‌تیه‌وه بێ ته‌ركیز و بێ به‌رنامه و بێ سه‌روبه‌ر بێ، ئه‌وا له كاتی فه‌رمانڕه‌وایه‌تیدا شكست ده‌هێنێ و له هه‌ڵبژارندندا سزا ده‌درێت. هه‌ر حیزبێكیش له لوتكه‌دا ماڵی موره‌ته‌ب بێت و له فه‌رمانڕه‌وایه‌تیدا ته‌ركیزی هه‌بێ ئه‌وا متمانه‌ی خه‌ڵك وه‌رده‌گرێت هه‌تا ئه‌گه‌ر له ئاستی كۆنتڕۆل كردنی گه‌نده‌ڵی و نه‌هجی فه‌رمانڕه‌وایه‌تیدا عادیلانه نه‌بێ وه‌یان ڕووی به‌ره‌و ئاشت كردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵ نه‌بێ. بۆیه، ده‌كرێ بووترێ كه یه‌كێتی به‌ختی هه‌یه كه نزیكه‌ی نیو ملیۆن ده‌نگده‌ر هاتوونه‌ته سه‌ر سندووقه‌كان و هێشتا متمانه‌یان به‌و ڕێكخراوه هه‌یه و وه‌لائیان بۆی نیشان داوه، ئه‌گه‌رچی ده‌شزانن ڕووی حیزبه‌كه به‌ره‌و لێژیه و به‌پێی ئه‌زموون و میسداقیه‌تی ڕابوردووشه‌وه هیوای هه‌ڵسانه‌وه‌ی لاواز بووه.
هاوڵاتی: كه‌واته ئێستا ڕێگاچاره بۆ ئه‌و حیزبه چۆنه و له كوێیه؟ ئایا یه‌كێتی توانای هه‌ستانه‌وه‌ی هه‌یه؟
د. دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین: ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه به سه‌رێكی سارد و دڵێكی گه‌رمه‌وه سه‌ركرده و كادرانی یه‌كێتی بیر له ئاینده بكه‌نه‌وه. ئیمڕۆ، دوای چه‌ند ڕۆژێك له شۆكی هه‌ڵبژاردن كاتی ئه‌وه نیه كه برینه‌كان قووڵتر بكرێن و هه‌ڵه شه‌خسیه‌كان هه‌ڵواسرێن، چونكه پڕۆسه‌ی هه‌ڵسانه‌وه‌ی یه‌كێتی درێژ خایه‌نه و ده‌بێ به پێی نه‌خشه‌ڕێگایه‌كی یاسایی و ده‌ستووری ئه‌نجام بدرێ و به پێی په‌یڕه‌و پڕۆگرامی خودی یه‌كێتی بێ. پێویسته سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی خۆیان دوور بگرن له بڕیاری له‌ناكاوی عاتیفی كه ڕه‌نگه ببێته هۆی زیاتر لێك ترازانی ڕیزه‌كانیان، ئه‌وه‌ش له كاتێكدا كه ئه‌وله‌ویه‌تی ڕێكخراوه‌كه بریتیه له خۆ كۆكردنه‌وه بۆ گفتوگۆی حكومه‌ت پێكهێنان و خۆ ئاماده كردن بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی پارێزگاكان و دواتر هی په‌رله‌مانی عیراق.
دیاره كه مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی خه‌ریكه وورده وورده، جا به شه‌رمنانه وه‌یان ڕاشكاوانه، به‌رپرسیارێتی شكسته‌كه ده‌گرێته ئه‌ستۆ. له‌ولاشه‌وه كادیر و ڕۆشنبیره‌كانی سه‌ر به یه‌كێتی كه‌وتوونه‌ته دیبه‌یت و مشت‌ومڕ و فشارێكی زۆریان دروست كردووه و ده‌یانه‌وێ له ئێستاوه نه‌خشه‌ی هه‌ڵسانه‌وه دیاری بكرێ. جا چه‌ندین جۆره پیشنیاز كه‌وتوونه‌ته سه‌ر مێز، له‌وانه كار كردن وه‌ك ئۆپۆزیسیۆن، به‌شداری كردن له حكومه‌تێكی بنكه فراوان، پێكهێنانی حكومه‌ت له‌گه‌ل پارتی وه‌یان له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆن. بێگومان هه‌رچی بێ دوا بڕیار، یه‌كێتی پێویستی به‌وه‌یه كه جۆرێك له مه‌ركه‌زیه‌ت دروست بكاته‌وه، ڕێگه له په‌رش و بلاوی په‌یام و به‌رنامه‌كان بگرێ، و شه‌رعیه‌تی ده‌ركردنی خیتاب و داڕێژتنی سیاسه‌تی یه‌كێتی بۆ ئه‌و قۆناخه بده‌نه ده‌ست یه‌ك سه‌كرده كه له‌و به‌ولاوه كه‌سی تر مافی سه‌رپه‌رشتی گفتوگۆ و په‌یام ناردنی نه‌بێ.
به هاوته‌ریبی له‌گه‌ل ئه‌وه‌دا، ئالقه‌كانی كۆمیته‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی و ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ند بكه‌ونه تاوتوێ كردنی بارودۆخه‌كه بۆ دیاری كردنی ڕوانگه‌یه‌كی هاوبه‌ش و بڕیار له‌وه بده‌ن كه‌وا ده‌سه‌ڵاتی بڕیاردان له ناو یه‌كێتیدا پێناسه بكه‌نه‌وه و بۆشاییه‌كانی سكرتێری گشتی پڕ بكه‌نه‌وه و پڕۆسه‌یه‌كی شه‌ش مانگیی ده‌ست پێ بكه‌ن كه كۆتاییه‌كه‌ی به ته‌رتیب كردنه‌وه‌ی ناوماڵی یه‌كێتی بێت. بۆ نموونه، به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆ، ئاماده‌كاری بكرێت بۆ پلینیۆم وه‌یان كۆنگره. دیاره كه شێوازی پڕ له فه‌وزای ئه‌نجامدانی كۆنگره‌كانی پێشوو میسداقیه‌تێكی ئه‌وتۆی نه‌بووه كه ئێستا كادر و ئه‌ندامانی یه‌كێتی پێ دڵنیا ببێته‌وه. كه‌ڵتوری هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رانی كۆنگره وه‌یان هه‌تا هی په‌رله‌مان به‌جۆرێكی شپڕزه و نادیموكراسی وا بووه كه خه‌ڵكه‌كه متمانه‌ی پێ نه‌ماوه. به‌ڵام ده‌كرێ ئه‌و متمانه‌یه به‌ده‌ست بهێندرێته‌وه ئه‌گه‌ر پڕۆسه‌كه به شه‌فافی و دیموكراسیانه ئه‌نجام بدرێت. خۆ ده‌كرێت سوود له شێوازی ئه‌نجام دانی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش ببینرێ.
هاوڵاتی: به بۆچوونی ئێوه یه‌كێتی ببێته ئۆپۆزیسیۆن یان حكومه‌ت پێك بهێنێ باشتره وه‌ك ڕێگایه‌ك كه ببێته هۆی هه‌سانه‌وه‌ی؟ چنه‌خشه‌یه‌ك بۆ هه‌ستانه‌وه‌ی به گونجاو ده‌زانیت؟
د. دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین: یه‌كێتی نیشتیمانی ئیختیاری زۆری له‌به‌ر ده‌ستدایه. به‌لام ئه‌وله‌ویه‌تی ئێستا ئه‌وه‌یه كه رێكخراوه‌كه له‌ت نه‌بێ، گفتۆگۆیه‌كانی حكومه‌ت دروست كردن به یه‌ك ده‌نگی به‌رێوه به‌رێ و به به‌ڵگه‌وه بیسه‌لمێنێ كه نیه‌تی خۆچاكردنی هه‌یه. ئه‌گه‌رچی یه‌كێتی به ده‌نگ بچووك بووه‌ته‌وه، به‌ڵام قوڕساییه‌كی زۆری له پارسه‌نگه‌كان هه‌یه و كارتی به‌هێزی له‌به‌ر ده‌ستدایه. ئیمڕۆ پارتی دیموكراتی كوردستان زیاتر له پێشوو پێویستی به یه‌كێتی هه‌یه ، چونكه پارتی دڵنیا نیه له گۆڕان و نایه‌وێ حكومه‌تی هاوپه‌یمانێتی به ته‌نیا له‌گه‌ڵدا پێك بهێنێ، وه ناشیه‌وێ یه‌كێتی و گۆڕان و ئۆپۆزیسیۆن به‌یه‌كه‌وه حكومه‌ت دروست بكه‌ن. گۆرانیش یه‌كێتی به گرنگ داده‌نێ چونكه حه‌ز ده‌كات یه‌كێتیه بچووك كراوه‌كه ببێته ته‌واوكه‌ری به‌رنامه‌ی گۆڕان و به‌یه‌كه‌وه فشار بخه‌نه سه‌ر پارتی.
له‌وانه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه كه یه‌كێتی سه‌رجه‌م جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی و ئاسایش و بیزنیسی ویلایه‌تی سه‌وزی له‌به‌ر ده‌ستدایه، وه به لایه‌وه كارێكی ئاسان نابێ كه ببێته ئۆپۆزیسیۆن و سه‌رجه‌م ئه‌و جومگانه ته‌سلیم به نه‌یاره سه‌رسه‌خته‌كه‌ی بكات كه له ماوه‌ی پێنج ساڵی ڕابوردوودا هه‌وڵی بنكۆڵ كردن و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی داوه، چونكه دوای ئه‌وه هیچ گه‌ره‌نتیه‌ك نیه كه ده‌ستاوده‌ست كردنی ده‌سه‌ڵات له دوای هه‌ڵسانه‌وه و بردنه‌وه كارێكی ئاسان ده‌بێت. خۆ ئه‌گه‌ر یه‌كێتی به‌و هه‌موو ده‌سه‌ڵات و ئیمكاناته داراییانه‌ی كه له‌به‌ر ده‌ستی دابوو چاره‌نووسی دۆڕاندن بوو له هه‌ڵبژاردندا، هیچ گه‌ره‌نتیه‌ك له ئاسۆدا نیه كه له چوار ساڵدا میسداقیه‌تی چاكسازی كردن و متمانه‌ی خه‌ڵكی ده‌نگده‌ر به‌ده‌ست ده‌هێنێته‌وه.
بۆیه، پێویسته سه‌كرده‌كانی یه‌كێتی به قه‌ده‌ر قه‌واره‌یان و به قه‌ده‌ر مه‌سئولیه‌تی مێژووییان و به پێی به‌رژه‌وه‌ندی حیزبه‌كه‌یان بیر له گفتوگۆیه‌كان بكه‌نه‌وه. دیاره به‌رژه‌وه‌ندی پێكه‌وه‌یی حیزبه‌كه‌شیان وا ده‌خوازێ كه سه‌ركرده دێڕینه‌كان و بڕیارده‌ره‌كانی كه به‌رپرسیارێتی سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی پێشوویان له‌خۆ گرتووه هه‌وڵ ده‌ن كادرانی ناوه‌ڕاست و ڕۆشنبیرانی حیزبه‌كه واز له حیزبه‌كه نه‌هێنن و یه‌كێتی زیاتریش له‌ت نه‌كه‌ن. بۆیه، به پێی توانا هه‌وڵده‌ن میكانیزمی ده‌ستاوده‌ست كردنی پڕۆسه‌ی بڕیاردان له ناوه‌وه‌ی حیزبه‌كه‌یان بدۆزنه‌وه و به له‌خۆبورده‌ییه‌وه بیسه‌لمێنن كه دڵسۆزی حیزب و میلله‌ته‌كه‌ن و به‌رژه‌وه‌ندی به‌رزی وڵاته‌كه‌یان ده‌خه‌نه سه‌رووی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ته‌وه. ئه‌گه‌ر وا نه‌كه‌ن، ئه‌وا ده‌كه‌ونه به‌رده‌م دوو ڕیانێكه‌وه، یان حیزبه‌كه له‌ت له‌ت ده‌بێ و بچووكتریش ده‌بێته‌وه، وه‌یان توندوتیژی ده‌كه‌وێته نێوانیان و شكست و برینه‌كانیان قووڵتریش ده‌بنه‌وه و له ده‌ره‌نجامدا هیچ كامیان سوودمه‌ند نابن.
پی دی ئێفی ئه‌و ديمانه‌يه له هاوپێچدايه