نوسينه‌وه‌ی ده‌ستوور ده‌رفه‌تێكی بێهاوتای هێناوه‌ته كايه‌وه بۆ چاوپێخشاندنه‌وه‌ی سيسته‌می فه‌رمانڕه‌وايه‌تی و زياتر ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی ئه‌زموونی ديموكراسيیه‌ت له هه‌رێمدا. وه بۆ چه‌سپاندنی مافی سه‌رجه‌م هاونيشتيمانيانی هه‌رێم به‌بێ جياوازی ئێتنی و ئاينی بۆ خاتری سه‌قامگير كردنی ئارامی و گه‌شه سه‌ندنی ئابووری له ناوچه‌كه‌دا.
ئيمڕۆ له باشووری كوردستاندا زۆرينه‌يه‌ك فه‌رمانڕ‌ه‌وايه كه به ره‌گه‌ز كورده و به ئاين موسڵمانه. هه‌ژموون و كاريگه‌ری ئه‌و شوناسنامه‌يه‌یش به‌سه‌ر کو‌لتوور و بيركردنه‌وه‌ی سياسی و كۆمه‌ڵايه‌تی هه‌رێمه‌كه‌وه زاڵه، ئه‌وه‌ش له كاتێكدايه كه چه‌ندين پێكهاته‌ی ئێتنی و ئاينی ديكه له هه‌رێمدا خاوه‌نماڵن و خاوه‌نی زمان و كولتوور و نه‌ريتی كۆمه‌ڵايه‌تی تايبه‌ت به‌خۆيانن. پێويسته ده‌نگ و ره‌نگ و ناسنامه‌ی ئه‌و پێكهاتانه به سيمای هه‌رێمه‌وه دياربێ. واته، به هه‌مان شێوه‌ی كه كورد له عيراق و توركيا و ئێران و سوريا داوای ده‌كات، پێويسته به ده‌ستپێشخه‌ری خۆيه‌وه كارێكی وا بكات كه سيسته‌می فه‌رمانڕه‌وايه‌تی هه‌رێم ره‌نگدانه‌وه‌ی شێوازه مۆزايك و هه‌مه‌ڕه‌نگه‌كه‌ی دانيشتوانه‌كه‌ی بێ.
پێويسته له ده‌ستووری هه‌رێمدا، ناوی سه‌رجه‌م پێكهاته ئێتنی و ئاينيه‌كانی كوردستانی باشوور بهێندرێت و جه‌خت له‌سه‌ر پاراستنی مافی كولتووریی و فه‌رهه‌نگی و زمانه‌وانی و ئاينيان بكرێته‌وه و جه‌خت له‌سه‌ر به‌شداریپێكردنيان له پرۆسه‌ی فه‌رمانڕه‌وايه‌تی بكرێته‌وه. بۆ نموونه، له رووی سيمبوليیه‌وه، پێويسته ئاماژه‌يه‌كی زه‌ق و ئاشكرا له ئاڵا و سروودی نيشتيمانی هه‌رێمدا به سيمبوڵی سه‌رجه‌م پێكهاته ئێتنی و ئاينيه‌كانی هه‌رێم بكرێت. هاوكات ميكانيزمی تۆكمه بۆ پاراستنی مافه‌كانيان دابڕێژرێت و له نێو دامه‌زراوه‌كانی فه‌رمانڕه‌وايه‌تيشدا پۆستی سيادی و غه‌يری سيادیان له جومگه گرنگه‌كاندا به‌پێی رێژه و گونجاويه‌تیان بۆ دياری بكرێت.
نوێنه‌رايه‌تی پێكهاته‌كان له په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمدا
ئاشكرايه كه جارێ سه‌رژمێريه‌كی بڕواپێكراو له ئارادا نيیه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێ ژماره و رێژه‌ی پێكهاته‌كان دياری بكرێت. له خولی ئێستای په‌رله‌مانی كوردستاندا پێنج كورسی كۆتا بۆ توركومان و پێنجی تر بۆ كريسيتانه ئاشوری و سريانی و كلدانیه‌كان و دانه‌يه‌ك بۆ ئه‌رمه‌نی دابين كراون. به‌ڵام هيچ رێژه‌يه‌كی پارێزراو بۆ عه‌ره‌ب و ئێزدی و كاكه‌يی و زه‌رده‌شتی و ئاينی ديكه‌ی وه‌ك به‌هائی و سابيئه دانه‌نراوه. له كابينه‌ی حكومه‌ت و دامه‌زراوه‌كانيدا نوێنه‌رايه‌تی پێكهاته‌كان به ياسا دياری نه‌كراوه، له‌جياتيان وه‌ك عورفێك خه‌ڵكانێك ده‌كرێنه وه‌زير ته‌نيا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به ناسنامه ئه‌ندامی ئه‌و پێكهاتانه بوون، به‌بێ ره‌چاوكردنی ئاستی لێهاتوويی سياسی و شاره‌زايی ته‌كنۆكراتی. ئه‌و جۆره به‌شداریه سيمبوڵییه نه‌بووه‌ته ئه‌زموونێكی سه‌ركه‌وتوو.
دياره كه ئه‌وه‌ی له پێشتر كراوه، به‌كه‌م يان به‌زۆر، ره‌نگدانه‌وه‌ی نيه‌تچاكی و مه‌ودای جيدديه‌تی ده‌سه‌ڵاتی كوردی بووه له‌مه‌ڕ داهێنانی سيسته‌مێكی هه‌مه‌ڕه‌نگ و ديموكراسی، به‌ڵام نه‌بووه هۆی دابين كردنی مافی پێكهاته‌كان و شه‌راكه‌تی راسته‌قينه له سيسته‌می فه‌رمانڕه‌وايه‌تيدا. وه نه‌بووه هۆی راكێشانی سه‌رنج و متمانه‌ی پێكهاته جياوازه‌كانی ناوچه دابڕێندراو و جێناكۆكه‌كان. ئه‌و شكسته‌ش له ئێستادا بووه‌ته به‌ربه‌ستێكی گه‌وره له‌به‌رده‌م وه‌ده‌ستهێنانی ده‌نگی ئه‌و پێكهاتانه له هه‌ر رێفراندۆمێكی يه‌كلاكه‌ره‌وه له‌سه‌ر چاره‌نووسی ئه‌و ناوچانه.
داهێنانی مۆدێلێكی خۆماڵی بۆ شه‌راكه‌تی راسته‌قينه
به ره‌چاوكردنی كه‌ڵتوری فه‌رمانڕه‌وايه‌تی و مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی ديموكراسيه‌ت له هه‌رێمی كوردستان، وه به سوود وه‌رگرتن له ئه‌زموونی وڵاتانی تر، وه بۆ ئه‌وه‌ی له نێو دامه‌زراوه‌كانی ياسادانان و بڕياردان و جێبه‌جێكردن و به‌دوادوچووندا به‌شدارێتی پێكهاته‌كان مسۆگه‌ر بكرێت، ئينستيتيوتی مێری پێشنيازی دامه‌زراندنی دوو ئه‌نجومه‌نی تايبه‌ت ده‌كات:
١- ئه‌نجومه‌نی پێكهاته ئێتنیه‌كان بۆ نوێنه‌رايه‌تی پێكهاته‌ی توركومان و عه‌ره‌ب و كلدانی و ئاشوری وسريانی و ئه‌رمه‌نی.
٢- ئه‌نجومه‌نی پێكهاته ئاينيه‌كان بۆ نوێنه‌رايه‌تی ئێزدی و كريستيان و كاكه‌يی و زه‌رده‌شتی و ئاينی ديكه‌ی وه‌ك به‌هائی و سابيئه.
پێويسته هه‌ردوو ئه‌نجومه‌ن له رووی كارگێڕی و داراييه‌وه به پێی ياسايه‌كی تايبه‌ت له چوارچێوه‌ی په‌يكه‌ری په‌رله‌مانی كوردستاندا جێ‌گير ببن و په‌رله‌مانتارانی پێكهاته ئتێنی و ئاينيه‌كان ببنه ئه‌ندام و پێشڕه‌وێتی له هه‌ڵسوڕاندنی بكه‌ن. هاوكات نوێنه‌ری وه‌زاره‌ته په‌يوه‌نديداره‌كانی حكومه‌ت له ئاستی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ببنه ئه‌ندامی هه‌ميشه‌يی تێياندا. ئه‌وانه‌ی دوايی خه‌ڵكی ته‌كنۆكراتن مه‌رج نيه به ناسنامه له پێكهاته ئێتنی و ئاينيه‌كان بن، به‌ڵكو نوێنه‌رايه‌تی وه‌زاره‌ته‌كانی وه‌ك ئه‌وقاف و په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا و رۆشنبيری و لاوان و ته‌ندروستی و پلاندانان و ناوخۆ و پێشمه‌رگه و داد و شاره‌وانی و ئه‌نجوه‌نی دادوه‌ری ده‌كه‌ن. هاوكات هه‌ر وه‌زيرێك وه‌يان هه‌ڵگرێكی پۆستی سيادی (بۆ نموونه جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم وه‌يان جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و هی تر)، كه سه‌ر به پێكهاته ئێتنی يان ئاينيه‌كان بن، ببنه ئه‌ندامی يه‌كێك له‌و دوو ئه‌نجومه‌نه. له‌نێو پۆستهه‌ڵگره سياديه‌كان وه‌يان په‌رله‌مانتاره‌كاندا يه‌كێك به شێوازی خولی ده‌بێته سه‌رۆك و دوانی تر (ديسان به شێوازی خولی) ده‌بنه جێگر. هه‌ردوو سه‌رۆكه وه‌ك چاو‌دێر له كۆبوونه‌وه‌كانی كابينه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمدا به‌شدار ده‌بن.
ئامانج و رۆڵی ئه‌نجومه‌ن
ئامانج و رۆڵی هه‌ردوو ئه‌نجومه‌نی پێكهاته ئێتنی و ئاينيه‌كان به پێی ياسايه‌كی تايبه‌ت پێناسه ده‌كرێن، بۆ ئه‌وه‌ی:
١- راوێژ و پڕۆپۆزه‌ل و پرۆژه‌ی گونجاو بۆ چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌ی تايبه‌ت به پێكهاته ئێتنی و ئاينيه‌كان پێشكه‌ش به په‌رله‌مان و حكومه‌ت بكه‌ن، و هاوكاريان بكه‌ن له داڕێژتنی ياسا و رێسا و پۆڵه‌سی (سياسات) و ستراتيژ و پلانی درێژخايه‌ن بۆ دابين كردنی مافی يه‌كه به يه‌كه‌ی پێكهاته ئێتنی و ئاينيه‌كان.
٢- له ئاستی لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمانڕه‌وايه‌تی و ئه‌نجومه‌نی وه‌زيرانه‌وه كار بكه‌نه سه‌ر بڕيار و پۆڵه‌سی و ستراتيژی حكومه‌ت، و له ئاستی به‌رێوه‌به‌ره گشتيه‌كانه‌وه هه‌ماهه‌نگی بكه‌ن و كاربكه‌نه سه‌ر پڕۆسه‌ی بڕياردان له‌سه‌ر وورده‌كاريه‌كان و شێوازی جێبه‌جێكردن و به‌دواداچوونی بڕياره‌كان.
۳- به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت، رۆڵی چاو‌دێر ببينن و به‌دواداچوون بۆ ره‌وتی جێبه‌جێكردنی پڕۆسه‌كان بكه‌ن. له بواری تايبه‌تمه‌نددا هه‌ردوو ئه‌نجومه‌ن مافی په‌يويه‌ندی كردن و پرسيار كردن و ده‌ستكه‌وتنی زانياری و پلان و ستراتيژی حكومه‌ت و دامه‌زراوه‌كانی ديكه‌یان ده‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن به چاكی به كاره‌كانی خۆیان هه‌ڵبستن و ئاگاداری سياسه‌ت و ره‌وشی رووداوه‌كان بن.
٤- په‌يوه‌ندی به‌رده‌وام به تۆڕی دامه‌زراوه حكومه‌تی و ناحكومه‌تيه ناوه‌كی و ده‌ره‌كيه‌كانه‌وه ببه‌ستن بۆ ده‌ستكه‌وتنی داتا و شيكاری و راوێژی گونجاو
سه‌باره‌ت به كێشه هه‌نووكه‌يی و درێژخايه‌نه‌كان، ئه‌و دوو ئه‌نجومه‌نه له هه‌ر سێ مانگ جارێك راپۆرتی تايبه‌ت به ره‌وشی پێكهاته‌كان پێشكه‌ش به په‌رله‌مان و حكومه‌ت و رای گشتی ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌كان بكه‌نه نيشانده‌ر بۆ گۆڕانكارنی له قه‌واره‌ی كێشه‌كان و مه‌ودای پێشوه‌چوونی ره‌وتی به‌رنامه‌كان.
قۆناخه‌كانی گه‌شه كردنی دوو ئه‌نجومه‌نه‌كه
له ئێستادا، له هه‌رێمی كوردستان يازده په‌رله‌مانتار هه‌ن كه له چوارچێوه‌ی په‌رله‌مانی هه‌رێمدا نوێنه‌رايه‌تی پێكهاته‌ی توركومان و كلدۆئاشووری و ئه‌رمه‌نيه‌كان ده‌كه‌ن. ده‌كرێ ئه‌وانه ببنه دامه‌زرێنه‌ری يه‌كه‌مين ئه‌نجومه‌ن بۆ هه‌ردوو پێكهاته‌ی ئێتنی و ئاينی، و به زووترين كات ديراسه‌تی پێداويستيه‌كانی پێكهاته ئێتنی و ئاينيه‌كان بكه‌ن تاوه‌كو په‌يڕه‌وپرۆگرامێكی گونجاو بۆ كاری ناوه‌كی و ده‌ره‌كی ئه‌نجومه‌ن دابڕێژن. دواتر، به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لێژنه‌كانی ديكه‌ی په‌رله‌مان و هاوكارانی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان، پڕۆژه‌ياسايه‌كی تايبه‌ت به كاری ئه‌و ئه‌نجومه‌نه پێشكه‌ش به په‌رله‌مان بكه‌ن. هاوكات، پڕۆژه‌ياسايه‌كی نوێش بۆ زياد كردنی كۆتای كورسيه‌كانی په‌رله‌مان و به‌پێی رێژه‌ی گونجاو بۆ سه‌رجه‌م پێكهاته ئێتنی و ئاينيه‌كان دابڕێژرێت و له هه‌ڵبژاردنی ئاينده‌دا كاری پێ بكرێت. له دوايين قۆناخيشدا، ئه‌گه‌ر به پێی ريفه‌راندۆم بێ وه‌يان رێكه‌وتنێكی سياسی گشتگير، له دواڕۆژدا ناوچه كوردستانيه دابڕێندراوه‌كان گه‌ڕێندرانه‌وه سه‌ر ئيداره‌ی هه‌رێم، ئه‌وا ژماره و رێژه‌ی پێكهاته جياوازه‌كان گۆڕانكاری گه‌وره‌يان به‌سه‌ردادێت و پێويست به‌وه ده‌كات كه سه‌رژمێری گشتی بكرێ و پشكی هه‌ر يه‌كه له پێكهاته‌كانی هه‌رێم له په‌رله‌ماندا دياری بكرێت.
دواپه‌يام
خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان هه‌ميشه شانازی به‌وه ده‌كه‌ن كه له دێرينه‌وه نيشتيمانه هاوبه‌شه‌كه‌يان وه‌ك بێشكه‌يه‌ك وابووه بۆ له‌خۆ گرتن و پاراستنی كۆمه‌ڵگا خاوه‌ن ره‌گه‌ز و ئاين و مه‌زهه‌به جياوازه‌كان. كاتی نوسينی ده‌ستووريش سه‌نگی مه‌حه‌كه بۆ ئه‌و شانازيه. ده‌ستوور وه‌ك ياسا نيه كه هه‌موو كاتێك به ئاسانی هه‌موار بكرێته‌وه، به‌ڵكو كۆنتراكتێكی كۆمه‌ڵايه‌تی گشتی و نيمچه جێگيره و ده‌بێته چوارچێوه‌يه‌ك وه‌يان نه‌خشه‌ڕێگايه‌ك بۆ ئارامكردنی ناوماڵ و ده‌ورودراوسێی باشووری كوردستان و گه‌شه‌پێدانی سيسته‌می فه‌رمانڕه‌وايه‌تیه‌كه‌ی بۆ مه‌ودای ده‌يان ساڵی ئاينده.