لامەركەزی بە دروومانێكی خۆماڵی

لامەركەزی بە دروومانێكی خۆماڵی

دلاوەر عەلائەدین

رووداو 21-02-2019

خەڵكی هەرێمی کوردستان چاویان لەوەیە كە بە سیستەمێكی مۆدێرن بناغەی حوكمڕانیی هەرێم دابمەزرێت، بەجۆرێك كە پرۆسەی حوكمڕانی لە ئاستی حكومەتی خۆجێیی كارا بێ، ئاسان بێ و بە كەمترین خەرجی باشترین كواڵیتی تێدا بەرجەستە بكرێ. بەڵام لە واقیعدا، پەیكەر و سیستەمی حكومەتی خۆجێیی هەرێمی کوردستان هی عێراقی كۆنە كە لە 27 ساڵدا گەشەیەكی ناڕێكی پێكراوە و لە دوا ئەنجامدا بووەتە سەرچاوەی كێشە و گرفتی ئاڵۆز. سەرباری كەموكورتیەكانیش، كەچی هێشتا سیستەمەكە بەردەوام كاری پێ دەكرێ. تەنانەت ئێستا وا پەلە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكرێ كە هەر خۆی یەكێكە لە گرێكوێرەكان. لەم وتارەدا، لەسەر بنەمای توێژینەوەیەكی تێروتەسەلی ئینستتیوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێری)، پێشنیازی دواخستنی ئەو هەڵبژاردنە و داڕشتنەوەی پەیكەری حكومەتی خۆجێیی و هەمواركردنەوەی یاساكەی كراوە، بەو ئومێدەی كە پەرلەمانی کوردستان ئەو بابەتە بە زووترین كات بخاتە سەرووی ئەجێندا و ئەولەویاتەكانی.

مەركەزیەت لە نەهجی حوكمڕانی

لە هەرێمی کوردستان، هاووڵاتیان بۆ ئەنجامدانی كاری رۆتینی گەورە و بچووك مەجبور كراون روو لە سەنتەری پارێزگاكان بكەن، جا هەر لە تۆماركردنی ئوتومبیلێكەوە بگرە تا دەگاتە دەركردنی پاسپۆرت و رەزامەندی وەرگرتن بۆ حەج و دامەزراندن و گواستنەوە و ناردنە دەرەوەی فەرمانبەران. ئەو ئاستە لەرادەبەدەرەی مەركەزیەت لە نەهجی حوكمڕانی لەگەڵ‌ خواست و ئامانجی خەڵكە پێشكەوتنخوازەكەی هەرێم ناگونجێ.

دیارە بەپێی یاسا و عورفی حوكمڕانی هەرێم، زۆربەی دەسەڵاتەكانی بڕیاردان لە وەزارەت و پۆستی وەزیرەكاندا چڕكراونەتەوه. پەیكەری وەزارەتەكان وەك‌ هەرەمی بنكەفراوان ‌باڵیان بەسەر هەرێمدا كێشاوە. شۆڕكردنەوەی دەسەڵات بەپێی سیاسەتی وەزیرەكان بەردەوام لە هەڵبەزین و دابەزیندایە و بووەتە هۆی لاوازكردنی دامەزراوەكانی خوارتر. لوتكەی وەزارەتەكان لە رۆتینی بەڕێوەبردن و كاربەڕێكردندا نقوم كراون. رێچكەی رۆتینەكان له سەرجەم وەزارەت و ئۆرگانەكانی حكومەت، بەتایبەتی لە ئاستی پارێزگا و قەزا و ناحیەكان ناڕوون، تێكەڵاو، یاخود لێكدابڕاون و بوونەتە هۆی هەڵاوسانیان و گرانبەهاكردنی خزمەتەكان و بنكۆڵكردنی كواڵیتی. بەو پێیە، سیستەمی ئێستا رێگرە لەوەی كە حكومەتە خۆجێییەكان ببنە خاوەن بڕیار لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و وەبەرهێنان لە توانا ئابووری و مرۆییەكانیان بەپێی سروشتی جوگرافی و پێكهاتەی كۆمەڵگاكانیان.

كێشەی یاسا و سیستەم

بۆ چارەسەركردنی ئەو جۆرە كێشانە، پەرلەمانی هەرێمی كوردستان یاسای ژمارە (3)ی 2009 ی دەركرد. كۆمەڵێك دەسەڵاتی رێنمایی و چاودێریكردنی بۆ سێ ئەنجومەنی هەڵبژێردراو لە ئاستی پارێزگا و قەزا و ناحیەكان دیاریكرد. یاساكەی هەرێم بە لاساییكردنەوە و كۆپیكردنی یاسا عێراقیەكەی ژمارە (21)ی ساڵی 2008 داڕێژرا، ئەم یاسایە بۆ ئەو پارێزگا عێراقیانە دەركرا كە هێشتا نەكراونەتە هەرێم (إقلیم). مەبەست لە دەركردنیشی ئەوەبوو رێ لە بەهەرێمبوونی پارێزگاكانی دیكە بگرن و زۆر لەو دەسەڵاتانەی كە بەپێی دەستوور درابوونە هەرێمی كوردستان بیاندەنە پارێزگاكانی باقی عێراق. كەواتە، یاسای ژمارە (21)ی عێراقی بۆ سیستەمی حوكمڕانی هەرێم نەدروابوو، پێویست نەبوو كتومت لاسایی بكرێتەوە.

خۆ ئەزموونیش سەلماندی كە یاساكەی هەرێم لە یەكەم رۆژەوە قابیلی جێبەجێكردن نەبوو. جارێ ئەنجومەنەكانی قەزا و ناحیەكان لە بنەڕەتەوە هەڵنەبژێردران. ئەنجومەنی پارێزگاكانیش لەبەر كێشەی كارگێڕی و دارایی و بگرە یاسایی زۆر نەیانتوانی ئامانجەكانیان بپێكن، یان رۆڵێكی ئەوتۆ لە پرۆسەی حوكمڕانیدا ببینن. بۆ نموونە مەودای دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی پارێزگا لە هەرێمدا بە روونی دیاری نەكراون و لەگەڵ پەرلەمان و حكومەت بەریەك دەكەون. توانای ئەنجومەنەكان بۆ دەركردنی رێكاری كار و رێنماییەكانیان و چاودێریكردنی جێبەجێكردن سنووردارە. ئەوانەش بێجگە لەوەی كە پەیوەندییەكانی نێوان پارێزگار لەگەڵ ئەنجومەنی پارێزگا و كابینەی حكومەت ئاڵۆز و پڕ كێشەیە. لە نێو پەیكەری پارێزگاشدا كۆمەڵێك بەڕێوەبەرایەتی‌ و بەش و هۆبەی لێكدابڕاو هەن كە كارەكانیان تەواوكەری یەکدین، بەڵام رێچكەی كارگێڕی و مەرجەعیەتی زۆربەیان راستەوخۆ سەر بە وەزارەتەكانن. لە ئەنجامدا دەسەڵاتی كارگێڕی و دارایی پارێزگار و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكان بە سنوورداری ماوەتەوە، بۆیەش هاووڵاتیان بۆ زۆر لە كارەكانیان راستەوخۆ روو لە وەزارەتەكان دەكەن.

دیارە كە دەستكاری رووكەشیانەی پەیكەری سیستەم دەردی حوكمڕانی لە کوردستان تیمار ناكات، بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێم لە بنەڕەتەوە پێناسە بكرێتەوە و بە یاسا دەسەڵاتە كارگێڕی و داراییەكان دابەش بكرێنەوە. گرنگە كە داڕشتنەوەی سیستەمی هەرێم بە دروومانێكی خۆماڵی بێ، بە رەچاوكردنی تایبەتمەندێتی لۆكاڵی و بەبێ چاولێكەری باقی عێراق یان وڵاتانی دیكە. دیارە لە جیهانی دەرەكیدا مۆدێلی سەركەوتوو زۆرن بۆ لاساییكردنەوە، بەڵام مەرج نییە بۆ هەرێم گونجاو بن، چونكە پێكهاتەی كۆمەڵایەتی، مێژووی گەشەكردنی سیستەم، كولتووری بەڕێوەبردن، دینامیەت و هاوكێشە سیاسیەكان و ئەقلیەتی بیركردنەوە و جۆری كێشەكانی هەرێم زۆر جیاوازن لە هی هەموو وڵاتێكی دیكەی نزیك و دوور.

قەزا ببێتە بەردی بناغە

لە دوایین توێژینەوەی ئینستیتوتی مێری {1} پێشنیازی پەیكەرێكی ئەڵتەرناتیڤ وەك مۆدێلێكی خۆماڵی بۆ حكومەتی خۆجێیی كراوە و تێیدا هاتووە كە قەزا (شارۆچكە) بكرێتە یەكە بنەڕەتیەكەی ئیدارەی حكومڕانی لە هەرێمدا و سەرجەم كۆڵەگەكانی حكومەتی خۆجێیی لەسەر بونیاد بنرێت. ئەو پێناسە نوێیە لەسەر بنەمای ئەو پرینسیپەیە كە هاووڵاتیان لە قەزاكانیاندا سەرجەم كار و خزمەتگوزاریەكانیان بۆ ئەنجام بدرێت بەبێ گەڕانەوە بۆ وەزارەت و پارێزگاكان. واتە، زۆربەی دەسەڵاتەكانی بڕیاردانی كارگێڕی و دارایی و ئەركەكانی جێبەجێكردن بدرێتە قەزاكان و تەنیا ئەركی هەماهەنگی و رابەرایەتی بدرێتە پارێزگار و سەرووتر.

دیارە كه ئەو گۆڕانكاریە بنەڕەتیانە پێویستیان بە هەمواركردنەوەی یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2009 و ژمارە (159)ی ساڵی 1969 (قانون إدارە المحافڤات) هەیە، كە ئەوانەش كاری قورس نین. دەكرێ لە ئاستی ئەنجومەنی وەزیرانیشدا دەزگایەك بەناوی هەماهەنگی حكومەتی لۆکاڵی (الحكم المحلی) دابنرێ، كە لە كۆمەڵێك شارەزا پێكبێت بۆ هاوئاهەنگكردنی یاساكان و جێبەجێكردنیان لە نێوان دەسەڵاتەكانی یاسادانان و جێبەجێكردن و دادوەرییەكاندا و بۆ بەدواداچوونی كاروباری حكومەتە خۆجێییەكانیش له ئاستی حكومەتی لوتكەوە.

یەك هەڵبژاردن و دوو ئەنجومەن

دەکرێ لەمەودوا تەنیا یەك هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، ئەویش بۆ ئەنجومەنی قەزا بێ. لە سنووری هەر ناحیەیەك نوێنەرێك بۆ ئەو ئەنجومەنە هەڵبژێردرێت و دواتر سەرۆك و جێگری سەرۆك دەستنیشان بكرێن. هەر ئەو دوو سەركردەیەش كە پێشڕەوێتی ئەنجومەنی قەزا دەكەن، لە هەمان كاتدا ببنە ئەندام لە ئەنجومەنی پارێزگا. واتە ئەنجومەنی پارێزگا لە سەركردەی ئەنجومەنەكانی قەزا پێكبێت.

بەو پێیە، لە یەك پرۆسەی هەڵبژاردندا دوو ئەنجومەنی بەهێز دێنە كایەوە كە هەریەكەیان نوێنەری سەرجەم ناحیە و قەزاكانی تێدا دەبێ. واتە پێویست بە هەڵبژاردنی دووەم بۆ ئەنجومەنی پارێزگا و هی سێیەم بۆ ئەنجومەنی ناحیەكان ناكات. دەشكرێ ناوەندی قەزا گەورە و چڕەكان دابەشبكرێنە سەر دوو یان سێ ناحیە هەتا ژمارەی نوێنەرەكانیان لە ئەنجومەنی قەزا بەپێی رێژەی دانیشتووانیان بێ. بە هەمان شێوە، دەكرێ سەنتەری شارە گەورەكانی پارێزگاكانیش دابەشبكرێنە سەر دوو یان سێ قەزا و هەریەكەیان ببێتە یەكەی ئیداری سەربەخۆ و خاوەنی ئەنجومەنێكی بەجیا. بەوە ژمارەی نوێنەرانی شارە گەورەكان لە ئەنجومەنی پارێزگادا بەپێی رێژە گونجاوەكەی دانیشتووان دەبێ.

بەو مۆدێلە، خەرجی مووچەی خەڵكانێكی زۆریش كەم دەكرێتەوە، چونكە لەجیاتی دامەزراندنی لەشكرێك لە هەڵبژێردراوان بە مووچەی پلە تایبەت، تەنیا سەرۆك و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی قەزاكان كاتی خۆیان بە تەواوی (فوولتایم) تەرخان دەكەن و ئەوانی دیكە بە نیوەی كات (پارتتایم) كار بۆ ئەنجومەن دەكەن.

پێكهاتەی ئەنجومەن و دامەزراندنی قایمقام

دەكرێ سەرجەم ئەندامانی هەردوو ئەنجومەنی قەزا و پارێزگا هەڵبژێردراو بن، یان زۆرینەیان (دوو لەسەر سێ) هەڵبژێردراو بن و ئەوانی دیكە بریتی بن لە جێبەجێكاران. بۆ نموونە، لە ئەنجومەنی قەزادا، قایمقام و دوو بەڕێوەبەری ناحیە (بە شێوازی خولی لە نێوان بەڕێوەبەرەكاندا) ئەندام بن. لە ئەنجومەنی پارێزگاشدا، دەكرێ پارێزگار و دوو قایمقام و دوو بەڕێوەبەری ناحیە بە خولی ئەندام بن. ئەو جۆرە ئەندامێتیە بۆ پتەوكردنی پردی متمانە و ئاڵوگۆڕی زانیاری و كەڵەكەبوونی ئەزموون زۆر گرنگە. هەڵبەتە، بژارەی دیكەش هەن و هەریەكەیان سوود و زیانی خۆیان هەیە و دەبێ بە وردی رەچاو بكرێن.

سەبارەت بە میكانیزمی دامەزراندنی پارێزگار، دەكرێ وەك هی ئێستا بمێنێ یان دەستكاری بكرێت، بەڵام دەبێ دامەزراندنی قایمقام گرنگی زیاتری پێ بدرێت. دەكرێ ئەویش لەنێو ئەندامە هەڵبژێردراوەكانی ئەنجومەنی قەزادا دەستنیشان بكرێت، یان بەپێی سی ڤی و لە كێبڕكێیەكی كراوەدا بە سەرپەرشتی ئەنجومەنی قەزا دابمەزرێندرێ. ئەوەی دواییان دەرفەت دەداتە ئەنجومەن كە رابەری لێهاتوو لە هەركوێ بێ بۆ شارۆچكەكەی بێنێ و سوودی گەورەی لێ ببینێ. زۆر گرنگە كە دانان و لادانی قایمقام تەنیا لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی قەزادا بێ، بەجۆرێك پارێزگار تەنیا بۆی هەبێ داوا لە ئەنجومەنی قەزا بكات كە بەخشین یان سەندنەوەی متمانە بە قایمقام بخرێتە دەنگدانەوە. لە ناو ئەنجومەنیشدا بۆ سێیەكی ئەندامان هەبێ كە هەمان داوا بكەن.

بەڕێوەبەرایەتیەكانی نێو حكومەتی خۆجێیی

دەكرێ بەڕێوەبەرایەتیەكانی ئاستی قەزاكان بەجۆرێك رێكبخرێنەوە كە بەش و هۆبەی هاوپیشە و هاوشێوەی لێكنزیك ئاوێتە بكات. گرنگە بەڕێوەبەرەكان دەسەڵاتی كارگێڕی و دارایی سەربەخۆیان هەبێ، بەڵام لە بواری پسپۆڕیە پیشەییەكانیانەوە پەیوەست بن بە پەیڕەوكردنی ستراتیژ و پلان و رێنمایی قەزا و پارێزگاكەیان و وەزارەته پەیوەندیدارەكان. هاوكات پێویست ناكات ژمارەی بەڕێوەبەرایەتیەكان ئاوێنەی سەرجەم وەزارەت و دەستە و فەرمانگەكانی لوتكە بن. بەڵكو لە ئاستی قەزادا كەمترین ژمارەی بەڕێوەبەرایەتی زۆرترین بەش و هۆبەی تایبەتمەند لەخۆ بگرن.

بۆ نموونە دەكرێ (بەرێوەبەرایەتی شارەوانی و دێهاتەكان) دابهێنرێت كە كۆمەڵێك‌ بەش و هۆبە خزمەتگوزاریە پەیوەندیدارەكان لەژێر یەك چەتردا‌ كۆبكاتەوه، لەوانە‌: پلانی نیشتەجێ و ئاوەدانكردنەوە، هۆبەی تۆماركردنی خانووبەرە (تاپۆ)، ئاو، ئاوەڕۆ، كارەبا، خاوێنكردنەوە و خاشاك لابردن، باخچەكان، ئاسەوار و كەلەپوور، رێگا و پردەكانی شار و دێهاتەكان و چاككردنیان، گواستنەوەی ناوشار (پاس و تاكسی)، پۆستە و گەیاندن، هێماكانی هاتوچۆ و پۆلیسی تەجاوز. بەوە كۆمەڵێ كێشەی پلاندانان و هەماهەنگی و بەفیڕۆدانی خەرجی كەمبكرێتەوە. چیتر شەقامەكان بۆ جاری سێیەم و چوارەم بە هۆی بێپلانی و لێكدابڕانی بەڕێوەبەرایەتیەكانەوە هەڵنەكەندرێنەوە. بەو پێیە، پەیكەری شارەوانی قەزاكان لەرووی كارگێڕی و داراییەوە سەربەخۆ دەبێ و لەژێر چاودێری قایمقام و ئەنجومەنی قەزادا دەبێت. بۆیە دەكرێت ئەنجومەنی شارەوانی و سەرۆكایەتی شارەوانی شارەگەورەكان و بەرێوەبەرایەتی گشتی شارەوانیەكان لە بنەڕەتەوە هەڵبوەشێندرێنەوە و فەرمانبەرەكانیان بەسەر قەزا و ناحیەكاندا دابەشبكرێنەوە.

بە هەمان شێوە، دەكرێ بەڕێوەبەرایەتیەك بۆ )كاروبارە مرۆڤایەتیەكان( دابنرێ بۆ كۆكردنەوەی چاڵاكیەكانی چەندین بەش و هۆبە لە بواری رۆشنبیری، لاوان، كاروبارە ئاینیەكان و ئەوقاف، كاروباری كۆمەڵایەتی، شەهیدان و ئەنفالكراوان، خانمان، چاودێری تایبەت، چاودێری كەمئەندامان، دەستەبەركردنی كرێكاران، راگەیاندن و چاپكردن.

دیارە ئێستا كەموكوڕی لە ژمارە و ئەزموونی رابەرایەتی لە ئاستی لۆكاڵیدا بەدی دەكرێ، بەڵام دەكرێ لە ئێستاوە بەرنامە بۆ بەرزكردنەوەی تواناكان و پەروەردەكردنی رابەران ئامادە بكرێ. هاوكات پێویستە مەرج بۆ خۆ كاندیدكردن بۆ سەرجەم پۆستە هەڵبژێردراو و دامەزراوەكان دابنرێ، هەروەها رێبەری كاركردنی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە و بەڕێوەبەرەكان بە وردەكاریەوە دابڕێژرێت.

داڕشتنەوەی پەیكەری پارێزگاكان

لە نێو پەیكەری پارێزگاشدا دەكرێ ژمارەیەكی كەم بەرێوەبەرایەتی هەبن كە ئاوێنەی بەڕێوەبەرایەتیەكانی قەزاكان بن و تەنیا رۆڵی هەماهەنگی و چاودێری ببینن. بەو پێیە رۆڵی پارێزگار و بەڕێوەبەرایەتیەكانی ئاستی پارێزگا سنووردار دەكرێ لە: كارە ستراتیژیە لوتكەیی و رابەرێتیەكانی وەك داڕشتنی سیاسەت و پلان و ستراتیژی سەرتاسەریی ئاستی پارێزگا بۆ سێكتەرەكانی ئابووری و خزمەتگوزاری؛ بەرپرسیارێتی ئەمنی و فریاكەوتن لە ئاستی پارێزگا؛ هەماهەنگی له نێوان وەزارەت و بەرێوەبەرایەتیەكانی خوارتر؛ لۆبیكردن لە ئاستی ناوەكی و دەرەكی بۆ راكێشانی وەبەرهێنانی زیاتر؛ دڵنیابوون لە كواڵیتی و كارایی كاری بەرێوەبەرایەتیەكان لە رێگەی كاراكردنی میكانیزمەكانی چاودێری ناوەكی و بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن و لێپرسینەوە.

دەستكەوتەكان

بەپێی ئەو رێكخستنەوەیە پێشنیازكراوە، كۆمەڵێك دەستكەوت لە یەك كاتدا بۆ هەرێم دێتە كایەوە. لەوانە: كەمكردنەوەی رۆتین و داهێنانی پرۆسەی یەك پەنجەرە؛ گێڕانەوەی هەیبەت بۆ قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە و تەواوی حكومەت؛ دروستكردنەوەی متمانەی نێوان حكومەت و هاوڵاتی؛ كەمكردنەوەی گەندە‌ڵیی لە رێگەی دابەزاندنی دەسەڵات و بەرپرسیارێتیەكان و كاراكردنی سیستەمی چاودێریی؛ چارەسەكردنی كێشەی هەڵاوسانی لوتكە و دابەشكردنەوەی فەرمانبەرانی وەزارەتەكان؛ ئاودانكردنەوەی قەزا و دێهاتەكان بە هۆی باشتر كردنی كواڵیتی ژیان.


{1} لە كتێبی: نیشتیمانسازی: نەخشەڕێگایەك بۆ سەروەركردنی یاسا و بەدامەزراوەییكردنی هەرێمی كوردستان (ساڵی 2018 بڵاوكراوەتەوە)