ئايا ئه‌مريكا له ئێران ده‌دات؟
ئه‌گه‌ری شه‌ڕ و ئيختياره‌كانی به‌رده‌ست بوش و ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد و سه‌ركرده‌كانی كورد
هاوڵاتی: ژماره 316 ی ڕۆژی 7-3-2007
له‌و چه‌ند هه‌فته‌يه‌ی ڕابوردوودا، چاودێرانی شانۆی نێوده‌وڵه‌تی سه‌رقاڵی لێكدانه‌وه‌و حيسابی ووردو درشتن سه‌باره‌ت به ئه‌گه‌ری لێدانی ئێران. هه‌يانه دڵنيايه له‌وه‌ی كه له ئێران ده‌درێ، وهه‌شيانه به پێچه‌وانه‌وه. له چه‌ندين چاوپێكه‌وتندا (ديك چه‌ينی) جێگری سه‌رۆك بوش جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه "هه‌موو ئيختياره‌كان له سه‌ر مێزه‌كه‌دا ماون"، به بێ ئه‌وه‌ی ئيشاره‌تێكی ئاشكرا بكات بۆ ئه‌و ئيختيارانه. من لێره‌دا، هه‌ولده‌ده‌م ئه‌لته‌رناتيڤه‌كانی شه‌ر دياريبكه‌م و هه‌لسه‌نگێنم، ئه‌وجا نيشانی بده‌م بۆچی ئه‌گه‌ری شه‌ڕی ئێران زياتره له ئه‌گه‌ری چاره‌سه‌ری ئاشتيانه. هه‌ڵبه‌ت بيركردنه‌وه‌و شێكردنه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌ته گرنگيه‌كی ستراتيژی هه‌يه بۆ ڕێڕه‌وی كوردستان و بۆ بڕياری سه‌ركرده‌كان. بۆيه‌ش لێكدانه‌وه و بيرۆكه و ڕاوێژه‌كانی خۆم بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ده‌خه‌مه ڕوو، به‌و ئومێده‌ی كه سوودی هه‌بێ بۆ خوێنه‌ر و بڕيارده‌ری سياسی كوردی.
لێدانی ئێران ئاسان نيه
هه‌ڵبه‌ت لێدانی ئێران كارێكی ئاسان نيه. ئه‌گه‌رچی هێزی ئێران جێگه‌ی به‌راوردی نيه له‌گه‌ڵ هی ئه‌مريكا، به‌ڵام توانای به‌رگری و ده‌ستوه‌شاندن و زه‌ره‌ردانی هه‌يه. ئێران ده‌وڵه‌تێكی پان و به‌رينه، و دانيشتوانه‌كه‌ی حه‌فتا مليۆنه، و ڕژێمه‌كه‌ی جه‌ماو‌ه‌ری وتوندڕه‌وه. سه‌ڕه‌ڕای هێزی زه‌مينی و ئاسمانی و ئاوی، سه‌ركرده‌كانی ئێران سه‌دوبيست هه‌زار پاسدار و دووسه‌د هه‌زار به‌سيجی خۆبه‌ختكه‌ریان له‌به‌ر ده‌سته. تۆڕی په‌يوه‌نديه زانياری و ده‌ستوه‌شێنه‌كانيان له‌جيهاندا بڵاوه و به لێشاو پاره‌یان لێ سه‌رف كردوون. جموجۆڵی ئيتيلاعاتی ئێرانی له ناوچه‌كانی دراوسێی ئێران و ته‌واوی ووڵاتانی ئه‌وروپايی په‌ره‌ی سه‌ندوه و به سه‌دان مليۆن دۆلار له كاری ئاماده‌باشیاندا سه‌رف كراوه. ئه‌وروپاييه‌كان تۆقيون له‌وه‌ی كه ئێران ده‌توانێ له ڕۆژی ته‌نگانه‌دا ئه‌و تۆڕه بۆ كاری تيرۆريستيانه به‌كار بهێنێت. ئێرانيش به جه‌خته‌وه ئه‌و جۆره هه‌ڕه‌شانه دووپات ده‌كاته‌وه.ی
ئێران سه‌رچاوه‌يه‌كی مه‌زنی جيهانيه بۆ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت، شوێنه جوگرافيه‌كه‌ی ستراتيژيه و توانای كۆنترۆڵكردن و شله‌ژاندن و بگره داخستنی ڕێگای هات و چۆی نه‌وتی كه‌نداوی فارسی هه‌يه. به‌وه‌ش ده‌توانێ بۆ ماوه‌يه‌ك نرخی نه‌وت يه‌كجار به‌رزكاته‌وه و ئابوری جيهانی بخاته ئه‌زمه‌يه‌كی مه‌زنه‌وه. شايانی باسه كه له‌و ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابووردوودا، له گه‌ڵ هه‌موو ته‌سريحێكی سه‌رۆك بوش له‌دژی ئێران‌دا، نرخی نه‌وت له بازڕدا ڕووی له زيادی بووه، كه ئه‌وه‌يش له‌لايه‌كه‌وه ئابووری ووڵاته ڕۆژئاواييه‌كانی ناهه‌موار كردوه، وله‌لايه‌كی تره‌وه ڕژێمی ئێرانی پێ ده‌وڵه‌مه‌ندتر بووه.
تێكدانی بنكه ئه‌تۆمیه‌كانی ئێرانی ديسانه‌وه كارێكی ئاسان نيه. جارێ له پانايی جوگرافی فراوان، له سه‌رتاسه‌ری ئێران و ده‌ورو به‌ری شاره گرنگه‌كان، بڵاوكراونه‌ته‌وه. به گوێره‌ی زانياری (سی ئای ئه‌یCIA, )، هه‌ژده بنكه‌ی ئه‌تۆمی ناوی هاتوه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و ژماره‌يه ڕه‌نگه ڕاست نه‌بێ. له‌شه‌ڕی عيراق به‌ده‌ركه‌وت كه‌وا زانياريه‌كانی سی ئای ئه‌ی جێگه‌ی متمانه نين، و له‌وانه‌يه ئێران له حه‌فتا بنكه زياتريشی هه‌بێ كه ئه‌مريكا لێيان بێ خه‌به‌ره. هه‌ر بنكه‌يه‌ك له‌وانه به سه‌دان مه‌تر له ژێر زه‌وی هه‌ڵكه‌ندراوه، و به چه‌ندين مه‌تر كۆنكريت و چه‌ندين مه‌تری تر خۆڵ سه‌ريان گيراوه. ئه‌گه‌ر ئه‌مريكا بيه‌وێ لێيان بدات، ئه‌وا ده‌بێ ته‌واوی بنكه سه‌ربازی و فرۆكه‌وانيه‌كانی عيراق و توركيا و كه‌نداوی فارسی و پاكستان و ئه‌فغانستان و قيرغيستان و ئوزبه‌كستان به‌كار بهێنێت. ده‌بێ به سه‌دان فرۆكه بخاته گه‌ڕ بۆ هه‌زاران كاروانی بۆمبابارن، كه‌وا ئه‌وانه‌يش ڕه‌نگه به چه‌ندين هه‌فته ئه‌نجام نه‌درێن. ده‌بێ بۆمبی به‌نكه‌رته‌قێن (ئه‌شكه‌وته‌قێن، حه‌شارگه ته‌قێن، bunker-busters) بكار بهێنێ. ئه‌و بۆمبه مه‌زنه به‌توانايه سه‌ره‌كه‌ی ئه‌تۆميه، و به لێزه‌ر ئاراسته‌ی حه‌شارگه ده‌كرێت و له قووڵايی ژێر خاكدا ده‌ته‌قێته‌وه. به‌وه، بنكه ئه‌تۆميه ژێڕزه‌مينه‌كه كاول ده‌كات.
بيركردنه‌وه‌ی جۆرج بوش
هه‌ڵبه‌ت وانه‌بێ كه سه‌رۆك بوش ئه‌وانه نه‌زانێ يان بيری لێيان نه‌كردبێته‌وه. به‌ڵام ئه‌و لايه‌نه عه‌سكه‌ريانه به‌لای سه‌رۆك بوشه‌وه بابه‌تی لاوه‌كینه. بڕياری ئه‌و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مايانه نيه.كوژرانی چه‌ند سه‌د سه‌ربازێكی ئه‌مريكی و چه‌ند هه‌زار مه‌ده‌نیه‌كی ئێرانی، وه ڕوخان و تێكدانی چه‌ند بينايه‌ك و شله‌ژانی باری ناوچه‌كه‌و زوير بوونی چه‌ند ده‌وڵه‌تێك و ڕق هه‌ڵسانی كۆمه‌ڵكای ئيسلامی و جيهانی، ئه‌وانه هه‌مووی چاوه‌ڕوانكراون و حيسابیان بۆ كراوه و ڕێگريش نينه له به‌رپا بوونی شه‌رێكی چاره‌نووسی. هه‌روه‌ك له ووتاری پێشوومدا (١) به درێژی ڕوونم كردبووه‌وه، نيازی سه‌رۆك بوش بۆ لێدانی ئێران له ڕوانگه‌ی ستراتيژيه‌تێكی درێژ خايه‌نه كه په‌يوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی به دواڕۆژی ئيمپراتۆڕيه‌تی ئه‌مريكا و به‌رژه‌وه‌نديه باڵاكانيه‌وه هه‌يه. ئه‌مريكا ده‌بێ ڕێگه له ئێران بگرێ له‌وه‌ی كه چه‌كی ئه‌تۆمی ده‌ست بكه‌وێ، ده‌بێ ئيسرائيل له مه‌ترسی ده‌ستوه‌شاندنی ئێران و هێزه سه‌ربه ئێرانيه‌كان بيپارێزێ، ده‌بێ ڕۆڵی ئێران له پشتگيری تيرۆر و هاندانی دوژمنه ئه‌نتی-ئه‌مه‌ريكيه‌كان نه‌هێلێ. ئيتر مقۆمقۆی نێو ده‌وڵه‌تی و زه‌ق كردنی مه‌ترسيه‌كانی لێدانی ئێران نابنه هۆی په‌شيمان بوونه‌وه‌ی سه‌رۆك بوش، وه‌يان گه‌ڕان به‌دوای ئه‌لته‌رناتيڤی ئاشيتخوازانه، چونكه ئه‌وانه ناوه‌رۆكی گيروگرفته‌كان وه‌ك خۆيان ده‌هێلنه‌وه.
فاكته‌رێكی تری گرنگ بريتيه له مه‌سه‌له‌ی كه‌ميی كات. سه‌رۆك بوش ماوه‌ی كه‌م له‌به‌ر ده‌ستدايه بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ل ئێران‌دا لايه‌ك به‌لايه‌ك بكاته‌وه. ئيسرائيل به په‌له‌يه و ترسی له‌وه‌يه كه له‌مه‌ودای دووسێ ساڵی داهاتوودا ئێران توانای به‌رهه‌مهێنانی چه‌ند بۆمبێكی ئه‌تۆمی ده‌بێ. بوش نايه‌وێ چاره‌سه‌ری ئه‌و ئه‌زمه‌يه دوا بخات و بۆ سه‌رۆكێكی تری دوای خۆی به‌جێ بهێلێ. له به‌هاری ساڵی ٢٠٠٨دا، كه‌مپه‌ينی هه‌لبژاردنی سه‌رۆك كۆماری ئه‌مريكی جۆش ده‌ستێنێ. وه له به‌رژه‌وه‌ندی حيزبه‌كه‌ی سه‌رۆك بوش و ووڵاته‌كه‌ی دانيه كه‌وا كه‌مپه‌ينی شه‌ر و هه‌ڵبژاردن هاوكات بێ. ده‌بێ به‌لانی كه‌مه‌وه شه‌ش هه‌تا نۆ مانگ پێش هه‌ڵبژاردنی نۆڤه‌مبه‌ر، لێدانی ئێران كۆتايی پێ هاتبێ. واته بوش له‌مڕۆوه هه‌تا به‌هاری ٢٠٠٨ی له‌به‌ر ده‌ستدايه بۆ هه‌ڵگيرساندن و ته‌واو كردنی شه‌ڕی ئێران. ئه‌و لايه‌نانه‌يش كه نايانه‌وێ شه‌ڕ بقه‌ومێ، ده‌بێ له‌و ماوه‌يه‌دا به‌رنامه‌ی ئه‌لته‌رناتيڤ بخه‌نه به‌رده‌م سه‌رۆك. هاوكات، به‌گوێره‌ی زانياری سی ئای ئه‌ی كه به‌رده‌ستی (سايمۆن هێرش) ی (نيۆيۆركه‌ر) كه‌وتوه، سه‌رۆك بوش داوای له په‌نتاگۆن كردوه پلانێكی وا ئاماده بكه‌ن كه‌وا ماوه‌ی نێوان بڕياردان و لێدانی ئێران له ٢٤ كاتژمێر تێپه‌ڕ نه‌كات.
ئيختياری يه‌كه‌م: لێدان
ئه‌گه‌ر به سه‌رۆك بوش و هاوه‌ڵه نيۆكۆنزێرڤه‌تيڤه‌كانیی و ئيسرائيلی شه‌ريكی بێ، ئه‌وا لێدانی ئێران باش‌ترين چاره‌يه بۆ بنبڕكردنی مه‌ترسيه‌كانی. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مريكا توانای ئه‌وه‌ی نيه كه ئێران داگير بكات، وه‌يان سه‌رباز بنێرێته ناوه‌وه‌ی. بۆيه هه‌ر له يه‌كه‌مه‌وه ئه‌و نيازه له ئارادا نه‌بووه، به‌ڵكو پلانی هێرش هه‌ر بۆ شه‌ری ئاسمانی بوه له ڕێگه‌ی فرۆكه و ساروخی كروزه وه. له دوو ووتاری پێشوومدا (له ٧ و ١۳ی شوبات: سه‌رچاوه‌ی ١ و ٢) پێشبينیم له‌وه كردبوو كه‌وا پلانی ئه‌مريكا به لێدانی بنكه ئه‌تۆميه‌كان كۆتايی نايه‌ت به‌ڵكو هه‌موو بنكه سه‌ربازيه خاكی و ئاوی و ئاسمانیه‌كان ده‌گرێته‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌يشدا، بنكه گرنگه‌كانی په‌يوه‌ندی كردن و بگره سه‌رچاوه ئابوريه‌كانيش (بێجگه له نه‌وت، بۆ خاتری ئابووری جيهانی) كاول ده‌كات. واته، لێدانێك كه ئێران بگه‌ڕێنێته‌وه چه‌رخی تاريك و هه‌تا ده‌يان ساڵی تر نه‌يه‌ته‌وه سه‌ره‌خۆی. له ٢٠ی شوبات ، كه‌ناڵی (بی بی سی) دۆكيومه‌نتی پلانی لێدانی ئێرانی ده‌ستكه‌وت، و كتومت ئه‌و پێشبينيانه‌ی ئيسپات كرد.
ئه‌مريكا و ئيسرائيل به دووقۆڵيی
له كاتی لێدانی ئيران، ئه‌مريكا داوای كارئاسانی له زۆرلايه‌ن ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وجاره‌يان چاوه‌رێی پێكه‌وه‌نانی هاوپه‌يمانيه‌تی جيهانی نيه. بوش چاوه‌ڕوانی به‌شداری عه‌سكه‌ری ڕاسته‌وخۆ له هيچ كام له حه‌ليفه‌كانی ناكات، غه‌يری ئيسرائيل. به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مريكا و ئيسرائيل له بابه‌تی لێدانی ئێران زۆر ستراتيژيه و دووسه‌ره‌يه. مه‌حاڵه كه ئه‌مريكا وه‌يان ئيسرائيل هيچ كامێكيان چاو‌دێر بێ و ته‌واوی كاره‌كه هه‌ر بۆ ئه‌وی تريان لێبگه‌ڕێ. هه‌ردوكيان پێويستيان به‌يه‌كتره له‌رووی سياسی و عه‌سكه‌ری و زانياريه‌وه. دوورنيه كه سه‌رۆك بوش بكه‌وێته ژێر فشاره‌كی ئه‌وتۆ كه نه‌توانێ ڕه‌زامه‌ندی كۆنگرێس و نه‌ته‌وه يه‌كگرتوه‌كان به‌ده‌ست بهێنێ، وه‌يان نه‌يه‌وێ چاوه‌ڕێی ڕۆتينی بيروكراسی ئه‌و دوولايه‌نه بكات. بۆيه، ڕه‌نگه ئيشاره‌تێك بداته ئيسرائيل بۆ ده‌سپێكردنی شه‌ڕ، ئه‌وجا ئيعلانی بكات كه‌وا كار له كار ترازاوه، شه‌ر هه‌ڵگيرساوه، و ناكرێ ئه‌وكاره مه‌زنه له‌و ڕۆژه ته‌نگانه‌يه بۆ ئيسرائيل لێبگه‌رێ.
ئه‌مريكا به ته‌نيا
سه‌رۆك بوش ڕه‌نگه وای به‌باش بزانێ كه‌وا ئه‌مريكا به ته‌نيا (به‌بێی ئيسرائيل) له ئێران بدات، چونكه به‌شداری عه‌سكه‌ری ئيسرائيل له‌و شه‌ره‌دا ده‌بێته مايه‌ی ئيحراج بوونی ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بی و ئيسلامیه‌كان، وه مايه‌ی ڕق هه‌لسانی خه‌لكی ئه‌و ووڵاتانه و كۆمه‌ڵگای ئيسلامی له ئه‌وروپا و ئه‌مريكا. هه‌لبه‌ت له ڕووی لۆبی سياسی و كاری موخابه‌راتيه‌وه، ئيسرائيل كه‌مته‌رخه‌می نه‌كردوه، به‌ڵام ئه‌وانه جياوازن له به‌شداریكردنی ڕاسته‌وخۆ بۆ لێدانی عه‌سكه‌ری. خۆ ئه‌گه‌ر هاتو له كاتی لێداندا، فرۆكه و فرۆكه‌وانانی ئيسرائيلی به شێوه‌يه‌كی نهێنی به‌شداری شه‌ڕيان كرد ، ئه‌وا ديسان ڕێگه‌ی ده‌چيتێ، و له ئيسرائيل ده‌و‌ه‌شێته‌وه بيكات. ئه‌گه‌ر ئه‌وه كاره له ئاينده‌كی دووردا ئاشكرا بوو (كه ئاشكراش ده‌بێ)، ئه‌وا به‌لای ئه‌مريكاوه زۆر گرنگ نيه چونكه ئه‌وكات كاريگه‌ری له‌سه‌ر ڕووداو و كاردانه‌وه‌ی هه‌نووكه‌يی دوای شه‌ڕه‌كه نابێ.
ئيسرائيل به‌ته‌نيا
هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌رێكی لاواز هه‌يه كه فشاری ده‌ره‌كی و ناوه‌كی بتوانن سه‌رۆك بوش په‌شيمان بكه‌نه‌وه له لێدانی ڕاسته‌وخۆی ئێران. بێجگه له كۆنگرێس، خه‌نده‌قێك وا خه‌ريكه په‌يدا ده‌بێ له نێوان په‌نتاگۆن و كۆشكی سپی. هه‌ندێك باس له‌وه ده‌كه‌ن كه‌وا (جه‌نه‌ڕال پێته‌ر په‌يس)ی سه‌رۆكی هێزه چه‌كداره‌كانی ئه‌مريكی (Chairman of Joint Chiefs) بيری له‌وه كردۆته‌وه كه ئيستيقاله له كاره‌كه‌ی بكات ئه‌گه‌ر ئه‌مری لێدانی ئێرانی به‌سه‌ردا فه‌رز بكرێ.
ئيتر ئه‌گه‌ر له‌به‌ر هه‌ر هۆيه‌ك سه‌رۆك بوش له ڕووكه‌شدا ده‌ستی كێشايه‌وه له‌و كاره، ئه‌وا ده‌توانی ده‌ستی ئيسرائيل به‌ڕ‌ڵلا بكات و ڕێگه‌ی بدات كه به ته‌نيا له ئێران بدات. به‌وه، ئه‌مريكا ده‌تونێ ڕووڕه‌شيه‌كه بكاته هی ئيسرائيل (كه ئيسرائيل له‌وه‌يان بێ باكه) و له‌ژێريشه‌وه به نهێنی يارمه‌تی بدات. هه‌ڵبه‌ت به بێی يارمه‌تی و هاوكاری ڕاسته‌وخۆی ئه‌مريكی، ئيسرائيل ئه‌و كاره زه‌به‌للاحه‌ی پێ ئه‌نجام نادرێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هيچ نه‌بێ سه‌رۆك بوش ده‌توانێ بۆ ماوه‌يه‌كی كه‌م خۆی له‌و كارده بێ به‌ری بكات.
ئيسرائيل له‌و شه‌ش مانگه‌ی ڕابووردوودا، داوای له ئه‌مريكا كردوه كه ڕێگه‌ی بدات له ئاسمانی عيراقه‌وه هێرش بكاته سه‌ر ئێران. ئه‌و گفتوگۆيه به‌رده‌وامه و چاوه‌ڕێی ڕووداوه‌كانی تره، به‌ڵام به‌بێ شه‌ك، ئه‌مريكا به خۆشحاڵيه‌وه ئه‌ر ڕێگه‌يه‌ی پێ ده‌دات. بێجگه له عيراقيش، ئيسرائيل له‌گه‌ڵ توركيا ڕێكه‌وتوه و دوورنيه له‌وێشه‌وه هێرشی ئاسمانی بۆ ئێران بكات. له ساڵانی نه‌وه‌ته‌كانه‌وه، توركيا و ئيسرائيل (ڕێكه‌وتننامه‌ی هاوكاری به‌رگری) (Defense Cooperation Agreement, DCA) يان مۆركردوه. به‌رده‌وام ئيسرائيل به‌شداری له مه‌شقی ئاويی (Reliant Mermaid) و مه‌شقی ئاسمانی (Anatolian Eagle) له‌ناو توركيادا ده‌كه‌ن. فرۆكه حه‌ربيه‌كانی ئيسرائيلی له‌گه‌ڵ توركيه‌كان له بنكه ئاسمانيه‌كه‌ی شاری (كۆنيا) خه‌ريكی خولی ڕاهێنانن. سه‌ڕه‌ڕای ئه‌وانه‌يش، ئاڵوگۆڕی زانياری عه‌سكه‌ری و ئاساييشی له‌نێوان هه‌ردوو لايه‌ندا له ئاستێكی به‌رزی مه‌ركه‌زيدايه. به‌بێ شه‌ك، سه‌ردانه‌كه‌ی داهاتووی (ئه‌يهود ئۆلمرێت) ی سه‌رۆكوه‌زيرانی ئيسرائيلی بۆ ئه‌وه‌يه كه ته‌نسيق له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ی سياسی و بڕيارده‌ره‌ی ئه‌رته‌ش و لێپرسراوی ميت بكات.
ئه‌و په‌يوه‌نديه ئيسرائيليانه، هه‌ڵبه‌ت به ته‌نسيق له‌گه‌ڵ ئه‌مريكا ده‌كرێ، به‌ڵام ئيسرائيل چاوه‌ڕێی مه‌رحه‌مه‌تی ده‌نگده‌ری ئه‌مريكايی و ڕه‌زامه‌ندی ئه‌وروپی و نه‌ته‌وه يه‌كگرتوه‌كان ناكات. به‌و دواييه، (ئه‌ڤيگدۆر ليبه‌رمان) ی جێگری سه‌رۆكوه‌زيران و وه‌زيری كاری ستراتيژی ئيسرائيلی، ناڕه‌زايی خۆی به‌رامبه‌ر سستی ئه‌وروپيه‌كان ده‌ربڕی و گوتی "ئێمه ده‌ستبه‌قه‌د ڕاناوه‌ستين به چاوه‌ڕێی ڕه‌زامه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی، و ئه‌گه‌ڕ پێويست بوو به‌ته‌نيا له ئێران ده‌ده‌ين". ئيسرائيل چاوه‌ڕێی كه‌سی نه‌كرد كه له هێرشی برده سه‌ر بنكه‌ی ئۆسيراكی (سه‌لمان پاك) ی عيراقی له ساڵی ١۹٨١. شايانی باسه كه له هێرشه‌كه‌ی سه‌ر ئۆسيراكدا، ئيسرائيل توانی به هۆی بۆمبی ئاساييه‌وه، بنكه ئه‌تۆميه‌كه‌ی عيراق هه‌ڵته‌كێنێ. به‌ڵام له‌وه‌ی ئێران‌دا، بۆمبی ته‌قليدی به‌ش ناكات.بۆيه‌ش، له‌و چه‌ند مانگه‌ی ڕابووردوودا، هێزه ئاسمانيه‌كانی ئيسرائيلی خه‌ريكی مه‌شق كردنن له‌سه‌ر به‌كار هێنانی بۆمبی به‌نكه‌رته‌قێن.
ئيختياری دووه‌م: ئابلۆقه
ته‌نيا ئه‌لته‌رناتيڤێك بۆ شه‌ڕ ئه‌وه‌يه كه ئه‌مريكا و زلهێزه‌كانی تر ئابلۆقه‌يه‌كی توند‌و تۆكمه له سه‌ر ئێران فه‌رزبكه‌ن، و له‌ڕێگه‌ی شكستی ئابوری و ئه‌زمه‌ی ناوه‌كيدا، ڕژێمی ئێران بخه‌نه سه‌ر ئه‌ژنۆ- هه‌تا ئه‌وڕۆژه‌ی دێته سه‌ر خه‌ت. فه‌ره‌نسا و به‌ريتانيا پشتگيری له‌و جۆره هه‌ڵوێسته ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌لمانيا وچين و ڕوسيا، كه به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری مه‌زنيان له‌گه‌ڵ ئێران‌دا هه‌يه، دوودڵن، به‌تايبه‌تی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه تا ئێستا قازانجيان كردوه له‌و دوژمنايه‌تيه‌ی ئه‌مريكا و ئێران، وه له‌مه‌ودواش ئابلۆقه‌دان ده‌بێته هۆی به‌رده‌وام بوونی ئه‌و قازانجه. هاوكات، ئه‌گه‌ر ئه‌مريكا له ئێران بدات، ئه‌وا پڕۆژه‌ی دروسكردنه‌وه‌ی ژێرخانی ئێران هه‌ر ده‌كه‌وێته‌وه باوه‌شی ڕوسيا و چين و ئه‌لمانيا ووڵاتانی تر. بۆيه، ئه‌و ده‌وڵه‌تانه له هه‌ردوو حاله‌تد براوه ده‌بن و هه‌ربۆيه‌ش به دوودڵيی ماونه‌ته‌وه.
هه‌تا ئه‌و دواييه، له‌وه نه‌ده‌چوو كه ڕوسيا به هيچ كام له‌و ئه‌ڵته‌رناتيڤانه ڕازی ببێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی په‌يوه‌ندی ئابووری و كۆنتراكتی ئه‌تۆمی له‌گه‌ل ئێران هه‌بوو، بۆ نموونه هی دروست كردنی مه‌حه‌تته‌ی ووزه‌ی ئه‌تۆمی له شاری بوشه‌هر. به‌ڵام به‌و دواييه، ڕوسيا به‌شێوه‌يه‌كی ناڕاسته‌وخۆ لايتی سه‌وزی نيشانی ئه‌مريكا داوه. به‌هانه‌ی كۆنه قه‌ردی به ئێران گرتوه، گوايه ئێران له دانه‌وه‌ی قه‌ردی يه‌ك بليۆن دۆلاريی دواكه‌وتوه. ڕه‌نگه روسيا ئه‌وه بكاته به‌هانه‌يه‌ك بۆ خه‌ڵكی ناوه‌خۆی و ده‌ره‌وه‌ی تاوه‌كو پشتگيری له بڕياری ئابلۆقه‌دان بكات.
ئيتر دياره كه هه‌تا دێ ده‌نگی ده‌هۆڵی ئه‌لته‌رناتيڤی "ئابلۆقه" به‌ره‌و زيادبوونه و دوورنيه ده‌وڵه‌ته‌كانی تريش هه‌لوێستی له‌و جۆره‌ی ڕوسيا بنوێنن و زياتر فشار بخه‌نه‌سه‌ر ئه‌مريكا بۆ حه‌لی وه‌سه‌ت. به‌ڵام ئايا ئه‌و فشاره هه‌مه‌لايه‌نه ده‌ره‌كی و ناوه‌كيانه ده‌بنه مايه‌ی ئه‌وه‌ی كه سه‌رۆك بوش، ئيسرائيل وه‌يان ئێران بههێنێته سه‌ر خه‌ت؟ به بۆچوونی من، نه‌خێر.
ئابلۆقه و كاری قاچاغ
ئابلۆقه‌دان زه‌ره‌رێكی زۆر به ئێران ده‌گه‌يه‌نێ، ئابووريه‌كه‌ی داده‌هێزرێنێ و ڕژێمه‌كه‌شی ده‌خاته به‌ر فشاری ناوه‌كی و ده‌ره‌كیه‌وه. به‌ڵام ئه‌زموون سه‌لماندويه‌تی كه پياده‌كردنی ئابلۆقه‌دانی نێوده‌وڵه‌تی كارێكی زه‌حمه‌ته و كاريگه‌ريه‌كه‌شی ناگاته ئه‌وه‌ی كه ڕژێم بڕوخێنێ. له‌بازاڕی ته‌ماحكاريی نێو ده‌وڵه‌تيدا، ناتوانرێ ڕێگه له قاچاغ بگيرێ. خودی كۆمپانيا ئه‌مريكی و به‌ريتانی و فه‌ره‌نسی و روسی و بگره ئيسرائيلیه‌كان ئابلۆقه‌كه ده‌شكێنن. له‌ڕێگه‌ی سيسته‌می گه‌نده‌ڵی نه‌ته‌وه يه‌كگرتوه‌كانيشدا، ڕێگه‌ی شه‌رعی و ناشه‌رعی ده‌دۆزرێته‌وه بۆ بنكۆڵ كردنی ئابلۆقه‌كه.ڕژێمی ئێرانيش، هه‌روه‌ك هی سه‌ددام، ده‌توانێ له ده‌يان لاوه، نه‌وتی بفرۆشێ، و تاوانی ئابلۆقه و مردنی منداڵی هه‌ژار بخاته ئه‌ستۆی زلهێزه ده‌ره‌كيه‌كان. بۆيه‌ش ئه‌وجاره‌يان كه‌س پێشنيازی ئابلۆقه‌ی گشتی (وه‌ك هی سه‌ر عيراق) له‌سه‌ر ئێران ناكات. له جياتيان، ڕه‌نگه داوای ئابلۆقه‌ی زيره‌ك بكه‌ن، واته ته‌نيا بۆ ڕێگرتن له هاتوچۆی مه‌سئوله‌كان و بازرگانی شتومه‌كی عه‌سكه‌ری و كه‌لوپه‌لی هه‌ستيار. به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێت شێوه‌ی ئابلۆقه‌كه، ئه‌وا نابێته هۆی ئه‌وه‌ی كه ڕژێمی ئێران ناچار بكات كه واز له پرۆگرامی ئه‌تۆمی بهێنێ. ڕژێمی ئێران له‌ڕێگه‌ی نه‌هجی توندڕه‌ويی سياسی و ئاينی و مه‌زهه‌بیدا خۆی له حوكمڕانيدا چه‌سپاندوه، و پشت ئه‌ستووريشه به هه‌ژار و ده‌روێشی ڕه‌ش و ڕووتی خۆفيداكه‌ر.
به‌و جۆره، ڕه‌نگه له‌ڕێگه‌ی ئابلۆقه‌وه، ده (١٠) وه‌يان ده‌يان، ساڵی پێ بوێت هه‌تا ڕژێمی ئێران دێته قه‌ناعه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی واز له به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی بهێنێ. ئه‌و جۆره كاته درێژه‌ش بۆ ئه‌مريكا و ئيسرائيلێكی بێ سه‌بر ده‌ست نادات. سه‌رۆك بوش كاتی ئه‌وه‌ی نيه كه كه‌مپه‌ينی عه‌سكه‌ری و سياسی و ئيعلامی له دژی ئێران‌دا كزبكاته‌وه. به‌ڵكو ده‌بێ ئه‌وانه به‌رده‌وام بكات تاكو له‌لايه‌كه‌وه ئێران بتۆقێنێ و له‌لايه‌كی تريشه‌وه نيشانی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی بدات كه به‌ڕاستيه‌تی. خۆ ئه‌گه‌ر كاريش له كار ترازا، ئه‌وا سه‌رۆك بوش و ئيسرائيل ئاماده‌ن كه بيسه‌لمێنن كه‌وا مه‌به‌ستيان بلۆف كردن نيه.
ئابلۆقه‌و ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد
قيتاری ئه‌تۆميی سه‌رۆك ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد "بێ ئيستۆپ و بێ گێڕی دواوه‌يه". له‌زووه‌وه نه‌ژاد بڕياری دابوو كه له‌جياتی نيشاندانی نه‌رمی ديپلۆماسی، به هێرش كردن به‌رگری له ووڵاته‌كه‌ی بكات. كه‌وته هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه، وه‌ك بڵێی به بێ منه‌ت بوو له مه‌ترسیه‌كان. پێشی وابوو ئه‌مريكا جيددی نيه و ئه‌گه‌ڕ ويستيشی ئه‌وا بۆی ناكرێ له ئێران بدات. ته‌نانه‌ت داواكاری نه‌ته‌وه يه‌كگرتوه‌كانيشی بۆ ڕاگرتنی به‌رهه‌مهێنانی سووته‌مه‌نی ئه‌تۆمی پشت گوێ خست. به‌ڵام له‌وه‌ته‌ی پاپۆڕی فرۆكه هه‌ڵگری ده‌ريای ناوه‌ڕاست كه‌وتۆته ڕێگه به‌ره‌و فليتی (ئوستولی) پينجه‌م له كه‌نداوی فارسی، ڕژێمی ئێران كه‌وتۆته مه‌ترسيه‌وه و نه‌ژاد كه‌وتۆته ژێر فشاری سياسی ناوه‌كيه‌وه. ئايه‌توڵڵا ڕه‌فسه‌نجانی ڕه‌خنه‌ی له نه‌ژاد گرتوه و داوای له مه‌لاكانی قوم كردوه كه مه‌سه‌له‌ی لێدانی ئێران به جيددی وه‌ربگرن و به كه‌می نه‌زانن، چونكه به‌وه "ئێران و ئيسلام" ده‌كه‌ونه خه‌ته‌ر. هه‌لبه‌ت ده‌سه‌ڵاتی مه‌زن له‌ده‌ستی مورشيدی مه‌زن ئايه‌توڵڵا خامنه‌ئیه. ئه‌ويش له ڕووكه‌شدا پشتی نه‌ژادی گرتوه و له دژی ئه‌مريكا ده‌دوێ، به‌ڵام له ژێره‌وه ترسی لێ نيشتوه. شايانی باسيشه، كه خامنه‌ئی نه‌خۆشه‌و به‌ره‌و مردنه، وه ڕه‌فسه‌نجانی و هاوه‌ڵه‌كانی خه‌ريكی دۆزينه‌وه‌ی مورشيدی به‌ديلن. هاوكات، ڕه‌فسه‌نجانی كه‌مپه‌ينی كردوه بۆ ئه‌وه‌ی كه كۆمه‌ڵگای قه‌به ئايه‌توڵڵاكانی (قووم) يه‌ك بگرن له‌به‌رامبه‌ر سه‌رۆك نه‌ژاد، و داوای نه‌رمی و مۆده‌ره‌تيزمی لێ بكه‌ن. نه‌ژاديش، به ڕاست يان به قه‌ست، ده‌ری خستوه كه‌وا ئاماده‌ی گفتوگۆيه، به‌ڵام جێگه‌ی گومانه ئايا ئه‌و سه‌رۆكه توندوتيژه ده‌توانێ فێری ئه‌وه ببێ كه زمانی نه‌رمی ديپلۆماسی له‌گه‌ڵ "شه‌يتانی گه‌وره" به‌كار بهێنێ و ڕووی قيتاره‌كه‌ی وه‌رگيڕی.
ئه‌گه‌ر له‌و چه‌ند مانگه‌ی داهاتوودا، نه‌ژاد ڕازی بوو به‌وه‌ی كه ته‌سليم ببێ و ده‌رگای نهێنی بنكه ئه‌تۆميه‌كانی بخاته سه‌ر پشت و هاوكاری ئه‌مريكا و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی بكات بۆ خاتری ئارام كردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه، ئه‌وا ديسان ئه‌نجامه‌كه‌ی به دڵی ئێران نابێ. له‌و حاڵه‌ته‌دا ئه‌مريكا و ئيسرائيل و ووڵاته‌كانی تر به‌وه وازناهێنن و پێی دڵنيا نابنه‌وه. به‌ڵكو فه‌رزی ده‌كه‌ن كه ئێران هه‌موو بنكه ئه‌تۆميه‌كان و كارگه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی ساروخی درێژڕۆی (شه‌هاب) و چه‌كی كۆمه‌ڵكوژی (كيمياوی) ته‌سليم به پسپۆڕی نه‌ته‌وه يه‌كگرتوه‌كان بكاته‌وه و ئه‌وانيش بيانته‌قێننه‌وه، هه‌روه‌ك هی عيراق. واته ژێر خانی چه‌كی هێرشی و به‌رگری ئێرانی له بنه‌ڕ‌ه‌ته‌وه هه‌ڵته‌كێنن. هه‌روه‌ها كاميرای چاودێری به‌رده‌وام له سه‌ر بنكه مه‌ده‌نيه‌كانی ووزه‌ی ئه‌تۆمی (وه‌ك بوشه‌هر)يش دابنێن. ئه‌مريكا ئه‌و فرسه‌ته‌ش ده‌قۆزێته‌وه و فه‌رزی ده‌كات كه ئێران ده‌ست له عيراق و لوبنان و فه‌له‌ستين بكشێنێته‌وه، واته له‌مه‌ودوا (وه‌ك ليبيا) ببێته ماستی مه‌يی، و دژايه‌تی ئه‌مريكا و ئيسرائيل نه‌كات.
هه‌لبه‌ت ئه‌و موساوه‌مه‌يه دووره له بير كردنه‌وه‌ی ئێرانی، و ئيهانه‌يه‌كی كوشنده‌يه بۆ ڕژێمێكی توندڕه‌وی وا كه له‌مه‌ودای ٢٨ ساڵدا ئاڵای دژ به ئيمپرياليزم و زايۆنيزمی هه‌ڵگرتوه و خۆی به پارێزه‌ری ئيسلام و كۆمه‌ڵگای شيعه‌ی دونيا ده‌زانێ. بۆيه‌ش، ئه‌ڵته‌رناتيڤی ئابلۆقه ناواقيعيه و له لايه‌ن هه‌ردو ته‌ره‌فی شه‌ڕ(ئه‌مريكا و ئيسرائيل و ئيرانيش) هه‌ر ره‌فز ده‌كرێ.
كورد ده‌بێ بێ لايه‌ن بێ
هه‌ڵبه‌ت لێدانی ئێران له‌مه‌ودای دووردا به قازانجی كورد و ته‌واوی ووڵاته دراوسێكانی ئێران ده‌خولێته‌وه. بۆ كه‌س باش نيه ڕژێمێكی توندڕه‌وی ئيسلامی ببێته خاوه‌نی چه‌كی ئه‌تۆمی. به‌ڵام له مه‌ودای نزيكدا ئه‌گه‌ر كورد به ئاشكرا هاوكاری ئه‌مريكا و ئيسرائيل بكات بۆ لێدانی ئيران، ئه‌وا زه‌ره‌ری مه‌زنی لێ ده‌كه‌وێ. تا ئێستا كوردستان نه‌گه‌يشتۆته ئه‌وه‌ی بتوانێ به‌ری لێشاوی دڕندانه‌ی ده‌وڵه‌ته دراوسێكان بگرێ.
له نووسراوی پێشترمدا (١) مه‌ترسيه‌كان و ئه‌گه‌ره‌كانی پيلان و تێوه‌گڵانی توركيا و ئيسرائيل و ناوچه‌كه‌م شێ كرده‌وه. ئيشاره‌تم به‌وه دا كه‌وا كورد له‌و ياريه‌دا ياريكه‌ريكی كاريگه‌ر نيه، وه به هه‌ركام لاشدا هه‌ڵوێستی دژوار ده‌رببڕێ، ڕه‌نگه زه‌ره‌ر بكات. كورد حه‌ليفی ئه‌مريكايه، به‌ڵام ئه‌مريكا بۆ خاتری به‌رژه‌وه‌ندی هه‌نووكه‌يی كورد له ئێران نادات. خۆ ڕه‌نگه ئه‌مريكا و ئيسرائيليش داوای هاوكاری له كورد نه‌كه‌ن، چونكه پێويستيان به هاوكاری ڕاسته‌وخۆی كوردی نيه. هاوكاری ناڕاسته‌وخۆيان ڕه‌نگه پێويست بێ به‌ڵام كورد ده‌توانێ لێيان بێ به‌ری بێ. بۆ نمونه، ئه‌گه‌ر ئه‌مريكا ويستی ئاسمانی كوردستان به‌كار بهێنێ بۆ لێدانی ئێران، ئه‌وا پێويستی به روخسه‌تی كورد نيه و ته‌واوی ئاسمانی عيراق مولكی خۆيه‌تی. ته‌نانه‌ت ئيسرائيليش ڕه‌نگه پێويستی به ئاسمانی كوردستان نه‌بێ بۆ تێپه‌ڕ بوون، چونكه ده‌توانێ به ئاسمانی توركيا، و ئوردون و خوارووی عيراقدا تێ بپه‌ڕێ.
لايه‌نێكی تری هاوكاری كوردی ڕه‌نگه له ڕووی زانياريه‌وه بێ، كه‌وا ئه‌مريكا و ئيسرائيل له‌ڕێگه‌ی كوردی عيراق و ئيران زانياری زيندوو له سه‌ر ئێران كۆ بكه‌نه‌وه. به‌ڵام ئه‌و جۆره به‌كارهێنانه ناڕاسته‌وخۆيانه‌ی كوردستان نابێته هۆی تێوه‌گڵانی كورد له شه‌ڕی نێوده‌وڵه‌تی هه‌مه‌لايه‌نه. له‌بيرمان نه‌چێ، ئيتيلاعاتی ئێرانی، هه‌روه‌ك هی ئه‌مريكی، له گۆڕه‌پانی سه‌رتاسه‌ری عيراقدا ساحێب ماڵه‌و ته‌واو ئاگاداری هه‌ڵسوكه‌وتی سياسه‌تمه‌دارانی كوردستانه. تا ئێستا ئێران ڕێگر نه‌بووه، وه‌يان زۆر دڵگران نه‌بوه له و ئاسته‌ی هاوكاری كورد بۆ ئه‌مريكا. به‌ڵام ئه‌گه‌ڕ كار له‌وه تێپه‌ڕی و لايه‌نه كورديه‌كان ده‌ستيان كرد به دژايه‌تی ئێران وه‌يان يارمه‌تيدانی ڕاسته‌وخۆ بۆ لێدانی، ئه‌وا ئێران حيسابی لايه‌نی شه‌ڕخواز بۆ كورد ده‌كات و ده‌شتوانێ زه‌بری كوشنده له كوردستان بوه‌شێنێ. بۆيه‌ش پێويسته كورد دووره په‌رێز و بێ لايه‌ن بێ و خۆی له‌و شه‌ڕه نه‌كاته خاوه‌ن.
ته‌نيا هاوكاری كه به‌لای ئه‌مريكا و ئيسرائيل گرنگه ئه‌وه‌يه كه ده‌يانه‌وێ توركيا ڕازی بكه‌ن له‌سه‌ر حيسابی كوردی باكور به هاوكاری كوردی باشوور. له‌وه‌شدا ده‌بێ سه‌ركرده‌ی كورد حيكمه‌ت به‌كار بهێنێ. پێويسته سه‌ركرده‌كانی يه‌كێتی و پارتی سه‌ربه‌يه‌كه‌وه بنێن، بۆ داڕژتنی نه‌خشه‌يه‌كی ستراتيژی و به‌رنامه‌يه‌كی هاوبه‌ش بۆ يه‌كخستنی هه‌ڵوێست له‌و بواره‌دا. پێويسته ته‌ركيز بكه‌نه سه‌ر ئه‌وه‌ی كه نه‌يه‌لن توركيا زه‌فه‌ر به كوردی باشور يان باكور ببات، و زه‌ربه‌ی مێژوويی له به‌رژه‌وه‌ندی به‌رزی كورد بدات، چی سه‌باره‌ت به كه‌ركوك و چی سه‌باره‌ت به لێدانی په‌كه‌كه. سه‌ركرده‌كانی كورد مه‌زنترين هه‌ڵه ده‌كه‌ن ئه‌گه‌رله په‌كه‌كه بده‌ن به فيتی توركی، به‌بێ ئه‌وه‌ی له ژێره‌وه ئه‌ندامه‌كانيان بپارێزن. مه‌زنترين هه‌ڵه‌ی مێژويی ده‌كه‌ن سه‌باره‌ت به كه‌ركوك ئه‌گه‌ر پياده‌كردنی مادده‌ی ١٤٠ی ده‌ستوور بۆ خاتری ڕازی كردنی توركيا دوابخه‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ی گه‌رنه‌نتی نووسراوه‌ی ئه‌مريكی و توركی و عيراقی وه‌ربگرن. كورد ده‌توانێ مادده‌ی ١٤٠ دوابخات به‌رامبه‌ر به‌وه‌ی كه كه‌ركوك به مسۆگه‌ری و به‌بێ ريفه‌راندۆم بخرێته‌وه باوه‌شی هه‌رێم، له ئاينده‌يه‌كی نزيكی دياريكراودا. خۆ دياره كه له زروفی ئيمرۆدا، ئه‌مريكا زياتر پێويستی به كورده، وه ئه‌گه‌رده‌يه‌وێ توركيا ڕازی بكات، ئه‌وا بۆی ده‌كرێ ناوبژيه‌كی جيددی بكات بۆ بۆ چاره‌سه‌ری گيروگرفته‌كان به پێی به‌رنامه‌يه‌كی سياسی درێژخايه‌ن.
دوا په‌يام
پێويسته كه سه‌ركرده‌كانی كورد ئيستيغلالی لاوازی ئێران و سوريا و عه‌ره‌بی عيراقی بكه‌ن بۆ خاتری پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی ستراتيژی كورد، به بێ ئه‌وه‌ی ببنه لايه‌ن له هيچ شه‌رێكی ناوچه‌كه. له ووتاری پێشوومدا (١) به درێژی پێشنيازی خۆمم خسته ڕوو سه‌باره‌ت به ميكانيزم و چۆنێتی ئه‌نجامدانی ئه‌وكاره. بۆ نموونه، ده‌كرێ كورد لاوازی موقته‌دای سه‌در و ئێران بقۆزيته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی عه‌ره‌بی شيعه‌ی هاورده‌ی كه‌ركوك بنێريته‌وه، به‌رامبه‌ر به كارئاسانی سياسی له به‌غدا و له شانۆی ده‌ره‌وه. ده‌توانێ مه‌مه‌ڕێكی بازرگانی زيندوو له‌گه‌ڵ سوريا دروست بكات كه بيكاته بۆڕيه‌كی تازه‌ی هه‌ناسه بۆ كوردی باشوور، و به‌هۆيه‌وه گرنگی ستراتيژی توركی بۆ كوردستان كه‌م بكاته‌وه. ئه‌گه‌ر توركيا هه‌ست به‌و پلانه بكات، زۆر به جيددی وه‌ری ده‌گرێت و له‌وانه‌يه به ته‌واوی سياسه‌تی كۆنی دابچێته‌وه. خۆ باقی عيراق بۆ توركيا بێ خێر بووه، و كوردستانيش له گه‌شه‌كردندايه. بۆيه‌ش له‌وانه‌يه سياسه‌تمه‌داران و بيزنيزمانه‌كانی توركی لۆبی بۆ كورد بكه‌ن بێ ئه‌وه‌ی كورد داوايان لێ بكات.
هه‌لبه‌ت مه‌سئوليه‌تی به‌دواداچوون و ئه‌نجامدانی ئه‌و پرۆسه‌يه، و بيركردنه‌وه له هه‌موو ئه‌گه‌ره مه‌ترسيداره‌كان، وه بڕياردان له‌سه‌ر كاره چاره‌نوس سازه‌كان له ئه‌ستۆی سه‌ركردايه‌تی حيزبه سه‌ره‌كيه‌كان و سه‌رۆكايه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆكايه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زيراندايه. به‌ڵام ئه‌ركی حكومه‌تی كوردستانه كه موئه‌سسه‌سه‌يه‌ك، يان چه‌ندين موئه‌سسه‌سه‌ی بيركه‌ره‌وه (Think-tank) ی بێلايه‌ن بێنيته كايه‌وه تاوه‌كو چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌نديه‌كانی كوردستان، و ڕێڕه‌وی سياسی گشتی سه‌ركرده‌كان، و فرسه‌ته جيهانيه‌كان، و مه‌ترسيه چاره‌نوسيه‌كان پێناسه بكات و ڕێنمايی بۆ بڕيارده‌ران بكات. تا ئێستا ئه‌و كاره بۆ ئالقه‌ی ته‌سكی ده‌وروبه‌ری سه‌رۆكی حيزبه سه‌ره‌كيه‌كان، وه‌يان مه‌كته‌بی سياسیه‌كان، وه‌يان بۆ ڕاوێژكارانی سه‌رۆكه‌كان به جێ هێڵدراوه. به‌ڵام له‌ڕاستيدا ئه‌وه پيشه‌ی ئه‌وانه نيه. موئه‌سسه‌سه‌ی بيركردنه‌وه بريتيه له ده‌زگايه‌كی ئه‌كاديمی ناحيزبی كه به شێوه‌يه‌كی سيسته‌ماتيك و به‌رده‌وام و به فولتايم خه‌ريكی لێكۆڵينه‌وه‌يه له چه‌ندينبواری ستراتيژی ووڵات، وه پێشنيازه‌كانی به ڕاسته‌وخۆيی ده‌خاته به‌رده‌م سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم. هيچ ده‌وڵه‌تێكی ديموكراسی پێشكه‌وتنخواز به‌بێی ئه‌وجۆره موئه‌سسه‌سه‌ی بيركردنه‌وه، ڕوانگه‌و ڕێڕه‌وی ڕه‌وشه‌ن نيه، و دواڕۆژی له‌ده‌ست خۆی نيه.
سه‌رچاوه‌كان:
١- هاووڵاتی: ژماره ۳١٢ ی ٧/٢/٢٠٠٧ لاپه‌ڕه ١٤.
٢- كورديشميديا www.kurdmedia.com ی ڕۆژی ١۳/٢/٢٠٠٧