ئەمریكا و ئێران و شەبەحی شەڕ

دلاوەر عەلائەدین

رووداو 20-05-2019

تەنگهەڵچنین بە ئێران لەلایەن ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپەوە سەرسوڕهێنەرە، بەڵام پێشبینیكراویش بوو. پارساڵ ئەمەریكا لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران كشایەوە و بەرنامەی ئابلۆقەدانی سەر ئەو وڵاتەی زیندوو كردەوە. ئێستاش وا گرژییەكی دەستكردی لەناكاوی داهێناوە. پرسیار ئەوەیە: ئایا سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ هەتا كوێ بڕ دەكات، لەونێوەشدا سیاسەتی عێراق و هەرێمی كوردستان چی بێت؟

ترەمپ شەڕخوازە؟

سیاسەت و رەفتارەكانی دۆناڵد ترەمپ هەمیشە جێگەی سەرنجی جیهان بوونە، بەڵام لە كۆتاییدا دەركەوتووە كە ترەمپ كورتبینانە وەك بزنسمانێكی پارەپەرست بیر لە بەرژەوەندیی وڵاتەكەی دەكاتەوە. نایشارێتەوە كە خوازیاری پارەیە نەك شەڕ، شەڕەكانیشی زیاتر بۆ داهاتە نەك بەها. ئەوەتا بە ئاشكرا كەوتووەتە دۆشینی دۆستە عەرەبەكانی بەبێ ئەوەی سوپاسگوزار بێ یان گوێ بداتە سەقامگیركردنی ناوچەكە و بڵاوكردنەوەی بەها دیموكراتییەكان.

دەكرێ لە چاوی سەرۆك ترەمپەوە سەیری نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكرێ، كە لە چەندین وڵاتی دەوڵەمەندی وەك ئێران و عێراق و سوریادا بازاڕی ئەمەریكا لاواز بووە و بەهۆی هەژموونی ئێرانەوە دەرفەتی بزنسی گەورە بۆ كۆمپانیا ئەمەریكییەكان بوونەتە دەگمەن. خۆ كە دەرفەتی بزنسی گەورە تێیاندا هاتنە كایەوە، زۆربەی دۆلارەكان – كۆنتراكتە گەورەكان - روویان لە چین و رووسیا و ئەوروپا كردووە. ئەوەش لە كاتێكدایە كە تەنیا لە عێراقدا ئەمەریكا زیاتر لە تریلیۆنێك دۆلاری لە رووخانی سەددام خەرج كرد و دواتر بە زیان لێی دەرچوو. لەوانەش زیاتر، كە باراك ئۆباما و ئەوروپیەكان رێککەوتننامەی ئەتۆمییان لەگەڵ ئێران واژۆ كرد، لە دوو لاوە گورز بە بزنسی ئەمەریكی كەوت. یەكەمیان، لە جیاتی ئەوەی رێککەوتننامەكە بە كێشە ئەمنییەكان و سنوورداركردنی نفوزی عەسكەریی ئێرانەوە ببەستنەوە، كەچی بە پێچەوانەوە ئێرانیان دەوڵەمەندتر كرد كە بتوانێ زیاتریش پەرە بە هەژموونی لە ناوچەكە بدات. دووەمیان، لە دوای هەڵگرتنی ئابلۆقەكە، هیچ كۆمپانیایەكی ئەمەریكی سوودی لە دەرفەتە بازرگانی و ئابوورییەكانی ناو ئێران وەرنەگرتووە و وەرناگرێ.

ئیتر ئامانجی سەرەكی سەرۆك ترەمپ هەڵگیرسانی شەڕ نییە و پێشتریش خوازیاری شەڕی دژی ئێران نەبووە، چونكە دەزانێ پرۆسەی شەڕ گرانبەهایە و بۆ ئابووریی وڵاتەكەی خراپە، هاوكات بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆك، گرەو لەسەر شەڕ ناكرێ، چونكە دەنگدەرانی ئەمەریكی دەنگ بۆ ئابووریی بەهێز دەدەن نەك بردنەوەی شەڕ. جۆرج بوشی باوك شەڕێكی گەورەی لە ساڵی 1991 لە عێراق بردەوە، كەچی بەهۆی شڵەقانی ئابووریی وڵاتەكەی، لە هەڵبژاردندا دۆڕاندی.

ئیمڕۆ ترەمپ دەتوانێ دەستپێشخەری لە شەڕێكی گەورەدا بكات، بەڵام مسۆگەر نییە كە كۆتاییهێنان بە شەڕەکە لەسەر دەستی ئەو دەبێ. ئەوەش بێجگە لەو راستیەی كە تەواوی ئیدارەی ئەمەریكی و كۆنگرێس و دۆستە هاوپەیمانەكانی ئەمەریكا (بە ئیسرائیلیشەوە) شەڕ بە بژارەیەكی باش نازانن. بۆیە، بەپێی لۆژیك، جارێ دۆناڵد ترەمپ كرژییەكان تەنیا بۆ كاری پۆپۆلیستی هەڵبژاردن و ملكەچكردنی ئێران بەكاردێنێ، بەڵگەش ئەوەیە كە جووڵە سەربازییەكانی تا ئێستا لە كاری سیمبۆلی یان بەرگریكردن تێنەپەڕیون. تەنانەت كاردانەوەیەكی ئەوتۆی بۆ تەشقەڵە ئێرانییەكانیش نەبووە و هۆشداری داوەتە راوێژكارە نزیكەكانی (وەك جۆن بۆڵتن) كە بە زیادەوە پاڵی پێوە نەنێن و كرژییەكان بەرەو هەڵگیرسانی شەڕ نەبەن.

بەوانەدا دیارە كە ترەمپ مەبەستی شەڕ نییە، مەگەر فیشەكە شێتەیەك - كە بە پلان یان بێ پلان - فتیلەكە داگیرسێنێ، لەو حاڵەتەشدا رەنگە ئەمەریكا كاردانەوەیەكی سنوورداری هەبێ. نیەتی ترەمپ زیاتر لەوە دەچێ ئێران پەلكێش بكات بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و رێککەوتننامەیەكی نوێی لەگەڵدا واژوو بكات. تەنانەت ژمارە تەلەفۆنێكیشی داوەتە سویسرییەكان و سەرۆكی سویسرا (ئوێلی مۆرەر) بۆ ئەوەی ئێرانییەكان بتوانن راستەوخۆ پەیوەندی بە كۆشكی سپییەوە بكەن.

هەڵبەتە، ئەو تاكتیكە كە لەگەڵ كۆریای باكوور سەری گرت، لەگەڵ ئێران زەحمەتە سەر بگرێ، ئەگەرچی، سەرباری گوتە ئاگرینەكانیان، سیاسەتمەدارانی ئێرانی خەڵكی پراگماتیكن و لە هونەری سیاسەت و دینامیەتی هێزدا لێزانن. ئاشكراشە كە ئێرانییەكان لە بەرژەوەندی خۆیان نابینن، بۆیە بەدوور نازانرێ كە هەرخۆیان دەستپێشخەر بن بۆ گفتوگۆ، لەوەشدا زۆر هونەرمەندن. لە گفتوگۆكانی پێشوویاندا ئێرانیەكان سەلماندوویانە كە زیرەكن، زەحمەتن، چیڕەدرێژن و لە كۆتاییدا بە دەستكەوتی نوێوە لێی دەردەچن. كۆشكی سپی ئەوە دەزانێ بەڵام بەو هیوایەیە لەونێوەدا رژێمی ئێران هەر لەژێر فشاری ئابووریدا لاواز ببێ و دواتر لە كۆتاییدا دوورنییە بتەپێ.

كاردانەوەی ئێران

خەمی گەورەی ئێرانیەكان زیاتر پەیوەستە بە پاراستنی رژێمەكەیان كە لە مەودای كورتدا توانای خۆڕاگرتنی لە بەرامبەر ئابڵوقەی ئابووری هەیە، بەڵام لەوە ناچێ توانای خۆڕاگرتنی بەرامبەر هێرشی زلهێز هەبێ. لە مەودای درێژیشدا ترسیان لەوەیە ئەگەر ئەو ئابلۆقە توندەی ئێستا بەردەوام بێ، ئەوا رژێمەكەیان بكەوێتە بەر هەڕەشەی شلەقانی ناوەكی و هەڵگەڕانەوەی خەڵك و بگرە رووخانیشی. بۆیە ئێران لە حاڵەتی ئامادەباشیدایە بۆ هەر ئەگەرێك لە ئەگەرەكان. سەرۆك كۆمار سەرپەرشتی خانەی قەیران دەكات و كە تێیدا دیراسەتی كاریگەریە عەسكەری و ئابووریەكان و داڕشتنی سیاسەتی گشتی بۆ هەڵمەتی دیپلۆماتی و ئامادەباشییەكان دەكرێ.

هەندێك لە سەركردەكانی ئێران بەلایانەوە باشترە هەر خۆیان دەستپێشخەری شەڕ بن و چاوەڕێی قەدەر نەكەن. جا هەر ئەو لایەنە لەدەستیان دێت فتیلی یەكەم بخەنە ناو بارووتەوە. خۆ دەزانن كە ئەمەریكا و ئیسرائیل توانای وەشاندنی گورزی كەمەرشكێنیان هەیە، بەڵام ئێرانیش تواناكانی خۆی بۆ بەرگری و دەستڕۆیشتن نیشانداوە، كە لە شەڕی مان و نەماندا دوودڵیی لە بەكارهێنانی ئامرازەكانی بەردەستی ناكات. تەنانەت، ئێران وای دەردەبڕێ كە تەنیا لە رێگەی مووشەكی مەودای نزیك و مامناوەندییەوە دەتوانێ بە قەدەر كاریگەریی چەندین بۆمبی ئەتۆمی هێرش بباتە سەر ئیسرائیل و وڵاتە عەرەبیە نەیارەكان.

دیارە كە هەڵگرانی ئەو بۆچوونەی سەرەوە لە ئێران كەمینەن و زۆرینەیان دەیانەوێ لە شەڕ بەدوور بن. سەرباری هەندێ گوتاری ئاگرین، دیارە سیاسەتی گشتیی ئێران ئەوەیە كە پاساوی شەڕ داگیرسان بەدەستەوە نەدەن. بۆیان باشترە كە جارێ هەتا هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا رایكێشن، بەو هیوایەی كە ئیدارەی سەرۆك ترەمپ لەبنەڕەتەوە دەگۆڕێ. خۆ ئەگەر نەشگۆڕا، ئەوا لەوانەیە سیاسەتی خودی ئەو ئیدارەیە گۆڕانكاری بەسەردا بێت.

ئێران رایگەیاندووە كە تەنیا دوو مانگ چاوەڕێ دەكات و ئەگەر ئەمەریكا سیاسەتەكەی نەگۆڕی ئەوا ئەویش كۆتایی بە رێککەوتننامەكە دەهێنێ. هەڵبەتە ئەوە مانای بێباكی دەگەیەنێ و ئەگەری شەڕ زیاتر دەكات، بەڵام لە راستیدا لەوە ناچێ ئێران ئەو هەڕەشەیە بباتە سەر، چونكە دەزانێ ئەو كات دۆستە نێودەوڵەتیەكانی لە دەست دەدات و دواتر ئیسرائیل و سعودیە و ئیمارات و وڵاتانی دیكەی ناوچەكەش پشتئەستوورتر دەبن.

بۆیە تا ئێستا ئێرانیەكان دانیان بەخۆیان و هاوپەیمانە وەكیلەكانیان لە وڵاتانی دراوسێدا گرتووە و خۆیان تا رادەیەك لە ورووژاندن و بەرەنگاری عەسكەریی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریكا و ئیسرائیل پاراستووە. رێگا دیپلۆماسیەكانیان گرتووەتە بەر بۆ دروستكردنی فشار لەسەر ئەمەریكا لە رێگەی ئەوروپا و رووسیا و چین و توركیا و عێراق و وڵاتانی دیكە. ئەوەش جگە لە هەوڵی بێوچان بۆ زیادكردنی داهات و هاتوچۆی بازرگانیی نێوان ئێران و وڵاتانی دراوسێ، هەوڵدان بۆ پشتبەخۆبەستن لە سێكتەری ئابووری جیاوازدا. تەنانەت ئێران پشتبەستنی بە نەوت تا رادەی 37٪ كەم كردووەتەوە.

نیەتی ئیسرائیل

ئیسرائیل دەمێك بوو، بە تایبەتی لە سەردەمی جۆرج بووشی كوڕ، لۆبی بۆ لێدانی ئێران دەكرد و دواتر زۆر لە دژی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی سەردەمی ئۆباما بوو، ئەوەش نەك تەنیا لەترسی بۆمبی ئەتۆمیی ئێرانی، بەڵكو لەبەر تەشەنەكردنی هێز و هەژموونی ئێرانی لە دەوروبەری. ئیمڕۆ توانای سەربازی (مرۆیی و چەكداری)ی هاوپەیمانە وەكیلەكانی ئێران تا ئەندازەی پەكخستنی ئیسرائیل زیاد بوونه. مووشەكە ئێرانییەكان لە كەلێنە تاریكەكانی ئەو وڵاتانەدا دڵنیایی نابەخشن. بەڵام لە راستیدا لەوە ناچێ ئیسرائیل بیەوێ تووشی شەڕی ئێران ببێ، یان ئەمەریكا تووشی ئەو جۆرە شەڕە بكات، بەڵكو زیاتر مەبەستیەتی رەفتار و سیاسەتی ئێرانی لەناوچەكە بگۆڕێ و وازی پێ لە بەرنامەی ئەتۆمی بهێنێ.

دیارە ئیسرائیل متمانەی بە هێز و توانا موخابەراتیەكانی خۆی هەیە تا لە بەرامبەر ئێراندا شەڕ نەدۆڕێنێ، ئەگەرچی مەرج نییە هەموو ئامانجەكانی پێ بێتە دی. لە مەودای كورتیشدا لە بارودۆخەكە رازیە، بەڵام ترسی لە ئایندەی دوور هەیە. دەشزانێ كە شەڕ بێسوودە چونكە ئەگەر ئیمڕۆ بنكە ئەتۆمیەكانی ئێران بە بۆمبابارانیش هەڵتەكێنرێن، ئەوا بەرنامەی بۆمبی ئەتۆمی تەنیا چەند ساڵێكی كورت دوادەكەوێ و ئێران سەرلەنوێ دەستپێدەكاتەوە. ئیتر لە رۆژگاری ئیمڕۆدا، لەوە ناچێ ئیسرائیل شەڕی بوێ و لۆبیەكەی زیاتر بۆ تەنگهەڵچنین بووە بە ئێران.

عێراق و هەرێمی کوردستان

پێگەی عێراق و هەرێمی كوردستان، وەك شانۆیەكی ستراتیژی بۆ ململانێ ئیقلیمی و جیهانیەكان، زۆر گرنگ و هەستیارە و دەكرێ حكومەتەكانی بەغدا و هەولێر پەیڕەوی هەمان پۆڵەسی بكەن لەسەر بنەمای هەمان پرینسیپ.

ئەمەریكا و ئێران دەمێكە لە هەموو ئاستێكی بڕیاردا تۆڕی هاوپەیمانێتییان لەگەڵ هێزە لۆكالیەكانی عێراق بەربڵاو كردووە و لەچوارچێوەی بەرژەوەندی وڵاتەكانیانەوە هەوڵی بەكارهێنانیان داوە. لەولاوە، ئێرانییەكان خەریكی پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانین لەگەڵ عێراق، بە تایبەتی لە بواری نەوت. لە بەرژەوەندیی ئەواندایە كە حكومەتی عێراق رازی بكەن بەوەی هەناردەی نەوت كەم بكاتەوە و ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و تێكدانی پلانەكانی ئەمەریكا، دواتر ببێتە هۆی كۆتاییهێنان بە ئابلۆقەكەی سەر ئێران. بە دیوەكەی دیكەشدا، ئەمەریكییەكان فشارێكی زۆریان خستووەتە سەر عێراقیەكان تا فێڵیان لێ نەكەن و ئابلۆقەكەی سەر ئێران نەشكێنن. بێگومان ئەمەریكا دەزانێ كە عێراق زۆر لاوازە و لە ژێر زێدە فشاردا سەقامگیریەكەی لەدەست دەدات و بەوەش هەر ئێران سوودمەند دەبێ. بۆیە، ئەمەریكا تا رادەیەك ئامادەیە فشارەكانی بۆ سەر عێراق سنووردار بكات.

لە عێراقدا، هیزە لۆكاڵیەكان چەندین بەش و لایەنن. هەیانە هەڵگیرسانی شەڕ بە دەرفەت دەزانن بۆ گۆڕینی هاوكێشەكان و رزگاربوون لە هەژموونی ئێران بەسەر عێراقدا، كە تا ئێستا رۆڵێكی دروستكەرانەی لە سەقامگیركردنی ئەمنی و گەشەپێدانی ئابووری و سیاسی و دیموكراسی وڵاتەكەدا نەبینیوە. بێگومان ئەوانە بە گەشبینیەكی زێدەوە، بگرە بە رەش و سپی، دەڕواننە ئەو ململانێیەی نێوان ئێران و ئەمەریكا و وای دادەنێن كە شەڕی ئەمەریكا دەبێتە شەڕی رووخانی رژێم، یان داهێنانی نیزامێكی نوێ لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەو بۆچوونەش زۆر دوورە لە واقیع و لە بیركردنەوەی ئەمەریكی و ئێرانی و ئیسرائیلی.

هێزی دیكەش هەن لە عێراق كە هاوپەیمانی ئێرانن و دواڕۆژی خۆیان لەگەڵیدا گرێداوە و دوورنییە لە كاتی شەڕی چارەنووسسازدا هاوكاریشی بكەن. هەندێكی دیكەش نیگەرانن لە سیاسەتی ئەمەریكا لە عێراق، كە هێشتا روون نییە و ئەوانی پێشتریش بەردەوامێتیان نەبووە. خۆ لەوە ناچێ ئیدارەی ئێستا ئەولەویەتی دابێتە دیموكراسیەت و سەقامگیركردن، بەڵكو زیاتر لە چوارچێوەی دژایەتیی ئێراندا مامەڵەی لەگەڵ هێزە عێراقیەكان كردووە و زیاتر زمانی هەڕەشەكردن بە پەیامەكانیەوە زاڵە، كە ئەوەش زۆر جیاوازە لە سیاسەتی ئیدارەكانی پێشوو.

ئیمڕۆ چاوی جیهان لەسەر عێراقیەكانە بۆ هەر جموجۆڵێكی لایەنگیرانە لەنێو هێزە ئیقلیمی و جیهانییەكاندا. خۆ لە كەشی سیاسی و ئامرازەكانی زانیاری، هیچ شتێك نەماوە لە عێراقدا كە لە ئەمەریكا و ئێران بشاردرێتەوە. واتە، بەزاندنی هەر سنوور و خەتێكی سوور لەلایەن ماسیە بچووكەكانەوە بە ئاسانی دەبینرێ و بە ورووژاندن و شەڕ پێفروشتن لەقەڵەم دەدرێ و سزاش بەدوای خۆیدا دێنێ.

بۆیە تاكە پێشنیاز بۆ سەركردە عێراقیەكان و ئەوانی هەرێمی کوردستان بریتییە لە پاراستنی بێلایەنی و دووركەوتنەوە لە شەڕی حوتەكان هەتا كاتی تێپەڕبوونی ئەو گەوارەیە. گرنگە كە رێگە بە هیچ هێزێك نەدرێت راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ هێرش بكاتە سەر بەرژەوەندییە ئەمەریكی یان ئێرانیەكان لە ناوەوەی عێراقدا، یان لە ناو عێراقەوە بەرەو دەرەوە. ئەوكات هیچ هۆكارێك لە ئارادا نابێ كە خاكی هەرێم بكرێتە ئامانج، یان گۆڕەپانی هێرشی تێكدەری هەرلایەکیان.

ئەمریكا و ئێران و شەبەحی شەڕ