دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی: پڕۆسەیە نەك دروشم

دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی: پڕۆسەیە نەك دروشم

دلاوەر عەلائەدین

رووداو 03-07-2014

ماوەیەكە بابەتی راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی لە هەرێمی كوردستاندا ورووژاوە و لە دوای رووداوەكانی حوزەیرانیشەوە گەیشتووەتە ئاستێكی بەرزی عاتیفی. زۆر لە سەركردەكانی هەرێمی كوردستان وای دەنوێنێن كەوا زەمینەساز بووە و بارودۆخی ناوچەكە گونجاوە، خودی هەرێمی كوردستانیش ئێستا ئامادەیە بازە گەورەكە بەرەو بەدەوڵەتبوون بدات. بەڵام لەڕاستیدا، لایەنی كوردی لە غەیری قۆستنەوەی هەلێكی سەربازیی و ئیستیغلالكردنی فەشەلی حكومەتی مالیكی، جۆرە كارێكی دەستپێشخەری ئەوتۆی نەكردووە بۆ ئەوەی لەڕێگەی پڕۆسەیەكی تۆكمەی سیاسی و یاسایی و سەربازی و ئابوورییەوە كاروانی سەربەخۆیی كوردی لەو بارودۆخە دژوارەدا، بە خێرایی و بە سەلامەتی، بگەیەنێتە دوا قۆناخ.

پڕۆسەی دەوڵەتسازی لە هەرێمی كوردستاندا پێویستی بە كاری بێ وچانی دەسەڵاتدار و بڕیاردەران هەیە‌ بۆ ئەوەی جارێ كورد بتوانێ بەسەر بەربەستە مەزنەكاندا زاڵ ببێ. ئەگینا ئەو جۆرە گوڕە پڕ لە عاتیفەیەی ئێستا مەترسی ئەوی لێدەكرێ كە لەو كاتە ناوەختەدا ڕووی هێرش و لوللەی تفەنگی دوژمنان، لە ژێر پاساوی رێگریكردن لە پارچەكردنی عێراق و دروستبوونی دەوڵەتی كوردی، بەرەو هەرێمی كوردستان وەربسووڕێ، و دەستكەوتەكانی ئەو دواییەش لەدەست بچن.

لە ناوەوەی هەرێمی كوردستان

زامنكردنی پشتگیری پێكهاتە جیاكانی كۆمەڵگای هەرێمی كوردستان و پتەوكردنی پردی متمانە لەگەڵیاندا، یەكێكە لە تەحەددا گرنگەكان. ئێستا بەهۆی ململانێی سیاسی و بەردەوامبوونی سیستەمی دوو ئیدارە و قەیرانی ئابوورییەوە، خەڵكی هەرێمی كوردستان لە دڵەڕاوكێدانە و ئاستی متمانەشیان بە دەسەڵاتی سیاسی‌ هێشتا لە نزمی دایە، تاكە هۆكاری لێكنزیكبوونەوەی پێكهاتەكانی كۆمەڵگا و دەسەڵاتی فەرمانڕەوا لەو رۆژگارەدا بریتییە لە سەرهەڵدانی دوژمنی دەرەكی‌. بێگومان رازی كردنی خەڵك لەڕێگەی تۆكمەكردنی سیستەمی فەرمانڕەوایەتی و سەروەركردنی یاسا و داهێنانی عەدالەتی كۆمەڵایەتی كاتێكی زۆر دەخایەنێ. بەڵام خەڵكی هەرێمی كوردستان چاویان لەوەیە دڵنیا بكرێنەوە كە پەیامی سیاسی و هێزی عەسكەری لایەنەكانی ناو هەرێمی كوردستان لە ئاستی قەیرانەكەدایە و سەرجەمیان لەسەر هەمان ستراتیژ كۆك و هەماهەنگن.


خەڵكی هەرێمی كوردستان ترسی گەورەیان لەوەیە كە ململانێی سیاسی نێوان حیزبە دەسەڵاتدارەكان جارێكی دیكە، وەك ساڵی 2003 ببێتە هۆی لەدەستدانی كەركووك و ناوچە رزگاركراوەكان. هەروەها ترسیان هەیە كە بەهۆی دەستێوەردانی هێزە دراوسێكان، شەڕی داعش بەسەر كوردا فەڕزبێ، ئەوجا شەڕی بەغداشی بێتە سەر. شاراوە نییە كەوا دوو زلهێزە ناوچەییەكەی دراوسێمان، بەرژەوەندی دژ بەیەكدیان هەیە و كاریگەری راستەوخۆشیان لەسەر سیاسەتی حیزبەكانی گۆڕەپانی هەرێمی كوردستاندا هەیە. بەڵام بەرپرسیارێتی‌ سەركردەكانی هەرێمی كوردستان لەوەدایە كە رێگە بە فراوانتر بوونی كەلێنەكان و لێكترازانی سیاسی هەرێمی كوردستان نەدەن.


گرنگە كە سەرجەم حیزبەكان و سەركردەكانیان لەبیریان بێ كە لە گۆڕەپاندا بە تەنیا نین و، بڕیارەكانیان كاریگەری لەسەر دۆخی ناوەكی و دەرەكی سەرتاپای هەرێمی كوردستان هەیە.

پێویستە لایەنە كوردییەكان حیسابی ورد بۆ هەڕەشە عەسكەرییەكانی هێزی توندڕەو بكەن، بەڵام حیسابێكی درێژخایەنیش بۆ دراوسێیەتی سوونەی نەتەوەپەرست و توندڕەو بكەن، بە هەموو شێوەیەك هەوڵدەن لەگەڵیاندا دووچاری شەڕی مان و نەمان نەبنەوە. بەپێچەوانەوە، پێویستە هەوڵی نەرم كردن و راكێشانیان بدەن بەوەی كە رووی لولەی تفەنگەكانیان بەرەو هەرێمی كوردستان نەكەن. بۆ ئەو مەبەستەش، رەنگە پێویست بكات كەوا بە تەنسیقەوە لایەنی كوردی‌ لەگەڵ سەرجەم هێزە سوننەكانی گۆڕەپان گفتوگۆ ئەنجام بدات. ئەو كارە ئاسان نییە، بەڵام ئەستەمیش نییە.

پێویستە تەركیز بخرێتە‌ سەر وەدەستهێنانی پشتگیری سەرجەم پێكهاتەكانی كۆمەڵگای كوردستانی، بە كورد و غەیرە كوردەوە، بە تایبەتی لە ناوچە تازە رزگاركراوەكاندا‌.‌ ئەو پشتگیرییە بۆ جێگیركردنی دەسەڵاتی كوردی و ئاسایشی گشتی زۆر گرنگە. بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە شێوازێكی نوێی فەرمانڕەوایەتی دروست نیشانی ئەو خەڵكە بدرێت كە تا ئێستا بەخۆیانەوە نەبینیوە. ئەوەش تەنیا لەڕێگەی سەروەركردنی یاساوە دێتە كایەوە.

سەبارەت بە هێزی بەرگری و ئاسایشەوە‌، پێویستە بە خێراییەوە تۆڕی زانیاری پێویست لە ناوچە رزگاركراوەكان زامین بكرێت و توانای خەڵك بۆ زانیاری بەخشین بە هێزی كوردی بەرز بكرێتەوە. هێزی پێشمەرگەش كێشەی راهێنان و رێكخستن و تەجهیزی هەیە، پێویستە ئەو كەموكوڕیانەی بۆ چارەسەر بكرێت تاوەكو بەرگەی هەڕەشەكان بگرێت. دەكرێت بەشێوازی فەرمی داوا لە ئەمریكا و وڵاتانی دیكە بكرێت كە چەك و تەقەمەنی بدرێتە پێشمەرگە و هەماهەنگی راستەوخۆی لەگەڵ هێزی ئاسمانی ئەمریكی هەبێت تاوەكو بەشدار بن لەهەر شەڕێكی رووبەڕووی پێشمەرگە دەبێتەوە.

لە بەغدا

لە خەڵك و سیاسەتمەدارانی بەغدا شاراوە نییە، كە كورد وا بە خێرایی بواری سەربەخۆبوونی بۆ دەڕەخسێ، بەشێك لە لایەنە عەرەبەكانیش لە قەناعەتەوە دان بە مافی سەربەخۆیی كورد دادەنێن، یان حەز دەكەن كوردیان لە كۆڵ ببێتەوە‌. جا دەكرێ هەوڵ بدرێ كە لە رێگەی بەغداوە و بەڕەزامەندی عەرەبەكانەوە كورد ریفڕاندۆم بكات و لە عێراق جیا ببێتەوە. لەو حاڵەتەدا بەغدا دەبێتە فاكتەری سەرخستنی پڕۆسەكە و عێراق دەبێتە دراوسێیەكی گرنگ كە لە هەموو كاتێكدا كورد پێویستی بە مامەڵەكردن لەگەڵیدا دەبێ.

بەڵام دیارە كە هێشتا بەغدا بۆ ئەو ئەنجامە ئامادە نییە، و ئامادەش نییە كە بە ئاسانی و بێ خوێن رشتنن دەست لە ناوچە تازە رزگاركراوەكان هەڵبگرێ. هاوكات، لەوە ناچێ كەوا هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكانیش بەمزووانە بە دابەشكردنی عێراق رازی ببن و سەرجەمیان كۆكن لەسەر ئەوەی كە دەبێ لە چوارچێوەی پڕۆسەی سیاسی عێراقەوە و لە بەغداوە كێشەكان چارەسەر بكرێن.

واتە، لە‌و حاڵەتەی ئێستا كە عێراق وا لاوازە و كوردیش لەڕووی ورە و هێز و پێگەی سیاسییەوە بە تواناترە‌، پێویستە بە لانیكەمەوە لەڕووكەشدا سەركردەكانی هەرێمی كوردستان بدیترێن كەوا پشتگیری لە پڕۆسەی سیاسی و رەوتی دیموكراسیەت و ئاسوودەكردنی عێراق دەكەن. لەو رێگەیەشە‌وە دەتوانن مەرجەكانی كورد بەسەر حوكمەت و سەرجەم هێزە سیاسیەكانی عێراقدا فەڕز بكەن و دەسەڵاتی كوردی بەسەر ناوچە رزگاركراوەكان بە فەرمی بچەسپێنن، و لە كاتی پێكهێنانی حكومەت و جێبەجێكردنی دەستووردا رۆڵی پێشڕەو ببینن. لە ئایندەیەكی نزیكیشدا داوای هەمواركردنی دەستوور بكەن و سیستەمێكی فەرمانڕەوایەتی نوێیان (بە شێوازێك كە نزیك بێ لە كۆنفیدڕالی) بەسەردا بچەسپێنن، بۆ ئەوەی سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی و سەربەخۆیی ئابووری بۆ كورد زامن بكەن. هاوكات، دەسەڵاتەكانی سەرۆك وەزیرانی عێراق هەتا هەتایە كەم بكەنە‌وە و پۆستی سەرۆكی كۆمار هەمیشە بۆ كورد مسۆگەر بكەن و دەسەڵاتی ڤیتۆی گەورەتری پێ ببەخشن.

بە هەمانشێوەش، كورد دەتوانێ لەڕێگەی بەغداوە زەمینەسازی بۆ ئەنجامدانی ریفڕاندۆمێكی باوەڕپێكراو لە لایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بكات. ئێستا هەر جۆرە ریفڕاندۆمێك كە بە بڕیاری كوردی بكرێ چی جیاوازییەكی لەگەڵ ریفڕاندۆمە خۆماڵییەكەی جاری پێشوو نابێ و چی جۆرە شەرعیەت و ئیعتیرافێكی یاسایی و نێودەوڵەتی دەست ناكەوێ، بەغدا و هیچ وڵاتێكی دەرەكیش پێوەی پابەند نابن.

لەگەڵ ئێران

ئێران یەكێكە لە زلهێزە هەرە گرنگ و كاریگەرەكانی جیهان، كە لە سەرجەم شەڕە بەرپابووەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا رۆڵی بڕیاردەر دەبینێ. لەوەتەی ئەمەریكا رۆڵی پێشڕەوی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدەستداوە، ئێران بووەتە تاكە بڕیاردەر‌ لەسەر سیاسەتی بەغدا. ئێران تاكە زلهێزی دراوسێشە كە لە یەككاتدا دەتوانێ ببێتە سەرچاوەیەكی گرنگی هەڕەشە‌، یان پشتگیریی كردن بۆ هەرێمی كوردستان.

دیارە كە ئێران تەنیا لەڕوانگەی ئاسایشی گشتی خۆیەوە سیاسەتەكانی بەرامبەر بە وڵاتانی ناوچەكە، بە عێراق و سوریا و كوردستانی باشووریشەوە، دادەڕێژێ. بۆ ئێران زەحمەت نییە كە هەرێمی كوردستان بنكۆڵ بكات و بیخاتە ژێر فشارەوە بۆ ئەوەی هاوكاری لەگەڵدا بكات. بەڵام ئەزموونیش نیشانی داوە كەوا سەركردەكانی ئێران زۆر پراگماتین و لە حاڵەتی تەبایی پە‌یامی كوردیدا، مامەڵەیەكی دروست لەگەڵ سەركردە كوردییەكان دەكەن، بەمەرجێ لە دژی ئێران نەبن. بەردەوامكردنی دیالۆگی كوردی لەگەڵ ئێران و هەماهەنگی لە هەر شەڕێكی نەخوازراو لەگەڵ توندڕەوەكان گرنگە، هەروەها ئێران توانای گۆڕینی سیاسیەتی بەغدای هەیە و دەكرێت لەرێگەی پەیوەندیەكانیانەوە بڕیاری دژ بەكوردیش ئەگەر لە بەغداوە دەربچێت بگۆڕدرێت. واتە ئێستا بوونی ئێران وەك دۆستێكی كورد لە هەموو كاتێك گرنگترە و دەبێت كاری بێوچانی بۆ بكرێت.

لەگەڵ توركیا

ئێستا توركیا بە پێچەوانەی ئێرانەوە، لەڕوانگەیەكی لۆژیكی سیاسی و ئابوورییەوە دەڕوانێتە هەرێمی كوردستان. لەڕوانگەی سیاسەتی چارەسەركردنی كێشە كوردییە ناوخۆییە‌‌كانیشیەوە مامەڵە لەگەڵ باشووری كوردستاندا دەكات. بە كرداریش سەلماندوویەتی كەوا ئەو گۆڕانكاریانە‌ لە‌ سیاسەتی وڵاتەكەدا گەیشتووەتە ئاستێكی ستراتیژی وا كە چیدی بەگۆڕینی نەخشەی سیاسی ناوەكی وڵاتەكە ناچێتە دواوە. بەو پێیەش لە كاتی هەڕەشەی عەرەبی توندڕەو یان بەغدا دوور نییە توركیا بەرگری لە هەرێمی كوردستان بكات. لەڕووی ئابووریشەوە هاوكاری لە فرۆشتنی نەوت و دەستكەوتنی دراوەكەی بكات.

بەڵام هێشتا توركیا بڕیارێكی سیاسی لوتكەیی وای لەخۆ نەگرتووە كەوا پێشوازی لە بڕیاری سەربەخۆبوونی باشووری كوردستان بكات. ئەو جۆرە پێشوازییە پێویستی بە زەمینەسازییەكی زۆر زیاتر هەیە لەوەی كە ئێستا كراوە. خۆ بوونی توركیا وەك بەدیلێك بۆ هەناردەكردنی نەوت و سەربەخۆكردنی ئابووری هەرێمی كوردستان گوژمێكی دیكە بە هەرێمی كوردستان دەدات. گرنگە كە سیاسەتی وابەستەكردنی توركیا و لكاندنی بەرژەوەندییەكانی بە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستانەوە بەردەوام بێت.

لۆبیی دەرەكی

دەبێت دڵنیاكردنەوە و زامینكردنی پشتگیریی زلهێزە نێودەوڵەتییەكان، بە تایبەتی ئەندامە هەمیشەییەكانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان، ببێتە‌ یەكێك‌ لە ئەولەوییەتەكان. ئێستا لە غەیری دەوڵەتێكی وەك ئیسرائیل، هیچ دەوڵەتێكی دیكە بە زەقی لۆبی بۆ پارچەكردنی عێراق نەكردووە.

پشتگیری ئیسرائیلیش بۆ سەربەخۆكردنی هەرێمی كوردستان مەوداكەی كورتە، چونكە ئەو وڵاتە تەنیا بەشێوازی هەلپەرستانە و لەڕوانگەی بەرژەوەندی ئاسایشی خۆیەوە مامەڵەی لەگەڵ دۆزی كوردی كردووە و بگرە لە پێچی گرنگیشدا پشتی بەرداوە. بۆیە ئیسرائیل‌ جێگەی متمانە نییە و بگرە رەنگە ئەو پشتگیریەیان بۆ دەوڵەتی كوردی كاردانەوەی نێگەتیڤی لێ بكەوێتەوە، وا بكات كە لۆبی عەرەبی دروستبوونی دەوڵەتی كوردی بە پیلانێكی زایۆنی لە قەڵەم بدات. جا لەكاتی راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ، هیچ دەوڵەتێكی دیكە جارێ ئامادە نییە كە مل بداتە بەر هەڕەشەكانی دژ بە كورد و بۆ پاراستنی كیانی كوردی.

پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان و نوێنەرەكانیان و كۆمەڵگای مەدەنی كوردی لە هەندەران رۆڵێكی مێژوویی لە لۆبی دەرەكیدا بدینن. هەوڵبدەن رای گشتی جیهانی و رای حكومەت و كۆمەڵگای مەدەنی وڵاتەكان بۆ بابەتی سەربەخۆیی كوردی رابكێشن. ئەمڕۆ حكومەتی عێراق و وڵاتە عەرەبییە نەژادپەرستەكانی پێشوو لە بارێكی وادانین كە رای گشتی لە دژی كورددا بجولێنن. لۆبی نەژادپەرستانەی توركیش دەمێكە لەسەر شانۆی نێودەوڵەتیدا ون بووە. واتە بەربەستە هەرە مەزنە نێودەوڵەتییەكان وا خەریكە هەڵدەوەرێن. جا پێویست دەكات كە لەو نێوەدا لە جاران زیاتر، هەوڵەكانی لۆبی كوردی بە هەماهەنگی و لە ئاستێكی زۆر بەرزی هونەردا لە مەمەڕەكانی دەسەڵاتی بڕیارداندا، لە واشنتن و بروكسل و لەندەن و پاریس و بەرلین و مۆسكۆ و پەكین و وڵاتانی دیمە، كار بۆ ڕاكێشانی دۆست و نەیاران بكەن و دڵنیایان بكەنەوە كە دەوڵەتی كوردی لە بەرژەوەندی سیاسی و ئاسایشی و ئابووری سەرجەم ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دایە.

پەیام

لە مێژووی دێرینەوە، زەمینە و دەرفەت بۆ سەرهەڵدانی دەوڵەتی كوردی بەقەد ئێستا نەڕەخساوە. لە ناوەوەی عێراق و لە ئاستێكی نێودەوڵەتیدا تێگەیشتنێكی زۆر و پشتگیرییەكی بێ هاوتا بۆ پێشوازی كردن و لە ئامێزگرتنی دەوڵەتی كوردی لە ئایندەیەكی نزیك، یان مام ناوەندیدا هاتووەتە كایەوە. دۆست و نەیارانی كورد تەسلیمی ئەو راستییە بوونە كەوا بوونی كوردی باشوور بە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆ مەسەلە كاتە و هیچی دیكە. بەڵام لێرەوە هەتا ئەوكاتە، پێویستە ئەولەویەتی كورد ئەوە بێ كەوا بنەماكانی پتەو بكات، گرنگی زیاتر بە میكانیزم و پڕۆسەی بەدەوڵەتبوون بدات، نەك بە لایەنی سۆز و گوڕی عاتیفی بۆ بەدیهێنانی ئامانجە گەورەكە.


ئەو عێراقەی پێشتر دەمانناسی، ئیتر نەما