ئه‌وه‌ی بۆ خۆتت ده‌وێ بۆ خوشك و براكانيشت بوێ

پێویستە خەڵك ئەولەویەتی كابینەی نوێ بێ


دیمانە لەگەڵ سەنگەر كوردە

سایتی سبەی

28-1-2019

• وەك سه‌رۆكی ئينستيوتی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ توێژينه‌وه‌ (مێری)، بەپێى ئەو توێژینەوە و پەیپەرە زانستیانەی ئەنجامتان داوە؛ ئەزمونی حوکمڕانى هەرێمى کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

ئەزموونی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان هێشتا لە سەرەتایدایە و كێشەی پەیكەر و كاربەجێگەیاندنی زۆرە و پێویستی بە گەشەپێدانێكی خێرایە. بێگومان ئەزموونەكەمان زۆر درێژ نیە و پێشتر پڕ بووە لە كێشەی ناوەكی و دەرەكی جیاواز. لەوانە، گەمارۆی ئابووری، شەڕی ناوخۆ، کەم ئەزموونیی، تێئاڵان لە ململانێ و دەستێوەردانی وڵاتانی دەورووبەر، ئەوجا دواکێشەكانی وەك شەری تیرۆر و داعش. هاوكات سیستەم و كولتورە حوكمڕانیەكەی بە میرات بۆ هەرێم مایەوە هی وڵاتێكی مەركەزیانەی كۆن، كە خۆشمان تێکەڵمان كرد بە ئەزموونی شاخ لەگەڵ هی سەردەمیانە و پێشكەوتنخواز. بەڵام سەرباری ئەوانە، بە بەراورد لەگەڵ ئەزموونی وڵاتانی هاوشێوە، پێشكەوتنی مەزن لە هەرێم بینراوە، بازی گەورە بەدی كراوە، وە لە جیهاندا هەرێم وەك نموونەیەكی ئیجابی سەیر دەكرێ. ئەوەش مانای وانیە كە ئێمە بە حاڵی ئێستامان رازی ببین، چونكە ئەگەر دڵی خۆمان تەنیا بە بەراوردكردن لەگەڵ خراپترەكان، وەیان عیراقێكی لەرزۆك، خۆش بكەین، ئەوا كورت دەهێنین. بێگومان زۆری ماوە بنەمای حوكمڕانیمان تۆكمە ببێ و ببێتە بزوێنەری پرۆسەی نیشتیمانسازی و دەوڵەتسازی. زۆری ماوە كە یاسا تێیدا سەروەر بێ و حكومەت و پەرلەمان و دادگا ببنە سەرچاوەی هێز و دەسەڵاتی بڕیاردان.

• لەچاوی ئێوەوە، وەک ئەکادیمیستێک، یاخود کەسێکی بە ئەزمونى کە پێشتر لەناو هەیکەلیەتی کارگێڕی حکومەت رۆڵتان دیار بوە، خوێندنەوەت بۆ ئەدائی کابینەکانى پێشوى حکومەتى هەرێم چۆنە؟

لەوەدا پێم باشە ئاماژە بە كتێبی (نیشتیمانسازیی) بكەم كە لە ٢٠١٣ بڵاوكرایەوە و تێیدا هەڵسەنگاندی یەكە بە یەكەی كابینەكانی حكومەتەكانی هەرێم رووماڵ كراون، بە تایبەتی لە روانگەی گەشەپێدانی سیستەمی حوكمڕانیەوە. هەر كابینەیەك لە بارودۆخێكی زۆر تایبەتی ناوەكی و دەرەكیدا دروستبوو و بەرەنگاری تەحەدای جیاواز بووەوە. له هەریەكەیاندا دەستكەوت و شكستی بەرچاو هەبوون. خۆشحاڵین كە، سەرباری قەیران و وێرانیەكان، بە شێوەیەكی گشتی ئاراستەی گەشە سەندنەكان بەرەو پێشەوە بووە، بەڵام ئەگەر دەسەڵاتدارانی هەرێم تەركیزیان لەسەر ئامانجە ستراتیژیە درێژخایەنەكان بوایە، بە پێی دیزاینێكی سەردەمیانە نەخشەڕێگایان بۆ كاروانەكە دابڕێژتبایە، ئەوا گەشەسەندنەكان خێراتر دەبوون و دەستكەوتەكان زیاتر دەبوون و كێشەكانیش بچووكتر دەبوون. ئێستاس نەچووە بچێ، بەمەرجێك ئیمڕۆ تەركیزی سەركردەكانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن بچێتە سەر سەروەركردنی یاسا و تۆكمەكردنی دامەزراوەكانی حكومەت و باشتر پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریەكان بۆ خەڵك.

• سەروەری یاسا و، شەفافیەت و ئامادەیی میدیاى ئازاد و قەڵاچۆکردنی گەندەڵى لە بنەما بنەڕەتیەکانی حکومڕانی باشن، زۆر وتراوە و نوسراوە کە دەسەڵاتى کوردى سەرکەوتو نەبوە لە دامەزاندنی حوکمڕانیەکی نیمچە باش، هۆکاری ئەم دۆخە بۆچی دەگێڕیتەوە؟

لەو میانەدا، هیچ كام لە وڵاتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە هەیانە سەد ساڵە دەوڵەتن و هەشیانە سەدان ساڵە ئیمپراتۆریەتن، لە چەسپاندنی بنەماكانی حوكمی دروست (الحكم الرشید) سەركەوتوو نەبوونە. بێگومان زۆربەیان خاوەن حكومەتی كاران، بەڵام كارایەتیی جیاوازە لە دروستێتی.

ئێمە لە هەرێمدا زۆر بە درەنگەوە و بە بێ ئیمكاناتەوە دەستمان دایە داڕێژتنی سیستەمێكی دیموكراسی پەرلەمانی، بەڵام زووش كەوتینە چاڵی چەند كێشەیەكەوە كە هێشتا لێیان رزگار نەبووین. بۆ نموونە:

- لە یەكەم رۆژەوە پەیكەرێكی حكومەت و ماكینەیەكی بیرۆكراتی وامان لە خۆ گرتووە كە بۆ وڵاتە نەوتیە دەوڵەمەند و مەركەزیەكان دروستبوونە. وە بە چاولێكەری ئەو جۆرە وڵاتانەش دیموكراسیەتمان بەرێوە بردووە.

- لە نێو پەیكەری حوكمڕانی ئێمەدا، پێوەرەكانی كارچاكی و كاربەجێگەیاندن و میكانیزمەكانی چاودێری و كۆنتڕۆلكردنی گەندەڵی و بەدواداچوون و لێپرسینەوە زۆر لاوازن و ئەوەی لە ئاراشدایە بووەتە ئامراز. خۆ بێجگە لە حكومەت، لە نێو سیستەمی دادوەریدا ئەو پێوەر و میكانیزمانە لەوپەڕی لاوازیدانە. ئەوەش لە كاتێكدایە كە رۆڵی ئەوان لە سەروەركردنی یاسادا سەرەكیە.

- ململانێی دەسەڵات و سەروەت لە نێو- وە لەناو- حیزبە دەسەڵاتدارەكان رێگر بووە لەوەی كە یاسا سەرەوەر ببێ و دامەزراوەكانی حوكمڕانی تۆكمە بكرێن. ئەوانەش نەك تەنیا بۆ متمانەی خەڵك پێویستن بەڵكو پێشمەرجی بنەڕەتین بۆ دڵنیابوونیی حیزبە كیبڕكێكەرەكان لە دەستاودەستكردنی دەسەڵات. لە ئێستادا دامەزراوەكانی یاسادانان و حكومەت و دادوەری و بایی ئەوەندە تۆكمە نین هەتا حیزبەكانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن دڵنیابن لەوەی كە دوای دەستاودەستكردن ناكرێنە ئامرازی یەكتر سڕینەوە.

- دیسانەوە ململانێی دەسەڵات و سەروەت وایكردووە كە حكومەت مۆنۆپۆڵی لە بەكارهێنانی هێزی چەكداردا نەبێ. خۆشبەختانە هەرێمی كوردستان لەژێر كۆنتڕۆڵدایە و وەك باقی عێراق ناسەقامگیر نیە، وە هێزە چەكدارەكان لە رووی تیۆریەوە هەریەكەیان سەر بە دەزگایەكی فەرمیە، بەڵام لە ئەرزی واقیعدا فرەهێزی لەدەرەوەی فەرمانداری و كۆنتڕۆڵی حكومەتدا هێشتا هەن و بەهێزن.

• (16)ى ئۆکتۆبەر زۆر خاڵی لاوازی قەوارەی سیاسیی و هێزە دەسەڵاتدارە سیاسیەکانی دەرخست، ئایا ئەو روداوە و شکستی کورد لە ناوچە دابڕاوەکان و گۆڕەپانی سیاسیی عێراق بوە هۆی بەخۆداچونەوە و هەوڵدان بۆ یەکڕیزی و یەکگرتویی زیاتری لایەنە سیاسیەکانی هەرێم، یاخود تای پەرتەوازەیی و شەڕی بچوکی حیزبی و بەرژەوەندی گروپە باڵادەستەکان هەژمونی زیاترە و کاریگەری زیاترە لەسەر پرۆسەی سیاسیی هەرێم؟

دەتوانین بڵێین 16ی ئۆکتۆبەر دەرئەنجامی بەدامەزراوەیی نەکردنی دامودەزگاکانی هێزە ئەمنیەکان و هێزە چەكدارەكانی وەك هی پێشمەرگەیە. شاراوە نیە كە فەرمانداری و كۆنتڕۆڵی سەرجەم هێزە شەڕكەرەكان لە یەك دامەزاوە و یەك پەیكەر و یەك چەقی بڕیاردا كۆ نەبوونەتەوە، كە ئەوەش پێشمەرجێكی گەورەی هێز و كاریگەرێتی لەشكری شەڕكەرە. هاوكات پرۆسەی بڕیاری سیاسیش بە هەمان شێوە بەدامەزراوەیی نەكراوە و لە یەك سەرچاوەی حوكمڕانی تۆكمەی وەك پەرلەمان هەڵناقوڵێ. جا ئەگەر باس تەنیا لە دەرسی مێژوو بكەین، هەر دەگەڕێینەوە سەر مەسەلەی سەرخستنی پرۆسەی دەوڵەتسازی و بەدامەزراوەییكردنی سیستەمی سیاسی و حوكمڕانی هەرێم.

سەبارەت بە بەخۆداچوونەوە، لەوانیە حیزبەکان لە نێوخۆیاندا چاویان بە هۆكار و دەرەنجامەكان داخشاندبێتەوە، بەڵام هیچ بەڵگەیەك بۆ هەوڵی گشتی بۆ بەخۆداچوونەوە و ڕێگرتن لە دووبارە بوونەوەیان، بەرچاو ناکەوێ و هیچ توێژینەوەیەكی تێروتەسەل لەو بارەوە نەكراوە. بەڵكو بە پێچەوانەوە، هێشتا گوڕی سۆز و عاتیفە بەدەردەكەوێ كە رێگرە لەوەی بە بابەتیانە توێژینەوەی لەسەر بكرێ.

• ئێستا هەوڵەکان بە ئاقارى ئەوەن کە سیستمى حوکمڕانى لە هەرێمى کوردستان بەرەو پەرلەمانیى هەنگاو بنێت، چۆن لەم پرسە دەڕوانن، ئایا پێشبینى دەکرێت پرۆسەى دیموکراسى لەم ئەزمونەدا چەکەرە بکات؟

گرنگ نیە ئایا سیستەمی حوكمڕانی پەرلەمانیە وەیان سەرۆكایەتی، بەڵكو گرنگ ئەوەیە كە میكانیزمەكانی سەروەركردنی یاسا تۆكمە بن. ئەو وڵاتە دیموكراسیانەی كە سیستەمیان تۆكمەیە، جا پەرلەمانی بن وەیان سەرۆكایەتی، هیچ جیاوازیەكیان لەنێواندا نیە. سەیری ئەڵمانیا و فەرەنسا بكە وەك دوو نموونە.

• پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەرچۆنێک بو تێپەڕی، ئێستا خەڵك چاوەڕێی پێکهێنانی کابینەی نوێیە. ئاڵنگارییەکانى بەردەم کابینەى نوێ چین؟ بە بڕوای بەڕێزتان ئەو دەرفەتانە کامانەن کە کابینەى (نۆ) دەتوانێت بیقۆزێتەوە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی و باشکردنى بژێوى خەڵک و ئەنجامدانی چاکسازى گشتگیر و هەمەلایەن؟

حكومەتی داهاتوو زیاد لە كاتەكانی پێشوو پێویستی بە پاڵپشتی خەڵك و ئاشتەوایی گشتی و ساڕێژكردنەوەی برینەكان هەیە، وە پێویستە ئەولەویەتەكانی لەگەڵ هی خەڵكدا یەك بێ. خەڵكی هەرێم پشووی درێژە و ئامادەیە كە دەرفەت بداتە سەركردەكان تا بە روانگە و ستراتیژێكی روونەوە مل بدەنە بەر چاكسازی و هاوكاریشی بكەن. ئەوەش دەسپێكیك دەبێ و دواتر خەڵك بە هەنگاوی عەمەلی دڵنیا دەبێتەوە. ئیمڕۆ ئەولەویەتی خەڵك لە سێ بواردا خۆی دەبینتەوە:

یەكەمیان، سەقامگیریی و تەبایی سیاسی، كە ئەوەش كاری بێوچانی دەوێ. لەوانە، چاكردنی پەیوەندی لەگەڵ بەغدا، پێداچوونەوە و چاكردنی سیستەمی حوكمڕانی لە ئاستی وەزارەتەكان و حومەتە خۆجێییەكان، هەوڵدان بۆ سەروەركردنی یاسا و داهێنانی عەدالەتی كۆمەلایەتی.

دووەمیان چاكردنی باری دارایی و زیادكردنی سەرچاوەكانی ئابووریە ،كە ئێستا بەڕێوەیە،.كاری باش ئەنجام دراون و پێویستە لەسەریان بیناكرێ. تەنیا بە دیراسەتكردنی سیستەمی باج لە هەرێمدا دەردەكەوێ كە بەشداری تاكی هاوڵاتیان و كۆمپانیاكانی هەردوو بازاڕی كەرتی تایبەت و گشتی تا ئەو رادەیە لە ستراتیژی حكومەتدا تێكهەڵنەكێشراون كە هاندەر و تەواوكەری یەكتر بن. وڵات پێویستی بە روانگە و پلانی گشتگیر و تێكهەڵكێشراو هەیە. هاوكات پێویستە سیستەمی باج شەفاف بێ، خەڵكی باجدەر بزانی چەند باج دەدات، بۆچی دەیدات، چارەنووسی باجەكەی بە كوێ دەگات وە لە بەرامبەر باجدانیشدا چی مافێكی دەست دەكەوێ. واتە، دانانی سیستەمێكی سەردەمیانە بۆ زامینكردن و خولاندنەوەی داهات و خەرجی، یەكێكە لە بزوێنەرە مەزنەكانی تۆكمەكردنی سیستەمی حوكمڕانی و كەمكردنەوەی گەندەڵی، داهێنانی شەفافیەت و گەشەپێدانی دیموكراسیەت، ئەوەش بێجگە لە گەشەپێدانی ئابووری و خۆڕاگریەتی لە ڕووی قەیرانی داراییدا. دیارە كە لە سیستەمی وڵاتی نەوتیدا، خەڵك زۆر بە كەم باج دەدات و حكومەت سەرچاوەی بژێویە، لە بەرامبەریشدا خەڵك توانای داواكردنی ماف و لێپرسینەوەی بڕیاردەرانی زۆر لاوازە.

سێیەمیان، چاكردنی ئاستی خزمەتگوزاریەكانی وەك هی شارەوانی و تەندروستی و پەروەردە و ئەوانی دیكە، كە ئێستا رووی سەرجەمیان بەرەو دواوەیە و پێویستیان بە ریفۆرمی ریشەیی هەیە. ئەوش لە كاتێكدایە كە ئەو سێكتەرانە كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر ژیان و ژینگەی تاكی هاولاتیان هەیە. ئاستی كواڵیتی خزمەتگوزاریەكان پێوەری سەرەكین بۆ هەڵسەنگاندنی ئەدای حكومەت و دروستكردنەوەی متمانەی هاوڵاتیان بە سیستەم.

• پەیوەندیدار بە عێراق، لەدواى پرۆسەى ئازادی (٢٠٠٣) کورد بە بەهێزییەوە چوە بەغدا، بەڵام بە تێپەڕبونی کات ئەم کاریگەری و پێگەیە لە سەر ئاستى عێراق پاشەکشەى کرد و نەتوانرا وەک پێویست ماف و سەنگى سیاسى کورد بپارێزرێت، ئێوە وەک چاودێر و کەسێکی ئاگادار پەیوەست بە هەلومەرجە سیاسیەکان لە عێراق، هۆکاری ئەو پاشەکشێیە بۆ چی دەگێڕیتەوە؟ وە رۆڵى ئێستاى نوێنەرانى کورد لە بەغدا چۆن دەبینیت؟

هەتا هەرێمی كوردستان بەشێك بێ لە عیراق، بەغدا زۆر گرنگە بۆ كورد و پێویستە سەركردەكان ئەو گۆڕەپانە بۆ پێكهاتەكانی دیكە چۆڵ نەكەن. دیارە كە لە دە ساڵی رابوردوودا كەلێنی گەورە كەوتبووە نێوان هەولێر و بەغدا، ئەویش بە هۆی نەهجی هەردوو لا. رەوتی بەغدا بەروە مەركەزیەت و زاڵێتی پێكهاتەی شیعە بوو، هەرێمیش رووی بەرەو سەربەخۆیی ئابووری و دواتر سیاسی بوو. سەرباری ئەوانەش عیراق وەك دەوڵەتێكی لە رادەبەدەر لەرزۆك بوو كە گروپێك وەیان حیزبێك توانی بەسەر دامەزراوەكانیدا زاڵ ببێ و ببێتە هۆكارێكی گرنگ لە نزیككردنەوەی دەوڵەت لە رۆخی شكست پێهێنان و هەڵوەشانەوە. دیارە كە ئێستا بارودۆخ گۆڕاوە و هەردوو لایەن دركیان بە مەترسیەكان كردووە و زەمینەی لێكنزیكبوونەوە خۆشتر بووە، بەڵام پێویستە پەیوەندی نێوان بەغدا و هەولێر بەدامەزراوەیی بكرێ و بەهۆیەوە دەرفەتی ئابووری و سیاسی گەورەتر بۆ هەرێم مسۆگەر بكرێ.

• لە کۆتایدا ئەمانەوی بۆچونى بەڕێزتان دەربارەی پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بزانین، سەنگی کورد لە تەرازوی دەوڵەتە زلهێزەکان و دەوڵەتانی ناوچەکە چۆنە؟ ئەو ئالنگاریە مەترسیدارانە چین کە دێتە بەردەم خەباتی کورد لە عێراق و پارچەکانی دیکەی کوردستان؟ چارەسەر بۆ دەردی کورد پشت بەستنە بە فاکتەرە دەرەکیەکان، یاخو بەهێزکردنی فاکتەرە ناوخۆییەکان؟

ڕۆژهەڵاتی ناوەراست ناسەقامگیرە و پارسەنگی هێزەكان هێشتا لە گۆرانكاریدانە. واتا جوولە و گۆڕانكاریەكان تەواو نەبوونە، وە لەگەڵ خۆشیاندا دەرفەت و هەڕەشەی زۆری دیكە بۆ كورد و كوردستان دێنن. لەو جۆرە ناوچەیە و بارودۆخەدا، تەنیا ئەو كیانانە دەتوانن بە سەركەوتوویی بەرەنگاری هەڕەشەكان ببنەوە و دەرفەتەكان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بقۆزنەوە كە لە هەناودا تۆكمەن. ‌هەر ئەوانیش دەتوانن سوودی زیاتر لە هاوكاری دەرەكی ببینن، وەیان ببنە شەریكی براوەكان. لێرەدا پێویستە هەرێم قەوارە و پێگە و ئاستی كاریگەرێتی خۆی بزانێ. لە كاتێكدا لە یاریە گەورەكان، هەرێم یاریكەرێكی بچووكە و ئەگەر ببێتە لایەنگیر، خۆشی لە هەناودا پتەو نەبێ، ئەوا بە ئاسانی دەبێتە قوربانی. بەڵام ئەگەر چاودێر و یاریكەرێكی زیرەك و بێلایەن بێ و لە هەناویشدا خۆی تۆكمە كردبێ ئەوا دەتوانێ لە قەوارەكەی خۆی زۆر زیاتر و كاریگەرانەتر یاری بكات. بۆیەش، ئەولەویەت دەبێ هەر بۆ بەهێزكردنی فاكتەرە ناوەكیەكان بێ، بەبێ رەچاوكردنی ئاستی گرنگیدان بە فاكتەرە دەرەكیەكان.