رووسیا کێشەی سووریا قووڵتر دەکات

دلاوه‌ر عه‌لائه‌دين

ئەنادۆڵ 27-11-2015

سەرۆکی پەیمانگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ تویژینەوە دکتۆر دلاوەر عەلائەدین پێی وایە کە دەستێوەردانی رووسیا لە قەیرانی سووریا هاوکێشەکە قووڵتر دەکات و لەو باوەڕە دایە کە لە ئەگەری هەر پێکدادانێک پەیمانی ناتۆ بەشێوەیەکی کردەیی پشتیوانی لە تورکیا دەکات.

لە دیمانەیەکدا لەگەل ئاژانسی ئانادۆڵو سەرۆکی پەیمانگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە د.دلاوەر عەلائەدین روانینی خۆی بۆ کێشەکانی سووریا و دەستێوەردانی سەربازی رووسیا لەو وڵاتە و بەتایبەتیش پێکانی ئەو دوو فڕۆکەیەی کە سنووری تورکیایان بەزاندبوو، دەربڕی.

دکتۆر دلاوەر پێی وایە دوو رێگە هەیە، یان ئەمریکا و رووسیا رێککەوتنێک دەکەن و تورکیا و ئێرانیش دەهێننە سەرخەت و یان جارێ کەسیان قسە ناکەن لەگەڵ یەکتر و جارێ هەردوولا خەریکی بڕیاردانن لەسەر ستراتیژیەتی سیاسەتی خۆیان و پێی وایە کە تورکیا مافی خۆیەتی بەرگری لە سەروەری وڵاتەکەی بکات وەک هەر وڵاتێکی تر.

پاش ئەوەی پەرلەمانی رووسیا رەزامەندی پێشان دا بەوەی ھێزی سەربازی رەوانەی سووریا بکرێت لەپێناو مانەوەی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بەڵام بەناوی لەناوبردنی داعش و گرووپەکانی توندڕەودا، ھاوکێشەی سیاسی و سەربازیی ناوچەکە گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هات، بەشێوەیەک بەرەیەکی تر لەپاڵ بەرەی ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانیدا دژی داعش کرایەوە.

لەم بارەیەوە سەرۆکی ئینستیتیوتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە دکتۆر دلاوەر عەلائەدین لە چاوپێکەوتنێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی :"رووداوەکانی سووریا سەرەتا بەشێوەیەکی ئاشتیانە بوو، جۆرێک بوو لە ناڕەزایەتی خەڵک دژی رژێم، کاتێک وڵاتانی زلهێزی جیهان نەیانتوانی ئیدارەیەکی باش بکەن و بەتایبەت کە زلهێزی ئەمریکا زۆر دوورەپەرێز وەستا و ئەمە وای کرد هەندێک هێز لەم ناوچەیە بێن و ئەم بۆشاییە پڕ بکەنەوە بەڵام هەریەک لە بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆیەوە. بۆیە رەوتی رووداوەکان پەرەی سەند، گەیشتنە ئاستێک لە ئاڵۆزی کە ئێستا لە توانای کەسدا نەماوە کە بەتەنیا چارەسەری بکات. تورکیا نەیتوانی ئەمریکا بکێشێتە نێو ئەم بازنەیەوە بۆ ئەوەی بەیەکەوە چارەسەری سووریا بکەن بەڵام ئێران توانی خۆی و رووسیا و عێراقیش بهێنتە نێو ئەم بازنەیەوە و ئەو رۆڵە ئەکتیڤە ببینێ لە پشتگیریکردنی بەشار ئەسەد".

ئەو زیاتر گوتی: "ئەگەر تێبینی لە چوار ساڵی رابردوو بکەی دەبینین ئاستی ئاڵۆزی تا دەهات گرژتر دەبوو. بەهاتنی رووسیا بۆ نێو هاوکێشەکە زیاتر ئاڵۆزی دروست بووە و مەترسی توندوتیژی چەکداری زیاتری لێ دەکەوێتەوە. ئێمە ئێستا لە ناوەڕاستی قۆناغی گواستنەوەداین کە بەرەو گرژی چووە و بەڵام ناتوانین پێشبینی لە ئایندە بکەین. ئێستاش لەدوای خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی رووسیایی لەلایەن تورکیا وپاڵپشتیکردنی ناتۆ بۆ تورکیا و دەربڕینی نیگەرانییەکی راستەوخۆی رووسیا ئەمە هەمووی سەرەتای رووخان و خراپکردنە بەڵام ئەگەر سیاسەتمەداران حیکمەتی ئەوەیان تێدا هەبێت دەبێ بزانن کە بەرزکردنەوەی ئەو بارگرژی و توندوتیژییە لە بەرژەوەندی هیچ کەسدا نییە. ئەوە بەڵگەیە کە سیاسەتی هەموو زلهێزەکان وهێزەکانی ناوچەیی لە سووریا شکستیان هێناوە. ئێستا دەبێ بیر لەوە بکەنەوە کە ئایا ئەم توندوتیژییە لە بەرژەوەندی کێیە. بێگومان تەنیا لە بەرژەوەندی تیرۆرە. پێشبینی ئەوە دەکرێت ئاراستەی توندوتیژییەکان بە دووریانێکدا بڕوات، یەکەمیان یان ئەمریکا و رووسیا رێککەوتنێک دەکەن و تورکیا و ئێرانیش دەهێننە سەرخەت، دووەمیان یان جارێ کەسیان قسە ناکەن لەگەڵ یەکتر و جارێ هەردوولا خەریکی بڕیاردانن لە سەر ستراتیژیەتی سیاسەتی خۆیان. بەوەش یارییەکە لە ئاستی نێوخۆیی بووە ئاستی هەرێمی و ئێستا لەوەش دەرچووە. لە ئاستی هەرێمییەوە بووەتە ئاستی زلهێزی و ئیستا وای لێ هاتووە گرژی بەشێوەیەکی راستەوخۆ کەوتۆتە نێوان تورکیا و رووسیا و هەروەها رووسیا و ناتۆ کە ئەمە لە توانای یارییە هەرێمییەکەی نێو سووریا دەرچووە، جا ئەمە مەترسی بۆ ئێمە زۆرە و بەڵام نابێت لەبیرمان بچێت کە دەرفەتیشی تێدایە".

سەبارەت بەوەی کە ئایا دەرفەت بۆ کورد چییە لەم هاوکێشەیە، دکتۆر دلاوەر عەلائەدین گوتی: "ئەگەر دەرفەتەکان لە ئاستی کورد سەیر بکەین بۆمان دەردەکەوێ ئەو بۆشاییەی کە دروست بووە و ئێمەش بووینەتە سەری رمێک کە قوربانی زۆرمان داوە لە شنگال و سووریا و ناوچەکانی تر بەڵام لە بەرامبەر ئەوەشدا کورد توانیویەتی لە ئاستی دیپلۆماسی و سیاسی رەوتێکی پێشڕەوانە ببینێ و لە ئاستێکی نێودەوڵەتی بناسرێت".

لە ئەگەر پەرەسەندنی توندوتیژییەکان و کاریگەری بۆ سەر هەرێمی کوردستان، دکتۆر دلاوەر عەلائەدین دەڵێت: "ئەگەر ئەو دۆخەی سووریا چاک نەکرێت ئەوە رۆژێک دێت مەترسی بۆ سەر ئێمەش دەبێت و ئێمەش پێی دەسووتێین. لە عێراقیش بەهەمان شێوە دەبێ ئەم دۆخە چاک بکرێت و دۆخی تورکیاش بەهەمان شێوە. ئەگەر شەڕ و ئاژاوە لە تورکیا هەبێت ودیموکراسییەت نەچێتە پێشەوە و ئاشتی نەبێت. دیسان ئێمە پێی دەسووتێین، بۆیە با هێندە دڵمان بەوە خۆش نەبێ کە کورد پێگەی بەهێز بووە. ئەم بەهێزبوونە بەهۆی ئەم شەڕە نەبووە بەڵکو بەهۆی هەڵوەشانەوەی رژێمی کۆنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە و بە هۆی ئەو شڵەقانەی بەهاری عەرەبی هێناویەتی و هاوکێشەکانی گۆڕیوە. بۆیە ئێمە ناکرێت بڵێن شەڕ لە بەرژەوەندی کوردە بەڵکو گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرژەوەندی کوردە".

سەبارەت بە داهاتووی کورد لە عێراق و بەتایبەتی کاریگەری لەسەر بەشەکانی دیکە و پەیوەندییەکانی نێوانیان لەگەڵ هەبوونی ئەو هەموو قەیرانی سیاسی و ئابووریەوە، دکتۆر دلاوەر پێی وابوو: "لە ئێستادا دۆخی سیاسی وادەخوازێت کە کورد پارچەیەک بێت لە عێراق چونکە نە لە ناوەوە کورد ئامادەیە جیا ببێتەوە لە عێراق و نە لە دەرەوەش زەمینەسازی هەیە، شەڕی داعش وای کردووە کە دەبێت عیراق یەکپارچە بێت بۆ ئەوەی کە لاواز نەبێت بەرامبەر بە تیرۆر، عیراق لە نێوخۆیدا شکستی هێناوە و توانای بڕیاردانی سەربەخۆی نییە".

جێی ئاماژەیە دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەدین ساڵی ١٩٦٠ لە کۆیە لەدایک بووە، سەرۆکی ئینستیتیوتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (مێری)یە و پێشتر پرۆفیسۆر بوو لەبواری پزیشکی و تایبەتمەندێتی لە بواری نەخۆشییە بڵاوەکان مایکرۆبایۆلۆجی و سەرۆکی گرووپی Molecular Bacteriology and Immunology Group توێژینەوەی بەکتریۆلۆژی و بەرگریناسیی لە زانکۆی نۆتینگھام لە بەریتانیا. لە کابینەی شەشەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بوو، چەندین بڵاوکراوەی زانستی و توێژینەوەی ھەیە بەزمانەکانی کوردی و ئینگلیزی