ديده‌نی تاتچه‌ر و وه‌رچه‌رخانی چاره‌نوس
بیرەوەری ئەزموون و هەوڵەكانم بۆ لۆبی و كۆمەكی كۆڕەو
دیدەنی مارگرێت ثاتچەر و وەرچەرخانی بار
چوارشەممە، 3 ئهپريلی 1991
ئه‌و شه‌وه‌ی كه له هۆڵی ههمهرسميث و باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ريكی (يهكشهممهی ۳١ی مارت له‌سه‌ر يهكی ئه‌پريل) گه‌ڕامه‌وه ماڵ، به هيچ جۆرێك نه‌متوانی بخه‌وم. هه‌ر خه‌ريكی بيركردنه‌وه و پلان دانان بوم بۆ ڕۆژی ئاينده. بيرم له‌وه دهكردوهوه كه ئايا له ڕۆژێكی ڕه‌شی وه‌ك ئه‌و ڕۆژه‌دا، له حاله‌تی ته‌نگانه و فرياكه‌وتن و له ژێر فشاری كاتدا، چيمان پێ ده‌كرێ. خۆ ده‌بێ هه‌رچی ئه‌زموون و په‌يوه‌ندی ساڵانی ڕابووردوومان هه‌يه بيانخه‌ينه كار. هه‌ر به‌و شه‌وه، ڕه‌شنووسی چوار نامه‌م ئاماده كرد، به‌و ئومێده‌ی كه له ڕۆژدا فاكسيان بكه‌م بۆ سه‌رۆك بوش، و (بارباره بوش)ی هاوسه‌ری سه‌رۆك بوش، و جۆن مێجه‌ر و (مارگرێت ثاتچهر)ی كۆنه سه‌رۆك وه‌زيرانی به‌ريتانی. له نامه‌كاندا، سێ داوای ڕوون و ئاشكرام كردبوو. يه‌كه‌ميان: ڕێگه له سه‌ددام بگيرێ بۆ ئه‌وه‌ی بۆمبابارانی شاره‌كانی كوردستان بوه‌ستێنێ و چيتر ئاواره‌كان نهتۆقێنێ؛ دوه‌ميان: ئاواره‌كان دڵنيا بكرێنه‌وه، و خواردن و ده‌رمانيان بۆ بچێ و ماڵ و جێی حهوانهوهيان بۆ دابين بكرێ؛ سێههميان: ده‌ستی خه‌ڵكی عيراق به‌ر بدرێ هه‌تا خۆيان له حوكمی دڕندهكاری سه‌ددام ڕزگار بكه‌ن.
دووشه‌ممه، يهكی ئه‌پريل
كه ڕۆژ هه‌ڵات، په‌يوه‌نديم به سێ دۆستی بێگانه‌ی شاره‌زا كرد و داوای يارمه‌تيم لێ كردن. له‌وانه (جۆن فۆران)ی سه‌رۆكی ڕێكخراوی خێر خوازی (ئينتهرناشنهل مێديكهل ڕيليف)؛ و (ئۆليڤه‌ر مۆرس)ی ڕۆژنامه‌وانی ئينگليزی، و (دێنيس كاميرون)ی ڕۆژنامه‌وانی ئه‌مه‌ريكی. جۆن فۆران ده‌مێك بوو تێكه‌ڵاوی كورد و عيراقيهكانی ده‌كرد و له زۆر ڕووه‌وه يارمه‌تی دهداين. تازه ئۆليڤه‌ر مۆرس و دێنيس كاميرون م ناسيبوو، چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ر داوای يارمه‌تيان لێ كردبووم بۆ ئه‌وه‌ی بيانگهيهنمه كوردستان بۆ ئه‌نجامدانی كاری ڕۆژنامه‌وانی، و لێكۆڵينه‌وه‌ی تايبه‌ت به چه‌كی كيميايی. ئه‌وانه به‌هۆی بڵاو كراوه‌كانی پێشووم (له‌سه‌ر كيميا بارانی كوردستان) ناوی منيان بيستبوو و بۆ ئه‌وه‌ش چاوپێكه‌وتنيان له‌گه‌ڵ سازدابوم. له شه‌وی پێشتريشدا، جۆن و ئۆليڤه‌ر و دينيس هاتبوونه هۆڵی هه‌مه‌ر سميث بۆ به‌شداری كردنمان و په‌يوه‌ندی كردن به تۆڕی كۆمه‌ڵگاكه.
له سه‌ره‌تادا، داوام له‌و سێ دۆسته كرد كه‌وا يارمه‌تيم بده‌ن له دانانی پلانێك كه به‌هۆيه‌وه به‌خێرايی ده‌نگمان بگهيهنينه سه‌ركرده به‌ريتانيه‌كان، وه ئه‌گه‌ر بۆمان كرا چه‌ند سهركردهيهكی سياسی كوردی بگهيهنينه لای وه‌زيری ده‌ره‌وه و وه‌زيری به‌رگری وهيان خودی سه‌رۆك وه‌زيرانی به‌ريتانی. ئامانجی هه‌وڵه‌كانمان ئه‌وه بوو كه‌وا ئه‌و ديواره جياكهرهوهيه بڕوخێنين و هه‌ر چۆنێك بێت، خۆمان بگهيهنينه سه‌رچاوه‌ی بڕياری به‌ريتانی. ڕاسته، چه‌ندين ئه‌ندام په‌رله‌مانی پارتی كرێكارانی به‌ريتانی (ئۆپۆزيسيۆن)مان ده‌ناسی، و له ڕابوردوودا ئه‌وانه زۆر يارمه‌تیان دهداين، به‌ڵام يارمهتيهكانيان بايی ئه‌وه نه‌بوو كه ببێته مايه‌ی فشارێكی كاريگه‌ری ئه‌وتۆ كه‌وا هه‌ڵوێستی حكومه‌تی به‌ريتانی له‌ناكاو بگۆڕی.
هه‌ر ئه‌و ڕۆژه (يهكی ئه‌پريل) له‌گه‌ڵ ئه‌و سێ دۆسته، كۆبونهوهيهكمان له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی به‌ره‌ی كوردستانی سازدا، وه له‌سه‌ر چه‌ند هه‌نگاوێك ڕێك كه‌وتين. به‌ڵام ديار بوو كه‌وا ته‌ركيزی ئێمه (من و ڕۆژنامه‌نوسه‌كان) و هی سياسهتمهداره كورديه‌كان له‌سه‌ر هه‌مان خاڵ نه‌بوو. له‌و ڕۆژه‌دا، هه‌ندێ له سه‌ركرده‌كان خه‌ريكی كۆ بوونه‌وه‌ی به‌ره‌ی كوردستانی بوون و قسه‌يان بۆ كۆمه‌ڵگای كوردی ده‌كرد. هه‌ندێكی تريشيان، (ئينگليزی زانهكانيان) خه‌ريكی ئه‌نجامدانی چاو پێكه‌وتن له‌گه‌ڵ كه‌ناله ئاسمانيه‌كان بوون، و له ستۆدۆيهكهوه ده‌چوونه يه‌كێكی تر، به‌و ئومێده‌ی كه له ڕێگه‌ی فشاری ميدياوه بايی ئه‌وه‌نده حكومه‌تی به‌ريتانی و ئه‌مه‌ريكی ئيحراج بكرێن كه هه‌ڵوێستیان بێته گۆڕان. شايانی باسه، كه‌وا له‌و ڕۆژه‌دا، ڕۆژنامه نووس و كاميرای كه‌ناله‌كان خۆيان وێنه‌ی كاريگه‌ر و زيندوی كاره‌ساتی كۆڕهويان په‌خش ده‌كرد و هه‌ر خۆيشيان به‌دوای زمانحاڵانی كورد دا ده‌گه‌ڕان، بۆيه پێويست نه‌بوو كه‌وا سه‌ركرده كورده‌كان كات له گه‌ڕان به دوای كاميراكاندا سه‌رف بكه‌ن. ده‌بوايه ته‌ركيزيان بخستبايه سه‌ر لۆبی كردن له ناو په‌رله‌مان و حكومه‌ت. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه كارێكی ئاسان نه‌بوو، له‌به‌ر باری دژوار و سيسته‌می ئاڵۆزی حوكمڕانی ئه‌و وڵاتانه. هه‌روه‌ها، زۆربه‌ی ئه‌و سه‌ركرده كوردانه‌ی كه ئه‌وكاته له به‌ريتانيا بوون، ئينگليزيان نه‌ده‌زانی و شاره‌زای سيسته‌م و كاری لۆبی كردن نه‌بوون. ئه‌وانه‌ی شاره‌زا و زمانزانيش بوون ژماره‌يان كه‌م بوو، وهيان سه‌ركرده‌ی حيزبی نه‌بوون. خه‌ڵكێكی تريش كه ڕۆڵی به‌رچاوی هه‌بوو و كاری لۆبی ئه‌نجام ده‌دا حيزبی نه‌بوون و زۆربه‌يان (هه‌روه‌ك من) له ڕێگه‌ی ڕێكخراوی كۆمهلايهتيهوه كاره‌كانيان به‌جێ ده‌گه‌ياند. من به‌ناوی (كۆمه‌ڵه‌ی زانستی و پزيشكی كوردی) كاری لۆبيم ئه‌نجام ده‌دا، ئه‌گه‌رچی هه‌وڵم ده‌دا له‌گه‌ڵ جموجۆڵی و هه‌ڵوێستی به‌ره‌ی كوردستانیدا هه‌ماهه‌نگ بم، چونكه بێ هه‌ماهه‌نگيی و كاری لۆبی بێ تهنيسق كه‌م سووده و و ڕه‌نگه زه‌ره‌ری له دوابێ.
له‌گه‌ڵ ئۆليڤه‌ر مۆرس و دينيس كاميرون هه‌وڵمان دا ژماره‌ی ته‌له‌فۆن و فاكسی (جۆن مێجه‌ر)مان ده‌ست بكه‌وێ، تاوه‌كو به‌ناوی خۆم (وه‌ك سكرتێری كۆمه‌ڵه‌ی زانستی و پزيشكی كوردی) وهيان به ناوی يه‌كێك له سه‌ركرده سياسيه‌كانی به‌ره‌ی كوردستانی، نامه‌يه‌كی بۆ ڕه‌وانه بكه‌ين و داوای ديدارێكی به په‌له‌ی لێ بكه‌ين. له يه‌كه‌م كهڕهتدا، ته‌له‌فۆنی (ده‌يڤيد هاوڵ)ی ئه‌ندام په‌رله‌مانی پارتی كۆنزێرڤهتيڤ و كۆنه وه‌زيری كابينه‌ی ثاتچهرمان ده‌ست كه‌وت. به يهكسهری ته‌له‌فۆنم بۆ هاوڵ كرد، كه له‌و ساته له كۆشكی په‌رله‌مان بوو. داوای يارمه‌تيم لێ كرد بۆ گه‌ياندنی په‌ياممان به سه‌رۆكايه‌تی پارته‌كه‌ی و ڕه‌خساندنی فڕسهتی ديده‌نی جۆن مێجه‌ر. هاوڵ سۆز و پشتگيری خۆی له قوربانيهكانی كۆڕه‌و ده‌رخست و كه‌وته هێرش كردن بۆ سه‌ر ڕژێمی سه‌ددام و سياسه‌تی هاوپه‌يمانه‌كان. گووتی ديده‌نی سه‌رۆكوه‌زيران له‌وكاته‌دا، كه چوه‌ته پشودانی جه‌ژنی (ئيستهر)، موسته‌حيله. ئه‌وجا داوام لێ كرد كه مهوعيدێكمان بۆ دابنێ تاوه‌كو نوێنه‌رانی به‌ره‌ی كوردستانی بێنه لای بۆ چاوپێكه‌وتن و لێك گه‌يشتن، و له‌وێشه‌وه بۆ ڕه‌خساندنی ديدارێك له‌گه‌ڵ وه‌زيری ده‌ره‌وه و وه‌زيری به‌رگری. ئه‌ويش ڕۆژی پێنجی ئهپريلی دانا بۆ ئه‌و ديدهنیه له ناو كۆشكی په‌رله‌مان. من ئه‌و مهوعيدهم گهيانده ئه‌ندامانی به‌ره‌ی كوردستانی و داوام لێ كردن كه ئيلتيزامی پێوه بكه‌ن چونكه به نياز نه‌بووم له‌گه‌ڵياندا بچم له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه ئه‌ندامی حيزبه سياسيه‌كان بووم و نه له به‌ره‌ی كوردستانيشدا ڕۆڵم هه‌بوو.
نامهيهك بۆ بارباره بوش
ڕه‌شنووسی ئه‌و نامهيهی كه شه‌وی پێشتر بۆ (بارباره بوش)م نوسيبو، خستمه به‌ر چاوی جۆن فۆران و ئۆليڤهرمۆرس و دێنيس كاميرون، بۆ ڕاپرسی و ده‌ستكاری. داوام له دێنيس كاميرۆن كرد كه له ڕێگه‌ی په‌يوه‌نديه ڕۆژنامهوانيه فراوانه ئهمهريكيهكانيهوه، ژماره‌ی ته‌له‌فۆن و فاكسی سه‌رۆك بوش و بارباره بوش م بۆ په‌يدا بكات. ئه‌ويش ژماره‌ی ته‌له‌فونێ تايبه‌تی سه‌رنوسه‌ری (واشينگتن پۆست) و (نيۆيۆرك تايمز)ی دامێ، و گوتی ئه‌وانه په‌يوه‌نديان به ئۆفيسی تابيهتی سه‌رۆك بوش ه‌وه هه‌يه، ئه‌گه‌ر بتوانی ڕازيان بكه‌يت ئه‌وا ده‌گه‌يته جۆرج و بارباره بوش.
هه‌رله‌وێ، ته‌له‌فۆنم هه‌ڵگرت و كه‌وتمه هه‌وڵدان. به‌ڵام سه‌ڕه‌ڕای جه‌خت وئيسرار، نه‌متوانی به‌سه‌ر سكرتێره‌كانی سه‌رنوسه‌ری ئه‌و دوو ڕۆژنامهيهدا باز بده‌م، به‌و بيانوهی كه هه‌ردوكيان خه‌ريكی كۆ بوونه‌وه بوون و نه‌يانتوانی بێنه سه‌ر ته‌له‌فۆن. پسوله‌ی مه‌سێج و ژماره‌ی ته‌له‌فونی خۆمم بۆ به‌جێ هێشتن. له دوای دوو سه‌عات، سكرتێری سه‌رنوسه‌ری واشينگتن پۆست په‌يوه‌ندی كرده‌وه و ژماره‌ی فاكسی ئۆفيسی بارباره بوشی دامێ، و گوتی ژماره‌ی ته‌له‌فۆنی تايبه‌تيان ده‌ست ناكه‌وێت. يهكسهر، ئۆليڤه‌ر مۆرس نامه ئاماده‌كه‌ی لێ وه‌رگرتم و له دوای هه‌ندێ ده‌ستكاریكردن، چاپی كرد و به ناو و ئيمزای (سوندوس عه‌لائه‌ددين)ی خێزانم بۆ بارباره بوشی فاكس كرد. له نامه‌كه‌دا داوام كردبوو كه به زووترين كات وه‌ڵاممان بداته‌وه، به‌ڵام له‌وه‌دا گه‌شبين نه‌بووم، چونكه خۆی له پشووداندا بوو، وه چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌شم لێ نه‌ده‌كرد كه‌وا له دژی ويست و هه‌ڵوێستی ئيداره‌ی مێرده‌كه‌ی، پشتگيری له قهزيهكهمان بكات. مهزهندهكهشم ڕاست ده‌رچوو، چونكه سێ هه‌فته‌ی پێ چوو هه‌تا وه‌ڵاممان له (جوليی كووك)ی به‌ڕێوه‌به‌ری پڕۆژه‌كانی بارباره بوشه‌وه به ده‌ست گه‌يشته‌وه. نامه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری پڕۆژه‌كانی بارباره بوش له ڕۆژی ١٨ی ئه‌پريل ئيمزا كرابوو.
په‌يوه‌ندی به جۆن مێجه‌ر و مارگرێت ثاتچهر
ده‌مزانی كه‌وا ديده‌نی، وهيان په‌يوه‌ندی كردنی ڕاسته‌وخۆ به جۆرج بوش و جۆن مێجه‌ر زۆر زه‌حمه‌ته، نه‌ك ته‌نيا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه چوو بوونه پشوودانی جه‌ژنی ئيستهر، به‌لكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بڕياريان دابوو كه نابێ جارێ وا زوو له عيراقدا ڕژێم بگۆردرێ. ئێمه‌ش نه‌مانده‌ويست هه‌وڵه‌كانمان و كاته ناسكهكهمان لێ به‌فيڕۆ بڕوات. به په‌له ده‌گه‌ڕاين به‌دوای يه‌كێك كه‌وا نفوزی ده‌سه‌ڵاتی بای ئه‌وه‌نده كاريگه‌ر بێ كه‌وا به شه‌خسی بتوانێ كار له هه‌ڵوێستی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ريكی و سه‌رۆكوه‌زيرانی به‌ريتانی بكات. ئيتر، له هه‌موو حاڵه‌تێكدا، له مارگرێت ثاتچهر زياتر كه‌سی تر نه‌بوو. ئه‌گه‌رچی من به جه‌خت و ئيسراوهوه به دوای شوونی ثاتچهر كه‌وتبووم و و به گهشبينيهوه نامه‌م بۆ ئاماده كردبوو، به‌ڵام خۆشم و دۆسته ڕۆژنامهوانهكانشيم جۆره شكێكمان له هه‌ڵوێستی ثاتچهر هه‌بوو، چونكه پێشتر كه سه‌رۆك وه‌زيران بوو (هه‌تا ٢٢ی نۆڤه‌مبه‌ری ١۹۹٠)، سياسه‌تی خۆی و حكومه‌ته‌كه‌ی زۆر ڕه‌ق و ڕاستڕه‌و و توندڕه‌و بوو. بۆيه پێشبينی له‌وه نه‌ده‌كرا كه به ئاسانی هه‌ڵوێست بگۆڕی و ته‌به‌ننای قهزيهكهمان بكات. له‌و سه‌رده‌مه‌دا ثاتچهر په‌يوه‌ندی بههيزی له‌گه‌ڵ ڕژێمی سه‌ددام هه‌بوو، و له دژی ئێران پشتگيری لێ ده‌كرد، و ئاماده نه‌بوو بۆ خاتری پاراستنی مافی مرۆڤی كورد، پهيوهندیه ئابوری و سياسیهكانی وڵاته‌كه‌ی بخاته مه‌ترسيه‌وه. ته‌نانه‌ت، له سه‌رده‌می كيميابارانی هه‌ڵه‌بجه‌شدا، ثاتچهر ئاماده نه‌بوو به‌رگری له كورد بكات وهيان گله‌يی له سه‌ددام بكات. له چه‌ندين موناسه‌به‌دا، به شه‌خسی ڕێگه‌ی له هه‌وڵی كۆمه‌ڵگای كوردی بۆ ڕيسواكردنی سه‌ددام گرتبوو.
سه‌ڕه‌ڕای ئه‌وانه، ثاتچهرم به ته‌نيا كليلی سه‌ركه‌وتن ده‌زانی و بۆيه سوڕ بووم له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كان. به هيوا بووم له ئه‌گه‌ری به‌ده‌نگه‌وه هاتنی ثاتچهر، له‌به‌ر چه‌ندين هۆ. له دوای داگير كردنی كوه‌يت (كه تا ئهوكاتهيش ثاتچهر هه‌ر سه‌رۆك وه‌زيران بوو)، خۆی و سه‌ددام كه‌وتبوونه شه‌ڕه هه‌ڵوێست و شه‌ڕه جنێو. ثاتچهر تانه‌ی له سه‌ددام ده‌دا و ده‌يگوت "له په‌نای كراسی ئافره‌تان خۆی شاردۆته‌وه". ئه‌وه ئيشاره‌ت بوو بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كه سه‌ددام ڕێگه‌ی له ڕاكردنی بێگانه‌كانی ناو عيراق (به ژن و منداڵهكانيانهوه) گرتبوو، وه‌ك قه‌ڵغان له نزيك كارگه‌و هه‌ده‌فه عه‌سكه‌ریه‌كان به دهستبهسهريی داينابوون. سهدداميش له وه‌ڵامدا، ثاتچهری به "پيرێژنه شێت و شه‌پڕێو" وه‌سف كردبوو. له لايه‌كی تره‌وه، وازهێنانی ثاتچهر له سه‌رۆكايه‌تی وه‌زاره‌ت به ويستی خۆی نه‌بوو، به‌ڵكو به تۆبزی و به موئامه‌ره‌ی هاوڕێكانی لابردرا و جۆن مێجه‌ر (وه‌زيرێكی لاوی كابينه‌ی ثاتچهر) به هه‌لبژاردنی ناوه‌كی له جێگه‌ی داندرا. مێجهريش زوو كه‌وته هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌ندێ له سياسه‌ته تايبهتمهندهكانی كۆنه سه‌رۆكه‌كه‌ی. ئيتر، ثاتچهر له ناكاو له لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه دابه‌زی و بوو به ڕهعيه و چاودێرێكی ناڕه‌حه‌ت. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ثاتچهر هه‌يبه‌ت و قورسايی و ده‌سه‌ڵاتی مه‌عنه‌وی خۆی هه‌ر مابوو و خه‌ڵكی به "شوفێری كورسی دواوه" يان داده‌نا. خۆيشی حه‌زی ده‌كرد كه به‌و جۆره بديترێ، بۆيه‌ش ناوبه‌ناو سه‌ری ده‌رده‌هێنا و ده‌ستی له كاری جۆن مێجهرو حكومه‌ته‌كه‌ی وه‌رده‌دا و ئيحراجی ده‌كردن.
ئيتر له دانيشتنهكهماندا، داوام له ئۆليڤه‌ر مۆرس كرد كه‌وا به هه‌ر ڕێگه‌يه‌ك بێ، ته‌له‌فۆنی شه‌خسی مارگرێت ثاتچهرم بۆ په‌يدا بكات. مۆرس لاوێكی زيره‌ك و قسه‌زان و لێهاتوو بوو، وه تۆڕی پهيوهنديهكانی فراوان بوو، به‌ڵام پێشتر له به‌شی سياسی ناوه‌كی به‌ريتانی كاری نه‌كردبوو، و خه‌ڵكی ده‌وروپشتی حكومه‌تی باش نه‌ده‌ناسی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، مۆرس به‌ڵێنی دا به جيددی به‌دوای ژماره و ڕێگه پهيوهنديهكانی ثاتچهر بگه‌ڕێ و به زووترين كات وه‌ڵامم بداته‌وه. نامه‌كه‌ی بۆ ثاتچهرم نوسيبوو، سه‌رله‌نوێ دامان ڕشته‌وه و ئۆليڤه‌ر له‌گه‌ڵ خۆی بردی و ڕۆيشت.
له دواييدا، له ڕێگه‌ی (دهيل كامپل سێيڤهر)، كۆنه دۆستێكی ئه‌ندام په‌رله‌مانی سه‌ر به حيزبی كرێكاران، ژماره‌ی ته‌له‌فۆن و فاكسی ئۆفيسی جۆن مێجهرم به ئاسانی ده‌ست كه‌وت. ته‌له‌فۆنم بۆ ئۆفيسهكهی كرد و (ستيڤ وۆڵ)ی سكرتێری تايبه‌تی مێجهربۆ كاروباری ده‌ره‌وه، وه‌ڵامی دايه‌وه. له قسه‌كانیدا ديار بوو وۆڵ سۆزی هه‌بوو و ده‌يويست يارمه‌تيمان بدات به‌ڵام جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرده‌وه كه‌وا بۆ حكومهتهكهيان ناشێ هه‌ڵوێستێكی دژ به سياسه‌تی ئه‌مه‌ريكی بنوێنێ. وهعدهشی دا كه‌وا ئه‌و نامهيهی كه به‌ته‌مام بينێرم به خودی جۆن مێجه‌ری بگهيهنێ. له‌به‌ر كه‌می و دره‌نگی كات، پێم ڕاگه‌ياند كه‌وا نامه‌كه‌م به ده‌ست ده‌گه‌يه‌نم نه‌ك له ڕێگه‌ی پۆسته‌وه. به‌و ده‌مه، نامه‌يه‌كی تازه‌م له سه‌ر ڕۆشنايی ڕووداوی نوێ و به ڕاوێژكاری جۆن فۆران، داڕژتهوه و چاپم كرد، و ئاماده‌م كرد بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆژی دوايی (له سێشه‌ممه، ٢ی ئه‌پريل)، بيبهمه ئۆفيسی جۆن مێجه‌ر له (١٠ی شه‌قامی داونينگ ستريت، .(10, Downing Stree
ڕۆژی سێشهمه، دووی ئه‌پريل
بهيانيهكهی ئه‌و ڕۆژه، له‌ماڵه‌وه (له هيرن هيل) ڕاسته‌وخۆ چوومه داونينگ ستريت و له كاتژمێری هه‌شت و چاره‌گ، چاوم به (ستيڤ وۆڵ) كه‌وت و نامه‌كه‌م دايه ده‌ستی و ئه‌ويش به‌ڵێنی دا كه‌وا به زووترين كات وه‌ڵامم بداته‌وه. ديسان وۆڵ جه‌ختی له ههستياريی مهوقيفهكهيان كردوه‌وه و گوتيشی كه‌وا ئه‌گه‌رچی جۆن مێجه‌ر له پشوودانه، به‌ڵام به‌رده‌وام ئاگاداری دهنگوباسهكانه و له كاره‌ساتی كورده‌كان دڵگرانه، بۆيه‌ش ئه‌وه‌ی له ده‌ستی بێت تهخسيری ناكات.
وه‌ڵامی ثاتچهر
ئۆليڤه‌ر مۆرس ژماره‌ی ته‌له‌فۆن و فاكسی مارگرێت ثاتچهری ده‌ست كه‌وت، و به‌رله‌وه‌ی نامه‌كه‌م بنێرێ، په‌يوه‌ندی پێمه‌وه كرده‌وه تاوه‌كو بۆ دواپرسم پێ بكات، نه‌وه‌ك له به‌ر ڕووداوه خيراكان پلانمان گۆڕيبێ. منيش سوپاسم كرد و داوام لێ كرد به كه زووترين كات به فاكس بۆ ثاتچهر بنێرێ. هه‌مان ڕۆژ، (ئهيبل هادن)ی سكرتێری ڕۆژنامهوانيی ثاتچهر، وه‌ڵامی پێگه‌يشتن و پێزانينی داينهوه، و به‌ڵێنی دا وه‌ڵامی سهرۆكهكهيمان (به ئا يان به نا) به مسۆگه‌ری بداته‌وه. دياره ئه‌و ڕۆژه ثاتچهر سه‌رقاڵ بوو، وهيان ويستی بير له بابه‌ته‌كه بكاته‌وه، بۆيه وه‌ڵامی نهداينهوه. من تا ڕاده‌يه‌ك به‌وه دڵگران بوو بووم و ترسم له‌وه بوو كه‌وا ثاتچهر خۆی به دووره په‌رێز بهێلێته‌وه، وه دوودڵ بێ چونكه له نزيكه‌وه كوردی نهناسيوه و دڵنيا نيه كه ئايا ئێمه ئيستيغلالی ئه‌و په‌يوه‌نديه به خراپی وهيان به چاكی ده‌كه‌ين. بۆيه، سه‌رله‌نوێ پهويوهندیم به هادن ه‌وه كرد و ماوه‌ی بيست ده‌قيقه له سه‌ر ته‌له‌فۆن پاشكۆی بابه‌ته‌كه و نيازی خۆمانم بۆ شێ كرده‌وه، و وه‌عده‌م پێ دا كه‌وا داواكاريهكانمان هه‌ر ئه‌وانه‌ن كه له‌نامه‌كه‌دا نوسراون، و هه‌وڵده‌ده‌ين له چوارچێوه‌ی ئێتيك و ئهخلاقيهتی سياسی ئه‌و ڕێكه‌وتنه دهرنهچين. پرسياری هادن زۆر ڕاسته‌وخۆ بوو. گوتی ئێوه ده‌تانه‌وێ ثاتچهر چيتان بۆ بكات. منيش پێم ڕاگه‌ياند كه‌وا، يه‌كه‌م: بێته به‌رامبه‌ر كاميرا و هانی حكومه‌تی به‌ريتانی و ئه‌مه‌ريكی بدات بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه له سه‌ددام بگرن و كۆڕه‌وه كورده‌كان بپارێزن. دووه‌م: په‌يوه‌ندی شه‌خسی ڕاسته‌وخۆ به جۆن مێجه‌ر و جۆرج بوش بكات و داوايان لێبكات كه حيسابێكی تايبه‌ت بۆ حاڵی كوردان بكه‌ن و ئاوڕێكی جيددی له كێشه‌ی كوردی بده‌نه‌وه، و به ڕاستهوخۆيی سه‌ركرده و نوێنه‌رای بزوتنه‌وه‌ی كوردی ببينن. ئيتر ديار بوو كه‌وا هادن به‌وه دڵنيا بوو و وه‌عده‌ی دا كه‌وا ئه‌و پهيامه تازه‌يه بگه‌يه‌نێته ثاتچهر، و خۆيشی هانی بدات كه به‌بێ دوودڵيهوه پشتگيری له كورد بكات. ئه‌و ڕۆژه تێپه‌ڕی و وه‌ڵاممان بۆ نه‌هاته‌وه. زۆر له قه‌له‌ق دا بووم چونكه زۆر هيوام به هه‌ڵوێستی ثاتچهر هه‌بوو و ده‌شمزانی كه‌سی تر به قه‌ده‌ر ئه‌و كاريگه‌ر نابێ. بۆيه‌ش، هه‌موو توانام له هێنانی ئه‌ودا بۆ ناو شانۆكه ڕه‌خساندبوو.
چوارشه‌ممه، سێی ئه‌پريل
كاتژمێر ٧ی سه‌رله بهيانيهكهی، من و (دۆگلاس هاگ)ی جێگری وه‌زيری ده‌ره‌وه‌ی به‌ريتانی له ديمانه‌يه‌كدا له‌سه‌ر (سكای نيوز) كهوتبوينه به‌رامبه‌ر يه‌كتر. هاگ جه‌ختی له‌سه‌ر مهوقيفی ڕه‌سمی وڵاته‌كه‌ی كرده‌وه و گوتی "كێشه‌ی نێوان كورد و سه‌ددام كێشه‌يه‌كی ناوه‌كيه، و بۆ به‌ريتانيا نيه كه‌وا ته‌ده‌خول له كێشه‌ی ناوه‌كی وڵاتێكی خاوه‌ن سياده بكات". منيش به توڕه‌ييه‌وه، ئۆبالی تاوانی سه‌ددام و كاره‌ساتی كۆڕهوم خسته ملی هاوپه‌يمانه‌كان و ملی كه‌مته‌رخه‌می و بێ ههڵوێستهتی حكومه‌تی به‌ريتانی. گوتم: "ئه‌وه كاره‌ساتێكی مرۆڤكرده و له ئه‌نجامی شه‌ڕی كوه‌يت و بانگه‌وازی سه‌رۆك بوش و سياسه‌تی مێجهرهوه په‌يدا بووه."
دوای ئه‌و ديمانه، وه‌عده وابوو كه بۆ نيوه‌ڕۆ ديمانهيهكی تر له‌گه‌ڵ (بی بی سی) ئه‌نجام بده‌م. په‌يوه‌نديم به ئۆليڤه‌ر مۆرس كرد و نيازی ئه‌وه‌م پێ راگه‌ياند كه‌وا ئه‌گه‌ر ثاتچهر وه‌ڵامی نهداينهوه، ئه‌وا من له بی بی سی قسه ده‌كه‌م و ده‌ڵێم كه‌وا ثاتچهر پشتگيری له مافی مرۆڤی كورد كردوه و ناره‌حه‌ته به سياسه‌تی نامرۆڤانه‌ی جۆن مێجه‌ر و جۆرج بوش. گرنگ نه‌بوو به‌ڵامه‌وه ئايا دوای ئه‌وه ثاتچهر زوير ده‌بێ وهيان، له خراپترين حاڵه‌ت دا، دێته سه‌ر ته‌له‌فزيۆن و ده‌لێ من ئه‌و قسه‌يه‌م نه‌كردوه. به‌ڵام من پشت ئه‌ستوور بووم به‌وه‌ی كه‌و ثاتچهر بۆی ناكرێ له‌و ڕۆژه ههستيارهردا، كه ته‌واوی ڕای گشتی به‌ريتانی له‌گه‌ڵ ئاوارهكاندايه، بێته ده‌ره‌وه و پشتگيری خۆی له سياسه‌تی دڵڕه‌قانه‌ی حكومه‌تی به‌ريتانی ده‌رببڕێ و نوێنه‌رێكی ئاواره‌كان به درۆدهربخاتهوه. بۆيه، به متمانه‌وه، داوام له ئۆليڤه‌ر مۆرس كرد كه‌وا به ناڕاستهوخۆيی ئه‌و پهيامه بگه‌يه‌نێته ئهيبل هادن، هه‌تا ببێته فشارێك له‌سه‌ر ثاتچهر. ئۆليڤه‌ر ڕای له‌و هه‌ڵوێسته‌م نه‌بوو، ده‌ترسا به زۆر له‌سه‌رمان بكه‌وێ و حيسابی بۆ په‌يوه‌ندی و متمانه‌ی نێوان خۆی و هادن ده‌كرد. به‌ڵام من پێم ڕاگه‌ياند كه‌وا ئێمه له حاله‌تی خنكان داين و كاتی ئه‌وه‌مان نه‌ماوه گوێ بده‌ينه هه‌ڵوێستی ناسك و ترسی دواڕۆژ. به‌بيرم هێنايه‌وه كه‌وا دوێنێ و ئيمڕۆ شاری سلێمانی كه‌وتۆته ژێر گوشاری ڕژێم و له مه‌ودای چه‌ند كاتژمێرێكدا خه‌ڵكی سلێمانی وه‌ك هی كه‌ركوك و هه‌ولێر و دهۆك ده‌كه‌ونه ئه‌و ده‌شت و چيا سارد و سه‌خته‌وه. بۆيه، ههڕهشهكهم له‌جێگه‌ی خۆيه‌تی و ئه‌گه‌ر پێويست بوو، ئه‌و جۆره هه‌ڵوێسته دهنوێنم.
كاتژمێر دوازده و نيو بوو، كه ئۆليڤه‌ر مۆرس ته‌له‌فۆنی بۆ كردم و گوتی: "قسه پڕ له ههڕهشهكانتم به هادن گه‌ياند، و ئه‌ويش له‌دوای ماوه‌يه‌كی كه‌م په‌يوه‌ندی پێ كردمه‌وه و ده‌ڵێ ثاتچهر ڕازيه بۆ ئه‌وه‌ی بتان بينێ، به‌ڵام نازانێ ئايا ئێوه به چی سيفهتێك بۆ لای دێن". ثاتچهر گوتبووی كه‌وا نايه‌وێت سه‌ركرده‌ی سياسی كوردی ببينێ، چونكه خۆی له حكومه‌ت نه‌ماوه و مه‌سئوليه‌تی ده‌سه‌ڵاتی سياسی به‌جێ هێشتوه، وه ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ سياسه‌تمه‌داری بێگانه دابنيشێ و هه‌ڵوێست بنوێنێ، ئه‌وا به ته‌ده‌خول حيساب ده‌كرێ، و به‌وه خۆيشی و حكومه‌تی ميجهريش ئيحراج ده‌بێ.
منيش پێشنيازم كرد كه‌وا به‌ناوی وه‌فدی "كۆمه‌ڵه‌ی زانستی و پزيشكی كورد" و وه‌فدی " ئافره‌تانی كورد" سه‌ردانی ده‌كه‌ين. ئۆليڤه‌ر ديسان ئه‌و په‌يامه‌ی به هادن گه‌ياند، و زۆری پێ نه‌چوو خه‌به‌ری هێناوه كه‌وا ثاتچهر به‌و وه‌فده ڕازيه، و له كاتژمێر سێی و نيوی پاش نيوه‌ڕۆدا چاو‌ڕێی سه‌ردانمانه. بۆ زياده ته‌ئكيد، هادن داوای دووباره ناردنه‌وه‌ی نامهكهمانی كرد به مۆری سه‌رۆكی وه‌فده كورديهكهوه. له‌سه‌ر ڕۆشنايی ئه‌و داوايانه، به‌خێرايی نامه‌كه‌ی پێشترم ده‌ستكاری كرد و به ناوی كۆمه‌ڵه‌ی زانستی و پزيشكی كورد (به مۆری خۆم وه‌ك سه‌رۆكی وه‌فده‌كه) و به‌ناوی ئافره‌تانی كورد (به مۆری سوندوس عه‌لائه‌ددين ی خێزانم) بۆم فاكس كرده‌وه. كۆپی ئهسليهكهشم له ناو زه‌رفێك دانا تاوه‌كو (وه‌ك عاده‌ت و پڕۆتۆكۆل) له كاتی ديداردا بيدهمه ده‌ست خودی ثاتچهر.
ئه‌وجا كه‌وتمه بير كردنه‌وه ئايا كێ له‌گه‌ڵ خۆم ببه‌م. هه‌ڵبه‌ت له‌به‌ر داواكه‌ی ثاتچهر، نابێ سه‌ركرده سياسيه‌كان ببه‌ين. ئه‌وكاته‌ش ڕێكخراوێكی سياسی تايبه‌ت به ئافره‌تان له به‌ريتانيا نه‌بوو. ده‌بوايه يه‌كێك ببه‌ين كه‌وا بتوانێ به ئینگليزی، شان به شانی ثاتچهر له‌به‌رامبه‌ر كاميرای كه‌ناڵه‌كاندا، بدوێ. بيرم له‌وه كرده‌وه كه‌وا هه‌ندێ ئافره‌تی لاو و هه‌ندێ منداڵی بچوك به جلی كورديه‌وه ببه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی ڕووكه‌شی مرۆڤانه و تايبهتمهندێتی كوردیان پێ به‌ده‌ر كه‌وێ. له مه‌ودای نيو كاتژمێردا، به په‌يوه‌ندی ته‌له‌فۆن، پێنج ئافره‌تی خێزانه دۆست و خزمه‌كان و سێ منداڵيشيان ئاماده‌ييان نيشان دا. ئه‌وانه: (شه‌هلا عومه‌ر)ی براژنم و (ڕه‌نج قاسم عه‌لائه‌دين)ی كوڕی؛ و (دڵكه‌ش) خان و دوو منداله‌كه‌ی (بان‌و به‌ختيار و ميران به‌ختيار)؛ وه (هاژه) و (ئه‌ستێره) و (ناز)ی كچانی به‌كر ڕه‌زا. ئه‌گه‌رچی نامه‌كان به ئيمزای (سوندوس)ی خێزانم پێوه بوو، به‌ڵام خۆی له‌به‌ر نه‌ساغی نه‌يتوانی له‌گه‌ڵمان بێت. داوام له ئافره‌ته‌كان كرد كه‌وا كاتژمێر دوو و نيوی پاش نيوه‌ڕۆ، به‌بێ دواكه‌وتن و به جلی كوردی ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌وه، له (مه‌ڵبه‌ندی ڕۆشنبيری كوردی)دا ئاماده ببن.
له‌و نێوانه‌دا ته‌له‌فۆنم بۆ زۆربه‌ی كه‌ناڵه ته‌له‌فزيۆنی و ڕۆژنامه‌كان كرد، و داوام له ئۆليڤه‌ر مۆرس و دێنيس كاميرون و جۆن فۆران كرد هه‌مان كار ئه‌نجام بده‌ن و خۆيشيان له نزيك ماڵی ثاتچهر بمانبينن. ئيتر له كاتی دياريكراودا چوومه مه‌ڵبه‌ند بۆ ديده‌نی وه‌فدی ئافره‌ت و منداڵه‌كان، به‌ڵام ته‌نيا شه‌هلا و ڕه‌نج ئاماده بوون و ئه‌وانی تر له‌به‌ر دووری ماڵيان و ترافيكی سه‌رجاده، دواكه‌وتن. به ته‌له‌فۆن داوام له‌وان كرد كه‌وا يهكسهر بچنه ماڵی ثاتچهر له (17, Great College Street) ی ناوچه‌ی ڤيكتۆريا. پهيامێكيشم بۆ مارگرێت ثاتچهر نارد كه‌وا ڕه‌نگه چارهگهسهعاتێك دوا بكه‌وين.
كه گهيشينه ئه‌وێ، كاميرای زۆربه‌ی كه‌نال و ڕۆژنامه‌كان له به‌رده‌م ماڵی ثاتچهر چاوه‌ڕێمان بوو. ئافره‌ت و منداڵه‌كان به تاكسيهك، له كاتژمێر سێ و چل ده‌قيقه گه‌يشتينه به‌رده‌م ماڵی ثاتچهر. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و دواكه‌وتنه زه‌ره‌رمه‌ند بوو، چونكه كه‌ناڵه‌كان ده‌يانه‌ويست وێنه و فليمی ديدهنيهكان به زيندوويی له كاتی دياريكراوداپهخش بكه‌ن. به‌ڵام ئه‌وه نه‌گونجا، و لهجياتيان په‌له‌يان له ديمانه‌ی ثاتچهر كرد بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌كان به يهكسهريی بگه‌يه‌ننه ئيزگهكان بۆ په‌خش كردنيان له كاتی دهنگو باسی كاتژمێر (پێنج و چل)ی كه‌ناڵی (ئای تی ڤی)، و كاتژمێر شه‌شی (بی بی سی).
ديده‌نی ثاتچهر
له‌گه‌ڵ گه‌يشتنمان، مارگرێت ثاتچهر ده‌رگه‌ی ماڵه‌كه‌ی كرده‌وه و به‌ره پيرمانهوه هات و يه‌ك يه‌ك تۆقه‌ی له‌گه‌ڵدا كردين. يهكسهريش رووی كرده كاميراكان و كه‌وته قسه كردن له‌گه‌ڵ ميدياكان، و هانی دان كه‌وا ئه‌وه‌ی له ده‌ستيان بێت بيكه‌ن بۆ يارمه‌تيدانی كورده‌كان. له قسه‌كانيدا گوتی: "بڕيارم دا ئه‌و خه‌ڵكه ببينم چونكه پێويستيان به يارمه‌تيه و لێيان قه‌وماوه. ئه‌ركی هه‌موو كه‌سێكه كه يارمه‌تيان بدات، و پێويست به چاوه‌ڕێكردنی ڕۆتينهكان ناكات، و پێويست به قسه‌كردن ناكات، پێويسته ههريهكهمان له شوێن خۆيه‌وه بكهويته كۆمه‌ك كردن و يارمهتيدان". ڕووی له چه‌ند ڕۆژنامه نووسێك كرد و گوتی: "ئه‌ی ئێوه پياو نين، ده‌بڕۆن بكه‌ونه كاركردن بۆ ئه‌وه‌ی يارمه‌تيان بده‌ن. ئه‌وانه نان و ئاو و گه‌رمايی و جێگه‌ی حهوانهوهيان ده‌وێ".
پاشان ثاتچهر، ڕه‌نج و بان‌و و ميرانی به پێش خۆی دا‌و گوتی بڕۆن چوكۆلات بخۆن. ديار بوو له‌ولاوه كاسهيهكی پڕ له چوكولات دانرابوو. پێشوازی له ئێمه‌ش كرد، و به‌ره‌و ژووری دانيشتنی بردين. يه‌كه‌مجار ثاتچهر ڕووی كرده ئافره‌ته‌كان و لێی پرسين ئايا خزم و كه‌ستان له‌نێو ئاواره‌كاندا هه‌يه؟ ئايا كه‌ی خۆتان له‌وێوه هاتوون؟ دڵكه‌ش هه‌ڵی دايهو "گوتی دووساڵه له‌وێوه هاتوم و خۆم خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌م". منيش به‌بير ثاتچهرم هێناوه كه‌وا هه‌ڵه‌بجه ئه‌و شاره‌يه كه به كيمياباران بۆردومان كراوه. ئه‌ويش گوتی: "به‌ڵێ ده‌زانم، له ساڵی ١۹٨٨دا بوو، وانيه؟".
ئه‌وجا نامه‌كه‌ی كه پێشتر به فاكس ديبووی، دامه ده‌ستی، و گوتم (سوندوس) نه‌يتوانی بێ به‌ڵام منی ڕاسپارد كه له جياتی هه‌ردوو ڕێكخراودا پێتی بگه‌يه‌نم. ئه‌ويش هه‌ر بۆ ڕێز لێنان، دووباره خوێنديه‌وه، و گوتی: " ئه‌وه تراجيديايه و نابێ لێی بێده‌نگ ببين. زۆر بهزهييم به‌و منداڵانه ده‌هاته‌وه كه له به‌ر سه‌رما دهلهرزين و له‌و به‌فره‌دا بێ ئاگر و نان و ئاو بوون. پێويسته به هه‌موو لايه‌كمان يارمه‌تيان بده‌ين".
ئۆليڤه‌ر مۆرس، كه به دوامانه‌وه هاتبوه ژووره‌وه، گوتی من بهريتانيمه و يارمهتيانم داوه، و ئيشارهتی بۆ هه‌ندێ له داواكانی ئێمه كرد. ئه‌وجا ثاتچهر ڕووی له‌من كرد و ويستی گوێ بيستی هه‌ڵوێستی كوردی بێ.
منيش كه‌وتمه قسه‌و گوتم:
"خه‌ڵكی عيراق له فڕسهتێك ده‌گه‌ڕان له ڕژێمی سه‌ددام ڕزگاريان ببێ، بۆيه ڕاپه‌ڕينی عيراق ته‌قينه‌وه‌يه‌ك بوو، به‌بێ پلان و ده‌ستێوه‌ردان بوو. له كوردستانيش، پێشمه‌رگه و حيزبه سياسيه‌كان له دوای ڕووداو كه‌وتنه ڕێكخستنی خه‌ڵك و پڕ كردنه‌وه‌ی ئيداره‌ی كوردستان. به‌ڵام له كاتی هێرشی له‌شكری ڕژێم، پێشمه‌رگه‌كان خۆيان له خه‌ڵك جيا كردبۆوه، هه‌تاوه‌كو هێزه‌كانی سوپای عيراق له خه‌ڵكی بێ چه‌ك نه‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌و كاره سوودی نه‌بوو و چونكه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ڕژێم كه‌وته بۆمبابارنی ژن و منداڵ و پيری سيڤيل".
لێره‌دا ثاتچهر هه‌ڵی دايه و گوتی: "به‌ڵێ ده‌زانم، سه‌ددام هه‌ر به خه‌ڵكی لاواز ده‌وێری".
له قسه‌كانم به‌رده‌وام بووم و گوتم:
"ئه‌وه‌ی كه سه‌ددام له ماوه‌ی حه‌وت مانگدا له به‌ڕچاوی دونيا به كوهيتی كرد، ئه‌وه ٢۳ ساڵه به خاڵكی عيراقی كردوه. ئێمه‌ی كوردی عيراق ئه‌وه‌نده ساڵه له‌ژێر ئه‌و زه‌بره بووين. ئێستاش داوامان هه‌ر بۆ سه‌ربه‌ستی و سهربهرزيه (freedom and dignity)، نه‌ك بۆ جيابوونهوه له عيراق، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بيانوانهی كه به هۆيانه‌وه خه‌ڵكانێك پشتيان تێ كردوين. ئێمه نامانه‌وێ عيراق پارچه پارچه بكه‌ين، به‌لكو ته‌نيا مافی خۆمان ده‌وێ، جا ئه‌گه‌ر له عيراق ده‌ستمان كه‌وێ يان به بێی عيراق. بۆيه‌ش ئێمه موسته‌هه‌قی ئه‌و ئه‌شكه‌نجه و كوشتاره نين كه‌وا له‌به‌ر چاوی دونيادا ديكتاتۆرێك وا به ميلله‌تێكی ئاشتيخواز ده‌كات، و له‌ماڵ و حاڵی خۆيان دهرياندهپهڕێنی و ده‌يانكوژێت".
ثاتچهر پرسی "ئايا تا چی ڕاده‌يه‌ك كورد عيراقيه؟". له وه‌ڵامدا گوتم:
"تا ئه‌و ڕاده‌يه‌ی كه سكۆتلهنديهك بهريتانيه. وه‌لائی كوردێك بۆ عيراق له هی سكوتلهنديهك بۆ به‌ريتانيا كه‌متر نيه، ئه‌گه‌ر له عيراقدا حيسابی هاوڵاتی پله يهكی بۆ بكرێ". ثاتچهر پێكه‌نی و گوتی: "پێشتر بيرم له‌و مهسهلهيه نه‌كردبوه‌وه!".
ئه‌وجا به‌رده‌وام بووم له قسه و گوتم:
"ئێمه داوای لادانی سه‌ددامتان لێ ناكه‌ين، وه داوای يارمه‌تی عهسكهريشتان لێ ناكه‌ين. داوای كارێكی موستهحيل وهيان موعجيزهشتان لێ ناكه‌ين. داواتان لێ ناكه‌ين كه‌وا هه‌ڵوێست له دژی سياسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی به‌رزی به‌ريتانی وهيان ئه‌مه‌ريكی ده‌رببڕن. به‌ڵكو داواكانمان هه‌مووی له چوارچێوه‌ی ڕێكه‌وتن نامه و پڕۆتۆكۆلی شه‌رعی جيهانیدايه. داواكانمان ئه‌وانه‌ن: ئه‌و كوشتاره‌ی خه‌ڵكی سيڤيلی، خێزان و ژن و منداڵ و پير، ڕابگرن، ونههێلن كه حكومه‌ت هه‌ليكۆپته‌ر هه‌ڵسێنێ. ئه‌وه‌ش به‌گوێره‌ی ڕێكه‌وتن و په‌يمانی شه‌ڕ ڕاگرتنی نێوان عيراق و هاوپهيمانهكانه كه له داوی ڕزگار كردنی كوه‌يت مۆر كراوه. هه‌روه‌ها به گوێره‌ی قانونی مافی مرۆڤ و سه‌لامه‌تی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی (Civil Right)ی نه‌ته‌وه يهكگرتوهكان. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پێويسته خۆت به شه‌خسی په‌يوه‌ندی به سه‌رۆك وه‌زيران جۆن مێجه‌ر و سه‌رۆك بوش ه‌وه بكه‌يت. به داخه‌وه جه‌ژنی ئيستهر كاری لێمان ئاڵۆز كردوه و ئێستاش جۆن مێجه‌ر و جۆرج بوش خۆيان له ميديا و له ڕێگا پهيوهنديهكانهوه شاردۆته‌وه. ئێمه پێويستيمان به تۆيه كه‌وا ده‌ست بده‌يته ته‌له‌فۆن و به ڕاسته‌وخۆ په‌يوه‌نديان پێوه بكه‌يت و په‌يامی ئێمه‌یان پێ بگه‌يه‌نی. ئه‌گه‌ڕ خاوه‌ن شكۆ و پايه به‌رزێكی وه‌ك تۆ نه‌بێت، ئه‌وان هه‌ردوكيان هه‌وڵه‌كان پشتگوێ ده‌خه‌ن. پێويسته فشار بخرێته سه‌ر توركيا و ئێران بۆ ئه‌وه‌ی سنووره داخراوهكانيان له ڕووی په‌ناهه‌نده كۆڕهوهكاندا بكه‌نه‌وه. يارمه‌تی خواردن و ده‌رمانيان بۆ دابين بكرێ، و دواييش بگه‌ڕێندرێنه‌وه سه‌ر ماڵ و حاڵيان. ئه‌وه‌ش به حكومه‌تی به‌ريتانی و ئه‌مه‌ريكی نه‌بێ به‌كه‌سی تر ناكرێ. ده‌بێ حكومه‌تی به‌ريتانی و ئه‌مه‌ريكی ڕێگاچاره‌سه‌رێكی درێژخايه‌ن بۆ كيشه‌ی كوردی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دابنێن. حه‌زيش ده‌كه‌ين به گوێره‌ی ئهزموونتانهوه، ئامۆژگاری خۆتان بۆ سه‌ركرده‌كانی كوردی پێش كه‌ش بكه‌ن، ئايا چی بكه‌ن باشه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران و بڕياردهرانی به‌ريتانی و ئه‌مه‌ريكی له نزيكه‌وه تێيان بگه‌ن؟ ئايا ده‌كرێ كارێكی وا بكه‌يت كه‌وا سه‌ركرده‌كانی پارتی كۆنزيرڤهتيڤ و حكومه‌تی به‌ريتانی به ڕاستهوخۆيی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ی سياسی كوردی دابنيشن، واته ديمانهيهكی تايبه‌ت له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زيران و وه‌زيری ده‌ره‌وه بڕه‌خسێنی؟"
ثاتچهر گوتی:
"خه‌ڵكه‌كه‌تان (واته ئاواره‌كان) هه‌ر ده‌بێ بگه‌ڕێنه‌وه وڵاتی خۆيان. شێتكی باشه كه‌وا ئێوه داوای جيا بوونه‌وه له عيراق ناكه‌ن، وه بێ گومان مرۆڤ ته‌نيا به‌دوای سه‌ربه‌ستی و سهربهرزيه و له‌وه زياتری ناوێ. له‌دوای ئه‌وه‌ی كه ئێوه ده‌ڕۆن، من ده‌كه‌ومه په‌يوه‌ندی كردن به حكومه‌ت و سه‌رۆك وه‌زيران، و داوای ناردنی يارمه‌تيان لێ ده‌كه‌م، و داوا ده‌كه‌م كه‌وا زۆر به تووندی شه‌رته‌كانی شه‌ڕ ڕاگرتن به‌سه‌ر سه‌ددام دا بسه‌پێنين. ئێوه‌ش بڕۆن (ليندا چۆكهر)ی وه‌زيری يارمه‌تيدانی ده‌ره‌وه ببينن و داوای كۆمه‌كی لێ بكه‌ن. سه‌باره‌ت به ئامۆژگاری كردنتان، ئێوه به‌رده‌وام بن له ديده‌نی ڕووبه‌ڕووی خه‌ڵك و سياسه‌تمه‌داران و قهزيهكهتانيان بۆ ڕوون بكه‌نه‌وه".
سه‌ره‌ڕای جه‌خت كردنم، ثاتچهر وه‌عده‌ی نه‌دا كه‌وا په‌يوه‌ندی به جۆرج بوش ه‌وه بكات، به‌ڵام گوتی بزانم چۆن ده‌بێ و ئه‌وه‌ی له ده‌ستم بێت بۆتانی ده‌كه‌م. ئه‌وجا زۆر به گه‌رمی به‌ره‌و ده‌رگا به‌ڕێی كردين. ثاتچهر ويستی ديسانه‌وه له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌وانه‌كان بدوێ، به‌ڵام (ئهيبل هادن) به‌رده‌می گرت و گوتی باشتره ته‌نيا كورده‌كان بچنه به‌رده‌م كاميرا. ئه‌وجا له‌به‌ر ده‌رگا من كه‌وتمه قسه كردن له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌وانه‌كان و باسی لێدوان و تێك گهيشتنهكهم كرد و ستايشی هه‌وڵه‌كانی خاتو ثاتچهرم كرد و جه‌ختم له گرنگی ته‌ده‌خولی حكومه‌تی به‌ريتانی و ئه‌مه‌ريكی كرده‌وه. كه ڕۆژنامه‌نوس و كاميراكان ڕۆيشتن، داوای ديتنه‌وه‌ی ئهيبل هادن م كرد و سه‌رم به ده‌رگاكه‌ی ماڵه‌كه‌دا شۆر كرده‌وه، له‌و كاته‌دا ثاتچهر له‌سه‌ر ته‌له‌فۆن بوو و خۆی به‌ده‌ستی ئيشارهتی بۆ كردم، به‌و مانايه‌ی كه‌وا خه‌ريكی لێدوانه له‌گه‌ڵ جۆن مێجه‌ر. منيش چاوه‌ڕێم كرد هه‌تا ته‌واو بوو، و له به‌ر ده‌رگاكه له‌گه‌ڵ جۆن فۆران و ئۆليڤه‌ر مۆرس و دێنيس كاميرۆن ڕاوهستاين و كهوتبووينه شێ كردنه‌وه‌ی قسه‌كان و ڕووداوه‌كان.
دوای كه‌متر له ده ده‌قيقه، ئهيبل هادن هاته ده‌ره‌وه و پێی گوتين كه‌وا خاتو ثاتچهر جۆن مێجه‌ری ده‌ست كه‌وت و زۆربه‌ی داواكانی ئێوه‌ی پێ گه‌ياند. له‌وكاته‌دا، كه پاش نيوهڕۆيهكی دره‌نگی ڕۆژی چوارشه‌ممه بوو، جۆن مێجه‌ر له ناو ئوتومبيلهكهی بوو به‌ره‌و گۆڕه‌پانی (چهلسی) ده‌چوو تاوه‌كو ياری فتبۆڵێنی تيمهكهی ببينێ. هه‌ر له‌ناو ئوتومبێلهكهدا، ثاتچهر و مێجه‌ر ڕێكه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌وا به بێ دواخستن و هه‌ر ئه‌و ئێواره‌يه هه‌ڵوێستی حكومه‌تی به‌ريتانی بگۆڕدرێ و يارمه‌تی فرياكه‌وتن بۆ توركيا بنێردرێ. ثاتچهر به مێجه‌ری گوتبوو كه‌و ئه‌و كاره‌ساته ده‌ستكرده له كاتی هه‌ڵبژاردنی داهاتووی (مانگی مايس)دا له‌سه‌ر پارتی كۆنزێرڤهتيڤ زۆر ده‌كه‌وێ، بۆيه پێويسته كه‌وا حكومه‌ت بديترێ كه‌وا گرنگی به لايه‌نی مرۆڤايه‌تی ئه‌و قه‌زيه‌يه ده‌دات. گوتبوی كه‌وا ده‌بێ كۆنزێرڤهتيڤهكان پايه‌ی به‌رزی ئه‌خلاقی وه‌ده‌ست بهێنن و له هه‌ڵبژاردندا شانازی پێوه بكه‌ن.
هه‌رله‌و گفتۆگۆيهدا، جۆن مێجه‌ر دوو به‌ڵێنی به ثاتچهر دا: يه‌كه‌ميان، كه‌وا به بڕی بيست مليۆن پاوه‌ند يارمه‌تی ته‌رخان بكات و له ڕێگه‌ی ليندا چۆكهرهوه بينێرێت. بايی مليۆنێك له‌وانه، په‌توو و ده‌رمان به يهكسهری (له‌و شه‌وه‌دا) له سه‌ر پشتی فرۆكهيهكی عه‌سكه‌ری به‌ڕێ بكرێ بۆ سه‌ر سنووری عيراق و توركيا. دووه‌م به‌ڵێنی دا كه به‌وه‌نده لێی نه‌گه‌ڕێ و چاره‌سه‌رێكی بنه‌ڕه‌تی بۆ كۆڕه‌وی كورده‌كان بدۆزێته‌وه. مێجه‌ر ئيشارهتی بۆ هه‌ڵوێستی نێگه‌تيڤی ئه‌مه‌ريكی كردبوو و وه‌عده‌ی دابوو كه‌وا له‌گه‌ڵ جۆرج بوش له‌و باره‌وه بدوێ.
پێش ئه‌وه‌ی ماڵی ثاتچهر به‌جێ بهێلم، داوام له ئهيبل هادن كرد كه‌وا له جياتی ئێمه مه‌سه‌له‌ی په‌يوه‌ندی كردنی جۆرج بوش به بيری خاتو ثاتچهر بهێنێته‌وه‌و خه‌به‌رم بداته‌وه. له‌وێوه به ئوتومبيل، منداڵ و ئافره‌ته‌كانم گه‌يانده‌وه مه‌ڵبه‌ندی ڕۆشنبيری كورد و خۆشم چوومه‌وه به‌رده‌م باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ريكی هه‌تا هه‌واڵه‌كان بگهيهنمه براده‌رانی شه‌ونخون. هه‌تا من گهيشتمێ، خه‌به‌ريان بۆ چوو بوو، و له كه‌ناڵی هه‌موو ته‌له‌فزيۆن و سهتهلايتهكاندا وێنه‌ی ثاتچهر له‌گه‌ڵ وه‌فده‌كه‌مان په‌خش كرابوو. ئه‌وه ببوه مايه‌ی دهنگدانهوهيهكی جيهانی و گه‌شبينی زۆربه‌ی كورده‌كان. ئێواره چاوپێكه‌وتنم له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی (ئای تی ڤی) و (بی بی سی) و (سكای نيوز) كرد.
به ڕێكه‌وت، ديسان له‌گه‌ڵ (دۆگلاس هاگ) له سه‌ر كه‌ناڵی (بی بی سی نيوزنايت) كهوتينهوه به‌رامبه‌ر به‌يه‌كتر. ئه‌وجاره‌يان من پێويستيم به‌وه نه‌بوو هيچ بهرگريهك له مافی كورد بكه‌م، چونكه هاگ خۆی باسی كاره‌ساتی مرۆڤايه‌تی و ئه‌ركی سه‌رشانی حكومه‌تانی باس ده‌كرد و ده‌يگوت كه‌وا سه‌ددام چه‌ند پياوێكی خراپه!