ئەو عێراقەی پێشتر دەمانناسی، ئیتر نەما

دلاوەر عەلائەدین

رووداو 21-06-2014

گرنگی و كاریگەریی داگیركردنە سەرسوڕهێنەرەكەی زۆرێك لە ناوچە سوننەنشینە‌كانی عێراق لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) ەوە، زۆر زیاترە لەوەی كە بەچاو دەبینرێ. ئەو قەیرانەی ئێستا كە‌ رووی‌ لە هەڵكشانە، نیشانەی شكستی دەوڵەتی عێراق و شكستی سیاسەتەكانی حكومەتی عێراق و قووڵیی ئەو زەلكاوەیە كە وڵاتەكە تێیكەوتووە. گومانی تێدا نییە كە حوزەیرانی 2014 دەبێتە خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی عێراق و چارەنووسەكەیدا.

سەركردە و سیاسەتمەدارانی عێراقی كە دەمێكە رێگەی پێشڤەچوونیان ون كردووە، دەبێت لە ئاستێكی بەرزی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم قەیرانە بكەن و چارەنووسی وڵاتەكەیان دیاری بكەن. هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكانیش كە تا ئێستا دوودڵ بوونە، ئەگەر مەبەستیان پاراستنی ئاسایش و بەرژەوەندیی نیشتمانی خۆیان بێت، دەبێت چاو بە سیاسەتەكانی خۆیاندا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بخێشننەوە. لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەوە‌ دەكەن؟

حوزەیرانی 2014 دەبێتە خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی عێراق و چارەنووسەكەیدا

چۆن داعش گەیشتە ئێرە؟

لە كۆتایی 2012 دا بوو كە داعش لە سووریا جێ پێی خۆی كردەوە. هەرزووش هەنگاوی نا هەتا خۆی وەك كیانێكی سیاسی ناساند و سیستمێكی فەرمانڕەوایەتی سەپاند. بە بەدەستهێنانی خاك و خەڵك و پارە، داعش بووە هێزێكی گەورەی گۆڕانكاری و یاریكەرێكی بەرچاو لەنێو ئۆپۆزسیۆنی سووریادا. دواتر بووە هێزێكی توندوتۆڵ و شەڕكەری ئەوتۆ كە توانای پەلهاویشتنی بۆ عێراق پەیدا كرد.

چەندین فاكتەری نێوخۆیی و هەرێمی دەرفەتیان بەخشییە داعش. لە عێراقدا بوونی دەوڵەتێكی لاواز و شكستخواردوو زەمینەیەكی بەپیتی بۆ گەشەكردنی داعش لە سێگۆشەی سوننیدا خولقاند و رێگەی بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی دەسەڵات لەو ناوچەیەدا خۆشكرد. رێبەرینەكردنی ئەو ناوچەیە لەلایەن ئەمریكاوە‌ و بەكارهێنانی عێراق لەلایەن ئێرانەوە وەك ئامرازێكی پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانی بەڕووی ئەمریكا و ئیسرائیلیشدا هۆكاری دیكە بوون.

سەركەوتنی ئەمجارەی داعش، بووە هۆی ئیحراجیی بۆ بەڕێز مالیكی

ئەوەی سەیر بوو، شەڕەكانی پێشووتری ناو شاری فەللوجە لە نێوان داعش و سوپای عێراق سوودی بۆ بەڕێز مالیكی زۆر بوو و لە هەڵبژاردنەكاندا ‌دەنگێكی بەرچاوی شیعەكانی پێ مسۆگەر كرد. ئەو شەڕانە هەروەها لە خزمەت ئەجێندای ئێرانیشدا بوون لە ناوچەكەدا، بەوەی فشاری داعشی لەسەر رژێمی بەشار ئەسەد سووك كردبوو. وای كردبوو كە شەڕی داعش زیاتر ببێتە خەمی عێراق و سوپا و ئیمكاناتی ئەو دەوڵەتەی لەدژ بخاتە كار. بەڵام سەركەوتنی ئەمجارەی داعش، بووە هۆی ئیحراجیی بۆ بەڕێز مالیكی و بووە هۆی ئاڵۆزبوونی كێشەكانیش بۆ ئێران. داعش توانی، بە رێبەریی ئەفسەرانی سوپای پێشوو و پشتیوانیی تۆڕی رێكخستنەكانی حیزبی بەعس و لە ئامێزگرتنیان لەلایەن خێڵە سوننیە فەرمانڕەواكانی جارانەوە، زەبرێكی نیمچە كوشندە لە عێراق و نیزامی ریزبەندیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدات.

وێنە گەورەكەی پرسەكە

دەیان ساڵ‌ بوو سیستم و نیزامی ریزبەندیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر و مەنگ بوو، دیكتاتۆرانی دڵڕەق بە مستەكۆڵەی ئاسنین فەرمانڕەوایی خەڵكیان دەكرد. داگیركردنی كوێت لەلایەن عێراقەوە، چانسی دایە ئەمریكا تا جڵەوی رێبەری وەربگرێت و نیزامی ریزبەندییەكانی پێشوو بگۆڕێت. بوون و كاریگەریی ئەمریكا رووداوەكانی دواتری ‌ناوچەكەی دیاری كرد‌ كە كۆتاییەكەی بە لادانی رژێمی سەدام حوسێن هات و رێگەشی بۆ سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی خۆشكرد. بەڵام ئەزموونی عێراق بۆ هێزە داگیركەرەكان ناخۆش و خوێناوی بوو، بیرەوەرییەكانیشی هەر بە تاڵی دەمێنێتەوە. وا دەركەوت دۆخی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر لەوە ئاڵۆزترن كە بە پرۆسەیەكی سادەی سەربازیی چارەسەر بكرێن.

ئەزموونی عێراق بۆ هێزە داگیركەرەكان ناخۆش و خوێناوی بوو

هێزە ناوچەییەكانی وەك ئێران و هێزە نێودەوڵەتییەكانی وەك سەلەفییە جیهادییەكان بە پشتیوانی عەرەبە دەوڵەمەندەكانی كەنداو توانییان ئەمریكا ماندوو بكەن و هێزەكانی لە عێراق وەدەرنێن. لەوەش خراپتر سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ئۆباما بوو كە برینەكەی بۆ ئەمریكا قووڵتر كردەوە و وای كرد كاریگەری و هەیبەتی ئەمریكا لە ناوچەكەدا لاوازتریش ببێت. لەلایەكی دیكەوە، ئێرانیش بووە تاكە بڕیاردەر و رێبەری سیاسی بۆ عێراق و سووریا و دەیەوێت راڕەوی رووداوەكان لە خزمەت ئاسایشی نیشتیمانی خۆیدا بن.

بە نیسبەت ئێرانەوە پەلهاویشتنی داعش لە سووریا تەحەمول دەكرا و جێگەی قەبووڵ بوو، چونكە ئۆپۆزسیۆنی سووریای پەرت و لاوازتر دەكرد، هەروەها پەلهاویشتنی پێشووتری داعش بۆ عێراقیش لە چوارچێوەیەكی سنووردار دیسان تەحەمول دەكرا و مایەی قەبووڵ كردن بوو، چونكە بەغدای پایتەخت و حكومەتی عێراق كە لەدەست شیعە هاوسۆزەكانی ئێراندانە لەژێر مەترسیدا نەبوون و پشتێنەی هەژموونی ئێرانی (تاران- بەغدا – دیمەشق - باشووری لوبنان) لە مەترسیدا نەبوو. بەڵام سەركەوتنی ئەمجارەی داعش لە عێراقدا، بۆ ئێران زەنگی مەترسییە و وادەكات چالاكییەكانی زیاد بكات. وەك دەگوترێت ئێران چەند یەكەیەكی سوپای قودسی ناردووە بۆ پشتیوانیی سوپای ورە رووخاوی عێراق. خۆ ئەگەر ئەمریكاش بەشداریی بكات و تەنانەت لەشێوەی چەند بۆمبارانێكی هەواییدا بێت، ئەوا هەموو ئەمانە وادەكەن دۆخەكە ئاڵۆزتر بێت و جەنگی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێ پەیدا ببێ.

سەركەوتنی ئەمجارەی داعش لە عێراقدا، بۆ ئێران زەنگی مەترسییە

داعش لە عێراق

داعش لە عێراقدا چاوی لەوەیە كە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی فراوان بكات. شاری گەورە و شارۆچكەی بچووكی بە شێوەیەكی ئاسان، ئەگەر نەڵێین بێ شەڕ، كۆنترۆڵ كردووە. ئەم ئاسانییە نیشانەی پشتیوانیی كۆمەڵایەتی‌ (خێڵەكان و خەڵكی سڤیل)ە بۆ داعش. ئەو خەڵكەی لە مووسڵ ئاوارەبوونە، لە ترسی تۆڵەكردنەوەی حكومەتی عێراق هەڵاتوون، دەنا ژیانیان تاڕادەیەك بەشێوەیەكی ئاسایی لەژێر دەسەڵاتی داعش دەستپێدەكاتەوە. داعش نەچوو شارەكان كاول بكات و خەڵكی سڤیل سەربڕێ، بەڵكو لەبری ئەوە هات دەستی بەسەر بانكەكان و بارەگا سەربازییەكان و ئوتومبێلە پڕ چەكەكان و بارەگا كارگێڕییەكاندا گرت. ئەوان ئێستا دەوڵەمەندترین رێكخراوی تیرۆریستین لە جیهاندا و دەیانەوێت فەرمانڕەوایەتی سێگۆشەیەك بكەن كە زۆرینەی رێگا گرنگەكانی هاتوچۆ و ناردنی نەوت و پاڵێوگەكانی نەوت و بەشێكی بەرچاوی سامانە سروشتییەكانی عێراقی تێدا هەڵكەوتووە.

ئەگەر سەركردەكانی داعش ستراتیجیزانی زیرەك بن، خۆیان لە بڵاوكردنەوەی هێزەكانیان و هێرشی بەرفراوانی خوارتر بەدوور دەگرن و خۆیان لە شەڕی دراوسێ بەهێزەكەیان لە كوردستان (بە ناوچە جێناكۆكەكانیشەوە) دەپارێزن، لەبری ئەوە دەسەڵاتی فەرمانڕەوایەتییان لەو ناوچانەی كە دەستیان بەسەردا گرتوون بەهێز دەكەن و وا دەكەن مەحاڵ بێت حكومەتی عێراقی بتوانێت كۆنترۆڵیان بكاتەوە. لە ئەنجامی ئەوەشدا دەسەڵاتی داعش و بەعس لە سێگۆشەی سوننیدا دەبێتە واقیع و ئیدی دەبێت كورد و عەرەب و تورك خۆیان لەوە رابهێنن و مامەڵەی لەگەڵدا بكەن.

سوپای عێراق توانای شكستپێهێنانی داعشی لەدەستداوە و ئەو بڕە هەیبەت‌ و متمانەیەی كە جارانیش هەیبوو ئیتر نەیما. دیارە كە ئیدی عەرەب (شیعە بن یان سوننە) ئامادە نین لەپێناوی عێراقی نوێدا خۆیان بەكوشت بدەن. كوردیش هیچ هۆكارێك نابینن بۆ ئەوەی شەڕ لەپێناو مالیكیدا بكەن، ئەو كەسەی كە تا ئێستا هەر لە هەوڵی لاوازكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بووە و هێشتا نیەتی چارەسەركردنی قەیرانە ئابوورییەكەیانیشی پێشان نەداوە. كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش (بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاشەوە) چیتر هۆكار و مەبەستەكانی یارمەتیدانی عێراق بۆ سەركەوتن شك نابەن. عێراق زۆر لەوە بێسەروبەرتر بووە كە هیچ لایەنێك بیەوێ تێوەی بگلێت.

دەسەڵاتی داعش و بەعس لە سێگۆشەی سوننیدا دەبێتە واقیع

پارچەبوونی عێراق

لە رووە كردارییەكەوە،‌ رووداوەكانی ئەم چەند رۆژەی دوایی‌ عێراقیان دابەش كرد. پێشووتر خوێنڕێژییە ناوخۆییەكان و ململانێ سیاسییەكان و هەڵپەكردن بەرەو دەسەڵات، وڵاتەكەیان دابەش كردبوو. بەڵام ئێستا سیستمی فەرمانڕەوایی عێراق بەسەر سێ دەوڵەتی دیفاكتۆدا دابەش بووە كە نە متمانەیان بە یەكتری هەیە و نە خێریش بۆ یەكتری دەخوازن. رێگەی دەرچوونیش لەو ئاڵۆزی و بێسەروبەرییە شك نابرێت. سوپای عێراق چیتر توانای بەدەستهێنانەوەی ئەو ناوچانەی نەماوە كە لەدەستی داون. ئەگەر بشتوانێت یەك دوو شارۆچكە بەدەست بهێنێتەوە، نە دەتوانێ پشتیوانیی جەماوەرەكەی ئەو ناوە مسۆگەر بكات و نە دەتوانێت بۆ ماوەیەكی درێژ دەسەڵاتی لە سێگۆشەی سوننەدا بچەسپێنێت. جگە لەوە، گەندەڵی و لێكترازاویی لەنێو دامەزراوە كارگێڕی و سەربازی و سیاسییەكانی عێراقدا رێگر دەبن لە هەر دەستكەوتێكی خێرا یان سەركەوتنێكی گەورە بەسەر داعشدا.

كوردیش ئەم شەڕە وەك بەشێك لە شەڕی شیعە و سوننە دەبینن كە چەندین سەدەیە بەردەوامە و ئێستا لەلایەن مالیكی و بەعسییەكانەوە دیسانەوە گڕدراوەتەوە و لە دوور و نزیكەوە پەیوەندی بە پرسی كوردەوە نییە. بە پێچەوانەوە، ئەم شەڕە دەرفەتێك دەبێت بۆ لایەنە كوردییەكان تا ریزەكانیان رێكبخەن و هەوڵی بەدەستهێنانەوەی ئەو ناوچە جێناكۆكانە بدەنەوە كە رژێمی سوننی پێشووتر بە عەرەبی كردبوون و فەرمانڕەوایەتی شیعە دواتر نەیتوانی ئاساییان بكاتەوە.

ئەم شەڕە دەرفەتێك دەبێت بۆ لایەنە كوردییەكان تا ریزەكانیان رێكبخەن

بەڵام كورد دەبێت خۆی لە ورووژاندنی رای گشتی و نێگەتیڤانەی عێراق بەدوور بگرێ. دەبێت بشزانێ كە بۆ كەس مومكین نییە بتوانێ پێكەوەژیانێكی ئاشتیخوازانە و ئاسوودە لەگەڵ سێگۆشەی سوننی بەڕێبەرایەتی داعش مسۆگەر بكات. دەبێت سەركردەكانی كورد جۆرە رێككەوتنێكی فەرمی لەگەڵ حكومەتی بەغدا بكەن كە بەهۆیەوە بە رەزامەندیی بەغدا حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆنترۆڵی سەرجەم ناوچە دابڕێنراوەكان بكات و بە فەرمی و یاسایی ببێتە شوانی ماددەی 140ی دەستوور، لە جیاتی ئەوەی بە پێچەوانەوە بێ. ئەو دەرفەتەش‌ بقۆزێتەوە كە بەهۆیەوە سەربەخۆییەكی زیاتری ئابووری مسۆگەر بكات بەبێ ئەوەی نەخشەی عێراق بگۆڕێت. ئەمە مامەڵەی براوە و براوە دەبێت لەنێوان هەردوولادا و بە دڵنیاییەوە هەریەكە لە توركیا و ئێران و ئەمریكاش پشتیوانی لێدەكەن. بەوانەش، لەو قۆناغە هەستیارەدا و بەبێ ئەوەی دوژمن بۆ كورد زیاتر بكرێت، كوردستان هەنگاوێكی مەزنی دیكە لە سەربەخۆیی نزیك دەبێتەوە.

ئەو عێراقەی پێشتر دەمانناسی، ئیتر نەما