كه ڕۆژی ئۆباما هه‌ڵات مانگه‌شه‌وی كورد ئاوا ده‌بێ
به‌شی دووه‌م
ئايا هه‌ڵوێستی كورد له گفتوگۆی ئه‌مه‌ريكا و ئێران چی ده‌بێ؟
دلاوەر عەلائەدین
هاوڵاتی 1-2-2009
ئێران خێرا خه‌ريكی په‌يداكردنی بۆمبی ئه‌تۆميه و ئيسرائيل له‌و جۆره ئاينده‌يه تۆقيوه. ئه‌گه‌ر ئێران ڕێگه‌ی لێنه‌گيردرێت، له‌وانه‌يه به‌ر له ته‌وابوونی ماوه‌ی سه‌رۆكايه‌تی باڕاك ئۆباما يه‌كه‌م بۆمب دروست بكات و پارسه‌نگی هێزه ناوچه‌يی و جيهانيه‌كان تێكبدات. بۆيه مه‌سه‌له‌ی چه‌كی ئه‌تۆمی ئێرانی بووه‌ته چه‌قی سياسه‌تی ده‌ره‌كی ئيداره‌ی تازه. له به‌شی يه‌كه‌م (هاوڵاتی ژماره ٤۹٤) ئيختياره‌كانی به‌رده‌م ئه‌مه‌ريكا و ئيسرائيل تاوتوێ كران، و تێيدا ئاماژه كرا كه ئۆباما مه‌جبوور ده‌بێ له يه‌كه‌م قۆناخ‌دا ملی ڕێگه‌ی گفتوگۆی ديپلۆماسی بگرێته به‌ر، و ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌يان سوودی نه‌بوو ئه‌وجا ڕێگه‌ی توندوتيژی و هێرشی ئاسمانی بگرێته به‌ر. له‌و به‌شه‌ی دووه‌مدا باس له شێوازی گفتوگۆ و ده‌وره‌دانی ئێران كراوه و كاريگه‌ری ئه‌نجامه‌كانيشی له‌سه‌ر دۆزی كورد تاوتوێ كراون. ئيختياره‌كانی به‌رده‌م سه‌ركرده‌كانيش بۆ كاری ده‌ستپێشكه‌ری و كاردانه‌و‌ه پێشنياز كراون.
ده‌وره‌دانی ئێران
زياتر له سێ ساڵه ئيسرائيل و ئه‌مه‌ريكا پلانی لێدانی ئێرانيان له‌به‌رده‌مدايه، به‌ڵام به مه‌جبووری هه‌ڵيانپه‌ساردوه و ملی ئابلۆقه و ڕێگاچاره‌ی ديپلۆماسیان گرتۆته‌به‌ر. ئه‌وه‌ش مانای ئه‌وه‌نيه كه پلانه‌كان زيندوو ناكرێنه‌وه، به‌ڵكو له‌مه‌ودوا ئيسرائيل و ئه‌مه‌ريكا له چه‌ندين لاوه و به‌ته‌نيسقه‌وه له ئاماده‌باشی به‌ڕده‌وامدا ده‌بن. ڕێگه‌ی ده‌چيێتێ كه مه‌سه‌له‌ی لێدانی حه‌ماس له غه‌زه وه‌ك پێشينه‌يه‌ك بۆ قوتكردنی ده‌ستی درێژی ئێران له چوارچێوه‌ی هه‌مان گه‌مه‌دابووبێ. خۆ له دوای كشانه‌وه‌ی له‌شكری ئه‌مه‌ريكی له عيراق و پته‌وكردنی بنكه‌كانيان له ئه‌فغانستاندا، مه‌ترسی هێرشی ئێرانی له‌سه‌ر ئيسرائيل و ئه‌مه‌ريكا زۆر كه‌متر ده‌بێ. هاوكات له ڕێگه‌ی ته‌كنۆلۆجيا و ئامڕازی عه‌سكه‌ری تازه‌بابه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ريكا هه‌ولدات توانای به‌رگری و هێرشكردنی عه‌سكه‌ری ئيسرائيلی و وڵاته كه‌نداويه‌كانيش به‌رز بكاته‌وه. ئيتر به‌وانه له موعه‌ڕه‌زێتی ئه‌مه‌ريكا و ئيسرائيل كه‌م ده‌بێته‌وه و له توانای به‌رگری له‌خۆ كردنی ئێرانيش كه‌متر ده‌بێته‌وه. بۆيه‌ش مه‌سه‌له‌ی لێدانی ئێران ديسان ده‌كه‌وێته‌وه سه‌ر مێزه‌كه.
ئه‌گه‌ر بۆ فشاری ديپلۆماتی بێ وه‌يان بۆ پێشه‌كی ليدان، ئيداره‌ی ئۆباما پێويستی به‌وه‌يه كه پاڵپشت و ئه‌ڵته‌رنه‌تيڤه‌كانی ئێران كه‌م بكاته‌وه. ئه‌وه‌ش پێويستی به كاری ديپلۆماسی چڕ و گفتوگۆی هه‌مه‌لايه‌نه و ڕێكه‌وتننامه‌ی تازه له‌گه‌ڵ هه‌موو هێزه ناوچه‌يی و نێوده‌وڵه‌تيه په‌يوه‌نديداره‌كان ده‌بێت.
ڕوسيا
په‌يوه‌ندی نێوان ئه‌مه‌ريكا و ڕووسيا ده‌مێكه كرژ بووه و له چه‌ندين شانۆدا تووشی به‌ره‌نگاری ديپلۆماتی بوونه. له ڕاپۆرتێكدا، كه ئێستا له‌به‌رده‌می (كاونسلی ئاسايشی فيد‌ڕاڵی ڕووسيا) دايه بۆ ئه‌وه‌ی له ٢٠/٢/٢٠٠۹ بڕياری له‌سه‌ربدرێ، هاتووه كه‌وا ئه‌مه‌ريكا نه‌يار و هێزی ململانێكه‌ری سه‌ره‌كيه بۆ ڕوسيا. پێشبڕكێی ئه‌مه‌ريكا و ڕوسيا له‌سه‌ر نفوز و نه‌وت و بازاڕی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ڕۆژهه‌ڵاتی دووره. وڵاته كه‌نداويه عه‌ڕه‌به‌كان ناوچه‌ی نفوزی ئه‌مه‌ريكان، و ڕوسيا ده‌يه‌وێ ئێران له به‌رامبه‌ردا ببێته پاسه‌وانيان له ناوچه‌كه. ڕووسه‌كان په‌يوه‌ندی نێوان خۆيان و ده‌وڵه‌تی ئێران به ستراتيژی ده‌زانن، و له چه‌ندين بواره‌وه ڕێكه‌وتننامه‌يان له‌گه‌ڵدا مۆر كردوه. ڕوسيا به نيازه سێ هه‌زار (۳٠٠٠) كرێكار و پسپۆڕی ئه‌تۆمی بۆ كارگه‌ی (بوشه‌هر)ی ئێرانی بنێرێ، و ڕۆكێتی (ساڕوخی) دژه ئاسمانی (S-300) و به‌رهه‌می گازونه‌وتی پاڵێوراويش (له ڕێگه‌ی ئه‌رمينياوه) به ئێران بفرۆشێ. ئيتر جێگه‌ی سه‌رسوڕمان نيه كه ڕووسه‌كان پشتی ئه‌مه‌ريكايان له نه‌ته‌وه يه‌كگرتووه‌كان له دژی ئێران نه‌گرت . به‌بێ منه‌ت و بێ مه‌رج به‌رده‌وامن بوون له هاوكاری كردنی ئێران و شكاندنی ئابلۆقه ده‌وليه‌كه‌ی سه‌ری.
سه‌ركرده‌كانی ڕوسيا له ڕه‌خنه‌كانی ئه‌مه‌ريكی سه‌باره‌ت به غيابی ديموكراسيه‌ت له وڵاته‌كه‌يان ناڕه‌حه‌تن. وه له پشتگيری ئه‌مه‌ريكی بۆ جۆرجيا و ئۆكڕانيا، و نيازی ڕاكێشانيان بۆ ناو (ناتۆ) ناڕازين. وه له مه‌سه‌له‌ی چاندنی چه‌كی ئه‌تۆمی ئه‌مه‌ريكی له ئه‌وروپای ڕۆژهه‌ڵات (له پۆڵۆنيا و كۆماری چيك) نيگه‌رانن. ئه‌و ململانێ و كرژيه‌ی نێوان هه‌ردوولا خه‌ريكه كه‌شی شه‌ڕی ساردی چه‌رخی ڕابوردوو زيندوو ده‌كاته‌وه.
به‌ڵام باڕاك ئۆباما بۆی نا‌كرێ ئه‌و په‌يوه‌نديه به‌و كرژيه بهێلێته‌وه و له هه‌مان كاتدا داوای هاوكاری له ئابلۆقه‌دانی ئێران بكات. بۆيه، له‌وانه‌يه چاوپۆشی له ديكتاتۆريه‌تی (مافيا ئاسايی) ڕوسی بكات و فشاری سياسی له‌سه‌ر كه‌م بكاته‌وه. هه‌ڵبه‌ته ڕوسه‌كان ده‌ست له ئێران هه‌ڵناگرن به‌ڵام حه‌زيش ناكه‌ن ئێران چه‌كی ئه‌تۆمی ده‌ستكه‌وێ، بۆيه‌ش ڕه‌نگه به مه‌رج و خه‌ڵاته‌كانی ئه‌مه‌ريكا ڕازی ببن و له ئابلۆقه‌دا نيمچه به‌شداريه‌ك بكه‌ن و له حاڵه‌تی لێدانيشدا بێ ده‌نگ ببن. ڕوسيا هه‌ر له ئێستاوه باديره‌ی نيازچاكی نيشانی ئۆباما داوه، و له چوارشه‌ممه‌ی ڕابوردوودا (٢٨/١/٢٠٠۹) بڕياری دا كه واز له پلانی چاندنی چه‌كی ئه‌تۆمی به‌رامبه‌ر (له كالينينگرادی نزيك پۆڵۆنيا) بهێنێ.
چين
وڵاتی چين له گه‌شه‌يه‌كی بێ پێشينه‌ی پيشه‌سازيه و پێويستی به نه‌وتی ئێرانيه. له‌و چه‌ند ساله‌ی ڕابوردوودا، زياتر له سه‌داپازده‌ی نه‌وتی چينی (بايی حه‌وت مليار دۆلار) له ئێرانه‌وه هاوردبوو. هاوكات به‌قه‌ده‌ر ئه‌و پاره‌يه‌ش شتومه‌ك و ته‌كنۆڵۆژيا و ئامرازی پيشه‌زازی و نه‌وتی و عه‌سكه‌ری پێ فرۆشتوه. له‌وانه، ته‌كنۆڵۆژيای (ڕۆكێتی بۆڵيستی و ڕۆكێتی كڕوز)، كه له توانای به‌رگری و هێرشبه‌ری ئێرانی زياد كردووه. له دوای ئه‌ڵمانيا، چين دووه‌مين فرۆشياری مه‌زنه بۆ بازاری ئێران، كه له مه‌ودای ئه‌و هه‌شت ساڵه‌ی ڕابوردوودا به‌هاكه‌ی له سێ مليار دۆلاره‌وه گه‌يشتۆته زياتر له بيستوپێنج مليار دۆلار، و به‌وه خه‌ريكه ئێران ببێته سعوديه‌ی چين.
چين هه‌ر له زووه‌وه په‌يوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی له‌گه‌ڵ ئێران به‌رده‌وام كردوه و گوێی نه‌داوه‌ته ئابلۆقه‌ی ئابووری و عه‌سكه‌ری سه‌پێنراو. له نه‌ته‌وه يه‌كگرتوه‌كاندا، پشتی ئه‌مه‌ريكای له دژی ئێران نه‌گرت و ئێستاش له نوێكردنه‌وه‌ی ئابلۆقه و له كاتی لێدانيدا، زه‌حمه‌ته به‌شداری بكات. به‌ڵام ئه‌وه‌ش مانای ئه‌وه نيه كه چين ڕازی ده‌بێ به‌وه‌ی ئێرانێكی ئيسلامی توندڕه‌و بۆمبی ئه‌تۆمی ده‌ست بكه‌وێ. لێره‌دا ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ريكا بتوانێ چين ڕازی بكات و سه‌رچاوه‌ی ئه‌ڵته‌رناتيڤی نه‌وتيشی بۆ مسۆگه‌ر بكات، ئه‌وا له كاتی گفتوگۆدا و له كاتی ته‌نگانه‌ی شه‌ڕدا هيچ نه‌بێ بێلايه‌ن ده‌بێ.
توركيا
ئه‌مه‌ريكا له‌مه‌ودوا پێويستی به توركيا زۆر ده‌بێت، و له‌وانه‌يه ڕۆڵێكی زۆر له جاران مه‌زنتری له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پێ بدات. ئه‌مه‌ريكا و ئيسرائيل پێويستيان به‌وه ده‌بێت كه‌وا توركيا له پلانه‌كانيان به‌شدار بێت و په‌يوه‌نديه‌كانيشی به سوريا و لوبنان لاواز بكات. خۆ ئه‌گه‌ر كار گه‌يشته سه‌ر لێدانی ئێران، ئه‌وا ئه‌مه‌ريكيه‌كان پێويستیان به بنكه‌كانی ناو توركيا ده‌بێ و ئيسرائيليش پێويستی به هاوكاری توركی ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ی ئاسمانی بۆ فڕۆكه هێرشبه‌ره‌كان بكاته‌وه. ده‌مێكيشه فرۆكه‌وانه‌كانی ئيسرائيلی له ناوچه ئاوی و وشكانيه‌كانی توركی مه‌شقی سه‌ربازی و ئاسمانی ده‌كه‌ن.
حكومه‌تی توركی به ڕه‌وت ئيسلاميه و له‌چه‌ندين موناسه‌به‌دا هێرشی ئيسرائيلی بۆ سه‌ر حه‌ماس مه‌حكوم كردوه. له ڕابوردوودا توركيا هاوكاری ئه‌مه‌ريكای بۆ لێدانی عيراق نه‌كرد، و له‌و دواييه‌ش په‌يمانی له‌گه‌ل ئێران به‌ستووه كه له دژی يه‌كتر هاوكاری لايه‌نی سێيه‌م نه‌كه‌ن. وه له ڕێگرتن له هاتوچۆی حه‌شيشه‌و ده‌رمان، و له پاراستنی يه‌كێتی خاكی عيراق و داپڵۆسينی كورد هاوكاری يه‌كتر بكه‌ن. له‌و چه‌ند ساڵه‌ی دواييدا له شه‌ڕی په‌كه‌كه و پژاك، به ڕاسته‌وخۆيی هاوكاری سياسی و عه‌سكه‌ری يه‌كتريان كردوه. هاوكات په‌يوه‌ندی ئابووری نێوان ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته له گه‌شه‌كردندايه. ساڵی بايی ده (١٠) مليار دۆلار ئالوگۆری بازرگانی له نێوانياندايه، كه له‌وانه‌يه له‌مه‌ودوا به‌ره‌و زياتريش بچێ. سالانه مليۆنێك توريستی ئێرانی سه‌ردانی توركيا ده‌كه‌ن و بايی چوار مليار دۆلار داهات بۆ توركيا دێنن.
به‌ڵام په‌يو‌ندی نێوان ئێران و توركيا نه‌بۆته هاوپه‌يمانێتيه‌كی ستراتيژی. توركيا ئه‌ندامێكی ئاكتيڤی (ناتۆ)يه و به‌رژه‌وه‌نديه ستراتيژيه‌كانی له‌وه‌دايه كه به هاوپه‌يمانێكی ستراتيژی ئه‌مه‌ريكی و ئه‌وروپی بمێنێته‌وه. وه له ئاسيای ناوه‌ڕاست و ده‌وڵه‌ته كۆنه سۆڤيه‌ته‌كاندا ببێته ده‌روازه‌یه‌ك بۆ ڕۆژئاوا. بۆيه له‌وناوچانه‌دا توركيا له‌گه‌ل ئێران له پێشبڕكێی نفوزدايه. توركيا نيازی په‌يدا كردنی چه‌كی ئه‌تۆمی نيه و هه‌وڵه‌كانی ئێران بۆ په‌يدا كردنی بۆمبی ئه‌تۆمی به مه‌ترسيه‌كی چاره‌نوس ساز ده‌زانێ. ئێرانيش توركيا به درێژه و ته‌واوكه‌ری ئه‌مه‌ريكا داده‌نێ و بنكه سه‌ربازيه‌كانی ئه‌مه‌ريكی به مه‌ترسی داده‌نێ، و په‌يوه‌ندی توركی به ئيسرائيل به مايه‌ی ناره‌حه‌تی ده‌زانێ.
ئه‌گه‌رچی حكومه‌تی ئێستای توركيا ئيسلاميه، به‌ڵام هێشتاش به‌رژه‌وه‌ندی وڵاته‌كه و فشاری ئه‌رته‌شی توركی به‌سه‌ر ئه‌و‌له‌ويه‌ته ئيسلاميه‌كانياندا زاڵه. بێ گومان له‌و حاڵه‌تانه‌دا، توركيا هاوكاری ئه‌مه‌ريكا به‌بێ به‌رامبه‌ر ناكات، باجی هاوكاريه‌كانيش له‌سه‌ر حيسابی كوردی باشور و باكور ده‌بێت. له باشووردا داوا ده‌كات خودموختاری هه‌رێمی كوردستان سنووردار بكرێ و ڕێگه‌ی نه‌درێ كه له قه‌واره‌ی به‌غدا ده‌ربچێ و له په‌يوه‌نديه نێوده‌وڵه‌تيه‌كاندا بڕياره‌كانی سه‌ربه‌خۆ بێت. داوا ده‌كات توركيا ڕۆڵێكی مه‌زنتری له ناو عيراق پێ بدرێ و به‌هۆيه‌وه هه‌وڵدات ڕێگه له پێكه‌وه به‌ستنه‌وه‌ی كه‌ركوك و هه‌رێمی كوردستان بگرێت. له باكوريشدا، توركيا بۆ خاتری لێدانی په‌كه‌كه داوای هاوكاری عه‌سكه‌ری و سياسی و موخابه‌ڕاتی له ئه‌مه‌ريكا ده‌كات، و داوا ده‌كات كه فشار بخرێته سه‌ر حكومه‌تی به‌غدا و حكومه‌تی هه‌رێم كه به‌شداری له ئابلۆقه‌دانی قه‌نديل و لێدانی په‌كه‌كه بكه‌ن.
ده‌وڵه‌ته عه‌ڕه‌بیه كه‌نداويه‌كان
به‌رژه‌وه‌نديه هه‌ره زيندووه‌كانی ئه‌مه‌ريكا له‌ناوچه‌ی كه‌نداوه. ئه‌و وڵاتانه سه‌رچاوه‌يه‌كی سه‌ره‌كی نه‌وت و گاز و بازاڕی كڕين و فرۆشتنن. بنكه‌ی عه‌سكه‌ری و سيخوڕی ئه‌مه‌ريكی له‌و وڵاتانه ڕۆڵێكی سه‌ره‌كی له چاودێری كردنی ئێران و تيرۆريزم و جموجۆڵی بڕيارده‌ره‌كانی ناوچه‌كه ده‌بينن. له‌كاتی شه‌ڕدا، بۆ ئه‌مه‌ريكا ناگونجێ كه ئه‌و شوێنانه به موعه‌ڕه‌زی بهێلێته‌وه، بۆيه هه‌وڵی پاراستنيان ده‌دات. ئێرانيش، زۆر به ژيرانه هه‌وڵی داوه له ڕێگه‌ی ئابووری و موخابه‌ڕاتی و كۆمه‌ڵايه‌تيه‌وه چه‌نگی له چاره‌نوسی ئه‌و وڵاتانه گير ببێ و ڕۆڵی ئه‌مه‌ريكی بنكۆڵ بكات. ئێستا ئێران حوكمی زلهێزێكی له‌و ناوچانه‌دا هه‌يه و خۆيشی به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری زيندووی تێدا چاندوون. بێجگه له دانيشتوانی شيعه‌مه‌زهه‌بی عه‌ڕه‌ب، ژماره‌ی جاليه‌ی ئێرانی له‌و وڵاتانه له هه‌موو بيانيه‌كی تر زياترن. له ڕووی عه‌سكه‌ريشه‌وه ئه‌وا جێگه‌ی باس نيه كه چه‌ند ئاسانه بۆ ئێران له هه‌ناوه‌وه گه‌وره‌ترين گورزی كوشنده‌يان لێبدات.
ئيتر دياره ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ش له‌نێو دوو ئاگری ئێران و ئه‌مه‌ريكادا سووتاون. له ده‌ستێوه‌ردانی ئێران بێزارن و له ئه‌گه‌ری به‌ئه‌تۆمی بوونی ئێران تۆقيون. له فشاره ئه‌مه‌ريكيه‌كان ناڕه‌حه‌تن و له حاڵه‌تی شه‌ڕيشدا خۆيان به موعه‌ڕه‌ز ده‌زانن. ئه‌وانه له ڕوكه‌شدا وايده‌رده‌بڕن كه نايانه‌وێ ئه‌مه‌ريكا له ئێران بدات، به‌ڵام له ژێره‌وه هاوكاری نهێنی ئه‌مه‌ريكا ده‌كه‌ن. بێ گومان هه‌ندێ له‌و وڵاتانه، وه‌ك سعوديه، له‌ناو كێشه‌كاندا گرنگی خۆيان هه‌يه و له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆكاندا ڕۆڵيان پێ ده‌درێ و حيساب بۆ بيروبۆچوونيان ده‌كرێ، ئه‌وه‌يش به گشتی له به‌رژه‌وه‌ندی كوردیدا نابێ.
سوريا
ده‌مێكه سوريا له گێژاوكی فه‌لسه‌فه‌ی نه‌ژادپه‌رستی و حوكمی ديكتاتۆری حيزبی به‌عس گلی خواردوه، و تا ئێستاش به ئه‌قليه‌تی شه‌ڕی سارد ده‌گوزه‌رێ. به‌ڵام گرنگی سوريا له‌وه دايه كه دراوسێی ئيسرائيله و له شه‌سته‌كانه‌وه له‌گه‌ڵيدا له حاڵه‌تی شه‌ڕدايه. له شه‌ڕی شه‌شڕۆژ‌ه‌ی ١۹٦٧دا شكستی هێنا و گردی جۆلانی لێ داگير كرا. ئه‌و گرده ئێستا بۆته سيمبوڵی خه‌باتی حيزبی حاكمی سوری. هاوكات ڕژێمی وڵاته‌كه له‌گه‌ڵ
هه‌موو وڵاته عه‌ڕه‌بی و ناعه‌ڕه‌به‌كانی ده‌وروبه‌ری و له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ريكا له ململانێدايه.
سه‌ره‌ڕای بچوكی و كه‌مده‌رامه‌تی و دوژمنزۆری وڵاته‌كه، كه‌چی سوريا توانيويه‌تی ببێته ياريكه‌رێكی كاريگه‌ر له سياسه‌تی ناوچه‌كه. ده‌سه‌لاتی له ناو لوبناندا بێ هاوتايه، و له فه‌له‌ستين و عيراقدا كاريگه‌ر و تێكده‌ره. له سه‌رده‌می شه‌ڕی عيراق و ئێرانيشه‌وه، بووه‌ته هاوپه‌يمانێكی ستراتيژی بۆ ئێران، و هاوكاری له بڵاوكردنه‌وه‌ی نفوزی ده‌وڵه‌تی ئيسلامی له لوبنان و فه‌له‌ستين كردوه. خۆيشی ئه‌خته‌بوتێك ده‌سه‌لاتی به‌سه‌ر حيزبوڵڵا و حه‌ماس و چه‌ندين لايه‌نی تری لوبنانی و فه‌له‌ستينیدا زاڵه، بۆيه هيچ كێشه‌يه‌كی ئه‌و ناوچه به‌بێ هاوكاری سوريا چاره‌سه‌ر ناكرێت.
ئه‌گه‌ر ئيسرائيل بيه‌وێ ده‌ستی درێژی ئێران قوت بكات و حيزبوڵڵا و حه‌ماس لاواز بكات، ده‌بێ له ڕێگه‌ی فشاری ئه‌مه‌ريكیه‌وه سوريا له ئێران جيا بكاته‌وه. بۆ ئه‌وه‌ش ئۆباما له ئاينده‌يه‌كی نزيكدا مه‌جبووره باڵی گفتوگۆ بۆ (به‌شارولئه‌سه‌د) بكاته‌وه، و له بڕی هاوكاریكردن به‌ڵێنی دروستكردنی په‌يوه‌ندی ديپلۆماتی پێ بدات. ئيسرائيليش ده‌مێكه ئاشكرای كردوه كه ئه‌گه‌ر سوريا گه‌ره‌نتی بدات و ببێته دراوسێيه‌كی هه‌ميشه ئاشتيخواز، ئاماده‌يه گردی جۆلانی بۆ بگه‌رێنێته‌وه.
دياره كه سوريا گرفتی ناوه‌كی و ده‌ره‌كی زۆره و په‌يوه‌نديه ئێرانيه‌كانی زۆر له‌سه‌ری كه‌وتوون، و پێويستی به‌وه‌يه كه په‌يوه‌ندی له‌گه‌ل ئه‌مه‌ريكا و توركيا و عيراق و ئوردون و ئيسرائيل هه‌بێ. حكومه‌تی سوری به پڕاگماتيك ناسراوه و هه‌رچی بۆ ڕژێم باش بێ به‌بێ دوودڵی ده‌يكات. له ساڵانی ١۹٨٠ هه‌تا ١۹٨٨ له بڕوای هيچ عه‌ڕه‌بێكدا نه‌بوو كه حكومه‌تێكی نه‌ژادپه‌رستی عه‌ڕه‌بی له سوريا پشتی ئێرانێكی فارسی له دژی ده‌وڵه‌تێكی تری عه‌ڕه‌بی بگرێت. له ساڵی ١۹۹١يشدا، سه‌رۆكی سوری ده‌ستی له‌ناو ده‌ستی ئه‌مه‌ريكا و هاوپه‌يمانه‌كانی تر نا بۆ ده‌ركردنی عيراق له كوه‌يت. له هه‌موو هه‌لێكيشدا سوريا قازانجی داريی و سياسی و عه‌سكه‌ری ده‌ست كه‌وتووه. بۆيه، ئه‌گه‌رچی ده‌مێكه سوريا له‌گه‌ڵ ئێران وا له هه‌ناوه‌وه تێكه‌ڵ بووه به‌ڵام له‌وانه‌يه به مه‌رج و خه‌ڵاته‌كانی ئه‌مه‌ريكا و ئيسرائيل ڕازی ببێ. هاوكات، يه‌كێك له داواكانی سوريا ئه‌وه ده‌بێ كه نفوزی له لوبنان كه‌م نه‌كرێته‌وه، ئه‌مه‌ريكا و ئيسرائيل ده‌ست له كاروباری ناوه‌كی سوريا نه‌ده‌ن، و له داپڵۆسينی كورده‌كانی ناو سوريا بێ ده‌نگ ببن، و ڕێگه‌ش نه‌ده‌ن كوردی عيراق كه‌ركوك و ناوچه‌كانی ژه‌نگار و ده‌وروبه‌ری موسڵیان ده‌ستكه‌وێ تاوه‌كو سوننه‌ی عه‌ڕه‌بی عيراقیان پێ لاواز نه‌بێت. هه‌روه‌ها داوا ده‌كات كه ڕێگه به باڵی حيزبی به‌عسی عيراقی سه‌ربه سوريا بدرێت كه بێته ناو عه‌مه‌ليه‌تی سياسی له به‌غدا، كه ئه‌وانيش ڕه‌وتی نه‌ژادپه‌رستيان له دژی ڕه‌وتی كورده.
ئيداره‌ی گفتوگۆكان و چاره‌نوسی كورد
له هه‌ندێ گفتوگۆ ناڕاسته‌وخۆكانی پێشتر، هه‌ندێ له سه‌ركرده‌كانی كورد به‌شداريان له كۆ بوونه‌وه‌كانی ئه‌مه‌ريكا و ئێران كرد ، به‌ڵام ڕۆڵيان ته‌نيا وه‌ك ناوبژيكه‌رێك بۆ ڕێكخستن و كارئاسانكردن و په‌يامهێنان و بردن بوو. له‌مه‌ودوا، ئه‌مه‌ريكا به ڕاسته‌وخۆيی ئه‌و كارانه ئه‌نجام ده‌دات. ئه‌گه‌ر له گفتوگۆ جيددی بێ، ئه‌وا ڕه‌نگه ديپلۆماتێكی ناودار له ئاستی خه‌ڵكانی وه‌ك (ڕيچارد هۆڵبڕوك) و (سيناتۆر ميتچل) دابنێ بۆ ئه‌وه‌ی به هاتوچۆی ديپلۆماتی مه‌كوكی هه‌ڵبستێ و پشتگيری ده‌وڵه‌ته گه‌وره و بچوكه‌كان مسۆگه‌ر بكات و ناوه‌ناو سه‌فه‌ری ئێرانيش بكات. دواتر له‌وانه‌يه ئه‌مه‌ريكا نوسينگه‌ی ديپلۆماتی له ئاستی نيمچه باڵوێزخانه‌يه‌ك له خودی ته‌هران بكاته‌وه. له‌و حاڵه‌تانه‌دا، گفتوگۆكان له ژووری داخراودا ڕوو ده‌ده‌ن و كورد له هه‌واڵه‌كان بێبه‌ش ده‌كه‌ن.
ئێران و ئه‌مه‌ريكا جه‌مسه‌ری مێزی گفتوگۆكان ده‌گرن، توركيا و وڵاته عه‌ڕه‌بيه‌كان و زلهێزه‌كانی تريش له كاتی پێويستدا ئاماده ده‌بن. ئه‌گه‌ر ڕێڕه‌وی گفتوگۆكان بگاته ده‌ره‌نجامێك كه هه‌موولايه‌ك تێدا براوه بێ، ئه‌وا گومانی تێدا نيه كه مه‌سه‌له‌ی كورد و عيراق له چه‌قی گفتوگۆ و ڕێكه‌وتننامه‌كاندا ده‌بێ و بڕيار له‌سه‌ر دواڕۆژ و چاره‌نووسیان ده‌درێ. له‌وه‌شدا، له غيابی ڕۆڵی كورد، ئه‌مه‌ريكا تاكه لايه‌نه كه جێگای ئومێدی سه‌ركرده‌كانی كورد بێ. مه‌ترسی گه‌وره‌ش هه‌ر له‌وه‌دايه، چونكه مێژووی په‌يوه‌ندی نێوان ئه‌مه‌ريكا و كورد هيچ جۆره دڵنياييه‌ك نابه‌خشێ. ئيداره‌ی ئۆباماش له ڕه‌فتاری سه‌ركرده‌كانی كورد ناڕازيه و په‌يامی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی بۆ ناردون به‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ڕه‌فتاری سياسی و شێوازی حوكمڕانیان له هه‌رێم و له عيراقدا نه‌گۆڕن ئه‌وا ئه‌مه‌ريكا له كاتی ته‌نگانه‌دا به‌رگری له كورد ناكات. خۆ مێزی گفتوگۆكانيش به نه‌ياره‌كانی كورد ده‌وره دراون و كێشه‌ی كورد خاڵی هاوبه‌شيانه. خودی ئه‌مه‌ريكاش تا ڕاده‌يه‌كی بێ سنوور له‌ژێر كاريگه‌ری لۆبی ئيسرائيليدايه و له دواقۆناخدا ئه‌وه‌ی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئيسرائيلی و ئه‌مه‌ريكی باش بێ هه‌ر ئه‌وه‌يان سه‌رده‌خه‌ن.
سياسه‌تی ئيسرائيل و ئه‌مه‌ريكا له به‌رامبه‌ر كورددا هاوشێوه‌يه. هه‌ردوولا پێويستیان به كورده و له‌هه‌مان كاتيشدا كورد به وه‌ره‌قه‌يه‌كی سه‌رفكردن داده‌نێن. به‌لای ئيسرائيله‌وه گرنگه كه هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی كيانێكی فيد‌ڕاڵی نيمچه سه‌ربه‌خۆ بێ، و ته‌واوی عيراقيش فيدڕالی بێ، چونكه به‌و هۆيه بايی ئه‌وه‌نده عيراق لاواز ده‌بێت كه جارێكی تر بۆ ئيسرائيل نا‌بێته سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه. به‌هه‌مان شێوه هێزه عه‌ڕه‌بيه نه‌ته‌وه په‌رسته‌كان و ئيسلاميه توندڕه‌وه‌كانی سوننه و شيعه له توانايان كه‌مده‌بێته‌وه. به‌ڵام له‌وه زياتر ئيسرائيل سه‌ربه‌خۆيی بۆ كورد ناوێ، چونكه له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆي‌دا نابينێ كه‌وا عيراق پارچه ببێ، و به‌هۆيه‌وه ده‌وڵه‌تی شعيی سه‌ربه ئێران له خواروو و ناوه‌ڕاستی عيراقدا دروست ببێ. ئه‌وه مانای به‌هێزبوون و فراوان بوونی ئيمپڕاتۆريه‌تی ئێرانه، كه سنووره‌كه‌ی له ئيسرائيل نزيك ده‌بێته‌وه و مه‌ترسی ڕاسته‌وخۆی عه‌سكه‌ری و ئابووری له‌سه‌ر خۆی و ده‌وڵه‌ته كه‌نداويه‌كان زياتر ده‌بێ.
سياسه‌تی ئه‌مه‌ريكا و ئيسرائيل له‌گه‌ل كوردی پارچه‌كانی تری كوردستانيش دڵنيايی نابه‌خشێ. هه‌ردوو لايان هاوكاری توركيايان له داپڵۆسين و شه‌ری په‌كه‌كه كردوه، و سه‌رۆكی په‌كه‌كه‌يان به ئه‌سيری ته‌سليم به توركيا كرد و به‌هۆيه‌وه گورزێكی نيمچه كوشنده‌يان له بزوتنه‌وه‌ی كوردی باكورد دا. له‌و چه‌ند ساڵه‌ی دواييشدا، هاوكاری عه‌سكه‌ری و موخابه‌ڕاتی و سياسی توركيايان بۆ لێدانی په‌كه‌كه و بۆردومانكردنی قه‌نديل كرد. گومانی تێدا نيه كه‌وا بۆ خاتری ڕاكێشانی ئێران و سورياش، ئاماده‌ن هه‌مان جۆره هاوكاری بكه‌ن و هه‌مان جۆره گورز له حيزبه كورديه‌كانی ئه‌و وڵاتانه بده‌ن.
كورد چی بكات
گفتوگۆكانی ئه‌مه‌ريكا و ئێران ته‌نيا دوو كۆتايیان لێ چاوه‌ڕوان ده‌كرێ. يان ئێران به‌رده‌وام ده‌بێ له دروستكردنی بۆمبی ئه‌تۆمی و له ئه‌نجامدا شه‌ڕ ده‌قه‌ومێ. له‌و حاڵه‌ته‌شدا نابێ به‌هيچ جۆرێك كورد لايه‌نگير بێ چونكه هه‌ردوو لايه‌ن توانای سزادانی كورديان هه‌يه. ده‌ره‌نجامی دووه‌م ئه‌وه‌يه كه ئێران ڕازی ده‌بێ به‌وه‌ی واز له چه‌كی ئه‌تۆمی بهێنێ و هه‌موو لايه‌نه‌كانی گفتوگۆ به براوه‌يی تێدا هه‌ڵبستن.
له قۆناخی گفتوگۆكردندا، پێويسته ته‌ركيزی كورد بكه‌وێته سه‌ر لۆبی كردنی بێ ووچان تاوه‌كو له ده‌نگوباس و گه‌شه‌كردنی گفتوگۆكان و بڕياره‌كانی هه‌ردوولايه‌ن ئاگادار بێ، وه به‌رده‌وام هه‌ڵبدات له به‌رزترين ئاستی ده‌سه‌ڵاتی زلهێزه‌وه كار بكاته سه‌ر ڕێڕه‌وی گفتوگۆ و پڕۆسه‌ی بيركردنه‌وه و بڕياردانی ئه‌مه‌ريكی. ده‌بێ لايه‌نی كوردی به‌ره‌يه‌كی يه‌كگرتووبێ و كاری پڕته‌نسيق بێ و هه‌وڵدات ببێته به‌شدارێكی چالاك له گفتوگۆكان. كارێكی وابكات كه هيچ لايه‌نێك نه‌توانێ به‌سه‌ر كورددا باز بدات، و بۆيان ئاشكرابێ كه هيچ كێشه‌يه‌كی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌بێ به‌شداری و ڕازی كردنی كورد سه‌رناگرێ. ئه‌گه‌ر كورديش په‌ڕاوێز كرا، ئه‌وا ده‌بێ ئاماده‌بێ كه كار له زلهێز تێك بدات.
كورد كارتی ياريكردنی له‌به‌رده‌مدايه، به‌ڵام ده‌بێ به ژيرانه به‌كاری بهێنێ، چونكه ناتوانێ به ئاسانی و به‌بێ ئه‌وه‌ی تووشی شه‌ڕی به‌ره‌نگاری ببێ كار له زلهێز تێك بدات. ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئالقه‌ی بيركردنه‌وه له شێوازی (ثينك تانك) دروست بكه‌ن و بكه‌ونه بيركردنه‌وه و ديراسه‌كردنی به‌رده‌وام و كاره‌كانيان به ته‌نسيقه‌وه له به‌رژه‌وه‌ندی باڵای كورد ئه‌نجام بده‌ن. پێويسته به‌ره‌يه‌كی سياسی فراوان بۆ نوێنه‌رايه‌ی كورد پێك بهێنن. ئه‌و جۆره پڕۆسه‌يه تا ئێستا له نێو كورد دا ئه‌نجام نه‌دراوه، به‌ڵام هيچ نه‌بێ حيزبه‌كان ده‌توانن ڕێك كه‌ون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه هيچ سه‌ركرده‌يه‌ك بۆی نه‌بێ له‌خۆيه‌وه بڕياری چاره‌نوس ساز بدات، وه‌يان له خه‌تی گشتی و به‌رژه‌وه‌ندی به‌رزی كورد ده‌ربچێ. له‌وجۆره ڕۆژگاره‌دا په‌يمانی مێژوويی له‌نێوان زلهێزه‌كاندا مۆر ده‌كرێ و ئاسانه به هه‌ڵه‌ی سه‌ركرده‌يه‌ك وه‌يان لايه‌نێكی كوردی ته‌واوی دۆزی كورد تووشی پاشه‌كشه ببێ. هه‌ڵبه‌ته، له گفتوگۆكاندا مه‌سه‌له‌ی كورد به يه‌كپارچه‌يی باسی لێوه نا‌كرێ، به‌ڵكو هێزه گفتوگۆكه‌ره‌كان به جيا باس له كێشه‌ی پارچه‌كانی كوردستان ده‌كه‌ن. حيزبه كورديه‌كانی ئه‌و چوار پارچه‌ش هيچ جۆره ته‌نسيقێكی شايانيان له‌نێواندا نيه، به‌ڵام پێويسته بۆ هه‌موو لايه‌ك ڕوون بێ كه‌وا بۆ هيچ حيزبێك نيه له‌سه‌ر حيسابی بزوتنه‌وه‌ی كوردی پارچه‌كانی تری كوردستان هاوكاری زلهێز و هێزه ناوچه‌ييه‌كان بكات. باجی ئه‌وجۆره خيانه‌ته نه‌ته‌وه‌ييه له‌سه‌ر سه‌ركرده‌كان و خه‌ڵكی كوردستان زۆر ده‌كه‌وێ.