ململانێی ئێران و ئه‌مه‌ریكا و سیناریۆكانی ئاینده
دلاوەر عەلائەدین
رووداو 13-01-2020
هارۆڵد ویلسن، سه‌رۆكوه‌زیرانی به‌ریتانیای پێشووتر، گوتوویه‌تی: "هه‌فته‌یه‌ك كاتێكی درێژه له سیاسه‌ت". به‌ڵام له سیاسه‌تی عێراق و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هه‌فته‌یه‌ك كاتێكی زۆر درێژتریشه، هه‌روه‌ك هه‌فته‌ی رابوردوو. كۆمه‌ڵێك بزوێنه‌ر له ناوچه‌كه‌ماندا هه‌ن كه له‌وانه‌یه رووداو و قه‌یرانی وه‌رچه‌رخێن له ساڵی (2020) بێننه كایه‌وه. بۆ پێشبینیكردن، ده‌كرێ چاو ببڕینه سێ پایته‌ختی په‌یوه‌ندیدار، به‌غدا و تاران و واشنتن كه بیركردنه‌وه و باری ده‌روونی بڕیارده‌ران له هه‌رسێكیاندا گۆڕانكاریی گه‌وره‌یان به‌سه‌ردا هاتووه.
عێراق
له ئه‌مڕۆوه تا كاتێكی نادیار، ململانێی نێوان خۆپیشانده‌ران و ده‌سه‌ڵات له به‌غدا و شاره‌كانی دیكه به‌رده‌وام ده‌بێ. دروستكردنه‌وه‌ی حكومه‌ت پڕ كێشه ده‌بێ. ئێستا نیه‌ته‌كه ئه‌وه‌یه كه حكومه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی هه‌تا كاتی هه‌ڵبژاردن و پێكهێنانی حكومه‌تی دواتر به‌رده‌وام بێ، واته ته‌واوی ساڵه‌كه هه‌ر خۆی سه‌رۆكوه‌زیران بێ، به هه‌مان تیم یان كابینه‌یه‌كی جیاوازه‌وه. هه‌رچه‌نده ئه‌وه له شه‌قامی عێراقدا قبوڵكراو نابێ، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی شیعه زۆر گوێی نه‌داوه‌ته رای شه‌قام، به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر موقته‌دا سه‌در و مه‌رجه‌عیه‌تی نه‌جه‌ف رازی بن یان بێده‌نگ بن. له دره‌نگانی ئه‌مساڵیشدا هه‌ڵبژاردنێكی وه‌رچه‌رخێنه‌ر به میكانیزمی نوێوه ده‌بێ ئه‌نجام بدرێ و ره‌نگه گۆڕانكاریی گه‌وره به‌دوای خۆیدا بێنێ.
ساڵی (2020) ململانێی ئێران و ئه‌مه‌ریكا له گۆره‌پانی عێراقدا به‌رده‌وام ده‌بێ و به‌هۆیه‌وه ئێران به شێوازێكی راسته‌وخۆتر هه‌ژموونی به‌سه‌ر بڕیاری عێراقیدا ده‌سه‌پێنێ. له ئه‌نجامی ئه‌و ململانێیه و كێشه ناوخۆییه‌كان، ده‌وڵه‌تی عێراقی له لاوازبوون به‌رده‌وام ده‌بێ، ته‌نیا ئه‌وه‌یه شكست ناهێنێ. عێراق له‌وه تێپه‌ڕیوه كه جارێ به ئیراده‌ی خۆی هه‌ڵسێته‌وه، تاكه فاكته‌رێك كه عێراقی وه‌ك ده‌وڵه‌تێك له ته‌پین و شكستخواردن پاراستووه بریتیه له پاڵپشتیی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی – به تایبه‌تی ئێران و ئه‌مه‌ریكا. ئه‌گینا عێراق له 2014 خه‌ریك بوو بته‌پێ، ئێستاش ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ده‌ستی لێ هه‌ڵگرێ شكست دێنێ.
ئه‌مه‌ریكا
دۆناڵد تره‌مپی ئه‌مساڵ زۆر جیاوازه له هی پارساڵ یان هی ئه‌وكاته‌ی هاته سه‌ر حوكم. ئێستا متمانه‌ی زیاتری به‌خۆی و لهشكرهكهیهتی و ئاماده‌ی شه‌ڕیشه. توانای ته‌حه‌مولكردنی ره‌فتاره‌كانی ئێران و هێزه هاوپه‌یمانه عێراقییه‌كانی دابه‌زیوه. تادێ فشاره‌كان و ئابڵۆقه‌كان له‌سه‌ر ئێران زیاتر و توندتر ده‌كات. به‌ڵام ئه‌وه مانای ئه‌وه نییه كه تره‌مپ شه‌ڕخوازه. به پێچه‌وانه‌وه، هێشتا وه‌ك بزنسمانێكی ته‌موح بیر ده‌كاته‌وه و مه‌به‌ستیه‌تی ئێران بهێنێته سه‌ر مێزی گفتوگۆ. ده‌زانێ جه‌نگ براوه‌ی تێدا نابێ و ره‌نگه به‌هۆیه‌وه تێرمی دووه‌می سه‌رۆكایه‌تیشی له‌ده‌ست بدات. خۆ ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ریشی نه‌ما، ئه‌وا پێی باشتره جه‌نگ له‌و چه‌ند هه‌فته‌یه‌ی ئاینده (هه‌تا كۆتایی مانگی ئادار) رووبدات، چونكه دواتر ده‌كه‌وێته ناوجه‌رگه‌ی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن و له‌وكاتدا جه‌نگ له‌به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌و نابێت.
ئێران
ده‌مێكه ئێران په‌یڕه‌وی ستراتیژێكی گشتگیر و درێژمه‌ودای له‌خۆگرتووه و هه‌نگاو به هه‌نگاو ده‌یباته پێشه‌وه. له‌و نێوه‌شدا هه‌ر قه‌یرانێكی كه له عێراقدا سه‌ری هه‌ڵداوه، ئێران وه‌ك ده‌رفه‌تێك قۆستوویه‌تیه‌وه و بازی گه‌وره‌تری به جێبه‌جێكردنی ستراتیژه‌كه‌ی داوه. كه داعش سه‌ری هه‌ڵدا، ئێران له رێگه‌ی په‌رله‌مان و حكومه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی و ده‌رفه‌تی فه‌توای مه‌رجه‌عیه‌ت گه‌شه‌ی به هێزه هاوپه‌یمانه‌كانی دا، توانای له هێزه‌كانی ده‌وڵه‌ت بهرزتركردنهوه و شه‌رعیه‌تی یاسایی بۆ مسۆگه‌ر كردن و وایكرد كه بودجه‌ی زه‌به‌لاحیان بۆ مسۆگه‌ر بكرێ. دواتر هه‌ڵمه‌تی رزگاركردنی ناوچه داگیركراوه‌كانی قۆسته‌وه بۆ كۆنترۆڵكردنی ناوچه عه‌ره‌بیه سوننه‌كان كه پێشتر نفووزی ئێرانیان تێدا نه‌بوو. گرژییه‌كانی دوای ریفراندۆمیشی قۆسته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی ناوچه كوردستانییه دابڕێنراوه‌كان كۆنترۆڵ بكات كه نزیكه‌ی نیوه‌ی خه‌ڵك و خاك و سامانی كوردستانی عێراق له‌خۆده‌گرن. به‌وه پێگه‌ی حكومه‌ت و هێزه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، كه پێشتر زیاتر به پرۆ ئه‌مه‌ریكی نه‌ك پرۆ ئێرانی خۆیان ده‌نواند، لاوازتر كرد. ئه‌وجا نۆره هاته سه‌ر كۆنترۆڵكردنی راسته‌وخۆی ته‌واوی سیسته‌می حوكمڕانی عێراق، ئه‌وه‌شی له په‌نای قه‌یرانه‌كانی ئۆكتۆبه‌ر ئه‌نجام دا. راسته هیچ له‌وانه بێ سه‌رئێشه نه‌بوونه بۆ ئێران و هاوپه‌یمانه‌كانی، به‌ڵام ده‌ره‌نجام گرنگه. كۆنترۆڵ و پێگه‌ی ئێران له 2020 له هی هه‌موو ساڵێكی پێشتر به‌هێزتره.
جیاوازیی نێوان سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا و ئێران
به پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ریكا، ئێران زلهێز نییه، هێزێكی ئابووری یان پیشه‌سازیی بازاڕخوازیش نییه، به‌ڵكو هێزێكی ئه‌منی ئیقلیمیه و توانا ئابوورییه‌كانی سنوورداره. كه هه‌ژموون ده‌خاته سه‌ر وڵاتێك، مه‌به‌ستی بازاڕه‌كه‌ی نییه، به‌ڵكو پاراستنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی وڵاته‌كه و مانه‌وه‌ی خودی رژێمه‌كه‌یه‌تی. له وڵاتێكی وه‌ك عێراقدا، ئێران پێویستی به سه‌پاندنی هه‌ژموون و به‌كارهێنانی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ته‌كه‌یه بۆ سوودوه‌رگرتن له سه‌رچاوه دارایی و مرۆییه‌كانی و گوڕدانه به توانای په‌ره‌سه‌ندن و بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ژموونیان، ئه‌ویش له رێگه‌ی كۆمه‌ڵانی هاوتایهفهیان (شیعه مه‌زهه‌به‌كان)، كه ئه‌ویش سنوورداره. ئێران له‌ژێر مۆتۆی هاوسێیه‌تی و هاومهزههبیدا پاساو بۆ ده‌ستێوه‌ردان و هه‌ژموونه‌كه‌ی به‌كاردێنێ، به‌ڵام له‌وه ناچێ ئه‌وله‌ویه‌تی ئێران چاككردنی سیسته‌می حوكمڕانی و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی ژیان و گوزه‌رانی كۆمه‌ڵگاكانی ژێر هه‌ژموونیان بێ، زیاتر له‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا پێی ده‌كرێ، ئه‌گینا ده‌بووایه به‌سره و كه‌ربه‌لا و ناسریه نموونه‌ی پرشنگدار بن و له هه‌ولێر و سلێمانی ئاوه‌دانتر بوونایه. به‌ڵكو ئه‌وله‌ویه‌تی ئێران بریتییه له مسۆگه‌ركردنی لایه‌نه ئه‌منیه‌كه له رێگه‌ی ئاكته‌ره ناحكومیه هاوپه‌یمانه‌كانی.
به پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ریكا، ئێران سیاسه‌تێكی روونی هه‌یه له عێراق، ده‌زانێ چی ده‌وێ، به چ ئامراز و رێگایه‌ك په‌یدای بكات و هه‌میشه ده‌ستیشی كه‌وتووه. له عێراقدا، ئێران كۆمه‌ڵێك ئامرازی سیاسی و ئه‌منی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینیی جیاوازی له‌به‌رده‌ستدایه. به‌رپرسه باڵاكانیان په‌یوه‌ندی شه‌خسی و راسته‌وخۆی زۆر باشیان له‌گه‌ڵ زۆرینه‌ی سه‌ركرده سیاسی و ئه‌منی و حوكمڕانه‌كانی عێراق په‌یدا كردووه. ئێرانییه‌كان پێویستیان به‌وه نه‌بووه به رێگه‌ی فه‌رمی و به‌پێی پرۆتۆكۆڵی نێوده‌وڵه‌تی په‌یوه‌ندی به حكومه‌ت و دامه‌زراوه سیاسییه‌كانی عێراقه‌وه بكه‌ن. له‌جیاتیان، له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تی و باڵه جیاوازه‌كان مامه‌ڵه ده‌كه‌ن، هه‌ریه‌كه‌یان به ته‌نیا و به جیا و به خوردكراوهیی. سه‌ردار قاسم سوله‌یمانی بلیمه‌ت بوو له‌و جۆره مامه‌ڵه‌كردنه.
جا له به‌رامبه‌ر هه‌ڵكشانی هه‌ژموونی ئێران، نفووزی ئه‌مه‌ریكا له عێراق هه‌میشه روو له كزی بووه و ئێستا كه‌مترین كاریگه‌ری له‌سه‌ر بڕیاری سیاسی و حوكمڕانی هه‌یه. ئامرازه‌كانی به‌رده‌ستیشی ته‌نیا بریتین له هه‌ڕه‌شه‌ی عه‌سكه‌ری و دارایی. خۆ له بیركردنه‌وه‌یدا تره‌مپ كه‌مترین حیساب بۆ ده‌وڵه‌تی عێراقی و سه‌ركرده‌كانی به‌غدا ده‌كات، تا ئێستاش له چوارچێوه‌ی سیاستهكهیان به‌رامبه‌ر ئێران مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ عێراق ده‌كات و بگره زۆر جار به یه‌كچاو سه‌یریان ده‌كات.
سیناریۆكانی ئه‌مساڵ له ململانێی ئێران و ئه‌مه‌ریكادا
له ساڵی 2020، چوار جۆره سیناریۆ ده‌كرێ رووبده‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ری روودانیان جیاوازه.
1- هه‌روه‌ك پێشتر، نه شه‌ڕ و نه ئاشتی، یان شه‌ڕی به وه‌كاله‌ت و یه‌كتر ماندووكردن
ئه‌و سیناریۆیه زۆرترین چانسی په‌یڕه‌وكردنی هه‌یه، ئه‌گه‌رچی مه‌ترسی زۆریشی پێوه‌یه. ئه‌مساڵ ئه‌مه‌ریكا ئابڵۆقه و فشاره‌كان له‌سه‌ر ئێران توندتر ده‌كات تاوه‌كو باری ناو وڵاته‌كه و نێوماڵی شیعه‌ی عێراق ناسه‌قامگیرتر بكات، به جۆرێك كه ئه‌و یه‌كڕیزییه‌ی پێشوویان نه‌مێنێ. هاوكات ئاستی ئاماده‌باشیی هێزه‌كانی به به‌رزی ده‌هێڵێته‌وه و سوودیش له هه‌ڵه‌كانی ئێران ده‌بینێ، هه‌روه‌ك ئه‌و كهنارگیرییه نێوده‌وڵه‌تیه‌ی له ئه‌نجامی خستنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆكه ئۆكراینییه‌كه دووچاری بووه.
له به‌رامبه‌ردا، ئێران له هه‌وڵه‌كانی بۆ وه‌ده‌رنانی له‌شكری ئه‌مه‌ریكی له عێراق به‌رده‌وام ده‌بێ، جا له رێگه‌ی شه‌ڕپێفرۆشتن بێ به‌هۆی هاوپه‌یمانه‌كانی یان له‌ڕێگه‌ی په‌رله‌مان و حكومه‌تی عێراقی بێ. ره‌نگه دواجار تره‌مپ تووشی جۆره ئیرهاق و بێزارییه‌ك بكه‌ن كه دیسانه‌وه به‌رپه‌رچی ئێران بداته‌وه و گرژییه‌كان بگه‌یه‌نێته ئاستێكی نوێ، یان به پێچه‌وانه‌وه هه‌ر خۆی بڕیار بدات عێراق به‌جێبهێڵێ. له‌وه‌دا دوور نییه سزاش به‌سه‌ر عێراقدا بسه‌پێنێ، كه ره‌نگه ببێته مایه‌ی ته‌پین و شكستخواردنی ده‌وڵه‌تی عێراقی. ئه‌وه‌ش بۆ ئێران كێشه نییه، هه‌روه‌ك سووریا.
2- جه‌نگ
چانسی ئه‌و سیناریۆیه هه‌میشه زیندووه ئه‌گه‌رچی جارێ لاوازه. هه‌ندێ چاو‌دێر پێیانوایه كه ئێران به دوای شه‌ڕی رووبه‌ڕووی پێشوه‌خته‌دا ده‌گه‌ڕێ، ئه‌وه‌ش وه‌ك رێگایه‌ك بۆ پاراستنی خودی رژێم له راپه‌ڕینی ناوه‌كی. به‌ڵام له هه‌فته‌ی رابوردوودا ئێران ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی هاته پێش و نه‌یقۆسته‌وه. ئه‌وكات كه‌شێكی یه‌كڕیزیی ناوه‌كی و نێو شیعه‌ی عێراقی هاته كایه‌وه و ئه‌مه‌ریكییه‌كانیش هێشتا به‌وه رانهگهیشتبوون جووڵه به هه‌موو هێزه‌كانیان بكه‌ن و خۆیان بۆ شه‌ڕی سه‌رتاسه‌ری ئاماده بكه‌ن. به‌ڵام دوور نییه ئێرانییه‌كان دوودڵ بووبن و پێیان باشتر بووبێ چه‌ند مانگێك هه‌تا گه‌رمبوونی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مه‌ریكا (له به‌هار تا پایزدا) چاوه‌ڕێ بكه‌ن. له‌و نێوه‌شدا خۆشیان هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی (له شوبات) ئه‌نجام ده‌ده‌ن. ئه‌وكات دوور نییه دۆناڵد تره‌مپ ئاماده‌ی سازشی زیاتر بێ.
مایه‌ی سه‌رنجه كه چل ساڵه ده‌وڵه‌تی ئێران له ململانێدایه له‌گه‌ڵ هێزه جیهانی و ئیقلیمییه‌كان، كه‌چی شه‌ڕه‌كانی هه‌میشه به وه‌كاله‌ت له‌سه‌ر خاكی وڵاتانی دیكه به سه‌ركه‌وتوویی ئه‌نجامداوه. واته راسته‌وخۆ رووبه‌ڕوو له‌گه‌ڵ هیچ كامیان نهجهنگیوه. خۆ له‌گه‌ڵ توركیا هه‌میشه له سووریا و عێراق له ململانێی خوێناویدا بوو، كه‌چی پێنجسه‌د ساڵ زیاتره هیچ شه‌ڕێكی راسته‌وخۆ له‌نێوان ئه‌و دووه رووینه‌داوه. بۆیه مه‌سه‌له‌ی جه‌نگی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا حیساباتی زۆری ده‌وێ.
3- زیادنه‌كردنی گرژییه‌كان و تۆزێك خاوكردنه‌وه
واته هه‌ردوو لایه‌نی ئه‌مه‌ریكی و ئێرانی هه‌وڵده‌ن ساڵی (2020) به سه‌لامه‌تی تێپه‌ڕێنن هه‌تا پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له هه‌ردوو وڵات‌دا یه‌كلا ده‌بێته‌وه. ئه‌گه‌ر دیموكراتێكی وه‌ك جۆو بایدن بووه سه‌رۆك، ئه‌وا دوور نییه رێككه‌وتنه ئه‌تۆمیه كۆنه‌كه زیندوو بكاته‌وه له‌گه‌ڵ واژۆكردنی رێككه‌وتنێكی هاوته‌ریب سه‌باره‌ت به نیزامی ئایندهی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. خۆ ئه‌گه‌ر تره‌مپ دیسان هه‌ڵبژێردرایه‌وه، ئه‌وا ئێرانییه‌كان دووچاری دوو ئه‌گه‌ر ده‌بن، یان به‌رده‌وامبوونی یارییه‌كه وه‌ك ئێستا هه‌تا راده‌ی جه‌نگ، یان تره‌مپی بزنسمان له جه‌سته شه‌ڕانییه‌كه‌ی دێته‌وه ده‌ره‌وه و ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی بێ پێشینه ده‌كات بۆ سازش و رێككه‌وتن. ئه‌و سیناریۆیه‌ش چانسی لاوازه.
4- خاوكردنه‌وه و دیالۆگ
سیناریۆ نموونه‌ییه‌كه بریتیه له دیالۆگێكی جیددی هه‌مه‌لایه‌نه بۆ گه‌یشتن به رێككه‌وتنێكی ریشه‌یی له هه‌موو ئاستێكی ململانێكاندا. له‌م سیناریۆیه‌دا، رۆڵێكی گه‌وره‌تر به به‌ریتانیا و ئه‌وروپاییه‌كان ده‌درێت بۆ نێوه‌ندگیری و هێنانی هه‌ردوولا بۆ سه‌ر مێزی گفتوگۆ. ئه‌وانه ره‌نگه بتوانن ئێران رازی بكه‌ن به دووباره ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دانوستاندنی ئه‌تۆمی و ئه‌مریكا رازی بكه‌ن به هه‌ڵگرتنی به‌شێك له فشار و ئابڵۆقه ئابوورییه‌كان. به‌ڵام په‌یڕه‌وكردنی ئه‌و سیناریۆیه له ساڵی 2020 دا چانسی زۆر كه‌مه و بگره له كه‌شی بێمتمانه‌یی ئه‌مڕۆ و كه‌مپه‌ینی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا زۆر زه‌حمه‌ته – ئه‌گه‌رچی له سیاسه‌تدا هیچ سیناریۆیه‌ك مه‌حاڵ نییه.