ئایندەی كوردستان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا
ئایندەی كوردستان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا
دلاوهر عهبدولعهزيز عهلائهدين
رووداو 23-12-2016
دیمەنی سیاسی و ئەمنیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جووڵەی هێزە پێكدادەرەكان لە ئێستادا زۆر ئاڵۆز و ترسناك دیارە. ناوچەكە دووچاری چەندین شەڕ و ململانێی تێكدەر بووە، خەڵك لە ماڵوحاڵیان هەڵكەندراون و سەرگەردان كراون. لەژێر پاساوی ناسیۆنالیزم و ئاین و تایەفەدا، هێزەكان ململانێیانە لەسەر دەسەڵات و نفوز و سامان. چەندین دەوڵەت لاواز بوونە و هەشیانە پەكی كەوتووە. چەندین هێزی توندڕەو و سنووربەزێن هاتوونەتە ناو ئەو ململانێیانە و توانای گۆڕینی رێڕەوی رووداوەكانیان پەیدا كردووە.
ئەو دیمەنە هی قۆناغێكە پێی دەگوترێ قۆناغی گواستنەوەی نێوان دوو سەردەم، دوو نیزام (Order) یان دوو جۆرە هاوسەنگێتی نێو هێزە ململانێكەرەكان. یەكەمیان نیزامە كۆنەكەی سەردەمی شەڕی ساردە و ئێستا هەڵتەكاوە، دووەمیشیان هاوسەنگێتی ئایندەیە و دیارە لە پرۆسەی دروستبووندایە. بۆ سەركردەكانی میللەتێكی وەك كورد، گرنگە لە رەوتی گەشەسەندنی هێزە جووڵێنەرەكانی پێشتر و ئێستا ورد ببنەوە تاوەكو پێشبینی نیزامەكەی ئایندە بكەن و كار بكەنە سەر رەوتی گۆڕانكارییەكان و ئامادە بن دەرفەتەكان بقۆزنەوە، یان دەرفەت بێننە كایەوە بۆ زامنكردنی پشكی كورد لەم هاوسەنگێتییە نوێیە.
نیزامی كۆن تا رووخانی سۆڤیەت
سەد ساڵ لەمەوبەر، هەردوو ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا و فەرەنسا نەخشەی رۆژهەڵاتی ئێستایان كێشا و نیزامێكیان چەسپاند كە زوو دەقی گرت، تەنانەت بەرپابوونی شەڕی ساردی ئەمریكا و یەكێتی سۆڤیەت لە دوای شەڕی جیهانیی دووەم، ئەو نیزامەی وەك خۆی هێشتەوە. ململانێی ئەو دوو زلهێزە پارسەنگێكی هاوسەنگی هەبوو كە ئەوەش هۆكارێكی گرنگ بوو بۆ مانەوەی رژێمە دیكتاتۆر و ئۆتۆكراتەكانی وڵاتە عەرەبییەكان لە سەدەی حوكمڕانی.
رووخانی زلهێزی سۆڤیەت لە ساڵی 1989 خاڵی وەرچەرخان بوو، بووە هۆی گۆڕینی پارسەنگی هێزەكان لە ئاستی جیهاندا، بە تایبەتی لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا. شەپۆلی تسونامیەكەی رووخانی سۆڤیەت بیست ساڵی برد هەتا گەیشتە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە گۆڕینی رژێمی عێراق لە ساڵی 2003 دەركەوت و دواتریش چەندین رژێمی تری بەدوادا رووخا.
كە ئەمەریكا بووە تاكە زلهێز، وا چاوەڕوان دەكرا كە بۆشایی غیابی سۆڤیەت پڕ بكاتەوە، بەڵام بەهۆی سیاسەتە هەمیشە كورتخایەنەكانیان و بەهۆی جیاوازیی بنەڕەتی لە نێوان سیاسەتی سەركردە كۆماری و دیموكراتەكانی وڵاتەكە، لەوەدا شكستیان هێنا. كۆمارییەكان لە سەردەمی هەردوو جۆرج بووشی یەكەم و دووەم، ئاكتیڤانە دەستێوەردەر بوون. لەشكریان هێنایە ناوچەكە و راستەوخۆ رژێمی پێشووی كوەیتیان پاراست و دواتر رژێمی عێراقیان گۆڕی. تەنانەت جۆرج بووشی دووەم ویستی بە روانگەیەكی نیۆكۆنزێرڤەتیڤەوە نیزامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرلەنوێ دابڕێژێتەوە، بۆ ئەوەی لە رێگەی سیستەمێكی جیاوازەوە بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا بباتە پێشەوە. كەچی دیموكراتەكان بە پێچەوانەوە، هەمیشە خۆیان لە ناوچەكە دوورەپەرێز دەگرت، تەنیا بەقەدەر پێویست مامەڵەیان لەگەڵدا كرد و گرنگیی زیاتریان بە سیاسەتی ئابووریی ناوەكی دەدا. ئەگەر سەرهەڵدانی داعش نەبووایە، ئەوا ئیدارەی ئۆباما هەرگیز بەو قورساییەی ئێستا نەدەگەڕایەوە عێراق، ئێستاشی لەگەڵدا بێ تەركیزی ئیدارەكەی تەنیا لەسەر شەڕی تیرۆرە نەك رێڕەوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هاتنی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئیدارەی ئەمەریكا رەنگە رەوتێكی نوێ دابهێنێ، بەڵام جارێ سیاسەتی ترەمپ روون نییە و دیار نییە ئایا لە بەرژەوەندیی خەڵكی ناوچەكەدا دەبێ؟ لەلایەكەوە باس لەوە دەكات كە پشتی "پیاوی بەهێز" دەگرێت، وەك ئاماژە بۆ خەڵكانی وەك فلادیمیر پوتین و رەجەب تەیب ئەردۆغان و عەبدولفەتاح سیسی، واتە گوێ ناداتە كێشە ناوەكییەكان و مافی نەتەوەكان و یان راست و چەوتێتیی سیاسەتی دەرەكیی ئەو سەركردانە. پشتگیریی خۆیشی بۆ ئیسرائیل دەربڕیوە و حەز بە ئێران و رێككەوتننامە ئەتۆمیەكەی نێوانیان ناكات. ئیتر چوار (یان هەشت) ساڵی حوكمڕانیی ترەمپ فاكتەرێكی گرنگ دەبێ لە دیاریكردنی هاوسەنگێتی هێزەكان.
لە رووخانی سۆڤێتەوە تا ئیمڕۆ، چەندین هێزی جیهانی و ئیقلیمی و لۆكاڵیی نوێ سەریان هەڵدا و بوونە یاریكەر و هێزی بڕیاردەر لەسەر پارسەنگەكان. لەوانە رووسیا و ئێران و توركیا و سعودیە، هەروەها دروستبوونی چەند ئاكتەرێكی غەیرە دەوڵەتی. جا بەبێ تێگەیشتن لەو هێزانە و لە دینامیكیەتی پەیوەندییەكانیان، زەحمەتە پێشبینی نیزامی داهاتووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكرێت، بەتایبەتی كاتێك سیاسەتی درێژخایەنی ئەمریكا لێڵ و نادیارە.
رووسیا
رووسیا خۆی بە میراتگرەوەی سۆڤیەت دەزانێ و لەسەردەمی سەرۆكایەتیی پوتین-دا، باری رووخاوی ئابووری و سیاسی راست كردەوە و بە گوڕەوە هاتەوە مەیدان بۆ بەرەنگاربوونەوەی پلانەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا. ئێستا رووسیا وەك نیمچە زلهێزێك رەفتار دەكات و بەهۆی هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئێران و لە پەنجەرەی سووریاوە بووەتەوە بڕیاردەر لە ناوچەكەدا. لە ئایندەشدا پتەوتركردنی پەیوەندییەكانی لەگەل ئێران و توركیا و عێراق لە ڕێگای سەفقەی نەوت و غاز یان تەكنۆلۆژیای چەكەوە، رۆڵی رووسیا زیاتریش دەكات لە ناوچەكەدا.
ئێران
سەرباری شەڕە هەشت ساڵیەكەی لەگەڵ عێراق و ئابلۆقە نێودەوڵەتییەكانی لەسەری دانرابوون، ئێران تادێ بەهێزتر دەبێ و زیاتر سوود لە چەندین بۆشایی دەسەڵات و ململانێیەكانی ناوچەكە وەردەگرێ. ئێران ئێستا بووەتە یەكێك لە گەورەترین هێزی ئیقلیمی و حیسابی تایبەتی بۆ دەكرێ بەهۆی زیادبوونی نفوز و توانای دەستێوەردان لە چەندین وڵاتی ناوچەكە. ئێستا ئێران لە یەك كاتدا توانای ململانێكردنی لەگەڵ خودی ئەمەریكا و ئیسرائیل و توركیا و سعودیە هەیە. بڕیاری سیادی لە چوار پایتەختی وڵاتانی ناوچەكە سەندووەتەوە: (عێراق و سووریا و لوبنان و یەمەن)، ئەوەش بێجگە لە حزوری لە فەلەستین و وڵاتانی كەنداو و هی تریش. لە كاتێكدا كە هیچكام لە ئەمەریكا و رووسیا و توركیا و سعودیە سیاسەت و روانگە و ستراتیژێكی روون و ئاشكرایان نییە، كەچی ئێران زۆر بە متمانەوە كار بۆ ئامانجەكانی دەكات. بێگومان مەودای نفوزی ئێرانی و توانای وڵاتەكە بۆ تەحەمولكردنی زیانی مادی و سیاسی سنووری خۆی هەیە، بەڵام لە غیابی ستراتیژێكی كارای هێزەكانی دیكە، جارێ ئێران هەتا ماوەیەكی درێژ وەك بڕیاردەرێكی سەرەكی لە داڕشتنەوەی نیزامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەمێنێتەوە.
توركیا
توركیا لە مێژووی سەد ساڵەی پێشوویدا رژێمێكی پڕ لە سەرئێشە و لە هەناودا لاواز بووە و بووەتە پاشكۆی زلهێزی ئەمەریكی. بەڵام لە 2002 بەدواوە گۆڕانكاریی بنەڕەتی بەسەر رژێمەكەی و فەلسەفەی حوكمڕانیدا هات و لەڕووی ئابووری و سیاسییەوە گەیشتە لوتكە و تمووحی بڵاوەپێكردنی نفوزیشی لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیدا كرد. بەڵام ئێستا توركیا رووبەڕووی چەندین بەربەست و كێشەی ناوەكی بووەتەوە كە رەنگیان لە سیاسەتی دەرەكیی وڵاتەكەشدا داوەتەوە. بۆیە دوور نییە لە ئایندەدا كاریگەریی توركیا لەسەر نیزامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سنووردار ببێ، ئەگەرچی ئەو دەوڵەتە خاوەن جیۆپۆلەتیكێكی گرنگە و هەمیشە وەك هێزێكی كاریگەر و بڕیاردەر هەر دەمێنێ.
سعودیە
سعودیەی عەرەبی و وڵاتانی كەنداو بە حوكمی سامان و ناسنامەی عەرەبی و رەوتی ئیسلامی سوننییان، توانیان ببنە یاریكەر لە ناوچەكە و كاربكەنە سەر چارەنووسی ململانێكان لە عێراق و سووریا و یەمەن و لیبیا و لوبنان و وڵاتانی كەنداو، هەتا ماوەیەكی درێژی دیكەش ئەو توانایەیان هەر دەمێنێ. سعودیە، توانای بەربڵاوكردنی نفوزی عەسكەری و ئەمنی لەسەر خاكدا سنووردارە، بەڵام بە پاڵپشتیكردن و تەمویلی هێزە لۆكاڵیەكان توانای دەستوەردانی پەیدا كردووە و لە هەمان كاتدا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی مەجبوورە پشت بە ئەمەریكا ببەستێ.
ئاكتەری ژێر دەوڵەتی و نادەوڵەتی
هەر لە ماوەی دوای رووخانی سۆڤیەتەوە، چەندین یاریكەری ژێردەوڵەتی (Sub-state actors) ، یان نادەوڵەتی Non-State actors بوونە هێزی كاریگەر لە گۆڕەپانی ململانێكاندا. هێزی ژێر دەوڵەتی ئەوانەن كە سیفەتی رەسمی و دەستوورییان لە دەوڵەتەكەیاندا هەیە، وەك هەرێمی كوردستان.
بەڵام هێزی نادەوڵەتی ئەو هێزانە دەگرێتەوە كە لە دەرەوەی دامەزراوەی حوكمڕانین و پەیوەندیی نێودەوڵەتییان هەیە و كاردەكەنە سەر رەوتی رووداوەكان. ئەوانە بە ژمارە زۆر بوونە لەو ناوچەیە، بە تایبەتی لە عێراق و سووریا و لوبنان و فەلەستین و یەمەن و لیبیا. هەیانە دەمێكە شەرعیەتی كۆمەڵایەتی و سیاسییان پێدراوە و لە سیستەمی حوكمڕانیدا بەشدارن. وەك حیزبوڵڵای لوبنانی یان پێكهاتەكانی حەشدی شەعبی لە عێراق.
هێزی نادەوڵەتیی دیكەش هەن كە بەشێكن لە هێزی تیرۆری نێودەوڵەتی. جا هێزی نادەوڵەتی ئەگەر ملكەچی یاسا نەبن، ئەوا هەمیشە مەترسین لەسەر حوكمی شەرعیی دەوڵەت و توانای لاوازكردنی دەوڵەت و ئەسیركردنی پڕۆسەی حوكمڕانیی وڵاتیان هەیە. ئەوانە هەم دەتوانن وەك پرۆكسی (بە نیابەت) شەڕ بكەن و هەم دەتوانن وەك هێزی سەربەخۆ خاوەن ئەجێندای خۆیان بن و هاوپەیمانی ناوەكی و نێودەوڵەتی پەیدا بكەن و ببنە هێزێكی كاریگەر لە گۆڕینی پارسەنگی هێزەكان.
پارسەنگی نوێ و دەستكاریی سنوورەكان
جا ئەو هێزە جیهانی و ئیقلیمی و لۆكاڵیانەی لە گۆڕەپانەكەدا بوونەتە یاریكەر، ئێستا بە رێككەوتنی دوو قۆڵی و چەند قۆڵی و بە شەڕ و ململانێی هەمەلایەنە تێكئاڵاون و هەمووشیان بەشدار دەبن لە گەیاندنی دۆخی ئێستا بە پارسەنگێكی نوێی سیاسی و عەسكەری و ئابووریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە سنوورەكان دەستكاریی دەكرێن یان سەرجەم میللەتە بچووكەكان دەبنە خاوەنی دەوڵەتی خۆیان. لە راستیدا، تەنیا هەرێمی كوردستانی عێراق كاندیدە بۆ ئەوەی لە ئایندەدا ببێتە دەوڵەت، لەو بترازێ، پێناچێ هیچ كام لە نەتەوە و كۆمەڵگاكانی دیكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جارێ هەتا ماوەیەكی درێژ كاندید بن بۆ دەوڵەتسازی و سنوورەكانیش بۆ خاتری ئەوان دەستكاری ناكرێن.
هەرێمی كوردستان
هەرێمی كوردستان بووەتە یاریكەرێك لە ناوچەكەدا و بەهۆی لاوازبوونی عێراق و سەرهەڵدانی هێزی تیرۆر، پەیوەندیی بەرفراوانی نێودەوڵەتی پتەوتر كردووە. بەڵام یاریكەرێكی زۆر گەورەش نییە بۆ ئەوەی پارسەنگی هێزەكان یان سنوورەكان بگۆڕێ، بوون بە دەوڵەت لەسەر پلێتێكی زێڕین دانەنراوە و رێگاكەشی بە مافووری ئاوریشم خۆش نەكراوە. پێویستە مەسەلەی بوون بە دەوڵەت لە خواستەوە ببێتە پرۆژە، ببێتە پڕۆسە و بەپێی نەخشەڕێگایەك لە سەرجەم بەرەكانی لۆبیكردن كاری بۆ بكرێ.
لەو دواییەدا سەربەخۆیی كوردستان و ریفەراندۆم بە زەقتر لەجاران باسی دەكرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ لایەنێك نەخشەڕێگایەكی عەمەلی نەخستووەتە ڕوو بۆ پەیڕەویكردن. بۆیە پێویستە سەركردەكان لەسەر روانگە و نەخشەڕێگایەك رێكبكەون، بەجۆرێك كە حیسابی ورد بۆ فاكتەرە دەرەكی و ناوەكییەكان بكرێ.
بۆ فاكتەرە دەرەكییەكان پێویستە بە دیراسەت و پلانێكی وردەوە كار بكرێتە سەر پڕۆسەی بڕیاردان لە وڵاتانی كاریگەر بۆ ئەوەی پشتگیری بۆ مەسەلەی بوونە دەوڵەتی كوردستان زامن بكرێ. لە ئەمەریكا پێویستە بە زووترین كات كار بكرێتە سەر داڕشتنی سیاسەتە دەرەكییەكانی ئیدارەی نوێی ترەمپ كە رەنگە جارێ قاڵبی یەكجارەكییان نەگرتبێ. هاوكات لە سەرجەم پایتەختەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا (بە تایبەتی لەندەن و پاریس و بەرلین و بروكسل) و رووسیا و وڵاتانی دیكە، دەست بەكاری لۆبیی بێوچان بكرێ بۆ ئەوەی بڕیاری سیاسی سەرجەم هێزە جووڵێنەرەكان بۆ پاڵپشتی لە دەوڵەتی كوردی زامن بكرێ. لەگەڵ یاریكەرە نادەوڵەتییە شەرعیەكان پەیوەندی بكرێ، ئەوانەی لە وڵاتانی خۆیان كاریگەرن و دەتوانن كارئاسانی بكەن یان قورسی بكەن.
پێویستە لە بەغدا كار بۆ ئەوە بكرێ كە دیالۆگی دامەزراندنی دەوڵەت لەلایەن سەركردەكانی پایتەخت و سەركردەكانی حیزب و لایەنە كاریگەرەكانی شیعە و سوننە و حەشدی شەعبی وەك مەترسی سەیر نەكرێ. بۆ ئەو مەبەستەش، پێویستە تەركیز بخرێتە سەر تاران و بە هونەرمەندانە كار بۆ زامنكردنی پشتگیریی بڕیاری سیاسی ئەو دەوڵەتە بكرێ. لۆبیكردن لەناو سیستەمی ئێران و دڵنیاكردنەوەی ئەو دراوسێیە بەقەدەر زلهێزێكی وەكو ئەمەریكا گرنگە.
سەبارەت بە پلانی ناوەكیش دەبێ تەركیز بخرێتە سەر تۆكمەكردنی بنەماكانی سیستەمی حوكمڕانیی دروست و سەروەركردنی یاسا و نزیككردنەوەی ئیدارەی زۆنی سەوز و زەرد بۆ ساڕێژكردنەوەی سەرجەم برینەكان. ئەوەش بێجگە لە كاراكردنەوەی پەرلەمان و یاسا دەركردن بۆ ریفەراندۆم و تەرخانكردنی بودجە بۆ هەڵمەتی راگەیاندنی دەوڵەت. خۆ ئەگەر سیستەمی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان پتەو بێ، ئەوا هەر دەكرێ كورد خۆی دەستپێشخەر بێ و دەرفەتی دامەزراندنی دەوڵەت باشتر بڕەخسێنێ.