تورکیا و یەکێتی ئەوروپا: پۆلەسی دژبەیەک و دەرفەتی هەماهەنگی
تورکیا و یەکێتی ئەوروپا: پۆلەسی دژبەیەک و دەرفەتی هەماهەنگی
كامەڕان محەمەد پەلانی
دلاوهر عهبدولعهزيز عهلائهدين
سوزان سێرسۆسیمۆ
MERI, 15 April 2018
ئامانجی ئەم توێژینەوەیە گەڕانە بەدوای کاریگەری ڕووداو و ئاراستە و کێشە ئەمنییەکانی عێراق لە دوای ٢٠٠٣ و له سوریا لە دوای ٢٠١١ لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا. لە ڕێگەی ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسانی پسپۆر و خوێندنەوەیەکی ورد بۆ ئەدەبیاتی بەردەست، توێژەران ئەو هۆکارانە شیدەکەنەوە کە وەک بزوێنهر و پاڵنەری سەرەکی کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ئەنکەرە و برۆکسل دەکەن. دواتر، بەراوردێكی نێوان ئەولەویەت و بەرژوەندییە ئەمنییەکانی هەردوولا و ڕوانگەیان بۆ هەڕەشە ئەمنییەکانی عێراق و سوریا كراوه. لە کۆتاییدا، ئەم توێژینەوەیە پۆلێنێک بۆ سێ سیناریۆ دەکات: ململانێ، هەماهەنگی وهیان یەکگرتن، وە چەند پێشنیازێک بۆ باشترکردنی پەیوەندی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوڕوپا پێشکەش دهكات.
بۆ وەڵامدانەوەی ئەوەی چۆن ژینگەی ئەمنی عێراق و سوریا بە دۆخی ئێستا گەیشتووە، وە پێشبینیکردنی دەرەنجامەکان و کاریگەرییان لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا، شیکردنەوەیەکی ڕەخنەئامێز بۆ سیاسەت و تێڕوانینی ئەنکەرە و برۆکسل بۆ ڕووداو و ئاراستە و کێشە سەرەکییەکانی خوارەوە كراون: هاوکێشەی سیاسی و ئەمنییەکانی دوای ماوەی دووەمی سەرۆک وەزیرانی نوری مالکی، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ٢٠١١، ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبی، جەنگی دژ بە دهوڵهتی ئيسلامی (داعش)، پشتگیری هاوپەیمانێتی جیهانی دژ بە داعش بۆ پەیەدە لە باکووری سوریا، سەرهەڵدانەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی و هيوای بەدەوڵەتبوون لە عێراق و بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمی لە سوریا، زیادبوونی قەڵەمڕەوی ئێران لە عێراق، بەردەوامبوونی گهشهی داعش و ئاوارەبوونی كۆمهڵانی خەڵک لە عێراق و سوریا.
ڕاستە عێراق ئێستا لە داعش ڕزگاری بووە، بەڵام هێشتا لە ژێر هەڕەشەی تیرۆر، ئاوارەیەکی زۆر، حوکمڕانێتییەکی لاواز، و چەند هەڕەشەیەکی دیکە دایە. لە پاڵ ئەمەدا، جەنگی سوریا پێی ناوەتە ساڵی حەفتەمی قهيرانه خوێناويهكهی، بووەتە هۆی ئاوارەبوونی ملیۆنان خەڵک. پێویستە ئەنکەرە و برۆکسل هەمانگی بکەن یا بەتەواوەتی كۆكبن لەسەر داڕشتنی سیاسەتی ئاسایش بۆ کەمکردنەوەی قەیرانی مرۆیی و رێگە خۆش بکەن بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لە ناوچەکە. لەگەڵ ئەوەش، دۆزینەوەی رێگەچارەی درێژخایەن بۆ کێشە قووڵەکانی عێراق و سوریا پێویستی بە دەستنیشانکردنی هۆکار و دەرهاوێشتەکانی ناسەقامگیری و نائاسایشی لەو دوو وڵاتەدا هەیە، وە چۆن کاریگەری لەسەر ئەولەویەت و بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی تورکیا و یەکێتی ئەوروپا و تێڕوانینیان بۆ هەڕەشە دەکەن.
ئەولەویەتە ئەمنییە سەرەکییەکانی یەکێتی ئەوڕوپا لە عێراقی دوای داعش بریتییە لە سەقامگیری، گەڕانەوەی ئاوارە ناوەخۆییەکان و پەنابەرەکان وه لەناوبردنی رێکخراو و ئایدیۆلۆژییە تیرۆریستییەکان. هەرچەند تورکیا وەکو بنەما لەگەڵ ئەولەویاتەکانی یەکێتی ئەوڕوپادا کۆکە، بەڵام بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئەنکەرە بەشێوەیەکی بەرایی جەخت دەکاتە سەر بنبڕکردنی پەکەکە و پێگە و کاریگەری شوێنکەوتووانی. لە ٢٠١٤ەوە، ناکۆکی لەنێوان ئەنکەرە و برۆکسل لەسەر چۆنیەتی پێناسەکردنی هەڕەشە ئەمنییەکان لە سوریا دروستبووە. سەرکردەکانی تورکیا و یەکێتی ئەوروپا بەردەوامن لە ناکۆکییەکانیان لەسەر ڕۆل و پێگەی کورد لە جەنگی سوریا، وە چۆنێتی پاراستنی تورکیا بۆ سنوورەکانی تاوهكو ڕێگە لە چوونی چەکدارە بیانییەکان بۆ سوریا بگرێ. کاتێ داعش خاکێکی زۆری لە عێراق و سوریا لە ٢٠١٤ داگير كرد، دەوڵەتە ئەوروپییەکان دەستیان بە یارمەتیدانی ههواڵگری و پشتگيری سهربازيی ئهو هێزانه كرد كه پەیوەنددارن بە پەکەکە لە عێراق و سوریا. بەڵام، دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان ریفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی لە ٢٥ی سێپتەمبەری ٢٠١٧ ئەنجامدا، تورکیا و یەکێتی ئەوروپا تاڕادەیەکی زۆر یەکیان گرت لەسەر پشتگیری کردنی یەکپارچەیی خاکی عێراق، وە ڕەتیان کردەوە كه دان بە ڕەوایەتی ریفراندۆم بنێن.
ئەم توێژینەوەیە بابەتی تیرۆر بە سەرەکیترین پاڵنەری سیاسەتی ئاسایشی و تێڕوانین و ئەولەویاتەکانی تورکیا و یەکێتی ئەوڕوپا دادەنێت. هەرچەند هەردوولا نیگەرانیی زۆریان لەسەر ئەو کێشەیە هەیە، لەسەر ئەوە کۆک نین کامە ڕێکخراو گەورەترین هەڕەشە دروست دەکات. ئەنکەرە پەکەکە لەسەرووی لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی خۆی دادەنێت، لە ناوەوە و دەرەوەی تورکیا، لە کاتێ برۆکسل ئەولەویەتی ژمارە یەک بە ڕێکخراوە تیرۆریستییە جیهادییەکانی وەکو داعش دەدات. بۆیە ئەگەری سیناریۆی یەکگرتن و هەماهەنگی و کاریگەری ئیجابی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوڕوپا بە مامناوەندی دەمێنێتەوە. زیاد لەوەش، بۆ نموونە داعش هەمان ئاستی ئەولەویەتی لە لایەن هەردوولا لە عێراق و سوریا پێنەدراوە. جیاواز لە یەکێتی ئەوڕوپا، تورکیا پێیوایە ئەو هەڕەشەی داعش دروستی دەکات یەکسانە بەو هەڕەشەیەی پەکەکە دروستی دەکات، بەڵام داعش هەڕەشەیەکی ستراتیژی نییە بۆ سەر تورکیا. لێرەدا، ئەنکەرە و برۆکسل لە یەک دوور دەکەونەوە.
بە کورتی، ناکۆکی نێوان ئەنکەرە و برۆکسل ئەگەرێکی زۆرە بە تایبەت کاتێ دەستتێوەردانی سەربازی تورکیا لە عێراق و سوریا کاریگەری خراپ لەسەر هەوڵەکانی یەكێتی ئەوروپا و ئەمریکا دروست دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و سەقامگیرکردنی ناوچەکە و پێشکەشکردنی کۆمەکی مرۆیی و یارمەتیدانی پڕۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنی خۆیان. لەبەرئەوە، تەنانەت ئەگەر هاتوو بەغدا و دیمەشق بە شێوەیەکی فەرمیش ڕەزامەند بووبن لەسەر هێرشە سەربازییەکانی تورکیا لە نێو خاکی سوریا و عێراق، یەکێتی ئەوڕوپا ئەو کردارانە بە شەڕانگێز و تێکدەری سەقامگیری دادەنێت، چونکە دژی بەرژەوەندییەکانی برۆکسل دەوەستنەوە، وە لەدەرەنجامدا پەیوەندییەکانی تورکیا و یەکێتی ئەوڕوپا بەرەو خراپتر دەبهن.
لە کۆتاییدا، ئەم لێکۆڵینەوەیە داوا لە تورکیا و یەکێتی ئەوڕوپا كراوه كه ئەولەویەت بە نەهێشتنی درزەکانی نێوانیان بدەن، وە جەخت سەر ئەو دەستکەوتانە بکەنەوه كه دەکرێ لە ڕێگەی هەماهەنگی لەسەر کێشە ئەمنییەکانی عێراق و سوریاوە بەدەست بهێندرێت. لەهەمان کاتدا، یەکێتی ئەوڕوپا دەتوانێ توانای نێوەندگیری خۆی وەکو لایەنێکی باوەڕپێکراو بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانی نێوان لایەنە ناکۆکەکان لە عێراق و سوریا بەکاربهێنێت، وە هەروەها داوا لە تورکیا بکات پڕۆسەی ئاشتەوایی لە نێو تورکیادا دەست پێبکاتەوە. زیاد لە هەموو کاتێک، هەردوولا دەبێت پەرە بە چوارچێوەیەکی ستراتیژی ئەمنی درێژخایەن بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و ئەولەویەتە ئەمنییەکانی نێوانیان بدەن، وە نابێت دەستێوەردانەکانی تورکیا کێشە بۆ پڕۆسەی سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوە لە عێراق یا هەوڵەکان بەرەو ئاشتی هەمیشەیی لە سوریا دروست بکات.