حزبه‌كان به‌هۆی هه‌ڵبژاردنه‌وه ناچارن كاراكته‌ر و مانیفیستۆ و شێوازییان بگۆڕن
دلاوه‌ر عه‌لائه‌ددين
11-1-2018
سه‌رۆكی ئینستیتیوتی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ توێژینه‌وه "MERI"، دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین رایده‌گه‌یه‌نێت هەرێمی كوردستان له‌به‌رده‌م ركابه‌رایه‌تی چاره‌نووسسازدایه و پێویستی بە یه‌كڕێزی و یه‌كگرتوویی هه‌یه.
ئاژانسی ئانادۆڵو: بارودۆخی نێوخۆیی كوردستان باش نییه، ناكۆكییه‌كان دانامركێنه‌وه، ئه‌مه چی كاریگه‌رییه‌كی نێگه‌تیڤی له‌سه‌ر ئایندهی هەرێمی كوردستان ده‌بێت؟
دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین: "ئێمه زۆرانبازی سیاسی له‌ناو هه‌رێم و ململانێی پۆپۆلیزمی یان ململانیی هه‌ڵبژاردن و دیعایی زۆر به ئاسایی ده‌بێت وه‌ربگرین، ململانێی سیاسی و زۆرانبازیی ستراتیژ ده‌بێت به ئاسایی وه‌ربگرین، چونكه ئه‌وه زۆر گرنگه بۆ دیموكراسی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و ململانێیه قووڵ بوویه‌وه و چووه نێو دامه‌زراوه‌كانی وڵات و كاریگه‌ریی خسته سه‌ر هێزی چه‌كدار، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هێزی ئاسایش و شێوازی حوكمڕانی ئه‌و ناوچانه كرد كه له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی كوردیدان، ئه‌مه كوشنده‌یه، ئه‌وه ركابه‌رایه‌تییه‌كی گه‌وره‌یه، ئه‌وه گورزێكه ره‌نگه له گورزی دوژمنان گه‌وره‌تر بێت، جا ده‌بێت ئه‌و ململانێیه سنووردار بكه‌ین له ململانێی سیاسی و ململانێی هه‌ڵبژاردن، له حاڵه‌تی قه‌یرانی ئه‌مڕۆیدا كه له‌به‌رده‌م ركابه‌رایه‌تی چاره‌نووسسازداین، پێویستمان بهیهكڕێزی و یه‌كگرتوویی هه‌یه نه‌وه‌ك ته‌نها له‌گه‌ڵ به‌غدا، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ ته‌واوی ده‌وروبه‌رمان بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌ین و بگه‌ینه چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌و كێشانه له‌و حاڵه‌ته پێویستمان به‌و جیاكاری هه‌یه له‌نێوان ململانێی هه‌ڵبژاردن و یه‌كڕیزی په‌یام بۆ لۆبیكردن له‌ده‌ره‌وه، هه‌تا ئێستا له‌وه‌ناچێت ئێمه ئه‌و خاڵه گرنگه‌مان تێنه‌په‌ڕاندبێت، له‌وه ناچێت تا ئێستا توانیبێتمان بایی ئه‌وه‌نده ئه‌و یه‌كڕیزییه دروست بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی له ئه‌نجامدا نیشتمانه‌كه‌مان و مه‌سه‌له نیشتمانییه‌كه‌مان زه‌ره‌رمه‌ند نه‌بێت، جا هیوادارین ئاستی به‌رپرسیارێتی سه‌ركرده‌كانمان گه‌یشتبێته ئه‌و راده‌یه‌ی له‌و قه‌یران و كاره‌ساته‌ی ئه‌مدواییه بایی ئه‌وه‌نده فێربووبن رێگربن له نوێكردنه‌وه‌یان و قوڵتركردنه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كان، جا ئه‌وه‌ش ده‌مێنێته‌وه سه‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ش وه‌كو كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و ئێوه وه‌كو راگه‌یاندن و خه‌ڵكی ئاساییش فشار دروست بكه‌ین له‌سه‌ر سیاسه‌تمه‌دار و بڕیاربه‌ده‌ستان و تا ئاستی راتهكاندن بڵێین ئه‌وه‌ی میلله‌ت بینی و دووچاری بوویه‌وه به‌سه و له‌وه زیاتر بێت شیرازه‌ی وڵاته‌كه‌مان له‌به‌ریه‌ك ده‌ترازێت و ده‌بێت ئه‌و فشاره به‌رده‌وام بێت و لۆبییه‌كه به‌رده‌وام بێت تا بڕیار بهدهستانمان بڕیاری راست بده‌ن له‌سه‌ر بنه‌مای به‌ڵگه‌ی چاك، نه‌خشه‌رێگه‌ی راستبوونه‌وه دیاری بكه‌ن و بیگه‌یه‌نن به‌خه‌ڵك و خۆشیان به موڵكدارییه‌وه بیگرنه ئه‌ستۆ و هه‌موومان كاری له‌سه‌ر بكه‌ین، تا ئێستا گرێبه‌ستی له‌و جۆره له‌نێوان حزبه‌كان نه‌بووه، پێویسته حزبه‌كان دابنیشین با به‌یه‌كه‌وه و وه‌كو كۆنتراكت بڵێن كه چی هه‌رێم چاك ده‌كاته‌وه و بنه‌مای وڵاته‌كه‌مان پته‌و ده‌كات وه‌رن با به‌یه‌كه‌وه كاری له‌سه‌ر بكه‌ین و ههریهكەو ئه‌ركی خۆی بزانێت و كاری له‌سه‌ر بكات، ئه‌وه‌شی ده‌مێنێته‌وه له‌سه‌ر ململانێی ده‌نگ و ده‌نگ راكێشان ئه‌مه‌یان به میكانیزمێكی تر جیاده‌كه‌ینه‌وه، ئێمه چاوه‌ڕوانی پڕۆسهیهكین، نهخشهرێگهیهكی درێژخایه‌نین كه بنه‌مای حوكمێكی دروست و وڵاتێكی سه‌رفرازی دامه‌زراوه‌یی دروستی بكه‌ین، خه‌ڵكیش له‌و كاته نیازپاكی سه‌ركرده‌كانی بۆ ده‌رده‌كه‌وێت و بۆی ده‌رده‌كه‌وێت سه‌ركرده‌كان خه‌ریكی دروستكردنی تێڕوانیین و هه‌نگاوی هه‌ست پێكراو ده‌بینن و دڵنیا ده‌بێت، خه‌ڵك چاوه‌ڕێ ناكات به رۆژێك یان به سحرێك هه‌موو كێشه‌كانی چاره‌سه‌ر بكرێت، خه‌ڵك كه بزانێت هه‌نگاو ده‌نێیت و هه‌ستی پێ بكات كه تۆ بهنیازپاكی و بهنهخشهڕێگهیهكی دروست كار ده‌كه‌یت سه‌بری درێژتری ده‌بێت ئه‌گه‌ر به‌رچاوی روون بێت، خه‌ڵكی له رابردووش‌دا زۆر سه‌بری گرتووه".
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئه‌دای حكوومه‌تی هه‌رێم چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن له‌م كابینه‌یه‌دا به‌تایبه‌ت كه له‌به‌رده‌م ركابه‌رایه‌تییه‌كی زۆردابوو و هه‌یه، چۆن ده‌ڕوانن له كشانه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵ له‌م كابینه‌یه؟
دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین: "كابینه‌ی ئێستا پێویسته چاوه‌ڕوانییه‌كانمان له ئه‌دای واقیعییانه بێت، ئه‌و حكوومه‌ته كه ته‌مه‌نی نزیكه‌ی خه‌ریكه ده‌بێته چوار ساڵ له‌زووه‌وه تووشی ركابهرایهتیی بوویه‌وه و كێشه‌ی بنه‌ڕه‌تی په‌یكه‌ریی لێ دروست بوو، یه‌كه‌م له‌نێوخۆیدا حكوومه‌تێكی ئیئتیلافی به‌رفراوان بوو، به‌ڵام ته‌با نه‌بوو، شێوازی گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌ت بۆ ناو حكوومه‌ت كاریگه‌رانه نه‌بوو، هه‌موو ئه‌و حزبانه‌شی به‌شداربوون نا‌توانیین بڵێین پێكه‌وه حكوومه‌تییان كارا و به‌هێزكرد و به‌یه‌كه‌وه به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌شییان جێبه‌جێ كرد، هێشتا نه‌پڕژانه سه‌ر ئه‌وه‌ی زۆر به‌رنامه جێبه‌جێ بكه‌ن و ده‌رئه‌نجامی ببینن كێشه‌ی بنبه‌ستی سیاسی له‌ساڵی 2015 دروست بوو، كه‌واته له‌ناوه‌وه كێشه‌ی پێكهاته‌ی هه‌بوو، له‌ناو هه‌رێمیشدا كاتێك په‌رله‌مان تووشی ئیفلجی بوون و كوردستان تووشی به‌ربه‌رستێكی قورس بوو دوو ساڵی خایاند وایكرد حكوومه‌ت زۆر به‌رنامه‌ی پێ نه‌برێته سه‌ر و جێبه‌جێی بكات، پاڵپشتیی په‌رله‌مان نه‌بوو و حكوومه‌ت به‌شێكی وه‌زیره‌كان چوونه ماڵه‌وه ئیدی حكوومه‌ت لاواز بوو، سه‌رباری ئه‌وه‌ی قه‌یرانی دارایی ئه‌وه‌نده قوڵ بوویه‌وه به دابه‌زینی نرخی نه‌وت و هاتنی داعش و ئاواره‌كان و تێكچوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌غدا ئه‌وانه بارودۆخێك بوون له‌ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی حكوومه‌ت بوون، كه‌واته له سێ ئاستدا حكوومه‌تی هه‌رێم بهرەنگاری ركابه‌رایه‌تی گه‌وره بوویه‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و ركابهرایهتییانهشدا به‌رنامه‌ی خۆی نه‌گۆڕی، ده‌سه‌ڵات له كوردستان هیچ شێوازی به‌رنامه‌ی سیاسی و په‌یوه‌ندیی دینامێتی و هاوكێشه‌كانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵات نه‌گۆڕا و به پێچه‌وانه‌وه ئه‌وه‌ی روویدا له بنبه‌ست له 2015 زۆر به سرووشتییان زانی درێژی بكه‌نه‌وه، دوو ساڵ درێژخایه‌نی ته‌واو توانای حكوومه‌ت بنكۆڵ ده‌كات كه گۆڕانكاریی گه‌وره له‌ناو وڵات بكات و دامه‌زراوه‌كانی چاك بكات و ته‌حه‌دای هێرشی ده‌ره‌كی ببێته‌وه، ئه‌وجا به‌ره‌و به‌ده‌وڵه‌ت بوونت ببات، ناخۆشترین بارودۆخ هاته به‌رده‌م حكوومه‌ت و ده‌بێت گه‌وره‌ترین ده‌رسیشی لێ فێرببین، بۆیه هیوادارم حكوومه‌ته‌كانی ئاینده به‌رده‌وام ئاماژه بكه‌ن به‌و جۆره بنكۆڵكردنهی توانا و ده‌سه‌ڵاتی حوكمڕانی حكوومه‌ت و حزبه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه رێگه نه‌ده‌ن كوردستان به‌وه‌نده لاوازییه بێته مه‌یدان له رۆژهه‌ڵاتی ناوهڕاستێكدا كه هه‌مووی شه‌ڕ و ئاگر و توندییه، تۆ بته‌وێت له‌عێراقدا ده‌ستكه‌وتی حكومڕانیت هه‌بێت له رۆژههڵاتێكدا تۆ به زیندوویی ده‌ربچیت ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و ململانێیانه تۆ ناچاری ناو ماڵه‌كه‌ت به‌هێز بكه‌یت و حوكمی یاسا به‌هێز بكه‌یت و فه‌رمانڕه‌وایه‌تی دروست دروست بكه‌یت، ئه‌وانه ده‌بێت ده‌رسی گه‌وره‌بن بۆ ركابه‌رایه‌تی گه‌وره له ئاینده‌شدا".
ئاژانسی ئانادۆڵو: چاوه‌ڕوانی گۆڕانكاری گه‌وره له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌گشتی ده‌كرێت؟
دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین: "سروشتی هه‌موو سیسته‌مێك ئه‌گه‌ر دیموكراسی بێت یان نیمچه دیموكراسی مادام هه‌ڵبژاردنی تێدایه و مادام مه‌یدانه‌كه پڕییه‌تی له جموجۆڵی هه‌ڵبژاردن و ئاڵوگۆڕی مانیفیستۆ و داڕشتنی سیاسه‌ته‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مادام خه‌ڵكی ده‌نگده‌ر فیعله‌ن قسه‌ی ده‌ڕوات مانای ئه‌وه‌یه گۆڕانكاری هه‌موو ده‌مێك له‌به‌رده‌مدایه، هه‌ڵبژاردن له‌هه‌موو وڵاتێك شتی نوێ به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت، من قه‌ناعه‌تم وایه ئه‌گه‌رچی له‌رووی پێكهاته و دامهزراوەییهوه حزبه‌كانی ئێستای مه‌یدانه‌كه و نههجهكانییان ناگۆڕن، به‌ڵام به‌هۆی هه‌ڵبژاردنه‌وه له‌ژێر فشارێكدا ده‌بن بۆ ئه‌وه‌ی كاراكتهرهكانییان، مانیفیستۆ و ئسلوبییان بگۆڕن، ته‌نانه‌ت له‌ناوه‌وه و لهدهرهوهشیاندا شێوازی مامه‌ڵه‌كردن و راكێشانی ده‌نگ بگۆڕن.
بۆیه ئێستا دیبه‌یتی گه‌وره ئه‌وه‌یه جارێ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو به‌چی یاسا و دینامیكییهتێك ده‌بێت، دوای ئه‌وه كێ بچێته ناو په‌رله‌مانه‌وه؟، ئایا ئه‌و نوخبهیەی ئێستا گۆڕانكاریی گه‌وره‌یان به‌سه‌ردا دێت، له‌وه‌ش گرنگتر ئایا بڕیاربه‌ده‌ستانی ناو حزبه‌كان خۆیان دێنه نێو په‌رله‌مان یان نا؟، ئه‌گه‌ر نه‌هاتن دیسان دووچاری ركابه‌رایه‌تی گه‌وره ده‌بینه‌وه، هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ی مێژووییه ئه‌گه‌ر وا بكه‌ین په‌رله‌مان و حكوومه‌ت وه‌كو ئامڕازی هێز به‌كاربهێنن له‌جیاتی ئه‌وه‌ی وه‌كو ماڵی هێز به‌كاریبهێنن، كێشه‌ی هه‌ره گه‌وره‌ی ئه‌و وڵاته‌مان، دیبه‌یتی گه‌وره و ستراتیژییمان له‌ناو په‌رله‌مان بكرێت و وتوێژی له‌سه‌ر بكرێت و له‌وێ بڕیاری له‌سه‌ر بدرێت، جا ئه‌گه‌ر بێت‌و له‌رووی میكانیزمی نێو حزبه‌كان، ئه‌و حزبانه‌ی ئێستا كێشه‌یان لێ دروست بووه ئه‌گه‌ر خۆیان ساغ بكه‌نه‌وه و خۆیان رێكبخه‌نه‌وه ئه‌وا هه‌ڵبژاردن ده‌بێته هۆكارێك بۆ ئه‌وه‌ی ناوماڵییان رێكبخه‌نه‌وه و هه‌ڵبژاردن ده‌بێته هۆی نوێكردنه‌وه‌ی بڕیاره‌كان، ستراتیژه‌كان، هاوپه‌یمانێتییه‌كان، بۆیه گه‌شبینیم زۆره كه هه‌ڵبژاردن له كوردستان به‌شێكی گرنگه له چاره‌سه‌ر و ره‌نگه له به‌غداش میكانیزمه‌كانی حوكمڕانی زۆر بگۆڕێت، چونكه هه‌موو هه‌ڵبژاردنێك نوێبوونه‌وه‌یه و موفاجهئهشی تێدایه، هیواداریشم وه‌كو خه‌ڵك حزبه‌كان وه‌كو خه‌ڵك په‌له‌ی لێ بكه‌ن".
ئاژانسی ئانادۆڵو: كه‌واته كورسییه‌كان له هه‌ڵبژاردنی داهاتوو چۆن دابه‌ش ده‌بێت به‌تایبه‌ت له بوونی هه‌ردوو رووداوی ریفراندۆم، 16ی ئۆكتۆبه‌ر، به‌تایبه‌ت له بوونی لیستی نوێشدا؟
دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین: "به‌تایبه‌ت پێشبینی كردن له‌سه‌ر ته‌واوی گۆڕانی ده‌نگدان و رێژه‌كانی په‌رله‌مانتاران نا‌توانیین بكه‌ین، به‌ڵام ئێستا هه‌موو حزبه‌كان خۆیان له حاڵه‌تێك ده‌بینن زه‌ره‌ری زۆریان له رووی جه‌ماوه‌ره‌وه كردووه و ده‌نگی زۆریان له‌ده‌ستداوه، به‌ڵام كه ده‌چیته هه‌ڵبژاردنه‌وه جگه له‌وه‌ی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن خه‌ڵك راده‌كێشێت، به‌ڵام تۆ هه‌ر ده‌بێت ئه‌وانه هه‌ڵبژێریت، به‌ڵام له‌جیاتی ئه‌وه‌ی تۆ ته‌نها ده‌نگ به حزب بده‌یت، ده‌رفه‌تیش هه‌یه ده‌نگ به كه‌سه‌كانیش بده‌یت، ئێستاش ئاستی هۆشیاری له ئاستێكدایه ده‌توانێت زۆر به ئاسانی چاك و خراپ له‌یه‌ك جیابكاته‌وه، مانیفیستۆ و به‌رنامه‌ی چاك له‌گه‌ڵ خراپ، كه‌سی باش له‌گه‌ڵ كه‌متر باش یان به‌رنامه‌ی حزبی و واجیهه‌ی حزبی كه بژارده‌یه له‌به‌رده‌می هه‌ڵبژێرێت.
بۆیه ده‌كرێت هه‌مان ئه‌و حزبانه‌ی هه‌ن هه‌ڵده‌بژێردرێنه‌وه و دیسانه‌وه دێنه‌وه نێو گۆڕه‌پانه‌كه، به‌ڵام ناچار ده‌بن هاوپه‌یمانێتی نوێ دروست بكه‌ن و رێككه‌وتننامه‌ی نوێ بكه‌ن، كه حكوومه‌تیش دروست ده‌كه‌ن ره‌نگه ستراتیژ و روانگه و نه‌خشه رێگه‌ی نوێیان پێ بێت، ره‌نگه و هیواداریشم گۆڕانكاریی زووتر بكه‌ن بۆ مه‌سه‌له‌ی ریفۆرم و بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵی و چاككردنی شێوازی بڕیاردان و رزگاربوون له زۆر له‌و نێگه‌تیڤانه‌ی له چه‌ندین حكوومه‌تی رابردوو بینیومانه".
ئاژانسی ئانادۆڵو: په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا له‌پاش ریفراندۆمه‌وه ساردییه‌كی تێكه‌وت، به‌ڵام ره‌نگه به‌ره‌و ئاسایی چوون بڕۆن، توركیا بۆ هه‌رێمی كوردستان چه‌ند گرنگه؟
دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین: "ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا له 10 ساڵی رابردوو كه گه‌شه‌ی كرد گه‌یشته ئاستێكی زۆر باش له‌رووی ئابووری، سیاسی و ئه‌منیشه‌وه، ئه‌و په‌یوه‌ندییه كه له به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ردوولایه وا به ئاسانی ههڵناتهكێت، له‌راستییدا گه‌وره‌ترین گورزیش كه له‌و په‌یوه‌ندییه درا هه‌ر به هۆی ریفراندۆمه‌وه بوو، به‌ڵام هه‌ر ههڵنهتهكا، توركیا رۆڵێكی گه‌وره‌ی بینی له‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئێران رێكبكه‌وێت و رێگه‌بده‌ن سوپای عێراق به‌هاوكاری ئێران بێنه كه‌ركووك و ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان بگرنه‌وه، توركیا له‌وه‌دا رۆڵی ئه‌وه‌ی بینی كه چاوپۆشی كرد و ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕی، چونكه ئه‌گه‌ر توركیا رازی نه‌بایه ناوچه‌ی جێ ناكۆك هه‌تا نزیك فیشخابوور نه‌ده‌گیرا، به‌ڵام له هه‌مان كاتتدا توركیا زۆر شتی به‌ده‌ستی خۆی هێشته‌وه كه زۆر شتی نه‌كرد، سنووری دانه‌خست، سزای گه‌وره‌تری هه‌رێمی نه‌دا، چونكه توانای هه‌بوو له زیاتر سزادان یان خنكاندن و كه‌نارگیركردنی هه‌رێم، ئێستا له ناو توركیاش دیبه‌یتێكی گه‌وره هه‌یه و به‌شێكی زۆر ده‌ڵێن ده‌بێت به‌زووترین كات بچینه‌وه حاڵه‌تی ئاسایی پێشتر، به‌شێكیش ده‌ڵێن نه‌خێر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییمان كه‌وته ژێر پرسیاره‌وه، هه‌رێم ده‌بێت له‌وه زیاتر بكات بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌رگای بۆ بكه‌ینه‌وه و به سنگ فراوانییه‌وه حاڵه‌تی جاران بهێنینه‌وه، وا ده‌بینن ئه‌گه‌ر زوو ئه‌و ده‌رگایه بكه‌نه‌وه وه‌كو ئه‌وه‌یه هه‌رێم هیچ ده‌رسێك فێرنه‌بووبێت یان به‌لایه‌وه گرنگ نه‌بێت ئایا له ئاینده‌دا دووباره تاقیكردنه‌وه وا ده‌بێته‌وه یان نا.
له راستییدا هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌ی كردووه كه پێویسته بیكات، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه دڵنیا ده‌كاته‌وه، ده‌یه‌وێت پردی په‌یوه‌ندیی دروست بكاته‌وه، په‌یامی پۆزه‌تیڤ ده‌نێرێت، هه‌روه‌ها هه‌رێمی كوردستان له رۆژی ریفراندۆمه‌وه شتێكی وای نه‌كردووه كه توركیا پێی نیگه‌ران بێت، جا ئێستا به بۆچوونی من به‌ره‌و باشتر بوون ده‌چین، چونكه لاپه‌ڕه ناخۆشه‌كان هه‌ڵدرانه‌وه و ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به توندوتیژی بێت یان به لێدوانی خراپی هه‌ردوولا یان توڕه‌یی بێت، ئێستا گه‌یشتووینه‌ته حاڵه‌تێكی هێمن كه هه‌ردوو لا ورده ورده به‌ره‌و ئاسایی بوونه‌وه ده‌چن، هه‌ردوولا چاوه‌ڕیی ده‌رفه‌ت و ده‌ستپێشخه‌ری باش ده‌كه‌ن، به‌دووری نازانم كه زۆر به‌خێرایی بچێته‌وه ئاستی ئاسایی، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌ستپێشخه‌ری و وه‌به‌رهێنانی هه‌ردوولا و هیممهتییانی ده‌وێت، چونكه ئه‌گه‌ر لێی بگه‌ڕێن بۆ كات ئه‌وه زۆری ده‌وێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر تێبینی بكه‌ین بزنسمانێكی زۆر له‌هه‌ردوولاش چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن ئاستی ئاڵوگۆڕی ئابووری بگه‌ڕێته‌وه ئاستی خۆی، له‌رووی ئه‌منییه‌وه ئێستاش توركیا پێویستی به هه‌رێمه و هه‌رێمیش پێویستی به توركیایه، له‌رووی سیاسییشه‌وه پێویستییان به‌یه‌كتر هه‌یه.
به‌پێی لۆژێك هه‌ر ده‌بێت ئه‌و په‌یوه‌ندییانه به‌ره‌و باشتر بچنه‌وه دۆخی جاران، ئه‌و پشت رهقهیهشی هه‌بووه به‌ره‌و نه‌رمی ده‌چێت، به‌ڵام موعجیزه دروست نابێت ئه‌گه‌ر هه‌ردوولا ده‌ستپێشخه‌ری نه‌كه‌ن به‌تایبه‌ت لاپه‌ڕه‌ی ریفراندۆم هه‌ڵدراوه‌ته‌وه، به‌ڵام ده‌بێت به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان زیاتریش له جاران ئاگاداری هه‌موو ره‌فتار و لێدوانێكیان ببن، ئه‌مه به‌ته‌نها بۆ توركیا نا، بۆ ئێرانیش ده‌بێت ئاگادارببن، چونكه ئێرانیش وه‌كو توركیا هه‌مان ستراتیژی بۆ ریفراندۆم هه‌بوو، هه‌مان كاردانه‌وه‌ی هه‌بوو، ئه‌گه‌رچی ئێران زیاتریشی كرد بۆ كه‌نارگیركردنی كورد و هاوكاری بۆ هێرشی سه‌ربازی، به‌ڵام له‌رووی پڕنسیپهوه هه‌مان هه‌ڵوێستییان كرد.
په‌یوه‌ندیی هه‌رێمی كوردستان و توركیا له ئاستێكی وادایه نابێت به‌كه‌م وه‌ربگیرێت یان كه‌نار بگیرێت، لاپه‌ڕه‌ی ریفراندۆم هه‌ڵدڕاوه‌ته‌وه و پاساوی نوێ نییه بۆ توركیا ده‌رگای نوێ نه‌كاته‌وه و ده‌بێت هه‌رێمی كوردستانیش هه‌موو هه‌وڵه‌كانی چڕ بكاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ده‌رگاكان واڵا بێت".