باشترین هەنگاوی داهاتووی هەدەپە
دلاوەر عەلائەدین
رووداو 15-06-2015
هەڵبژاردنی ئەم دواییەی توركیا دەنگۆیەكی گەورەی لە داینامیكی سیاسی ئەو وڵاتەدا دروست كرد بەهۆی دوو هۆكار: یەكەم، هاووڵاتیانی توركیا بەجۆرێك لە جۆرەكان ناڕەزامەندیی خۆیان پێشانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە) دا. بۆ یەكەم جار لە دوای 13 ساڵ، ئاكەپە خۆی لەبەردەم كورتهێنانێكی ئەوتۆی دەنگەكانی دەبینێتەوە كە ناتوانێت بەتەنیا حكومەت پێكبهێنێ. بەهەمان شێوە، ویستی سەرۆك رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی لە پەرلەمانی بۆ سەرۆكایەتی لەكاتی بردنەوەی زۆرینەی رەها لەلایەن ئاكەپەوە، شكستی هێنا. دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكە ئاستەنگێكی گەورە بۆ ئاكەپە دروست دەكەن، چونكە ئاكەپە لە دروستكردن و رابەرایەتیكردنی حكومەتی هاوپەیمانی رانەهاتووە و كولتووری سیاسیی توركیا بە زۆرینە دژی حكومەتی هاوپەیمانییە.
دووەم، كورد بە خاڵێكی مێژوویی گەیشتن لە رێگەی ئەو پارتەی كە نوێنەرایەتی زۆرینەیان دەكات و بریتییە لە پارتی دیموكراسی گەلان (هەدەپە) و توانی بگاتە پەرلەمان بە تێكشكاندنی بەربەستی 10%. بەو چەشنە، دەرفەتێكی بێ وێنەیان بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی دۆزەكەیان بۆ دیموكراسیی زیاتر لە توركیا و جموجۆڵدان بە پرۆسەی ئاشتی و بردنەوەی مافی دەستووریی زیاتر بۆ كورد.
پرسیاری سەرەكی لە كاتی ئێستادا ئەوەیە كە ئایا هەدەپە ئەو دەرفەتە دەقۆزێتەوە یان لەدەستی دەدات؟ بەپێچەوانەوە، ئایا ئاكەپە بەردەوام دەبێت لە پەرەپێدانی زیاتری سەقامگیریی لە توركیا، هاوشێوەی بەرەوپێشچوونی ئابووری و گەیاندنی پرۆسەی ئاشتی بە خاڵی مەبەست؟
جێی سەرنجە، دوا بەدوای راگەیاندنی دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردن لە شەوی یەكشەممە، (7ی حوزەیران)، سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی هەدەپە، دەرگای بەڕووی بەشداریكردن لە هەرجۆرە هاوپەیمانێتیەك لەگەڵ ئاكەپە داخست. هەرچەندە ئەو هەڵوێستە پێویست نەبوو بەڵام تێگەیشتن لێی ئاسانە، چونكە دەرهاویشتەی ئەو بەڵێنە بوو كە لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا دەمیرتاش بە دەنگدەرانی دابوو، یاخود هەوڵێكە بۆ ئەوەی لەسەرەتادا یارییەكە بۆ ئاكەپە زەحمەت بكات. بەڵام رۆژی دواتر، لە ئیستانبوڵ دەمیرتاش گوتارێكی پێشكەش كرد و تێیدا ئاماژەی دا كە دەرگاكە بەتەواوی دانەخراوە، وەك هێشتنەوەی هیوایەك بۆ رێككەوتن لەگەڵ ئاكەپە.
هاوكات، ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆك وەزیری كاربەڕێكەر، رووكەشێكی پۆزەتیڤی لەخۆگرت و پێداگیریی كرد لەوەی ئاكەپە گەورەترین پارتە لە ناو پەرلەمان و پێكهێنانی حكومەت بەبێ ئاكەپە ئەستەم دەبێت. بەڵام ئاكەپە بەهەموو پێوانەكان دۆڕاوی هەڵبژاردنەكەیە، چونكە لە دۆخێكی یەكجار ناسكدایە. لەبەردەم بژارەی سەختدایە، لەنێوانیاندا پێكهێنانی حكومەت لەگەڵ یەكێك لە نەیارە سەرسەختەكانیان، یان پێكهێنانی حكومەتی كەمینە، یان دەستەوەستان لەبەردەم پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) بۆ دروستكردنی حكومەتی كەمینە و یاخود سەرلەنوێ ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنێكی پێشوەختە.
بە بڕیاردان لەسەر هەڵمەتی ئەو دواییەیان و هەوڵەكانیان بۆ بردنەوەی دەنگی ناسیۆنالیستەكان، ئاكەپە زیاتر بەرەو پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستەكان (مەهەپە) هەنگاو دەنێت نەوەك بەرەو نەیارە تەقلیدیەكەیان (جەهەپە)، یاخود (هەدەپە) بۆ پێكهێنانی حكومەتی هاوپەیمانی. ئەمەش هەواڵێكی خراپە بۆ كورد و هەدەپە و زۆرینەی دەنگدەرانی ئاكەپە. ئەو كارە نەك تەنیا هاوپەیمانییەكی لاواز و تەمەن كورت دەبێت. بەڵكو رێگر دەبێت لەبەردەم ئاكەپە لە پتەوكردنی دەستكەوتەكانی پێشووتریان وەك پرۆسەی ئاشتی و پتەوكردنی پەیوەندییە ئابوورییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان. دیارە كە یەكێك لە مەرجە هەرە سەرەكییەكانی مەهەپە بۆ هاوپەیمانیكردن لەگەڵ ئاكەپە (یاخود پاڵپشتیكردنی جەهەپە بۆ پێكهێنانی حكومەتی كەمینە) بریتییە لە دەستبەرداربوون لە پرۆسەی ئاشتی كە بە دڵنیاییەوە جۆرێكە لە كارەسات بۆ سەقامگیری و دیموكراسیی لە توركیا و میراتی ئاكەپە و ئاواتەكانی كورد لەو وڵاتە. ئەمەش مەترسی گەڕاندنەوەی توركیای بۆ دۆخی كۆن و بەرزبوونەوەی تەنگژە سەربازییەكان لێ دەكەوێتەوە.
بۆیە پێویستە لەسەر سەركردەكانی هەدەپە بەڕەكە لە ژێر پێی مەهەپە دەربێنن و دەست بە زنجیرەیەك دانوستاندن دەربارەی دەرئەنجامێكی سوودبەخش بۆ هەردوولا (هەدەپە و ئاكەپە) بكەن. پێویستە هەدەپە بەڕوونی و بە ئاشكرا داخوازییەكانی بۆ گۆڕانكارییەكان لە دەستووری توركیا بخاتە سەرمێزی گفتوگۆ كە دەتوانن لەڕێگەیەوە دواتر پاڵپشتی دەنگدەرانیان بۆ بەشداربوون لە حكومەتی هاوپەیمانی بەدەستبهێنن. بەهەمان شێوە، ئەو كارە دەرفەتێكی چوار ساڵی لەبەردەم هەدەپە بۆ بەردەوامیدان بە كامپەینی ریفۆرمی دامەزراوەیی و دیموكراسی واڵا دەكات.
هاوپەیمانیی هەدەپە و ئاكەپە نەك تەنیا سوودبەخشە بۆ سیاسەتی ناوخۆیی توركیا، بەڵكو بەردەوامیدەرە بەو سەركەوتنانەی كە توركیا لە هەرێمی كوردستان بەدەستی هێناون. لە بەرژەوەندیی حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە كە لە ئەنجامی ئەو گفتوگۆیانەدا توركیایەكی سەقامگیر و لەچەك داماڵراو بێتە كایەوە، كە تێیدا كورد مافەكانیان بەدەستبهێنن و دەرفەتی بەردەوامیدان بە توانا ئابوورییەكانی هەرێم وەك دەروازەیەكی مەزنی بازرگانی و هەناردەكردنی نەوت و گاز بۆ توركیا و ئەولاتریش. هاوپەیمانی هەدەپە و ئاكەپە بەهەمان شێوە یارمەتیدەر دەبێت لە بنیاتنانی هەنگاوی ئەرێنی لەبەردەم كێشە ناوخۆییەكانی عێراق كە توركیا تێیدا سوودمەند دەبێت، بەتایبەتی بەهۆی كەركووك و پێكهاتەی توركمان لەو وڵاتە. لە كاتی بەشداربوونی مەهەپە لە حكومەت ئەم پرسانە بەدڵنیاییەوە ئاڵۆز و دژوار دەبن، ئەویش بەهۆی لەخۆگرتنیان لە بیروبۆچوونی بەرتەسكی ناسیۆنالیستی توركی.
لە كۆتاییدا، پێویستە ئاكەپە وەك پارتێكی خاوەن زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمان، ئەوە بزانێت كە هاوپەیمانی هەدەپە و ئاكەپەی پشتئەستوور بە متمانەی هاوبەشی نێوان هەردوولا زۆر دڵنیاكەرەوەترە لە نزیكبوونەوە لە پارتێكی موحافیزكاری وەك مەهەپە، یاخود پێدانی دەرفەتێك بە جەهەپە بۆ دروستكردنی حكومەتێكی كەمینەی دژ بە ئاكەپە. هاووڵاتیانی توركیا قسەی خۆیان كرد، بۆیە پێویستە نوخبەی ئەو وڵاتە رێگایەكی كاریگەر بدۆزنەوە بۆ دڵنیاكردنەوەی دەنگدەران لەوەی كە دەنگیان بیستراوە و رێزی لێ دەگیرێت بۆ ئەوەی توركیا بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێت و دەستكەوتە سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكانی پتەوتر بكات.