ئه‌رك و ئه‌وله‌ویه‌ته‌كانی هه‌رێمی کوردستان لێره به‌دواوه
ئه‌رك و ئه‌وله‌ویه‌ته‌كانی هه‌رێمی کوردستان لێره به‌دواوه
دلاوەر عەلائەدین
رووداو 15-11-2017
هه‌رێمی كوردستان رووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵێك ته‌حه‌دای سیاسی و عه‌سكه‌ری و دارایی و ئیداری بووه‌ته‌وه. خه‌ریكه ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا، به هاوكاری، وه‌یان چاوپۆشیی هێزه ئیقلیمی و جیهانییه‌كان، له سه‌رجه‌م بواره‌كاندا به زیاده‌وه سزای هه‌رێمی کوردستان ده‌ده‌ن و سنووره ده‌ستووری و رێكکه‌وتنه سیاسیه‌كانی پێشوو بنكۆڵ ده‌كه‌ن. دیاره ئامانجی ستراتیژییان ئه‌وه‌یه كه جارێكی دیكه هه‌رێمی كوردستان توانای سه‌ربه‌رزكردنه‌وه‌ی نه‌مێنێ و سه‌ربه‌خۆییه‌كه‌ی له ئاستی هه‌رێمێكی ملكه‌چ و سنوورداری ناو عێراق تێنه‌په‌ڕێ. به‌وه‌ش خه‌ونی به‌ده‌وڵه‌تبوونی هه‌رێمی كوردستان به‌یه‌كجاری بسڕنه‌وه. پرسیاری گرنگ ئه‌وه‌یه كه ئایا چی ده‌كرێ و چی بكرێ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان به كه‌مترین زیان له‌و دۆخه ده‌ربازببێ؟
بۆمبی ته‌وقیتكراو
دۆخی ئیمڕۆی هه‌رێم به شه‌و و ڕۆژێك نه‌هاتووه‌ته دی، به‌ڵكو له ئه‌نجامی كه‌ڵه‌كه‌بوونی كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی ریشه‌یی هه‌ڵپه‌سێردراو و ئه‌ركی پشتگوێخراو په‌یدابوونه كه پێشتر كاریان به‌پێی پێویست له‌سه‌ر نه‌كراوه و ئێستا كاتی هاتووه چاره‌سه‌ر بكرێن.
هه‌میشه بیرمه‌ند و خه‌مخۆران جه‌ختیان له به‌دیهێنانی كۆمه‌ڵێك مه‌رجی بنه‌ڕه‌تی بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌ی به‌ده‌وڵه‌تبوون كردووه‌ته‌وه، گرنگترینیان بریتین له رێكخستنی ناوماڵ و هێنانه‌دی یه‌كڕیزیی سیاسی و ته‌بایی كۆمه‌ڵایه‌تی. نهێنی نییه كه له‌و رووەوە ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌رێم، له هه‌ردوو زۆنی سه‌وز و زه‌رد، كه‌مته‌رخه‌م بوونه. به‌پێی پێویست ئه‌وله‌ویه‌تیان به پڕۆسه‌ی نیشتیمانسازی و ده‌وڵه‌تسازی و تۆكمه‌كردنی سیسته‌می حوكمڕانی نه‌داوه، یان له گرنگیی ئەمەیان كه‌مكردووه‌ته‌وه.
هه‌ندێك وایان داده‌نا كه ده‌كرێ باره ناوه‌كیه شڵۆقه‌كه‌ی هه‌رێم له‌دوای دامەزراندنی ده‌وڵه‌ت چاك بكرێ، به‌ڵام رۆژگار سه‌لماندی كه سیسته‌می حوكمڕانی هه‌رێمی کوردستان له رووی بونیاد و په‌یكه‌ره‌وه ئه‌وه‌نده لاواز و له‌رزۆكه، خۆی له‌خۆیدا هۆكاری سه‌ره‌كی بووه بۆ دروستبوونی قه‌یرانه نه‌پچڕاوه‌كانی، له یه‌كه‌مین تاقیكردنه‌وه‌ی چاره‌نووسسازیشدا به‌رگه‌ی نه‌گرت و شكستی هێنا.
به واتایه‌كی دیكه، شكستی ئه‌وجاره له ده‌رئه‌نجامی ته‌نیا هه‌ڵه‌یه‌ك یان هیچ جۆره خیانه‌تێك نه‌بوو، به‌ڵكو وه‌كو بۆمبێكی ته‌وقیتكراو مه‌سه‌له‌یه‌كی حه‌تمی و چاوه‌ڕوانكراو بوو. خۆ ئه‌گه‌ر هه‌رێمی کوردستان پێشوه‌خته و به‌بێ یه‌كڕیزیی ده‌وڵه‌تی رابگه‌یا‌ندایه، دوورنییه هه‌ر هه‌مان ئه‌و لاوازیه بنه‌ڕه‌تیانه، زوو یان دره‌نگ، ده‌بوونه هۆی شكستی ده‌وڵه‌ته‌كه و دووپاتبوونه‌وه‌ی ئه‌زموونی باشووری سوودان. راسته، هه‌ڕه‌شه ده‌رەكییه‌كان و هێزه نه‌یاره‌كان رۆڵیان كاریگه‌ر بوو، به‌ڵام گله‌یی له نه‌یار و دوژمنان ناكرێ، چونكه ئه‌وانه به سروشت ئامانجیان شكستپێهێنانی پڕۆژه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه.
ده‌بێ هه‌رێم بارودۆخ هه‌ڵسه‌نگێنێ، خوێندنه‌وه بۆ مه‌رج و پێشهاته‌كان بكات و خۆی بۆ هه‌نگاوه‌كان ئاماده بكات و حیساب بۆ په‌رته‌وازه‌یی بڕیاری سیاسی ناوه‌كیش بكات. ئه‌گه‌ر حوكمی هه‌رێمی کوردستان دروست بووایه، په‌رله‌مان كارا بووایه، حكومه‌ت تۆكمه بووایه، هێزی چه‌كدار نیزامی بووایه، گه‌نده‌ڵی كۆنتڕۆڵ بكرایه، خه‌ڵكی هه‌رێم هه‌ستی هاووڵاتیبوون و سه‌روه‌ریی یاسا و عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی هەبووایە، درزی وا گه‌وره نه‌ده‌كه‌وته نێو هێزه‌كانی هه‌رێم و چانسی سه‌ركه‌وتن زۆر له‌وه زیاتر ده‌بوو.
لاوازیی ستره‌كچه‌ری بڕیاردان
ده‌مێكه قڵیشی گه‌وره له نێوان سه‌رجه‌م هێزه سیاسییه ده‌سه‌ڵاتدار و ئۆپۆزیسیۆنه‌كان په‌یدا بووه، به‌ڵام ئێستا كار له‌وه تێپه‌ڕیوه. قڵیشی ناوه‌كیش له هه‌ناوی زۆربه‌ی هێزه‌كاندا سه‌ری هه‌ڵداوه و له پرۆسه‌ی حوكمڕانی و ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵكیشدا ره‌نگیانداوه‌ته‌وه. له زۆنی سه‌وزدا ستره‌كچه‌ری (په‌یكه‌ر و پرۆسه‌ی) بڕیاردان له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه شڵه‌قاوه و له ئاستی لوتكه‌وه به شێوازێكی مه‌ترسیدار په‌رته‌وازه بووه كه هیچ جۆره مه‌ركه‌زیه‌تێك له بڕیارداندا به‌دی ناكرێ.
له زۆنی زه‌ردیشدا كێشه‌كه به پێچه‌وانه‌یه، په‌یكه‌ری بڕیاردان به زیاده‌وه تۆكمه و به زیاده‌وه مه‌ركه‌زیانه‌یه، به جۆرێك كه نه‌ك ته‌نیا له ره‌خنه‌ی ئۆپۆزیسیۆن پارێزراوه، به‌ڵكو له‌وه ده‌چێ له داواكاریی خه‌ڵك و راوێژی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و توێژی بیرمه‌ندانیش دابڕابێ. ئه‌و دیارده دوو جه‌مسه‌ریه له هه‌رێمێکی بنده‌سته‌دا كه چاوی له‌وەیە ببێتە دەوڵەت، به كێشه‌ی بنه‌ڕه‌تیی كه‌مه‌رشكێن داده‌نرێ، چونكه به‌هۆیه‌وه هه‌میشه لە ئاستی ته‌حه‌داكاندا قابیلی لێكترازان ده‌بێ.
ده‌سه‌ڵاتی بڕیاردانی سیاسی، دارایی، عه‌سكه‌ری یان ئیداری له هیچكام له‌و دوو زۆنه‌دا به ته‌واوی نه‌گوازراوه‌ته‌وه ناو په‌رله‌مان و حكومه‌ت و دادگا. به پێچه‌وانه‌وه، هه‌ژموونی حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان له لاوازكردن و بنكۆڵكردنی، وه‌یان هه‌ندێ جار ئیفلیجكردنی هه‌ریه‌ك له‌و كۆڵه‌گانه‌ی دیموكراسیدا به‌رده‌وامه. مه‌سه‌له‌ی حوكمڕانی به‌پێی یاسا، وه‌یان مه‌سه‌له‌ی شه‌رعیه‌تدان به بڕیاره‌كانی حوكمڕانی، مه‌رجی بنه‌ڕه‌تین بۆ به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌ی میلله‌ت و متمانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، كه‌چی له هه‌رێمی کوردستاندا كراونه‌ته مه‌سه‌له‌ی لاوه‌كی. ئه‌و جۆره پشتگوێخستنه‌ی یاسا و شه‌رعیه‌ت له سه‌رده‌می شه‌ڕی ساردی سه‌ده‌ی رابردوو بۆ ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه ده‌چووه سه‌ر، به‌ڵام له رۆژگاری ئیمڕۆدا و له هه‌رێمێكی فیدراڵی بنده‌سته‌دا نه‌فه‌سیان درێژ نییه.
نه‌چووه بچێ
شكستی ئه‌وجاره به‌و ئاسته‌ی ڕووخان نییه كه چاودێران وه‌سفی ده‌كه‌ن. به‌ڵكو پاشه‌كشه‌یه‌كه به مانای گه‌ڕانه‌وه‌ی زه‌مه‌ن بۆ دواوه، چونكه دۆخی هه‌میشه شڵه‌قاوی عێراق به‌رده‌وامه و پارسه‌نگی هێزه ململانێكه‌ره‌كان له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هێشتا له گۆڕاندایه. به‌غدا به‌بێ هاوكاریی ده‌ره‌كی توانای چاره‌سه‌ركردنی كێشه بنه‌ڕه‌تی و درێژخایه‌نه‌كانی نه‌ماوه و نایبێ. جا به‌هۆی داڕزانی ناوه‌كی و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی پێكهاته‌كانی عێراق بێ یان له ئه‌نجامی ململانێی هێزه جوڵێنه‌ره‌كان، ده‌رفه‌تی نوێ دێنه پێشه‌وه.
خۆ ئه‌گه‌ر عێراق تۆكمه‌ش بووه‌وه و لایه‌نی كوردی وه‌ك شه‌ریكێك به‌شدار بوو له هه‌ڵساندنه‌وه و به‌دیموكراسیكردنی، ئه‌وا دیسانه‌وه هه‌رێمی كوردستان براوه ده‌بێ. ئه‌گه‌ر هێزه سیاسییه‌كان به‌خۆكه‌وتن و ته‌ركیزیان خسته‌وه سه‌ر تۆكمه‌كردنی كۆڵه‌گه‌كانی حوكمڕانیی دروست له هه‌رێمدا، ئه‌وا شكستی ئه‌و دواییه ده‌بێته ده‌رسی مێژوو و هه‌ڵسانه‌وه‌ی به گوڕوتینه‌وه به‌دوادا دێ. به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌ركرده سیاسیه‌كان له ئینكاردا بمێنن و لاوازییه‌كانی سیسته‌می ئێستا به‌رده‌وام بكه‌ن، ئه‌وا شكست ده‌بێته كاره‌سات و ئومێدی به‌ده‌وڵه‌تبوونیش له خه‌ونه‌وه ده‌بێته خه‌یاڵ.
ئه‌ركی دادێ له ناوه‌وه
ئیمڕۆ كاتی دیراسه‌تكردنی ئه‌ركه هه‌نووكه‌ییه‌كانه بۆ فریاكه‌وتن و راستكردنه‌وه‌ی باری لاری سیسته‌می حوكمڕانی. پێویسته سه‌ركرده‌كان رێگه له موزایه‌ده و گوتاری ئاگرین و ئاڵوگۆڕی تۆمه‌ت و ره‌فتاری تێكده‌رانه بگرن كه ره‌نگه ببنه مایه‌ی زیاتر لێكترازان و گه‌ڕانه‌وه بۆ كاره‌ساتی دوو ئیداره‌یی. له‌جیاتیان با په‌رله‌مان و حكومه‌ت كاراتر بكرێن و ببنه سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی بڕیاردان.
به‌زووترین كات سه‌ركرده‌كان به‌رچاوڕوونی بده‌نه خه‌ڵك و به‌رنامه‌ی سیاسی و حوكمڕانییان ئاشكرا بكه‌ن. له‌وانه پلانی: ئارامكردنه‌وه‌ی كه‌ركوك و ناوچه دابڕێندراوه‌كان، گێڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان، داڕشتنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ عێراق، هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن و دیاریكردنی رۆژی هه‌ڵبژاردن، یه‌كلاكردنه‌وه‌ی سیسته‌می حوكمڕانی (په‌رله‌مانی یان سه‌رۆكایه‌تی)، به‌رنامه‌ی دارایی و مووچه، زیندووكردنه‌وه‌ی پرۆژه ژێرخانییه‌كان، به‌دامه‌زراوه‌ییكردنی هێزه چه‌كداره‌كان، كۆنتڕۆڵكردنی گه‌نده‌ڵی، ریفۆرمی سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردن، سه‌ربه‌خۆكردنی سیسته‌می دادوه‌ری، جۆشدانه‌وه به كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی. ئه‌وانه و ده‌یان پڕۆژه‌ی ستراتیژیی دیكه كه ده‌كرێ پسپۆڕان كاری له‌سه‌ر بكه‌ن بۆ جێبه‌جێكردن.
له‌مه‌ودوا به‌غدا به‌ره‌ی شه‌ڕی چاره‌نووسساز دەبێ بۆ وه‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی کوردستان
ئه‌ركی دادێ له ده‌ره‌وه
هه‌ڕ‌ەشه‌ی سه‌ره‌كی له مه‌ودای نزیكدا به پله‌ی یه‌كه‌م له به‌غداوه دێ، ئه‌وجا له ئه‌نكه‌ره و تاران به پله‌ی دووه‌م، ئه‌گه‌رچی له رووی هاندان و پلاندانانەوە ریزبه‌ندییه‌كه به پێچه‌وانه‌یه. پێویسته رووی هه‌ڵمه‌تی هه‌نووكه‌یی هه‌رێمی کوردستان له‌و سێ پایته‌خته بێ و سه‌رجه‌م كه‌ناڵه‌كانی په‌یوه‌ندی و كارتێكردن له‌ناو سیسته‌می بڕیاردانی ئه‌و وڵاتانه به‌گه‌ڕبهێندرێن بۆ ئه‌وه‌ی له ئاستێكی به‌رزی سیادیه‌وه پردی متمانه له‌گه‌ل بڕیارده‌رانیان دروست بكرێته‌وه و كرژیه‌كان و توندیی ته‌وژمه‌كان خاوبكرێنه‌وه.
ئه‌و سێ پایته‌خته له دژی ریفراندۆم و دروستبوونی ده‌وڵه‌تی سەربەخۆن، له زێده متمانه‌به‌خۆبوونه‌كه‌ی هه‌رێمی کوردستانیش نیگه‌رانن و ده‌یانه‌وێ ده‌رسێكی مێژوویی بده‌نه سه‌ركرده‌كانی هه‌رێم بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌زموونی هاوشێوه دووباره نه‌بێته‌وه، به‌ڵام خوازیاری ئه‌وه‌ش نین كه سه‌رجه‌م هاوكێشه‌كان ئه‌وه‌نده ئاوه‌ژوو ببنه‌وه، ناوچه‌كه به‌زیاده‌وه گیرۆده‌ی ململانێی خوێنینی نوێ بێت و خۆیشیان تێیدا زه‌ره‌رمه‌ند ببن. ده‌شزانن كه گوڕوتینی هه‌رێم و خواستی میلله‌تی كورد به‌وه كۆتایی نایه‌ت، ئه‌گه‌ر كێشه بنه‌ڕه‌تیه‌كان چاره‌سه‌ر نه‌كرێن ئه‌وا له ده‌رفه‌تێكی دیكه‌دا بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستان دێته‌وه مه‌یدان. بۆیه زۆرینه‌ی دراوسێیه‌كان مه‌به‌ستیانه له ئاینده‌دا هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا رێكبكه‌وێ و كێشه‌كان له چوارچێوه‌ی عێراقدا به میكانیزمی سیاسی و ده‌ستووری، نه‌ك به فه‌رزی ئه‌مری واقیع، چاره‌سه‌ر بكرێن. له‌وه‌شدا هێزه جیهانییه دۆسته‌كانیش هاوكار ده‌بن.
له به‌غدا
بۆ هه‌رێمی کوردستان، به‌غدا له هه‌موو پایته‌ختێكی دیكه‌ی جیهان گرنگتره و پێویسته بكرێته چه‌قی ته‌ركیزی سه‌ركرده‌كان. ئه‌گه‌ر كورد هه‌رچی زووه هه‌وڵ نه‌دات ببێته‌وه شه‌ریكی راسته‌قینه‌ی حوكمڕانی لە به‌غدا، ئه‌وا دوور نییه دووچاری هه‌مان ده‌ردی عه‌ره‌بی سوننه بێ كه له ساڵانی دوای رووخانی رژێمدا به‌سه‌ر خۆیاندا هێنا. ده‌مێكه حكومه‌تی هه‌رێم و لایه‌نه سیاسییه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان، به‌تایبه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان، ته‌ركیزیان له‌سه‌ر به‌غدا كاڵ كردووه‌ته‌وه و ئه‌وله‌ویه‌تیان به راكێشانی دۆستان و پڕكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كان و به‌شداریكردن له ده‌سه‌ڵاتی فیدراڵی نه‌داوه. ده‌كرێ بگوترێ كه به‌گشتی لایه‌نی كوردی له به‌غدا تا ڕاده‌یه‌كی زۆر پێگه و سه‌نگی جارانی له‌ده‌ستداوه و كاریگه‌ری له‌سه‌ر گۆڕینی بڕیار و وه‌رچه‌رخاندنی بارودۆخ و بگره پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی پیلان زۆر كزبووه، باجی ئه‌و دیاردانه‌ش له رۆژگارێكی وه‌ك ئێستادا زیاتریش ده‌بێ.
ئێستا حكومه‌تی به‌غدا ده‌رفه‌تی ده‌ستكه‌وتووه بۆ سزادانی لایه‌نی كوردی و ده‌رگاكانی گفتوگۆی به ته‌واوی نه‌كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه كاتییه، زوو یان دره‌نگ ده‌بێ بیانكاته‌وه، جا به حیكمه‌ت و سیاسه‌تی هه‌ردوولا بێ وه‌یان فشاری ده‌ره‌كی. پێویسته به‌بێ چاوه‌ڕێكردن ده‌سته‌یه‌ك له سه‌ركرده بڕیارده‌ر و كاریگه‌ره باڵاكانی هه‌رێم، به به‌شداریی سه‌رجه‌م حیزبه سه‌ره‌كیه‌كان، بچنه به‌غدا و بنكه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی له‌وێ دابكوتن و به پلانێكی گشتگیر كاری بێ‌وچان له‌سه‌ر ته‌وه‌ره‌كانی پڕۆسه‌ی بڕیاری سیاسی و حوكمڕانی عێراقی بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌شی ناهه‌مواری ئێستا ئاوه‌ژوو بكه‌ن و دواتر كورد بكه‌نه شه‌ریكی بڕیاردانی حوكمڕانی.
گرنگه ئه‌و سه‌ركردانه خه‌ڵكانێك بن كه له بڕیاری لوتكه‌یی نزیك بن، میانڕه‌و و پراگماتیك بن و توانای راكێشانه‌وه‌ی دۆسته كۆنه‌كان و دروستكردنی په‌یوه‌ندیی نوێیان هه‌بێ. پێویسته په‌یوه‌ندی لوتكه‌یی له‌گه‌ڵ مه‌رجه‌عه‌كانی نه‌جه‌ف و سه‌ركرده‌ی حیزبه شیعه و سوننه‌كان و نێرده‌ی دیپلۆماتی هێزه جیهانیه‌كان بكه‌ن و كاری نوێنه‌رانی هه‌رێم له په‌رله‌مان و حكومه‌ت و كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیدا رێكبخه‌نه‌وه. وه‌ك خاوه‌نێكی پرۆسه‌ی حوكمڕانی عێراقی، كار لەسەر بەدیموکراسیکردن و به‌دامه‌زراوه‌ییكردنی دامودەزگاکانی دەوڵەت بكه‌ن كه ئه‌وه‌ش خێری بۆ هه‌مووان ده‌بێ. واته، چیتر كورد خۆی به میوان نه‌زانێت و به‌غدا بۆ خه‌ڵكی دیكه لێنه‌گه‌ڕێ.
ئه‌و تیمه پێویستی به هاوكاریی په‌رله‌مانتاران و خه‌ڵكانی پسپۆڕ ده‌بێ بۆ به‌شداریكردن له چه‌ندین لێژنه‌ی هونه‌ریی تایبه‌تمه‌ند تاوه‌كو له ته‌وه‌ری جیاوازدا پشكی هه‌رێم له سه‌رجه‌م بواره‌كاندا بپارێزن. رۆڵی ئۆفیسی هه‌ماهه‌نگیی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵ گرنگه و پێویسته به ستاف و سه‌ركرده‌ی به‌گوڕ و لێهاتوو كارا بكرێته‌وه هه‌تا به‌رده‌وام به داتا و به‌ڵگه ئه‌ركی چاودێری و به‌دواداچوون له‌ئه‌ستۆ بگرن.
په‌رله‌مانتارانی به‌غدا
ئه‌ركی په‌رله‌مانتارانی کورد له به‌غدا زۆر قورس بووه، به‌هۆی كاڵبوونه‌وه‌ی ته‌ركیزی حیزبه‌كانیان كاریگه‌رییان له‌سه‌ر بڕیار و رووداوه‌كان كه‌م بووه‌ته‌وه. په‌رله‌مانتاران شاره‌زایی زۆریان له بنجوبنه‌وانی سیسته‌م و ده‌رفه‌ت و هه‌ڕه‌شه‌كان هه‌یه و ده‌توانن پیلان و بڕیاری نابه‌جێی دژ به‌هه‌رێم له په‌رله‌مان هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه، به‌ڵام بۆ ئه‌وه پێویستیان به گوێلێگرتن و پشتگیریكردن و رێنماییه.
پێویسته حیزبه‌كانی هه‌رێمی کوردستان ئاماده‌باشیی ته‌واو بۆ هه‌ڵبژاردنی گشتی داهاتووی په‌رله‌مانی عێراق بكه‌ن. بۆ ئه‌وه‌ش، كار بۆ ده‌ستنیشانكردنی كاندیده‌كان له‌نێو سه‌ركرده‌ی باڵا، بڕیارده‌ر، لێهاتوو، عه‌ره‌بیزان و خاوه‌ن به‌هره‌ی پێشڕه‌ویی بكه‌ن، چونكه له مه‌ودوا به‌غدا به‌ره‌ی شه‌ڕی چاره‌نووسساز دەبێ بۆ وه‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی کوردستان، ئه‌و شه‌ڕه‌ش پێویستی به به‌كارهێنانی به‌رزترین ئاستی زانست و هونه‌ری لۆبیكردن و خه‌باتی سیاسی ده‌بێ.
ساڵانێكه پڕكردنه‌وه‌ی زۆرێك له‌و پۆستانه پشتگوێ خراون یان كاندیدی گونجاویان بۆ دیاری نه‌كراوه، ئه‌وانه‌ی له پۆسته‌كانیشدابوونه كێشه‌ی ئاراسته‌كردنیان هه‌بووه یان له زۆر حاڵه‌تدا له‌جیاتی به‌رگریكردن له خواست و مافه‌كانی هه‌رێمی کوردستان، بۆ ده‌ستكه‌وتی حیزبیی تایبه‌ت ئاراسته كراون.
له ده‌ره‌وه‌ی وڵات
له‌و چه‌ند هه‌فته‌ی دوای ریفراندۆمه‌وه، فه‌زای هه‌رێم ته‌سك بووەته‌وه. كه‌شێكی نێوده‌وڵه‌تی خنكێنه‌ر داهێنراوه، وه‌ك بڵێی سه‌رجه‌م ده‌ورودراوسێكان له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه دۆسته‌كان خه‌ریكی داخستنی بۆڕیی هه‌ناسه‌كه‌ین. به‌ڵام ئه‌و دۆخه كاتییه و خه‌ریكه كاته‌كه‌شی به‌سه‌رده‌چێ، چونكه ئامانجه‌كانیان بۆ بچووككردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و قه‌واره‌ی هه‌رێم وا دێته‌دی. له‌ولاشه‌وه هاوپه‌یمانان له زێده‌ڕۆیی حكومه‌تی عێراق نیگه‌رانن.
هه‌ڵبه‌ته رێگرتن له هێزه نه‌یاره‌كان و راكێشانه‌وه‌ی دۆستانی هاوپه‌یمان به خۆڕسكی نایه‌نه‌دی، به‌ڵكو پێویستیان به هیممه‌تی نوێ ده‌بێ له ئاستی لۆبیكردنی سه‌رتاسه‌ریی بۆ كاركردنه سه‌ر بڕیاری هێزه ئیقلیمی و جیهانیه‌كان له‌سه‌رجه‌م پایته‌خته گرنگه‌كان.
بێگومان ئه‌ركی نوێنه‌رانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌مه‌ودوا له‌جاران قورس‌تر ده‌بێ. ئه‌وانه زیاتر ده‌كه‌ونه به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی لۆبی عێراقی كه هه‌وڵی داخستنی نوێنه‌رایه‌تیه‌كان ده‌دەن. نوێنه‌ران پێویستیان به ستراتیژی نوێ ده‌بێ بۆ خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ واقیع و ئه‌وله‌ویاتی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم، نه‌ك هی دوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری هه‌رێم.
هه‌ڵبه‌ته نوێنه‌ران له‌و میانه‌دا ته‌نیا نین، دۆست و پاڵپشتیان هه‌ن. یه‌كێك له پاڵپشته هه‌ره مه‌زنه‌كان بریتییه له ره‌وه‌ندی كورد لە هه‌نده‌ران كه له سه‌رتاپای جیهاندا به‌ربڵاون و توانای فشاریان له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌كانی بڕیار هه‌یه. ئه‌وانه دڵیان بۆ كوردستان لێده‌دا و ئاماده‌ن به‌بێ چاوه‌ڕوانكردنی پاداشت كاری پێشمه‌رگانه بۆ دۆزی هاوبه‌ش بكه‌ن. دیاره ئه‌و ره‌وه‌نده له لاوازبوونی سیسته‌می حوكمڕانی هه‌رێم و ته‌شه‌نه‌كردنی په‌تای گه‌نده‌ڵی نیگه‌رانن، به‌گله‌یین له‌وه‌ی كه ده‌نگیان نابیسترێ و ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم پشتگوێ‌یان خستوون، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خۆیان وه‌ك شه‌ریكی هه‌میشه‌یی ده‌بینن و ئه‌و شكسته‌ی دوایی به هی خۆیان و دۆزه‌كه‌یان داده‌نێن و ئاماده‌ن بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی هیواكان بێنه فریا. كاتی هاتووه حكومه‌ت به هه‌ڵمه‌تێكی نوێوه پردی هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری له‌گه‌ڵ ره‌وه‌ندی كورده‌واری دروست بكاته‌وه و بیانكاته شه‌ریكی روانگه و به‌رنامه‌ی نوێی لۆبیكردن.
بێگومان ته‌حه‌داكان مه‌زنن و چاكکردنی سیسته‌م كارێكی قورس و درێژ‌خایه‌نه، به‌ڵام خه‌ڵك پشووی درێژه. له‌و ساته‌وه‌خته‌وه كه حكومه‌ت قۆڵی لێ هه‌ڵده‌كات و به‌ڵگه‌ی پێشوه‌چوون پێشكه‌ش ده‌كات، خه‌ڵك نیه‌تچاكیی سه‌ركرده‌كانی قه‌بوڵ ده‌بێ و به‌شێكی به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ش ده‌گرێته ئه‌ستۆ، چونكه ئه‌و نیشتیمانه، به كێشه‌كانیه‌وه، هی هه‌مووانه و به‌رپرسیارێتی چاكکردن و سه‌رخستنیشی له ئه‌ستۆی هه‌موواندایه.