هه‌وری مه‌رگ
هەوری مەرگ
شەڕی كیمیایی سەدام حوسێن لە دژی كوردان
Death Clouds
Saddam Hussein’s chemical war against the Kurds
كانونی دووەمی ١۹۹١
[ناوه‌رۆكی ئه‌و وتاره به‌رهه‌می لێكۆڵينه‌وه‌يه‌كی دوو ساڵ و نيويه، كه به‌ر له‌وه ئامار و زانياری كۆكراوه‌ی له‌و شێوه‌يه بڵاو نه‌كرابوه‌وه. ئه‌و ئامار‌و زانياريانه‌ش بۆ كاری لۆبی كردن پێويست بوون به‌ڵام كۆ كردنه‌وه‌یان زۆر زه‌حمه‌ت بوو و پێويستی به ديمانه‌ی ده‌يان شايه‌تحاڵ و پشكنينی سه‌دان بڵاو كراوه بوو. ئه‌و وتاره، وه‌ك ناميلكهيهك به زمانی ئينگليزی بڵاو كرايه‌وه و له سه‌رده‌می شه‌ڕی كوه‌يت و ساڵانی نه‌وه‌ده‌كان وه‌ك سه‌رچاوه‌يه‌كی باوه‌ڕپێكراو له چه‌ندين بڵاوكراوه و لێكۆڵينه‌وه‌دا به‌كار هێنراوه. ده‌قه ئينگليزيهكهی له وتاری C10 دا نوسراوه‌ته‌وه]
پێشه‌كی
جه‌نگی دووه‌می كه‌نداو له نێوان ڕژێمی عيڕاق وهێزه‌كانی هاوپه‌یمانان به ڕێبه‌رایه‌تی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا په‌رده‌ی له‌سه‌ر توانا سه‌ربازییه خه‌ته‌رناكه‌كانی ڕژێمی عيڕاق هه‌ڵماڵی، به تایبه‌ت چه‌كی وێرانكاری كۆمه‌ڵكوژی (وه‌ك كیمیایی و بایۆلۆژی). ئه‌گه‌رچی به درێژایی ئه‌و جه‌نگه چاودێرانی سه‌ربازی و سه‌رچاوه‌كانی ڕاگه‌یاندن به ووردی چاودێری ئه‌گه‌ره‌كانی به‌كارهێنانی چه‌كی كۆمه‌ڵكوژیان ده‌كرد، به‌ڵام ناكرێت ئه‌و ڕاستیه مێژووییه له یاد بكه‌ین كه ڕژێمی عيڕاق ئه‌م جۆره چه‌كانه‌ی له كاتی جیا جیادا به كار هێناوه و قوربانی یه‌كه‌می ئه‌م جۆره ڕه‌فتاره نامرۆڤانه‌یه‌ش گه‌لی كوردی عیڕاق بووه.
كورد هه‌میشه هه‌وڵیان داوه كاره‌ساتی به‌كارهێنانی چه‌كی كیميايی له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا بناسێنن تا چیتر هیچ ڕژێم و ده‌سته و تاقمێك نه‌توانێت ئه‌و تراژیدیایانه دووباره بكاته‌وه كه ده‌رهه‌ق به میلله‌تی كورد كران.
ده‌وڵه‌تی عیڕاقی مۆدێرن له هه‌رێمی میزۆپۆتامیای ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی یه‌وه پێكهێنرا، پاش جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی و كاتێك به‌ریتانیا قه‌ڵه‌مڕه‌وی سه‌رتاسه‌ری ناوچه‌كه بوو سنووری جوگرافی ده‌وڵه‌تی عیڕاقی نوێی كێشا و كوردستانیشی لكاند به به‌شی باكوری عیڕاقه‌وه، بێ گوێدانه مافه سیاسییه‌كانی گه‌لی كورد به تایبه‌ت مافی چاره‌یخۆنوسین و پێكهێنانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی سه‌ربه‌خۆ. له ساڵی ١۹٢٠ به دواوه، كورده‌كان هه‌میشه له كێشه‌و ململانێی سیاسيدا بوون له‌گه‌ڵ ڕژێمی مه‌ركه‌زی عیڕاق كه پایته‌ختیان به‌غدا بوو. له دوای ڕووخانی ڕژێمی شاهه‌نشاهی (هاشيمی) به دواوه به‌ریتانیا ده‌سه‌ڵات و هه‌ژموونی به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا له‌ده‌ستدا و چاره‌نوسی كورده‌كانیش كه‌وته ده‌ست ڕژێمه عه‌ره‌به ناسیۆنالیسته نادیموكراتییه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی عیڕاق. به بێ جیاوازی، ته‌واوی ئه‌و ڕژێمانه هه‌رگیز دانیان به مافه ساسی و مه‌ده‌نییه‌كانی گه‌لی كورددا نه‌ناوه، ته‌نانه‌ت مافی هاوڵاتی بووون و مافه مه‌ده‌نییه‌كانی گه‌لی كوردیشیان نه‌سه‌لماندووه. بۆیه گه‌لی كوردستان له ماوه‌ی چه‌ندین دهكهيدی ڕابردوودا كه‌وتنه خه‌باتی سیاسی و ناچاریش كران كه ڕێگای خه‌باتی چه‌كداری بگرنه به‌ر بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی مافه مه‌ده‌نی و سیاسییه‌كانیان، به‌تایبه‌ت دروشمی مافی چاره‌ی خۆنووسین كه به زه‌قی به گوتاری سیاسی كوردییه‌وه دیاره.
كێشه‌ی كورد بووه‌ته یه‌كێك له هۆكاره‌كانی نائارامی سیاسی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، بۆیه ههرگفتوگۆیهك له‌باره‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی ناوچه‌كه بكرێت پێویسته دۆزی كوردیش به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت. به‌درێژایی جه‌نگی سارد هه‌ردوو بلۆكی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا هه‌رگیز ته‌به‌نای چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كوردیان نه‌كردووه چونكه ئارامی ناوچه‌كه له به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی و ئابوری هیچ لایه‌كیان نه‌بووه، هه‌ردوو لایان پشتیوانی ته‌واوی ڕژێمه دیكتاتۆریه به‌هێزه‌كانی ناوچه‌كه بوون، به تایبه‌ت ئه‌و وڵاتانه‌ی كه گرنگی ستراتیجیان هه‌یه (له جۆری ده‌وڵه‌تی عیڕاق).
كاریگه‌ری مۆتیڤی بازرگانی وای كرد ئه‌و زلهێزانه چاوپۆشی بكه‌ن له‌و پێشێلكارییانه‌ی ده‌رهه‌ق به مافی مرۆڤ و مافی هاوڵاتیانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئه‌نجام ده‌درا. به تایبه‌ت ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی بازرگانیان له‌گه‌ڵ عیڕاق ده‌كرد سنووری هه‌موو یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیان ده‌به‌زاندو كه‌ره‌سته‌ی دروستكردنی چه‌كی كۆمه‌ڵكوژیان به عیڕاق ده‌فرۆشت. هه‌موو ئه‌م پێشێلكاریانه له یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ سه‌ره‌نجامی بێده‌نگی زلهێزه‌كانی دنیا بوو له پێناو جێبه‌جێ كردنی مه‌رامه ئابوری و سیاسییه‌كانی خۆیان.
خه‌مساردی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی، ته‌شه‌نه سه‌ندن و بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌كی كۆمه‌ڵكوژ و چه‌كی كیمیایی لێ كه‌وته‌وه، به ڕاستی ئه‌وه مه‌سه‌له‌یه‌كی جيدیه و پێویسته نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان هه‌رچی زووه ڕێگاچاره‌ی گونجاو بۆ ڕیگرتن له دروستكردن و بڵاوبونه‌وه و به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی و بایۆلۆجی دابنێت تاوه‌كو چیتر كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی له مه‌ترسی به‌كارهێنانی ئه‌م جۆره چه‌كانه دووربخاته‌وه.
له جه‌نگی كه‌نداوی دووه‌مدا هاوكێشه‌كان به ته‌واوی پێچه‌وانه‌ی سه‌رده‌می جه‌نگی سارد بوون، ئه‌وجاره‌یان عه‌مباره‌كانی چه‌كی كۆمه‌ڵكوژی ڕژێمی سه‌ددام حوسێن ڕووه و هێزه‌كانی وڵاتانی ڕۆژئاوا ئاڕاسته كران، له هه‌مان كات دا له‌خۆبایی بوونی سه‌ددام حوسین و هه‌ڵسه‌نگاندنی ناواقیعیانه‌ی دۆسته كۆنه‌كانی وای كرد ئه‌م ڕژێمه له ئاكامی داگیركردنی كوه‌یت دا دووچاری گه‌وره‌ترین گێژاوی سیاسی و عه‌سكه‌ری ئابووری ببێت.
هێزه‌كانی ڕۆژئاوا (به تایبه‌ت ئه‌مه‌ریكا) كه تا سه‌رده‌مانێك دۆستی هه‌ره نزیكی حكومه‌تی عیڕاق بوون، ئه‌م هه‌له‌یان قۆسته‌وه و له ژێر په‌رده‌ی مۆراڵ و ڕێزگرتن له سه‌ره‌تاكانی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و پاراستنی سیاده‌ی ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندام له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، توانیان له ڕێگای جه‌نگی پاراستنی كوه‌یته‌وه به‌رژه‌وه‌ندییه ئابوورییه‌كانی خۆیان بپارێزن. ئه‌م جه‌نگه خۆی له خۆي‌دا كۆمه‌ڵێك ده‌ره‌نجامی سیاسی و ئابووری گرنگی لێكهوتهوه. براوه‌كانی جه‌نگ گه‌یشتنه ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی كه زامن كردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان له مه‌ودایه‌كی زه‌مه‌نی دوور‌و درێژدا په‌یوه‌سته به سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌وه، كه بێگومان ئه‌مه‌ش له سایه‌ی به‌رجه‌سته‌كردنی ده‌وڵه‌تی سه‌به‌خۆی دیموكراتيدا دێته دی. ڕژێمه تۆتالیتاره‌كانی ناوچه‌كه‌ش گه‌وره‌ترین ڕێگرن له‌به‌رده‌م به‌ره‌وپێش چوونی ئه‌م پڕۆسه‌یه‌دا.
بۆ ئه‌وه‌ی ئاشتی و سه‌قام گیری له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا بچه‌سپێت پێویسته هاوپه‌یمانان پشتیوانی ته‌واوی چه‌سپاندنی دیموكراسی و بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ و مافی چاره‌نووسی گه‌لانی ناوچه‌كه بن. پێویسته ڕێز له ئیراده‌ی گه‌لانی ناوچه‌كه بگرن، به تایبه‌تی له مافی پێكهێنانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییاندا. بێگومان گه‌لی كوردیش له‌م هاوكێشه‌یه‌دا پێگه‌یه‌كی سیاسی یه‌كجار گرنگی هه‌یه و هه‌رگیز ئاشتی و سه‌قامگیری له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوهڕِاستدا مسۆگه‌ر نابێت گه‌ر چاره‌سه‌رێكی بنه‌ڕه‌تی كێشه‌ی ڕه‌وای گه‌لی كورد نه‌كرێت. پێویسته ڕێز له ئیراده‌و خه‌باتی كورده‌كان بگیرێت و ده‌بێت نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌یان به‌شدار بێت له هه‌موو ئه‌و كۆنفراسه نێودهوڵتیانهی كه بۆ تاو‌و توێكردنی چاره‌نووسی سیاسی ناوچه‌كه ده‌به‌سترێن.
سه‌ددام حوسێن و گازی ژه‌هراوی
عیڕاق ته‌نيا وڵات نییه كه گازی كیمیایی به‌كار هێنابێت و كوردیش یه‌كه‌مین قوربانی ئه‌م جۆره چه‌كانه نییه، به‌ڵام عیڕاق تاكه وڵاته كه چه‌كی كیمیايی و كۆمه‌ڵكوژی به‌رامبه‌ر هاوڵاتیانی خۆی به‌كارهێنابێت. ڕێژێمی عیڕاق له پێناوی سه‌ركوتكردنی ئۆپوزیسیۆنی دیموكراتی كوردی و به مه‌به‌ستی پاكتاوی نه‌ژادی كورده‌كانی باشوری كوردستان چه‌كی كیمیایی به‌كار هێنا.
مێژووی نوێی كورده‌كان لێوانلێوه له‌گه‌ڵ تراژیدیا و كاره‌ساتی وێرانكه‌ر، به‌ڵام ته‌نيا ژماره‌یه‌كی كه‌م له‌و كاره‌ساتانه له سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵتی ناسراون، به تایبه‌ت هۆڵۆكۆستی هه‌ڵه‌بجه (مارتی ١۹٨٨) و بادینان (ئابی ١۹٨٨). له‌ڕاستيدا، ڕژێمی عیڕاق زنجیره‌یه‌ك هێرشی كیمیایی ده‌رهه‌ق به چه‌ند ناوچه‌یه‌كی كوردستان ئه‌نجام داوه كه سه‌رجه‌میان گرنگی و مه‌دلولی سیاسی گه‌وره‌یان هه‌یه. به داخه‌وه سه‌رباری جه‌خت كردنی به‌رده‌وامی كورده‌كان، به‌ڵام هێشتا زۆربه‌ی ئه‌م ڕووداوانه له ئاستی ڕای گشتی نێوده‌وڵه‌تيدا ده‌نگ و سه‌دای نییه. له‌م ڕاپۆرته‌دا تیشك ده‌خه‌ینه سه‌ر ئه‌و هێرشانه‌ی كه ڕژێمی عێراق به چه‌كی كیمیايی له دژی ناوچه كورده‌كان ئه‌نجامی داون له نێوان نیسانی ١۹٨٧ و تشرینی یه‌كه‌می ١۹٨٨.
حیزبی به‌عس له ساڵی ١۹٦٨ دا له ڕێگای كوده‌تای سه‌ربازییه‌وه ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و عه‌سكه‌ری عیڕاقی گرته ده‌ست [1]. مێژووی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌شی به‌عس لێوانلێوه له‌گه‌ڵ ڕه‌فتاری شه‌ڕانگێزی و دژه مرۆڤایه‌تی و تیرۆری جه‌سته‌یی و سایكۆلۆجی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك، و قه‌تڵ و عامی ئۆپۆزیسیۆنی ڕزگاری خوازی كوردی. مێژووی به‌عس مێژووی شه‌ڕانگێزی و توند و تیژی و كۆمه‌ڵكوژی و ڕهشهكوژییه، به‌تایبه‌تی له به‌رامبه‌ر به كوردان. به‌عسیه‌كان هه‌رگیز ده‌ستیان له كوردان نه‌پاراستووه و گه‌لێك جار قوتابخانه و زانكۆكان و ناوه‌نده ئهكادیميهكانی كوردستان هه‌ده‌فی سه‌ره‌كی هێرشه سهربازيهكانيان بووه.
به مه‌به‌ستی به‌دیهێنانی ئه‌م مه‌رامه خهتهرناكانه چه‌ندین جۆری ژه‌هریان به‌كار هێناوه. ده‌ڵێن به‌عسییه‌كان له كوده‌تای سه‌ربازی ساڵی ١۹٦۳ دا (عبدالكریم قاسم)ی سه‌رۆك كۆماری عیڕاقیان به ترشی نایتریك و سهلفهریك تاواندۆتهوه [1]. سه‌ددام حوسێن هه‌ر له سه‌رتای ساڵی ١۹٧٠ وه تا ساڵی ١۹٨٨ ماده‌ی (ثالیۆم، ژه‌هری جورج)ی بۆ پاكتاوكردنی نه‌یاره‌كانی به‌كار هێناوه، كه ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌و قوربانیانه له به‌ریتانیا چاره‌سه‌ر كراون، و به‌و هۆيه‌وه پزیشكه بهریتانیيهكان نازناوی (ژه‌هری عيراقی)يان له ثاليۆم ناوه [2].
من به‌ش به حاڵی خۆم پشكنین و تیمار كردنم بۆ دووان له‌و قوربانیانه ئه‌نجام داوه كه به ماده‌ی ثاليۆم ده‌رمان خوارد كرابوون. یه‌ك له‌وانه (شه‌وكه‌ت عه‌قراوی)یه كه یه‌كێك بوو له ئهكتیڤیسته سیاسییه ناوداره‌كان، له دواييدا بووه ڕاوێژكاری وه‌زیری پیشه‌سازی عیڕاق.
سێ كه‌سی تر له‌و قوربانیانه‌ی به ماده‌ی ثاليۆم ژه‌هرخواردی كرابوون له نه‌خۆشخانه‌ی(Guy’s Hospital) ی شاری له‌نده‌ن چاره‌سه‌ر كرابوون [3]. ئه‌وانه ده كه‌س بوون و له ڕووداوێك دا، كه له‌لایه‌ن به‌كرێ گیراوێكی عیڕاقی به ناوی (نه‌رمین حه‌وێز)ه‌وه جێبه‌جێ كرابوو، ده‌رمانخوارد كران [4] و هه‌ر به زوويی سیانیان گیان له‌ده‌ست دا. سیاسه‌تمه‌دار دكتۆر (مه‌حمود عوسمان) و نوسه‌ری ناسراو (سامی شۆڕش) له‌و كه‌سانه بوون كه له‌و ڕووداوه‌دا ده‌رمانخوارد كران به‌ڵام خۆشبه‌ختانه توانرا ژیانیان ڕزگار بكرێت.
له ساڵی ١۹٨٨ دا نوسه‌ر و ڕۆژنامه نوسی به ڕه‌گه‌ز عیڕاقی (عبدالرحیم شه‌ڕیف عه‌لی) له یه‌كێك له میوانخانه‌كانی له‌نده‌ن دا ده‌رمانخوارد كرا‌و، و به‌وه گیانی له‌ده‌ستدا [5]. هه‌موو ئه‌و به‌ڵگانه‌ش كه له‌به‌ر ده‌ستی ده‌زگای پۆلیسی به‌ريتانی دا بوون ته‌ئكیدیان له‌وه ده‌كرده‌وه كه باڵوێزخانه‌ی ڕژێمی عیڕاقی له له‌نده‌ن ده‌ستی له ئه‌نجام دانی ئه‌و كاره‌دا هه‌بووه. بێگومان ته‌واوی ئه‌م ڕاپۆرتانه دڵۆپێكه له ده‌ریای تاوانه‌كانی ڕژَێمی عیڕاقی ده‌رهه‌ق به ئۆپۆزسیۆن و نه‌یاره‌كانی. ده‌یان كه‌س ڕۆژانه ژه‌هرخواردوو ده‌كرێن. وه‌ك ئه‌زموونی قوربانيه‌كان نيشانی داوه، هه‌ندێك له‌وانه بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌م زیندانی ده‌كرێن و دواتر ژه‌هریان بۆ ده‌كرێته ناو چا يان قاوه، و ئینجا ئازاد ده‌كرێن. ئیتر به تێپه‌ڕبوونی كات ئه‌و ژه‌هره كاریگه‌ری له‌سه‌ر ته‌ندروستیان به‌جێ ده‌هێڵێت و دواتر ده‌بێته هۆی گیان له‌ده‌ستدانیان.
له شه‌ڕی نێوان بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی خه‌ڵكی كوردستان و ڕژێمی عیڕاقی، له ساڵانی ١۹٧٤-١۹٧٥دا، به‌عسییه‌كان (چه‌كی ناپاڵم و بۆمبای فۆسفۆری)یان له دژی خه‌ڵكی بێدیفاعی كوردستان به‌كار هێنا، كه به هۆيه‌وه خه‌ڵكێكی بێ ژماره‌يان بريندار و شه‌هيد كرد [6]. دیارترین ڕووداویش كاره‌ساتی (٢٤/٤/١۹٧٤)ه، كه تیایدا به ناپاڵم و بۆمبی فۆسفۆری بۆردومانی زانكۆيان له شاری قه‌ڵادزێ كرد. له‌و هێرشه‌دا، (١۳٠) كه‌س بوونه قوربانی، و له نێویاندا هه‌شتا له شه‌هیده‌كان منداڵ و گه‌نج و هه‌رزه‌كار بوون كه به‌هۆی بۆردومان كردنی قوتابخانه و ناوه‌نده‌كانی خوێندن و زانكۆ و شوێنه گشتییه‌كانه‌وه شه‌هید بون [7].
له سه‌رده‌می ئاگربه‌ست و دانوستانی نێوان كورد و حكومه‌ت له سه‌ره‌تای حه‌فتاكاندا، به‌عسيه‌كان چه‌ندين هه‌وڵی سهرنهكهوتوويان دا بۆ كوشتنی گه‌وره سه‌ركرده‌ی كوردی (مه‌لا مسته‌فای بارزانی). له يه‌كێك له‌و هه‌وڵانه، له ساڵی ١۹٧٢ دا، پرته‌قاڵی پڕ له ژههريان به دياری بۆ مه‌لا مسته‌فا و هاوه‌ڵه‌كانی به دياری بردبوو، كه ئه‌وه‌يش زوو ئاشكه‌را بوو.
ترسی كوردان
له سه‌ره‌تای هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابوردوودا ده‌نگۆی په‌ره‌پێدانی به‌رنامه‌كانی دروست كردنی چه‌كی كیمیایی له لایه‌ن ڕژێمی سه‌ددامه‌وه ده‌نگی دایه‌وه. له یادمه، خه‌ڵك نه‌مانی ماده‌ی (ئۆرگانۆفۆسفۆرهس)ی مێشكوژ له بازاڕه‌كانی عیرقدا وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌كی حاشا هه‌ڵنه‌گر له قه‌له‌م ده‌دا كه‌وا عيراق خه‌ريكی چه‌ك دروست كردنه. ئه‌م ڕاستییه مه‌زه‌نده ده‌كرا، و چاودێرانی سیاسی پێیان وا بوو گه‌ر عیڕاق تواناكانی به‌رهه‌م هێنانی چه‌كی كیمیایی په‌ره پێبدات ئه‌وا به ئاسانی زه‌بری كوشنده له ئۆپۆزسیۆنی كوردی ده‌دات و بردنه‌وه‌ی جه‌نگیش له دژی ئێران مسۆگه‌ر ده‌كات. هه‌رچه‌نده حیزبی به‌عس مێژوویه‌كی ڕشی تۆمار كردبوو، به‌ڵام هێشتا هه‌ندێك له چاودێران ئه‌گه‌ری به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیاییان به دوور ده‌زانی، چونك چه‌كی كیمیایی له سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی قه‌ده‌غه كراوه و هه‌روه‌ها به دووریان ده‌زانی ڕژێمێكی سیاسی چه‌كی كۆمه‌ڵكوژی قه‌ده‌غه كرا‌و له دژی هاوڵاتيانی خۆی به‌كار بهێنێت. بۆیه هیچ كه‌س خۆی بۆ رووداوێكی له‌و جۆره ئاماده نه‌كردبوو.
هه‌رچه‌نده ڕژێمی سه‌ددام هه‌تا مانگی نیسانی ١۹٨٧ چه‌كی كیمیایی له دژی كوردان به‌كار نه‌هێنا، به‌ڵام كورده‌كان شایه‌تحاڵی ئه‌وه‌ن كه له‌گه‌رمه‌ی جه‌نگی ئێران وعیڕاقدا ڕژێمی عیڕاق له شه‌ڕه‌كانی حاجی ئۆمه‌رانی (١۹٨٢) و گردهمهند (١۹٨۳) [8] چه‌كی كیمیایی له سه‌ر خاكی كوردستان به‌رامبه‌ر له‌شكری ئێرانی به‌كار هێناوه.
ئه‌گه‌ری به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی له دژی جوڵانه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌لی كوردستان له سه‌ره‌تادا به شێوازی پرۆپاگه‌نده‌ی جۆراو جۆر بڵاو بۆوه، و وه‌ك شێوازێك له سایكۆلۆجیای جه‌نگی ده‌روونی ده‌رده‌كه‌وت، به‌ڵام ئه‌م پرۆپاگه‌ندانه دواتر به دۆكیومێنت سه‌لمێنران، له نێویاندا كاسێتێكی ده‌نگی ئه‌فسه‌رێكی پله به‌رزی سوپای عیڕاق و كۆمه‌ڵێك دۆكیومێنتی نوسراوی تێدا بوو كه سه‌رجه‌میان مه‌رامه خه‌ته‌رناكه‌كانی ڕژێمی عیڕاقیان ده‌سه‌لماند بۆ سه‌ركوتكردنی جوڵانه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌لی كوردستان [9] .
دۆكیومێنتی (I و II، سه‌يری كۆتايی وتاره‌كه بكه) له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرابوو. تێڕامان له‌و دۆكیومێنتانه ده‌مانگه‌یه‌نێته ئه‌و ڕاستییه‌ی كه ئاماده‌كاری سه‌ربازی بۆ په‌ره‌پێدانی به‌رنامه‌ی چه‌كی كیمیایی و چه‌كی بایۆلۆجی ده‌گه‌رێته‌وه بۆ مه‌ودایه‌كی زه‌مه‌نی زۆر له پێشتر وه‌ك له كاتی به‌كارهێنانی. دۆكیومێنتی (I) ته‌ئكید له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌و عه‌مباركردنی چه‌كی بایۆلۆجی ده‌كاته‌وه. عیڕاق له سه‌ره‌تای هه‌شتاكانه‌وه ده‌ستی به په‌ره‌پێدانی به‌رنامه‌كانی چه‌كی بایۆلۆجی كردووه به شێوازێكی عه‌مه‌لی له دژی كوردان به‌كاری هێناوه. به‌ڵام ئه‌و ڕاستییه له سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵتی نه‌ناسرا هه‌تا ئه‌و كاته‌ی له كۆتایی هه‌شتاكاندا كۆمه‌ڵێك حاڵه‌تی جۆراو جۆری نه‌خۆشی درم له كوردستاندا تۆمار كرا [10, 11].
ڕووداوه‌كانی به‌ر له به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی له كوردستان
بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌یه‌كی واقیعی ته‌واوی رووداوه‌كان به‌رجه‌سته بكه‌ین به پێویستی ده‌زانین به‌ر له‌وه‌ی بێینه سه‌ر وورده‌كاری كیمیا بارانكردنی ناوچهكوردیهكان كۆمه‌ڵێك ڕووداو و هه‌ل و مه‌رجی مێژوويی گرنگ بێنینه به‌ر باس و توێژینه‌وه.
گه‌لی كوردستان به درێژایی مێژوو له پێناوی ده‌سته‌به‌ركردنی مافه مه‌ده‌نی و سیاسیه‌كانیاندا خه‌باتیان كردووه. زیاتر له بيست ساڵه به‌رامبه‌ر ڕژێمی به‌عس له ململانێی به‌رده‌وام دان[1, 12] . له ساڵی ١۹٧٥ وه ڕژێمی عیڕاق، نه له ئاستی ناو خۆ و نه له ئاستی ده‌ره‌وه، بوونی كێشه‌ی چاره‌سه‌ر نه‌كراوی گه‌لی كوردستان و ئۆپۆزسیۆنی كاڕای كوردی ناسه‌لمێنن. به‌ڵام به شێوازێكی چاوه‌ڕوان نه‌كراو له كۆتایی ساڵی ١۹٨۳دا دانیان به كێشه‌ی ڕه‌وای گه‌لی كوردستان دانا و به مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ی دۆزی كورد له گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستاندا (كه یه‌كێكه له ڕێكخراوه سیاسیه هه‌ره كاریگه‌ره‌كانی كوردستان) كه‌وتنه گفتوگۆ. ئه‌وكات ڕژێمی عیڕاق مه‌به‌ستی بوو كه پشتیوانی سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له شه‌ڕی ئێران‌دا مسۆگه‌ر بكات. له ڕواڵه‌تدا به ڕه‌سمی مافی گه‌لی كوردستانیان سه‌لماند و كۆمه‌ڵێك به‌ڵێنی گه‌وره‌یان به تاڵه‌بانی (سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان)دا. هه‌روه‌ها به‌ڵێنیان دا كه حوكمی زاتی ڕاسته‌قینه بۆ ناوچه كوردیه‌كان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن. بۆ سه‌ركرده كورده‌كانیش گرنگ بوو دوای خه‌بات و ماندوبوون و دابڕانێكی دوور و درێژ، ووچانێك بده‌ن و هه‌وڵی چاره‌سه‌ری سیاسیانه‌ی كێشه‌ی كورد دووباره بكه‌نه‌وه و له سایه‌ی ئاشتییه‌كی درێژخایه‌ندا كۆمه‌ڵێك ده‌ستكه‌وتی سیاسی بۆ گه‌لی كوردستان به‌ده‌ست بهێنن [13]. به‌ڵام ئه‌م یارییه سیاسیه له كانونی دووه‌می ساڵی ١۹٨٥دا كۆتایی پێهات و شه‌ڕو پێكدادان له نێوان هه‌ردوو لادا ده‌ستی پێكرده‌وه. ئه‌م جاره‌یان یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان كۆمه‌ڵێك ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی له دژی سوپای عیڕاق ئه‌نجام دا. چالاكییه سه‌ربازیه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ئه‌و جاره‌یان سنوری ناوچه دێهاتیه‌كانی به‌زاند و گه‌یشته ناوجه‌رگه‌ی زۆربه‌ی شار‌و شارۆچكه‌كانی كوردستانه‌وه. ڕۆژبه ڕۆژ سنوری ناوچه ڕزگاركراوه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی هێزی پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتی فراوانتر ده‌بوو. له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا یه‌كێتی توانی زه‌بری گورچك بڕ به سوپای عیڕاقی بگه‌یه‌نێت، كار گه‌یشت ڕاده‌یه‌ك چواریه‌كی سوپای عیڕاقی به شه‌ڕی كورده‌وه شه‌ته‌ك كرابوو [12].
به نزیك بوونه‌وه‌ی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و هێزه سیاسیه سه‌ره‌كییه‌كانی تر، توانای سیاسی و سه‌ربازی كورده‌كان به‌ره‌و پێشچوونی به‌رچاوی به‌خۆوه دی، كه سه‌ره‌نجام پێكهێنانی (به‌ره‌ی كوردستانی) لێكهوتهوه. دروشمی سه‌ره‌كی به‌ره‌ی كوردستانی بریتی بوو له "ڕووخانی ڕژێمی سه‌ددام و دیموكراسی بۆ عیڕاق و ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان"[14].
سودمه‌ندی یه‌كه‌م له ههگيرسانهوهی پێكدادانی نێوان كورد و حكومه‌تی عیڕاقی ده‌وڵه‌تی ئێران بوو. ئێران ئه‌و كات پێشنیازی كۆمه‌ڵێك ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی هاوبه‌شی كرد له‌گه‌ڵ هێزی پێشمه‌رگه. له ڕاستیدا هێزی پێشمه‌رگه و سوپای پاسداران توانیان كۆمه‌ڵێك ئامانجی سه‌ربازی گرنگ له ناوچه كوردیه‌كان بپێكن (به تایبه‌ت له سنوری پارێزگای كه‌ركوك). به‌م جۆره كورده‌كان بوونه كاریگه‌رترین ئۆپۆزیسیۆنی ناوه‌كی عیڕاق، سنورێكی جوگرافی به‌رفراوانیان لهژێردهستدا بوو. بۆ نمونه ڕووبه‌ری ناوچه ئازاد كراوه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له سنووری شاری سلێمانی و هه‌ولێر هێنده‌ی سنوری ده‌وڵه‌تی كوه‌یت ده‌بوو. به هه‌مان شێوه، پارتی دیموكراتی كوردستانیش كۆنترۆڵی ناوچه‌یه‌كی به‌رفراوانی بادینانی كردبوو له سنووری هه‌ردوو پارێزگای دهۆك و موسڵ. جگه له‌وانه هه‌ندێك ناوچه هه‌بوون به ڕۆژ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی عیڕاقيدا بوون و به شه‌ویش له ژێر كۆنترۆڵی پێشمه‌رگه‌دا بوون.
قورسایی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان خه‌ته‌ری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر شاره گه‌وره‌كانی (سلێمانی، هه‌ولێر، دهۆك، موسڵ) دروست كردبوو، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی سوپای ئێرانیش له باشوری عیڕاق به ته‌واوه‌تی ته‌نگی به ڕژێمی سه‌ددام هه‌ڵ چنیبوو، سه‌ددام ڕۆژ به ڕۆژ زیاتر له توانای سه‌ربازی سوپا شهتهكدراوهكهی بێ ئومێدتر ده‌بوو. سه‌رانی ڕژێمی عیڕاق به ته‌واوه‌تی گه‌یشتبوونه ئه‌و ڕاستییه‌ی كه ئه‌وان ناتوانن به چه‌كی ته‌قلیدی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگایخوازی گه‌لی كوردستان سه‌ركوت بكه‌ن. بۆیه سه‌ددام هیچ دوو دڵ نه‌بوو له په‌سه‌ندكردنی پێشنیازه‌كانی ئامۆزاكه‌ی (عه‌لی حه‌سه‌ن ئه‌لمه‌جید) بۆ به‌كارهێنانی چه‌كی كۆمه‌ڵكوژ له به‌رامبه‌ر به كورده‌كان [15].
عه‌لی حه‌سه‌ن ئه‌لمه‌جید به‌رپرسی ڕێكخراوی باكوری حیزبی به‌عس بوو، بۆ له‌ناوبردنی كورده‌كان ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی به‌سه‌ر سوپا و توانا سه‌ربازییه‌كانی عیڕاقدا هه‌بوو (به به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیاییه‌وه). ئه‌م كۆنه عهريفهی سوپای عیڕاق كه دواتر به هۆی كاره دزێوهكانیهوه له سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵتی زیاتر ناسرا، له دوای داگیركردنی كوه‌یت له ئۆگه‌ستی ١۹۹٠دا كرایه پارێزگاری كوه‌یت [16]، و كورده‌كانیش به عه‌لی كیمیایی ناوی ده‌به‌ن، ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوه‌تی له ناوچه‌ی كوردستاندا پێ به‌خشرا بۆ ئه‌وه‌ی له مه‌ودایه‌كی زه‌مه‌نی كورتدا به ته‌واوه‌تی جوڵانه‌وه‌ی كوردستان سه‌ركوت بكات و به هه‌رنرخێك بێ سیاسه‌تی به‌عه‌ره‌بكردنی ناوچه كوردیه‌كان بسه‌پێنێت.
له‌و ماوه‌یه‌دا ئه‌لمه‌جید ده‌یان كاری دزێو و نامرۆڤانه‌ی ده‌رهه‌ق به ناوچه كوردییه‌كان ئه‌نجامدا، بۆ نمونه هه‌ر كاتێك هێزی پێشمه‌رگه چالاكییه‌كی سه‌ربازی ئه‌نجام بدایه، ئه‌وا ئه‌لمه‌جید فه‌رمانی ده‌دا ژماره‌یه‌ك گه‌نجی بێ‌تاوان (له نێوان ته‌مه‌نی ١٤ هه‌تا ۳٥ بگرن و له شوێنه گشتییه‌كانی شاری سلێمانی و هه‌ولێردا گوڵله بارانیان بكه‌ن و خه‌ڵكیش ڕاپێچ بكه‌ن بۆ سهیرانيان [20].
پیلانی سه‌ره‌كی ئه‌لمه‌جید به‌رامبه‌ر ناچه ڕزگاركراوه‌كانیش بریتی بوو له:
١- ئه‌وناوچانه‌ی كه ڕژێم ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوه‌تی به‌سه‌ریاندا نه‌بوو، سه‌رجه‌م هاوڵاتیانی ڕاگوێزران و گونده‌كانیان خاپور كران و ڕێگایان نه‌دان چیتر بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر زێدی باو باپیرانیان.
٢- گه‌مارۆی ئابووری ته‌واو خرایه سه‌ر ناوچه ئازاد كراوه‌كان، كه ئه‌وكات ڕژێمی عیڕاق به ناوچه قه‌ده‌غه‌كراوه‌كانی ناوده‌بردن. .
۳- سوتانی سه‌رجه‌م به‌روبوم و كێڵگه و دار و ده‌وه‌ن و ڕووه‌كه‌كانی ناوچه‌كه و ژه‌هراوی كردنی سه‌رچاوه ئاویهكانیان.
٤- دواجار به به‌رنامه‌یه‌كی سیستیماتیكی داڕێژراو په‌لاماری (ئه‌نفال) یان بۆ سه‌ر ناوچه ئازادكراوه‌كان ده‌ستپێكرد.
شاڵاوی ئه‌نفال به چه‌ند قۆناغێك به‌ڕێوه‌چوو، قۆناغی یه‌كه‌م و دووه‌م و سێهه‌م بریتی بوو له ئاماده‌كاری و كارئاسانی بۆ قۆناغی چوارهه‌م، له قۆناغه‌كانی سه‌ره‌تادا گه‌مارۆی ته‌واوی ناوچه ڕزگاركراوه‌كان درا، ناوچه‌كه‌یان به‌ته‌واوه‌تی له هه‌موو هاوكارییه‌ك دابڕی. ئامانجی سه‌ربازی سوپای عیڕاق ته‌نيا هێزی پێشمه‌رگه نه‌بوو، به‌لكو خه‌ڵكی جوتیار و ڕه‌ش و ڕووتی گوندنشینهكانیشی گرته‌وه. ڕژێمی سه‌ددام له ئۆپه‌راسیۆنی ئه‌نفالدا چوارهه‌زار گوندی كوردستانی خاپوور كرد و نیو ملیۆن هاوڵاتی كوردی گوندنشینی ڕاگوێزا بۆ ناوچه بیابانییه‌كانی باشوری عیڕاق و هه‌ر له‌وێ له كامپی سه‌ربازی كۆنترۆڵكراودا ده‌ستبه‌سه‌ری كردن [12, 15]. ئه‌م ڕووداوه له ڕووی مێژووییه‌وه هاوشێوه‌ی ئۆردوگای نازیهكانه كه به مه‌به‌ستی پاكتاوی نه‌ژادی به‌رامبه‌ر جوله‌كه ئه‌نجامیان دا.
گازی خه‌رده‌ل و یه‌كه‌مین هه‌وری مه‌رگ له كوردستان
له ١٥ی نیسانی ساڵی ١۹٨٧دا چوار فرۆكه‌ی جه‌نگی سوپای عیڕاقی به نزمی به‌سه‌ر ئاسمانی (هه‌ڵه‌دن، به‌رگه‌ڵو، كانی توو، سیروان، ئهوازیك و نوێژكه و چناره) ی سه‌ر به ناوچه‌ی سلێمانيدا هه‌ڵفڕین، و ژماره‌یه‌ك بۆمبیان به‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌دا باراند[15]. خه‌ڵكی ناوچه‌كه ده‌ڵین ئه‌م بۆمبانه زۆر نائاسایی بوون. ئه‌م ناوچانه گه‌لێك جار له لایه‌ن سوپای عیڕاقه‌وه به‌ر شاڵاوی بۆمباران كه‌وتوون، به‌ڵام خه‌سڵه‌ته‌كانی ئه‌م بۆمبانه به ته‌واوه‌تی له وانی تر جیاواز بوو. ده‌نگی بۆمبه‌كان، ڕه‌نگی دووكه‌ڵیان و ته‌نانه‌ت پارچه‌كانیشیان به‌لای خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌وه ناوازه بوو. ئه‌م حاڵه‌ته‌ش بۆخۆی ترسی به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی خسته ناو دڵی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌وه. هێرشی بۆمبا بارانه‌كه له كاتێكدا بوو كه له‌و ماوه‌یه‌دا و له سنوری ئه‌و ناوچه‌یه‌دا هیچ شه‌ڕو پێكدادانێكی پێشوه‌خت له نێوان هیزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و سوپای عیڕاقدا ڕووی نه‌دابوو [20].
له گوندی به‌رگه‌ڵو پێنج كه‌س له پیاوانی ناوچه‌كه به مه‌به‌ستی پشكنینی پارچه‌ی بۆمبه‌كان به‌ره‌و شوێنی بوردومانه‌كه ڕۆیشتن. كاك ڕه‌وه‌ز، كه یه‌كێك بوو له دانیشتوانی ناوچه‌كه، هه‌ندێك له پارچه‌ی بۆمبه‌كانی به ده‌ست هه‌ڵگرتبۆوه و به‌ره و سه‌نته‌ری شارۆچكه‌كه‌ی بردبوون. دوا جار له نیوه شه‌ودا ئه‌م پشكنه‌رانه كۆمه‌ڵێك حاڵه‌تی ناله‌باری ته‌ندروستيان تێدا ده‌ركه‌وت. بۆ نمونه (حاكم عومه‌ر عه‌زیز)، كه ئێستا له له‌نده‌ن ده‌ژی گێڕايه‌وه و گوتی: " له نیوه‌ی شه‌ودا هه‌ستم ده‌كرد چاوه‌كانم به‌ره‌و هه‌وكردن و ئاوسان ده‌ڕۆیشتن، به‌رده‌وام ئاویان پێدا ده‌هاته خواره‌وه، قوڕگم تا ده‌هات ووشك ده‌بوو و ووشكه كۆكه‌یه‌كی به‌رده‌وام دای گرتم. هه‌روه‌ها دووچاری سوتانی پێست و هه‌وكردنی پێستی لای ئانیشك و به‌ینی ڕانه‌كانم هاتم". هه‌روه‌ها حاكم عومه‌ر گوتی: "دوو هه‌فته‌ی ته‌واوی وویست بۆ ئه‌وه‌ی رووناكی بێته‌وه چاوه‌كانم و بتوانم پێیان ببینم، برینه‌كانی سه‌ر پێستیشم نزیكه‌ی مانگێكی وویست تا به‌ته‌واوی ساڕ‌ێژ بوون".
له یه‌كێك له گونده‌كانی تری ناوچه‌كه، شوانێكی گه‌نج بۆمبێكی نه‌ته‌قیوی هه‌ڵگرتبۆوه به‌و نیازه‌ی كه ههڵیبوهشێنێت و له پارچه‌كانی بۆمبی ڕاوه‌ماسی دروست بكات. كه‌چی نه‌یزانیبوو ئه‌م جۆره بۆمبه ماده‌ی ژه‌هراوی خهتهرناكیان تێدایه.
ئه‌م شاڵاوه ده‌یان قوربانی لێكهوتهوه، هه‌ندێكیان تووشی سه‌رئێشه‌و بێهێزی بوون. هه‌ندێكی تریان، له‌وانه‌ی به‌ر بڕێكی زیاتر له گازی ژه‌هراوی كه‌وتن، چ به هۆی نزیكیان له شوێنی كه‌وتنه‌وه‌ی بۆمبه‌كان یان به هۆی نزمی جێگاكه‌یان، ئه‌وانه نیشانه‌ی ترسناكتری ژه‌هراوی بوونیان تیادا ده‌ركه‌وت، به تایبه‌تی له چاویان و پێستیان و سییه‌كانیان. هه‌وكردنی برينی كيمياييهكان حاله‌تی نه‌خۆشه‌كانيان توندتر ده‌كرد و به‌م هۆكاره هه‌ندێكيان گیانیان له ده‌ستدا. ئه‌وانه‌ش كه له ژیاندا مانه‌وه كاریگه‌ری درێژخایه‌نی ژه‌هراوی بوونیان تیادا ده‌ركه‌وت (وه‌ك شێوانی ڕوخسار و هه‌وكردنی درێژخایه‌نی چاوو سیه‌كان) [17].
به گوێره‌ی پزیشكه‌كان، نه‌بوونی ڕێنمایی پێویست بۆ خۆپاراستن له ژه‌هری چه‌كی كیمیایی ئه‌ركی خه‌ڵكه‌كه‌ی قورس‌تر و ژماره‌ی قوربانییه‌كانی زیاتر كردبوو. هه‌رچه‌نده هۆكاری پشكنین و تاقیگه‌ی پێشكه‌وتوو له ئارادا نه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی جۆری ژه‌هره به‌كارهاتوه‌كانی پێ ده‌ستنیشان بكرێت، به‌ڵام ئه‌و نیشانانه‌ی له‌سه‌ر قوربانیانی ئه‌م كاره‌ساته ده‌ركه‌وتن هه‌مووی ته‌ئكید له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه ماده‌ی ژه‌هراوی زۆر خه‌ته‌رناك و كاریگه‌ری وه‌ك (گازی خه‌رده‌ل) له‌و جێگایانه‌دا به‌كار هێنراوه.
له كاتژمێر حه‌وتی به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی دواتردا (١٦ی نیسانی ١۹٨٧) فرۆكه جه‌نگییه‌كانی سوپای عیڕاق ژماره‌یه‌ك گوند و شارۆچكه‌ی سه‌ر به پارێزگای هه‌ولێریان بۆردومان كرد. گونده‌كانیش بریتی بوون له (شێخ وه‌سانان، تۆتمه، نێنی، بهلالوكاوه، ئالانه، داره‌ش و ته‌واوی دۆڵی بالیسان). له گوندی شێخ وه‌سانان كه سه‌ر به قه‌زای ڕه‌واندوزی پارێزگای هه‌ولێره، نزیكه‌ی سه‌دوپه‌نجا ماڵه و ژماره‌ی دانیشتوانیشی پێنج سه‌د كه‌سێكه، دوازده فرۆكه‌ی جه‌نگی ماوه‌یه‌كی دورو درێژ به موشه‌كی ته‌قلیدی و كیمیایی ئه‌م گونده‌یان بۆردومان كرد [18]. ته‌واوی دانیشتوانی ئه‌م گونده به گازی كیمیایی ژه‌هراوی بوون ١٢١ كه‌سیان لێ شه‌هید بوون له نێویاندا ٧٦ یان منداڵ بوون، ته‌مه‌نیان له نێوان (یه‌ك ڕۆژ هه‌تا هه‌شت ساڵان دا) بوو. ژماره‌ی برینداره‌كانی ئه‌م هێرشه نزیكه‌ی ٢٨٦ كه‌س بوون.
برینداره‌كان به مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردن و تیمار كردنیان به‌ره‌وه سه‌نته‌ری شاری هه‌ولێر هه‌ڵاتن، هه‌موویان له نه‌خۆشخانه‌ی هه‌ولێر داخڵ كران. دواتر ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی ڕژێمی به‌عس گه‌مارۆیان دان و داوایان لێ‌كردن كه به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك ئیمزا بكه‌ن، و شایه‌تیی ناڕاست بده‌ن به‌وه‌ی كه ڕژێمی ئێران گونده‌كه‌یانی به چه‌كی كیمیایی بۆردومان كردووه. به‌ڵام برینداره‌كان ئه‌م داوایه‌ی حكومه‌تی عیڕاقیان ڕه‌تكرده‌وه چونه ئه‌وان به ته‌واوه‌تی دڵنیا بوون له‌وه‌ی كه ئه‌و فڕۆكانه‌ی گونده‌كه‌یانی كاول كرد و چه‌كی كیمیای له به‌رامبه‌ر به‌كار هێنان ئاڵای عیڕاقی هه‌ڵگرتبوو. له ئاكامی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌یان، خه‌ڵكه‌كه له لايه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی عیڕاقی بۆ ناوچه‌یه‌كی نادیار گوێزرانه‌وه. له كۆتایی ئه‌و ساڵه‌دا ده‌ركه‌وت كه هه‌موویان له ئۆردوگایه‌كی سه‌ربازی سه‌ر ڕێگای نێوان هه‌ولێر و موسل زیندانی كراون و به هۆی نه‌بوونی چاره‌سه‌ری پزیشكی پێویست و ته‌شه‌نه كردن و هه‌وكردنی زامه‌كانی چاوو پێست و سیه‌كانیان، ٢٠٢ كه‌سیان گیانیان له‌ده‌ستدا. ئه‌و ٨٦ كه‌سه‌ش كه مانه‌وه هه‌رچه‌نده باری ته‌ندروستیان باش و جێگیر بوو، به‌ڵام له لایه‌ن (ده‌زگای ئیستیخباراتی عیڕاقی)یه‌وه گوێزرانه‌وه بۆ ناوچه‌یه‌كی سه‌ربازی نزیك گوندی ڕه‌شكین، و دواتر هه‌موویان شه‌هید كران و له گۆری به‌كۆمه‌ڵدا نێژران [19]. پزیشكێكی سه‌ربازی نێو سوپای عیڕاق كه دواتر به‌ره‌و ئێران و ئه‌وروپا هه‌ڵات، شایه‌د حاڵی ئه‌م كاره‌ساته‌یه و ده‌ڵێت: "به‌ر له ناشتنیان له گۆری به‌كۆمه‌ڵدا ته‌رمی قوربانیه‌كان سوتێنراون، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی له زیندانه‌كه‌ی هه‌ولێردا گیانیان له‌ده‌ست دا ته‌رمه‌كانیان ده‌سوتاندن. ئه‌م كارانه له‌لایه‌ن ده‌زگای ئیستیخبارات و له ژێر سه‌رپه‌رشتی ڕاسته‌وخۆی (مامه‌ند قه‌شقه‌یی)دا ئه‌نجام ده‌دران".
ئه‌م ڕووداوه ترسێكی گه‌وره‌ی له‌دڵی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستاندا دروست كرد. ده‌زگا ئه‌منییه‌كان هه‌ره‌شه‌ی توندیان له كه‌س و كاری قوربانیانی ئه‌م كاره‌ساته كرد به‌وه‌ی كه به هیچ جۆرێك نابێت ئه‌م مه‌سه‌له‌یه له ناو خه‌ڵكدا باس بكه‌ن. هه‌موو پزیشك و یاریده‌ده‌ری پزیشكه‌كانی ناو شاری هه‌ولێر به توندی ئاگادار كرابوون كه نابێت به‌هیچ جۆرێك تیماری ئه‌و نه‌خۆشانه بكه‌ن كه زامی چه‌كی كیمیایی له‌سه‌ر جه‌سته‌یانه، و ئه‌گه‌ر حاڵه‌تێكی له‌و جۆره‌شیان بینی پێویسته ده‌ستبه‌جێ ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی لێ ئاگادار بكه‌ن.
دایكم (نه‌سرين مه‌عسوم) یه‌كێك بوو له‌و كه‌سانه‌ی كه له‌و هێرشانه‌دا به خه‌ستی بریندار بوو بوو، دواتر گه‌یاندبوویانه یه‌كێك له نه‌خۆشخانه‌كانی هه‌ولێر. په‌یوه‌ندیان به یه‌كێك له هاوڕێ پزیشكهكانمهوه كردبوو له نه‌خۆشخانه‌ی فێركاری هه‌ولێر. به‌ڵام ئه‌و هاورێیه‌م زۆر ترسابوو و ئاماده نه‌بوو هیچ جۆره پشكنین و چاره‌سه‌رێك بۆ دایكم ئه‌نجام بدات، و داوای لێكردبوو كه ده‌ستبه‌جێ نه‌خۆشخانه به‌جێ بهێڵێت، ئه‌گه‌رنا ده‌زگا ئه‌منییه‌كان بزانن ده‌یگرن و به‌ره‌و چاره‌نووسی نادیاری ده‌به‌ن.
هێرشه‌كانی ١٥ و ١٦ی نیسانی ١۹٨٧ زنجیره‌یه‌ك هێرشی تری به‌دوادا هات بۆ سه‌ر چه‌ندین ناوچه و دێهاتی تری سنوری شاری هه‌ولێر و سلێمانی، و به‌لای كه‌مه‌وه ماوه‌ی شه‌ش ڕۆژی خایاند (هه‌روه‌ك له خشته‌ی يهكهمدا ده‌ستنیشان كراوه). ئه‌م هێرشانه بوونه هۆی شه‌هید و بریندار بوونی سه‌دان هاوڵاتی بێ دیفاعی ناوچه‌كه. له ڕۆژه‌كانی مانگی مایس دا ناوچه ڕزگاركراوه‌كانی سنووری پارێزگای دهۆك و ناوچه‌كانی تری كوردستان ڕووبه‌ڕووی هێرشی كیمیایی بوونه‌وه كه تیایدا دووكه‌س شه‌هید بوون و به ده‌یانی تریش بریندار بوون.
له ڕۆژی ٢۳ی مایسی ١۹٨٧دا بۆ یه‌كه‌مین جار ناوچه‌كانی ده‌ورو به‌ری شاری كه‌ركوك (كه ده‌وڵه‌مه‌ندترین ناوچه‌ی نه‌وتیی كوردستانه) ڕووبه‌ڕووی هێرشی كیمیایی بوونه‌وه. هه‌ر سێ گوندی (تۆمار و گارگان و قهمهرگان) به چه‌كی كیمیایی بۆمباران كران و ده‌یان هاوڵاتی بێ تاونیش بوونه قوربانی ئه‌م هێرشه دڕندانه‌یه، كه له نێویاندا حه‌وت له شه‌هیده‌كان منداڵ بوون.
ئیتر له ناوه‌ڕاستی مانگی مایس به دواوه به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی بووه كاری ڕۆژانه‌ی فرۆكه‌كانی سوپای عیڕاق، چیتر ڕژێمی عیڕاق دوو دڵ نه‌بوو له به‌كارهێنانی چه‌كی كۆمه‌ڵكوژی به‌رامبه‌ر كورده‌كان. له جه‌نگی عیڕاق و ئێران‌دا، ڕژێمی عیڕاقی به زۆری له‌دوای پێكدادانێكی زۆر و له ترسی دۆڕان و تێكشانی سوپاكه‌ی په‌نای بۆ چه‌كی كیمیایی ده‌برد. كه‌چی له ناوچه كورديه‌كان بێ ئه‌وه‌ی شه‌ڕی پێشوه‌خت له نێوان هێزی پێشمه‌رگه و سوپای عیڕاقدا ڕوو بدات، ڕژێم ناوچه كوردیه‌كانی كوێرانه ده‌دایه به‌ر بۆمبی كیمیایی. خه‌ڵكی ناوچه‌كه به‌چاوی خۆیان بینیویانه كه فرۆكه جه‌نگییه‌كانی عیڕاق ته‌نيا به‌وه‌وه نه‌وستاون كه دێهاوت و شارۆچكه‌و ناوچه كوردییه‌كان كیمیاباران بكه‌ن، بگره زۆر جاریش بۆ تێكدان و ژه‌هراوی كردنی ژینگه‌ی ناوچه‌كه بۆمبیان به‌سه‌ر هه‌ندێك كێڵگه و زه‌ویاندا باراندووه، كه له بنه‌ڕه‌تدا ناوچه‌ی نیشته‌جێبوون نه‌بوون [20].
گازی ده‌مار و ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ئه‌نفال
سه‌ره‌تا، سوپای عیڕاقی له هێرشه كیمیاییه‌كاندا ته‌نيا گازی خه‌رده‌لی به‌كار ده‌هێنا، به‌ڵام دواتر له‌گه‌ڵ ده‌ست پێكردنی په‌لاماره‌كانی ئه‌نفالدا (گازی ده‌ماری)یشی به‌كار ده‌هێنا.
ووشه‌ی (ئه‌نفال) تێرمێكی كۆنی ئیسلامییه، به‌و ده‌ستكه‌وت و غه‌نیمه‌ت و كۆیلانه ده‌وترا كه له‌كاتی هێرشه‌كانی جیهادی سوپای ئیسلامدا ده‌ست عه‌ره‌به موسوڵمانه‌كان ده‌كه‌وتن. هێرشه‌كانی ئه‌نفال زنجیره‌یه‌ك ئۆپه‌راسیۆنی توند‌و تیژی مونه‌زه‌م و سيسته‌ماتيك و پلان بۆداڕێژراو بوون له‌دژی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و ناوچه ڕزگاركراوه‌كان، كه له لایه‌ن خودی سه‌ددام حسێنه‌وه سه‌رپه‌رشتی ده‌كرا [13,15].
شاڵاوی ئه‌نفال بۆ یه‌كه‌مین جار بۆ سه‌ر ناوچه‌ی دۆڵی جافایه‌تی سنوری پارێزگاری سلێمانی ئه‌نجام درا. له سه‌ره‌تای شوباتی ١۹٨٨ ده‌ستی پێكرد و ئه‌نفالی یه‌ك تا كۆتایی مانگی مارتی هه‌مان ساڵی خایاند، ئه‌نفالی دوو ناوچه‌ی گه‌رمیانی گرته‌وه و به درێژایی مانگی نیسان به‌رده‌وام بوو، ئه‌نفالی سێ بریتی بوو له ئه‌نفالی ناوچه ڕزگار كراوه‌كانی سه‌ر به پارێزگای هه‌ولێر و ته‌واوی مانگی مایسی خایاند، ئه‌نفالی چوار له كۆتایی مانگی ئابدا ده‌ستی پێكرد و تا ناوه‌ڕاستی ئه‌یلولی خایاند و ناوچه‌كانی سنوری پارێزگای دهۆكی گرته‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌نجام دانی سه‌رجه‌م شاڵاوه‌كانی ئه‌نفالدا ڕژێمی عیڕاقی ناوچه‌كانی كیمیا باران ده‌كرد. له‌م هێرشانه‌دا، گازی ده‌مار به‌كار ده‌هێنرا كه ڕاسته‌وخۆ ده‌بووه هۆی گیان له‌ده‌ست دانی خه‌ڵكه‌كان بێ ئه‌وه‌ی هیچ زامێكی ئاشكرا له‌سه‌ر جه‌سته‌یان ده‌ربكه‌وێت.
هه‌لهاتن له مه‌رگ كارێكی زۆر ئاسته‌نگ بوو. ڕێگا ته‌قلیدیه‌كانی خۆپاراستن له چه‌كی كیمیایی بێ سوود بوون چونكه ئه‌م جاره‌یان ڕژێم ژه‌هرێكی به‌كار ده‌هێنا كه ڕه‌نگ و بۆنی نه‌بوو. كێشی ئه‌م ژه‌هره له گازی خه‌رده‌ل سوكتر بوو بۆیه به‌ئاسانی و به‌خێرایی له هه‌وادا بڵاو ده‌بۆوه و ڕێچكه‌ی ڕێره‌وی هه‌ناسه‌ی قوربانییه‌كانی ده‌گرت و كۆئه‌ندامی ههناسهیانی تێك و پێك ده‌دا. شایه‌تحاڵه‌كان به چاوی خۆیان ئه‌و تراژیدیایه‌یان دیبوو كه چۆن قوربانییه‌كان له كاتی به‌ركه‌وتنیان به‌م ژه‌هره ڕاسته‌وخۆ ته‌نگه‌نه‌فه‌س ده‌بوون و به زه‌ويدا ده‌كه‌وتن و ده‌كه‌وتنه حاڵه‌تی په‌ركه‌م و دواتر گیانیان له‌ده‌ست ده‌دا.
كاك (ك. به‌ختیار) ی ته‌مه‌ن 27 ساڵ كه یه‌كێك بوو له قوربانییه‌كانی ئه‌م كاره‌ساته، به‌م جۆره وێنه‌ی ڕووداوه‌كانمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه:
"ئێمه هه‌موومان ده‌مانزانی كه چه‌كی كیمیاییمان به‌سه‌ردا كراوه، بۆیه وه‌ك هه‌نگاوی یه‌كه‌می خۆپاراستن هه‌موو به‌ره‌و به‌رزایی گرده‌كان ڕامان ده‌كرد. به‌ڵام ئه‌م جاره‌یان وێنه‌كه ته‌واو جیاواز بوو. سه‌ره‌تا تێبینیم كرد كه هه‌ڵسوكه‌وتی خه‌ڵكه‌كه له ناكاو گۆڕا. هه‌موو وا ده‌رده‌كه‌وتن كه هه‌وڵی ده‌رباز بوون ده‌ده‌ن، دواتر زۆربه‌یان به زه‌ويدا ده‌كه‌وتن. ئاژه‌ڵه‌كان و باڵنده‌كان و هه‌رچی گیانله‌به‌ره كه‌وتنه سه‌ر زه‌وی. هه‌موو شتێك له حاله‌تی شێتی ده‌چوو. ئیتر ته‌واو دڵنیا بووم كه ئێمه له خه‌ته‌رترین حاڵه‌ت داین. تا ده‌هات ترس له دڵمدا زیادی ده‌كرت نه‌مده‌زانی چی بكه‌م، به‌رده‌وام به‌ره‌و به‌رزاییه‌كه ڕام ده‌كرد، وورده وورده هه‌ستم ده‌كرد بێ هێز ده‌بم و چیتر قاچه‌كانم له‌دوام نایه‌ن. كۆنترۆڵم به‌سه‌ر جوڵه‌ی جه‌سته‌مدا نه‌ما، ده‌مم پڕبوو، به‌رچاوم لێڵ بو، و تا ده‌هات توانای ههناسهددام كه‌متر ده‌بوو، ئیتر خۆشم نه‌مده‌زانی چی ده‌كه‌م. دواتر بۆم ده‌ركه‌وت كه ئه‌مه په‌له ڕوحهيه و پێ ده‌چێت مه‌رگ زۆر نزیك بووبێته‌وه. بیرم نایه‌ت دوای ئه‌وه ئیتر چی ڕویدا، كاتێك هۆشم هاته‌وه پزیشكه‌كان پێيان ووتم كه‌وا موعجیزه‌یه كه من هێشتا زیندووم. باوه‌ڕم نه‌ده‌كرد، من زۆر به‌خته‌وه‌رم و ئه‌مه ژیانی دووهههممه، پێویسته زۆر دڵم پێی خۆش بێت".
ژماره‌ی قوربانیه‌كانی چه‌كی كیمیایی ڕۆژ به ڕۆژ له زیادبووندا بوون حكومه‌تی عیڕاق، به بێ منه‌تی، ده‌ستی نه‌ده‌پاراست له به‌كارهێنانی ئه‌م جۆره چه‌كه كۆمهڵكوژانه [15]. تا دواجار ژماره‌ی قوربانییه‌كان له شاری هه‌ڵه‌بجه گه‌یشته پێنج هه‌زار شه‌هید و نزیكه‌ی ده هه‌زار بریندار. كاره‌ساتی كیمیابارانكردنی شاری هه‌ڵه‌بجه (كه به هۆڵۆكۆستی هه‌ڵه‌بجه ناو ده‌برێت) ڕووداوێكی مێژوویی كه‌م وێنه‌یه، هه‌م له ڕووی ژماره‌ی قوربانیه‌كانی و هه‌م له ڕووی ده‌ركه‌وتنی مه‌رامه گڵاوه‌كانی حكومه‌تی عیڕاق له هه‌وڵدان بۆ پاكتاوكردنی نه‌ژادی كورده‌كان. ئه‌وه جگه له‌وه‌ی له مێژوودا ڕووی نه‌داوه كه ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به‌و جۆره دڕنده‌ییه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هاونیشتیمانیانی خۆیدا بكات.
له‌م نووسینه‌دا به پێویستی ده‌زانم كه تیشكێك بخه‌مه سه‌ر ڕووداوه‌كانی به‌ر له كاره‌ساتی هۆڵۆكۆستی هه‌ڵه‌بجه، و كۆمه‌ڵێك ڕاستی مێژوویی روون بكه‌مه‌وه. میدياكانی جیهان و هۆیه‌كانی تری ڕاگه‌یاندن هه‌ندێك زانیاری هه‌ڵه‌یان خسته به‌ر ده‌می ڕای گشتی، لێره‌دا به پێویستی ده‌زانم ئه‌و هه‌ڵانه ڕاست بكه‌مه‌وه.
شاری هه‌ڵه‌بجه له لایه‌ن سوپای ئێرانه‌وه داگیر نه‌كرابوو، به‌ڵكو ئه‌م شاره له‌لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌وه، به‌تایبه‌تی هی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و به هاوكاری هه‌ندێك لایه‌نی سیاسی تر، ئازاد كرابوو [21]. كاتێك سوپای عیڕاق به هێرشه‌كانی ئه‌نفالی یه‌كه‌وه خه‌ریك بوو له ناوچه‌ی دۆڵی جافایه‌تی، كاك (شه‌وكه‌تی حاجی موشیر)، كه ئه‌ندامی كۆمیته‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان بوو، سه‌ركردایه‌تی هێزێكی پێنج سه‌د كه‌سی ده‌كرد. ئه‌وانه توانیان له ماوه‌یه‌كی كورتدا شاری هه‌ڵه‌بجه به ته‌واوه‌تی ئازاد بكه‌ن. خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه تێنوی ئازادی بوون و به په‌رۆشه‌وه پێشوازیان له هێزی پێشمه‌رگه‌و سه‌ركرده‌كه‌یان كرد (شه‌وكه‌تی حاجی موشیر خۆی خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌یه). جگه له دوو كامێرامان و دووكه‌سی بێچهك هیچ كه‌سێكی ئێرانی به‌شداری ئازادكردنی هه‌ڵه‌بجه‌ی نه‌كرد. گوڵباران كردنی هێزی پێشمه‌رگه و هه‌ماهه‌نگی كردنیان له‌لایه‌ن خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌وه ڕژێمی سه‌ددامی زۆر ناڕه‌حه‌ت كرد. هه‌ر بۆیه ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌یان به‌سته‌وه به جه‌نگی عیڕاق- ئێران، و به شێوازێكی وه‌حشيانه ئه‌و شاره‌یان كیمیاباران كرد. دواتر ئێرانیه‌كان به مه‌به‌ستی هه‌ماهه‌نگی و چاره‌سه‌ر كردنی قوربانییه‌كانی ئه‌و كاره‌ساته هاتنه ناو شاری هه‌ڵه‌بجه و ژماره‌یه‌ك له برینداره‌كانیان گواسته‌وه بۆ نه‌خۆشخانه‌كانی ئێران. خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئێرانیه‌كان به‌رز ده‌نرخێنن، به‌ڵام ئێرانیه‌كان هه‌وڵیاندا ئه‌م مه‌سه‌له‌یه به قازانجی سیاسی خۆیان به‌كار بهێنن. وێنه‌ی ته‌واوی ڕووداوه‌كه‌یان له فیلمێكی دۆكیومێنتارييدا گرتبوو، هه‌ر له سه‌ره‌تای ئازادكردنی هه‌ڵه‌بجه‌وه تا دوای بۆردومانكردنی [21, 22]. ئه‌م فیلمه به جۆرێك ئاماده كرابوو كه تیایدا ته‌واوی ئۆپه‌راسیۆنی ئازاد كردنی هه‌ڵه‌بجه‌یان كردبووه سه‌ركه‌وتنی سوپای ئێرانی به‌سه‌ر عیڕاقییهكاندا. دواتر كورده‌كان ناڕه‌زایی زۆریان به‌رامبه‌ر به‌م هه‌ڵوێسته چه‌واشه‌كارییه‌ی ئێران ده‌ربڕی و ئیِرانیش پۆزشی بۆ ئه‌م كاره‌ی هێنایه‌وه.
له یه‌ك ڕۆژدا و له به‌رواری ٢٧ی مارتی ١۹٨٧، هێزه‌كانی سوپای عێراق كیمیا بارانی ده‌شتی كۆیه و دۆڵی سماقوڵی و بالیسانیان كرد. ئه‌م هێرشه زیاتر له دوو سه‌د شه‌هید و هه‌زارو دووسه‌د برینداری لێكهوتهوه. له هه‌مان ڕۆژدا، ناوچه‌ی قه‌ره‌داغ و دێیه‌كانی ده‌وروبه‌ری به خه‌ستی بۆردومان كرا. ئه‌م ڕووداوه‌ش سه‌دان قوربانی لێكهوتهوه. ٤١٢ بریندار له خه‌ڵكی دانیشتوانی ناوچه‌كه به مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردن به‌ره‌و سلێمانی ڕۆیشتن، به‌ڵام هه‌ر وه‌ك كاره‌ساتی شێخ وه‌سانان ڕژێمی عیڕاق له ناوچه‌ی تانجه‌رۆ گه‌مارۆی دان و هه‌ر هه‌موویانی ده‌ستگیر كرد، له‌و ڕۆژه‌وه كه‌س چاوی به دیداریان نه‌كه‌وتووه‌ته‌وه.
قوربانییه‌كان و وێرانكارییه‌كان
تا ده‌هات هێرش و په‌لاماردانه‌كانی ڕژێمی عیڕاقی به چه‌كی كیمیایی بۆ سه‌ر ناوچه جیاجیاكانی كوردستان قورس‌تر و فراوانتر ده‌بوون، به‌ڵام خه‌ڵكه‌كه وورده وورده ئه‌زمونیان له‌گه‌ڵ ئه‌م جۆره چه‌كه په‌یدا كردبوو. فێر كرابوون كه ئه‌گه‌ر ڕووبه‌روی هێرشی چه‌كی كیمیایی بوونه‌وه پێویسته به‌ره‌و به‌رزایی شاخه‌كان بڕۆن، وا باشتره له‌سه‌ر به‌رزاییه‌كان ئاگر بكه‌نه‌وه، نابێت بچنه ناو ئه‌شكه‌وته‌كانه‌وه، ئه‌گه‌ر چوونه ئه‌شكه‌وته‌وه ده‌بێت له‌به‌ر ده‌می ئه‌شكه‌وته‌كه‌دا ئاگرێك بكه‌نه‌وه. هه‌ندێكیان قیناعی كۆنی سه‌ربازیان به‌كار ده‌هێنا، هه‌ندێكی تریان به خۆماڵی قیناعیان له خام و خه‌ڵوز دروست ده‌كرد. هه‌روه‌ها فێركرابوون كه پێویسته به دووركه‌وتنه‌وه‌یان له شوێنی ڕووداوه‌كه ئاوێكی زۆر بخۆنه‌وه و ته‌واوی جه‌سته‌یان به ئاو بشۆن [20]. ئه‌م ڕێنماییه خۆپارێزیانه تا ڕاده‌یه‌كی به‌رچاو ژماره‌ی قوربانییه‌كانی كه‌م كردبووه‌وه.
ئه‌و ئاماره‌ی كه سه‌باره‌ت به شوێن و كات و خه‌ڵكی كيميابارانكراو ده‌ست ده‌كه‌وتن له خشته‌ی خواره‌وه‌دا تۆمار كراون [15, 17, 20, 21, 23, 28]. زۆر ئاسته‌نگ بوو بتوانرێت ته‌واوی قوربانییه‌كانی چه‌كی كیمیایی تۆمار بكرێن. زۆر هۆكار هه‌بوون ڕێگر بوون له‌به‌ر ده‌م كۆكردنه‌وه‌ی ئاماری قوربانییه‌كاندا، بۆ نمونه ژماره‌یه‌ك له قوربانییه‌كان له ترسی گرتن و ڕاوه‌دوونان خۆیان ئاشكرا نه‌ده‌كرد، یان نه‌ده‌هاتن بۆ چاره‌سه‌ركردن. هه‌ندێكیان برینه‌كانیان سه‌خت نه‌بوو، به‌تايبه‌تی ئه‌وانه‌ی كه له ناو شوێنی سه‌ره‌كی ڕووداوه‌كه نه‌بوون به‌ڵام به‌هۆی (با)وه گازی ژه‌هراوی ده‌گه‌یشته ناوچه‌كه‌یان.
خاتوو (ن. خدر) ی ته‌مه‌ن ٤۹ ساَل، كه خه‌ڵكی گوندی (به‌رگه‌ڵو) وه و چه‌ند كیلۆمه‌ترێك له (گوندی سه‌رگه‌ڵو) وه‌وه دووره، د‌ڵێت:
"به‌یانییه‌كیان كه له خه‌و هه‌ستام، هه‌ستم به سه‌رئێشه‌و بێ هێزی و گیان داگیران ده‌كرد و سنگم توند بوو. سه‌ره‌تا وام هه‌ست كرد كه له وانه‌یه تووشی هه‌ڵامه‌ت بووبم، به‌ڵام دواتر بۆمان ده‌ركه‌وت كه زۆربه‌مان ئه‌م حاڵه‌ته‌مان هه‌یه و له ئه‌نجامی هه‌ڵمژینی گازی ژه‌هراوی وامان لێ هاتووه. ئه‌م گازه‌ش له (سه‌رگه‌لو)وه‌وه به‌هۆی (با)وه گه‌یشتووه‌ته لای ئێمه، چونكه ئێواره‌ی پێشتر حكومه‌ت به كیمیایی له سه‌رگه‌ڵووی دابوو".
چه‌كی كیمیایی ترسێكی یه‌كجار زۆری له دڵی خه‌ڵكدا دروست كردبوو. له‌گه‌ڵ بيستنی ده‌نگی ته‌یاره‌كان، ئیتر خه‌ڵكی گونده‌كان ده‌شڵه‌ژان و ڕایان ده‌كرد، هاواریان ده‌كرد: "كیمیایی ....كیمیایی.....كیمیایی". حاڵه‌تێكی زۆر سامناك بوو، منداڵ به شوێن دایك و باوكيدا ده‌گه‌ڕا. دایك و باوك عه‌وداڵی منداڵه‌كانیان ده‌بوون، هه‌ندێك ڕایان ده‌كرد بۆ ماڵه‌وه تا خام و خهڵوزهكانیان بێنن به‌لكو له كیمیاییه‌كه بیانپارێزێت. هه‌ندێكی تر كۆنه قیناعی عه‌سكه‌ریان به‌سه‌ریاندا ده‌كرد. ئیتر خه‌ڵكه‌كه به شڵه‌ژاوی به‌ره‌و به‌رزاییه‌كان هه‌ڵده‌كشان. كاك (ف. كه‌ریم)ی 29 ساڵ، كه یه‌كێكه له شایه‌دحاڵه‌كان، ئه‌م تراژیدیایه‌مان به‌م جۆره بۆ ده‌گێڕێته‌وه:
"كاتێك كه هه‌ورێكی سپی له دوكه‌ڵی بۆمبه‌كه‌وه بڵاو دبووه‌وه، ئێمه به ڕاكردن به‌ره‌و به‌رزایی ده‌ڕۆیشتین. هێنده شلهَژا بووین، كاتێك گه‌یشتینه سه‌ر لوتكه‌ی شاخه‌كه بۆم ده‌ركه‌وت كه تاكێكی پێڵاوه‌كانم لێكه‌وتووه و ئه‌و زه‌رفه میوهیهشم به ده‌سته‌وه نه‌ماوه كه بۆ كاتی ته‌نگانه له‌گه‌ڵ خۆمم هه‌ڵگرتبوو. هه‌موو گیانم ده‌له‌رزی. له به‌رزاییه‌كه‌وه سه‌یری ناو گونده‌كه‌م ده‌كرد ده‌مبینی كه چۆن خه‌ڵكی گونده‌كه به پیرو و ژن و مناڵه‌وه به هه‌موولایه‌كدا ڕایان ده‌كرت، و گوێم له ده‌نگی هاوار و گریانیان بوو. له ناكاو بیرم كه‌وته‌وه كه ئامۆزا كهمئهندامهكهم له ناو گونده‌كه به‌جێ ماوه، و ویستم بگه‌ڕێمه‌وه خواره‌وه به‌و هیوایه‌ی فریای بكه‌وم. به‌ڵام كۆمه‌ڵێك له خزم و هاووڕێیانم ڕێگه‌یان لێگرتم و پێیان ووتم نابێت بڕۆیت هه‌ردووكتان ده‌مرن باشتر وایه نه‌ڕۆیت و دوعای خێری بۆ بكه‌یت. به‌داخه‌وه ئامۆزاكه‌م له‌و ڕووداوه‌دا شه‌هید بوو. زۆر هه‌ست به شهڕمهزاری ده‌كه‌م، ده‌بوایه بڕێك غیره‌تم بدایه‌ته به‌ر خۆم و بگه‌ڕامایه‌ته‌وه و ڕزگارم بكردایه".
له دوای ڕۆیشتنی فرۆكه‌كان، خه‌ڵكی گونده‌كه ده‌گه‌ڕانه‌وه بۆ شوێنی ڕووداوه‌كه، بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تی برینداره‌كان بده‌ن و شه‌هیده‌كانیش بنێژن. برینداره‌كان ده‌برانه بنكه ته‌ندروستیه لۆكاڵهكان كه له لایه‌ن پزیشك و یاریده‌ده‌ری پزیشكی پێشمه‌رگه‌وه به‌ڕێوه ده‌بران. ئه‌م بنكانه له ڕووی پێداویستيهوه زۆر هه‌ژار بوون، له هه‌ندێك جێگا نه‌یانده‌توانی هیچ جۆره چاره‌سه‌رێك پێشكه‌ش بكه‌ن. ئه‌وان ئۆكسجین و كه‌ره‌سه‌ی پێویستسان نه‌بوو، له هه‌ندێك جێگا ته‌نيا ده‌یانتوانی فریاگوزاری سه‌ره‌تایی بۆ برینداره‌كان ئه‌نجام بدن. هه‌ندێكی تریان ڕێنمایی گشتی و ئازار شكێن و قه‌تره‌ی چاویان ده‌دا، برینه‌كانیان پاك ده‌كرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له هه‌وكردن بیانپارێزن. ئه‌وانه‌ی به خه‌ستی بریندار ده‌بوون یان نزيكی گیان له ده‌ستدان بوون، ڕه‌وانه‌ی دیوی ئێران ده‌كران. هه‌ندێك جاريش پزیشك و یاریده‌ده‌ره‌كانیان و بنكه‌ی ته‌ندروستییه‌كه‌یان ده‌بونه قوربانی بۆمبه‌كانی سوپای عیڕاق [17].
باوكم (عه‌بدولعه‌زيز عه‌لائه‌ددين) به‌م جۆره باسی هێرشه‌كه‌ی به‌رگه‌ڵوی بۆ كردم:
"ڕۆژی ۳‌ی ئه‌یلولی ساڵی ١۹٨٧ بوو، فڕۆكه‌كانی عێراق گوندی به‌رگه‌ڵویان كیمیا باران كرد. خۆم و دايكت به خه‌ستی بریندار بووین، ژماره‌یه‌كی زۆری برینداری تیش هه‌بوون. ناوچه‌كه به ته‌واوی پڕبوو له دوكه‌ڵێك كه بۆنی (پیازی گه‌نیو)ی لێده‌هات، هه‌موو خه‌ڵكه‌كه به‌ره‌و گردی (سێكانیان) ڕایان ده‌كرد. هه‌ندێك له برینداره‌كان به مه‌به‌ستی فریاگوزاری ته‌ندروستی به‌ره‌و بنكه‌ی ته‌ندروستیه‌كه ڕایان ده‌كرد به‌ڵام دواتر دیتیان كه نه‌خۆشخانه‌كه‌ش بۆمبی به‌ركه‌وتووه و غه‌رقی گازی كیمیایی كراوه".
كاری كيميايی له‌سه‌ر ژینگه
تا ئێستا داتای پێویست له به‌رده‌ستدا نییه سه‌باره‌ت به ڕێژه‌ی پیس بوونی ژینگه له‌و ناوچانه‌ی دووچاری هێرشی چه‌كی كیمیایی بوون. كاك (عومه‌ر) ی ته‌مه‌ن 28 ساڵ كه یه‌كێكه له برینداره‌كان و ئێستا له ئه‌ڵمانیا له ژێر چاودێری پزیشكیی چڕ و پڕ دایه به‌هۆی كاریگه‌ری درێژخایه‌نی چه‌كی كیمیاییه‌وه، به‌م جۆره باس له پیس بوونی ژینگه‌ی ناوچه‌كه‌یان ده‌كات:
"ڕۆژی ٢٨ی مارتی ١۹٨٨، كاتێك فرۆكه‌كانی سوپای عیڕاقی گوندی (شانه‌خسێ)ی سه‌ر به ناوچه‌ی شارباژێڕیان كیمیاباران كرد، ئێمه ژماره‌مان دووسه‌د كه‌س ده‌بوو، گونده‌كه‌مان چۆڵ كرد و به‌ره‌و به‌رزاییه‌كان ڕۆیشتین. نه‌گه‌ڕاینه‌وه ناو ئاوایی هه‌تا دنیا تاریك داهات. دواتر خه‌ڵكه‌كه وورده وورده به‌ره‌و ناو دێ گه‌ڕانه‌وه. له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌مان، ئیتر له‌ناو دێ ئاومان خوارده‌وه و نان و میوه‌مان خورارد و كه‌ل و په‌ل و پێخه‌فه‌كانمان به‌كار هێنا. نه‌مان زانی ئه‌مانه هه‌مووی ژه‌هراوی بوون. له دوای نیوه شه‌و نیشانه‌كانی ژه‌هراوی بوونمان تیا ده‌ركه‌وت. ئه‌و نیشانانه هه‌مان ئه‌و نیشانانه بوو كه سه‌رله به‌یانی به قوربانیه‌كانی چه‌كی كیمیاییه‌وه به‌ده‌ر ده‌كه‌وتن. ئینجا خه‌ڵكی گونده‌كانی ده‌وروبه‌ر هاتن به هانامانه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی ئه‌وانيش هیچ ڕێوشوێنێكی خۆپاراستن له ژه‌هراوی بوون بگرنه به‌ر. بۆيه ئه‌وانیش به هه‌مان شێوه به‌هۆی پیس بوونی ژینگه‌وه ژه‌هراوی بوون".
كوردستان له ناوچه هه‌ره به‌پیت و به‌ره‌كه‌ته‌كانی عیڕاقه. خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ی ڕووبه‌ڕووی هێرشی كیمیایی بوونه‌وه هه‌موویان جوتیار بوون و پشتیان به كشت و كاڵ و ئاژه‌ڵداری ده‌به‌ست. ژیانیان له‌سه‌ر به‌رهه‌م هێنانی گه‌نم و جۆ و دانه‌وێڵه و سه‌وزه و میوه و ته‌خته و به‌رهه‌مه‌كانی شیره‌مه‌نی و گۆشت و په‌له‌وه‌ر بوو. به‌ڵام دوابه‌دوای ڕووداوه‌كان، ئه‌وناوچانه به‌كه‌ڵكی ژیان نه‌مان. ڕووه‌ك و دار و دره‌خته‌كانی ناوچه‌كه تووشی زه‌رو زیانی زۆر بوون، به‌گشتی سه‌وزایی له ناوچه‌كه‌دا نه‌ما [20]. ڕه‌نگی گه‌ڵا و گوڵ و گژ و گیاكان هه‌مووی زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕان. له‌و جێگایانه‌ی ڕاسته‌وخۆ بۆمبيان به‌ركه‌وتبوو سه‌رباری بارانی زۆری زستان بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ هیچ جۆره ڕووه‌كێكی تیا سه‌وز نه‌بوو. گژو گیا و ڕووه‌كه كورته‌كان له ماوه‌یه‌كی زۆر كورتدا ده‌مردن. دار و دره‌خته‌كانیش گه‌ڵایان زه‌رد ده‌بوو دواتر هه‌ڵده‌وه‌رین. هه‌تا له سه‌نته‌ری كه‌وتنی بۆمبه‌كان دوور بكهوتیتایهتهوه بێگومان زیانه‌كان كه‌متر به ڕووه‌كه‌كانه‌وه دیار بوو.
ئاوی ناوچه‌كه به‌كه‌ڵكی خواردنه‌وه نه‌ما. ئاژه‌ڵه‌كانی ناوچه‌كه‌ش له‌م كاره‌ساته بێبه‌ش نه‌بوون [20]. باڵنده‌ی كێوی و مریشك و مه‌ڕو بزن و مانگا و سه‌گ و پشیله‌و گوێدرێژ و ته‌نانه‌ت مێش و هه‌نگیش بوونه قوربانی چه‌كی كیمیایی. هه‌ندێك له ئاژه‌ڵه‌كان ڕاسته‌و خۆ دوای كه‌وتنی بۆمبه‌كان و بڵاوبوونه‌وه‌ی ژه‌هره‌كه ده‌مردن. هه‌ندێكی تریان به هۆی خواردنی گیا‌و ئاوی ژه‌هراوی یه‌وه دووچاری نیشانه درێژخایه‌نه‌كانی ژه‌هراوی بوون ده‌بوون (وه‌ك ئاوكردنی چاو و سوتانه‌وه‌ی پێست و تێك چوونی كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌یان). ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ش كه مانه‌وه دواتر له لایه‌ن خاوه‌نه‌كانیانه‌وه به تاڵان فرۆشران. له ترسی ژه‌هراوی بوون هیچ كه‌س به‌رو بوومی گۆشت و شیر‌و ماست و په‌نیر و هێلكه‌ی له‌و ناوچانه نه‌ده‌كڕی.
ئاژه‌ڵ و باڵنده كێویه‌كانیش له ڕیزی قوربانیه‌كانی ئه‌م كاره‌ساته بوون. مار به مردوويی له‌سه‌ر زه‌وی ده‌بینرا، (باز) یش به‌هۆی خواردنی كه‌لاكی گیانله‌به‌ری ژه‌هراویه‌وه به مردوویی به زه‌ويدا كه‌وتبوو، بۆق و كیسه‌ڵه‌كانیش له قه‌راغی ئاوه‌كان به مردوویی كه‌وتبوون، ماسیه‌كانیش به مردوویی سه‌رئاو كه‌وتبوون، ته‌نانه‌ت مێش و سیسرك و كرمی زه‌ویش به مرداره‌وه بوییی له هه‌موو جێگایه‌ك ده‌بینران.
سه‌ددام حسێن خه‌ڵات كرا
له كۆتایی مانگی نیسانی ١۹٨٨دا ئه‌و ناوچه‌یه به‌ته‌واوه‌تی له هه‌ساره‌یه‌كی تر ده‌چوو، كه‌ڵكی ژیانی نه‌مابوو. نه مرۆڤ و نه هیچ بوونه‌وه‌رێكی تر نه‌یده‌توانی له و جێگایه‌دا بژی، بۆیه هێزی پێشمه‌رگه ناچار بوو به هۆی به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیاییه‌وه له ناوچه‌كانی سلێمانی و هه‌ولێر پاشه‌كشێ بكات. به‌ڵام له ناوچه ڕزگار كراوه‌كانی تری كوردستان پێشمه‌رگه به‌رده‌وام له چالاكی و جم و جۆڵدا بوون و هێزه‌كانی ڕژێمی عیڕاق نه‌یانتوانی چۆك به جوڵانه‌وه‌ی ڕزگاری خوازی گه‌لی كوردستان دا بده‌ن. هێزی پێشمه‌رگه له مقاوه‌مه‌تی به‌رده‌وامدا بوون و زه‌بری كاریگه‌ریشیان له ڕژێمی عێراق ده‌دا.
بار‌و دۆخی ناوچه‌كه به درێژایی ئه‌و ماوه‌یه به ناجێگیری مایه‌وه، تا ئه‌و كاته‌ی ڕژێمی عیڕاق په‌یمانی ئاگر به‌ستی له‌گه‌ڵ ئێران مۆر كرد و گڕوپی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ چاودێری سه‌ربازی عیڕاق- ئێران (UNIIMOG) گه‌یشتنه سنوری نێوان ئه‌و دوو وڵاته. سه‌ره‌ڕای داواكاری، عیڕاق ڕێگه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانی نه‌دا كه (UNIIMOG) بنێرنه ناوچه كوردیه‌كانیش بۆ مه‌به‌ستی چاودێری. پاشان ڕژێمی عێراق هێزێكی بێشوماری له ناوچه‌كانی خواروو ناوه‌ڕاستی عیڕاقه‌وه به‌ره‌و كوردستان به‌ڕێكرد و به مه‌به‌ستی لێدانی كورده‌كان جێگیری كردن.
له ناوه‌ڕاستی مانگی ئابی ١۹٨٨دا ته‌نيا چه‌ند ڕۆژێك به‌سه‌ر جێبه‌جێ كردنی په‌یمانی ئاگربه‌ستی نێوان عێراق و ئێران‌دا تێپه‌ڕی بوو، ئیتر كاتی ئه‌وه هاتبوو كه سه‌ددام حسێن ئه‌و به‌ڵێنانه جێبه‌جێ بكات كه به (شا فه‌هد)ی پاشای عه‌ره‌بستانی سعودیه‌ی دابوو. شا فه‌هد نامه‌یه‌كی ئاڕاسته‌ی سه‌ددام حسێن كردبوو، تیایدا داوای كردبوو كه ڕژێمی عیڕاق چاره‌سه‌رێكی گونجاوی كێشه‌ی كورد له كوردستانی عیڕاقدا بكات. سه‌ددام حسێنیش له وه‌ڵامدا وتبووی چاره‌سه‌رێكی "يه‌كجاری و ئه‌به‌دی" ئه‌م كێشه‌یه ده‌كه‌م [24]. كه‌چی له ٢٥ی ئاب هه‌تا سه‌ره‌تای ئه‌يلولی هه‌مان ساڵ ڕژێمی عیڕاق به دڕندانه‌ترین شێواز ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی (هۆڵۆكۆستی بادینان)ی ده‌ستپێكرد. له‌ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكدا هه‌زاران كه‌س به ژه‌هری كیمیایی گیانیان له‌ده‌ستدا، و ده‌یان هه‌زاریش ئاواره و ده‌ربه‌ده‌ر بوون، و هه‌زارانیش له‌لایه‌ن سوپای عیڕاقه‌وه به دیل گیران. دواتر گیراوه‌كان گویزرانهوه و فرێدرانه ناوچه‌ی (حوشترمل)، كه ده‌شتاییه‌كی چۆڵی نزیك سنوری ناوچه‌ی هه‌ولێره. دیله‌كان لایه‌ن هێزه‌كانی سوپای عیڕاقه‌وه گه‌مارو درابوون، و بێ نان و بێ جێگا و ڕێگا له بار‌و دۆخێكی یه‌كجار ناله‌باردا ده‌گوزه‌ران. دواجار ئه‌م بار‌و دۆخه ناهه‌مواره له ماوه‌ی ته‌نيا یه‌ك هه‌فته‌دا بوه هۆی گیان له‌ده‌ست دانی نزیكه‌ی حه‌فتا منداڵ و ژماره‌یه‌ك له پیر و ژنی دوو گیان.
ئه‌وانه‌ی توانیان له سنوری عیڕاق- توركیا بپه‌رنه‌وه به‌خته‌وه‌ر بوون چونكه توانیان خۆیان له ده‌ستی هێزه‌كانی سوپای عیڕاق ده‌رباز بكه‌ن. توركیا ئاواره‌كانی وه‌ك میوان قبوڵ كرد و له هه‌ر سێ كامپی (دیاربه‌كر و ماردین و موس) دا جێگیری كردن. له ئاوارهیيدا، كورده‌كانی عیڕاق له بار‌و دۆخی ترس و مامه‌ڵه‌ی خراپ و فه‌رامۆش كردن و حساب بۆ نه‌كردندا ژیانیان به‌سه‌ر ده‌برد [25].
دوای یه‌ك ساڵ له گه‌یشتنیان دووهه‌زار و حه‌فتا كه‌سی ئاواره‌كانی ماردین نیشانه‌ی ژه‌هراوی بوونیان تێدا ده‌ركه‌وت، حاڵه تهكانیش به زۆری بریتی بوون له نیشانه‌كانی ژه‌هراوی بوون به‌و گازانه‌ی كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌مار دروست ده‌كه‌ن [26]. تووشبووه‌كان خوێنیان لێ وه‌رگیرا و ڕه‌وانه‌ی تاقیگه‌كانی به‌ریتانیا كرا به تایبه‌ت بۆ تاقیگه‌ی (The National Poison Unit of Guy's Hospital) [27]. دواتر شاره‌زایانی بواری ژه‌هراوی بوون له ئاكامی پشكنینه تاقیگه‌ییه‌كاندا گه‌یشتنه ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی كه هۆكاری ژه‌هراوی بوونه‌كه‌یان ده‌گه‌رێته‌وه بۆ به‌كارهێنانی ماده‌ی زۆر كاریگه‌ری دژه ده‌مارو (ئۆرگانۆفۆسفۆرهس). ئه‌مه‌ش بێگومان هه‌مان ئه‌و ماده خهتهرناكانه بوون كه ڕژێمی عیڕاق له بۆمبه كیمیاییهكانيدا به‌كاری ده‌هێنان. (سه‌يری وتاره ئينگليزيهكه بكه
تراجیدیای بادینان تا ڕاده‌یه‌كی زۆر له سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تيدا ناسرا و سه‌رنجی ڕای گشتی جیهانی ڕ‌اكێشا، به‌ڵام هیچ كام له وڵاته به‌هێزه‌كانی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی نه‌یانتوانی ئیدانه‌ی ڕژێمی سه‌ددام بكه‌ن له پای به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی به‌رامبه‌ر هاونیشتیمانیانی بێ دیفاعی وڵاته‌كه‌ی خۆی. یه‌كێتی سۆڤیه‌تیش له بری ئیدانه كردنی ئه‌م ڕه‌فتاره‌ی عیڕاق له میدیاكاندا، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ی به پرۆپاگه‌نده‌ی بێ به‌ڵگه‌ی ئه‌مه‌ریكیه‌كان وه‌سف ده‌كرد [29]. وڵاتانی ڕۆژئاواش هیچ هه‌ڵوێستێكیان به‌رامبه‌ر به‌م كاره‌ساته نه‌بوو، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه ره‌سیدی سهددامیا زیاد كرد بۆ كڕینی ته‌كنۆلۆجیای نوێی جه‌نگ [30]. هه‌رچی وڵاته عهرهبییهكانیشه وه‌ك ( كوه‌یت و سعودیه و ئه‌رده‌ن و میسر) هیچ هه‌ڵوێستێكی مرۆڤانه‌یان به‌رامبه‌ر به‌م مه‌سه‌له‌یه نیشان نه‌دا، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه له به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێودهوڵتيدا دیفاعی جيدیان له ڕژێمی سه‌ددام حسێن ده‌كرد.
(غازی الريس) باڵوێزی كوه‌یت و (شێخ ناصر المنقور)ی باڵوێزی عه‌ره‌بستانی سعودیه و(صادق المشاط)ی باڵوێزی عیڕاق له به‌ریتانی، بها سێ قۆڵی و به به‌رنامه‌یه‌كی داڕێژراو چوونه لای (ولیام واڵدیگرهیڤ)ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا و نیگه‌رانی خۆیان ده‌ربڕی سه‌باره‌ت به‌و كه‌مپه‌ینه‌ی كه "میدیاكانی به‌ریتانیا له دژی حكومه‌تی عیڕاق ئه‌نجامی ده‌ده‌ن". هه‌وه‌ها باڵوێزانی هه‌رسێ وڵاتی عه‌ره‌بی داوایان له وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا كرد كه چیتر باوه‌ڕ به سكاڵای كورده‌كان نه‌كه‌ن سه‌باره‌ت به به‌كار هێنانی چه‌كی كیمیایی له ناوچه‌كانیان [31].
نه‌بوونی هه‌ڵوێستی نێوده‌وڵه‌تی به‌رامبه‌ر پێشێلكارییه‌كانی مافی مرۆڤ له عیڕاق، سه‌ددام حسێنی بێ منه‌ت و پشت ئه‌ستور كرد بۆ به‌رده‌وام بوون له ڕه‌فتاره دژه‌مرۆڤایه‌تی و وهحشیگهراكانی [32]. هه‌ر به چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك دوای كاره‌ساتی بادینان ڕژێمی عیڕاق (شێخ بیزینی) و (حامیه)ی سه‌ر به سنوری پارێزگای كه‌ركوك و (چه‌می ڕێزان)ی سه‌ر به پارێزگای سلێمانی كیمیا باران كرد. سه‌ددام به ته‌واوه‌تی بۆی ده‌ركه‌وتبوو كه كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی گوێی خۆیان خه‌واندووه و بێده‌نگن، بۆیه هه‌ستی ده‌كرد ده‌ستی كراوه‌یه‌و ئه‌مه‌ش باشترین فڕسهته كه ده‌ست له ئۆپۆزسیۆنی نێوخۆیی نه‌پارێزێ و درێژه به سیاسه‌تی جینۆساید و پاكتاوكردنی ڕه‌گه‌زی بدات.
سه‌رچاوه‌كان
1. Saddam's Iraq, Revolution or Reaction. CARDRI. 1989. Zed Books. London. UK.
2. Amnesty International "A l-Nashra Al-I khbaria". (Arabic). March, 1988.
3. Amnesty International news release. Al Index: MDE 14.1 .1988. Distr. SCIPO. International Embargo. 13.1 .1 988.
4. Hazhir Teimourian. The Times. 13. 1. 1988.
5. Index on Censorship. March 1988. Vol. 17. P39.
6. Anthony McDermott. In: The Kurds. The Minority Rights Group. Report No. 23. May 1981.
7. David Hurst. The Guardian. 7.5.1974.
8. Use of Chemical Warfare by the Iraqi Regime. November 1986. Published by: War Information Headquarters, Supreme Defence Council. Tehran-Iran.
9. Gwynne Roberts. Winds of Death. A film shown on "Dispatches"- channel 4. United Kingdom. 23.11.1988.
10. New Scientist. 22.9 .1988.
11. Sunday Telegraph. 25. 9.1988.
12. David McDowall. The Kurds. The Minority Rights Group. Report No. 23. March, 1989.
13. Personal communications with Jalal Talabani, Dr. K. Hawrami and Dr. F Masum.
14. Iraqi Kurdistan Front declaration. July, 1987. Published in: Al-Sharara No. 7. (Arabic) July, 1987 and Gal No. 26. (Arabic) August, 1987.
15. The Kurdish Focus. Issue No.1. January, 1989. Published by the PUK.
16. Newsweek 1 .10.1990.
17. Personal inteiviews with Kurdish doctors with first hand experience.
18. Parang. (Kurdish), 1988. Issue No. 1. Page 4.
19. A Horrific Butchery in Arbil Prison. (Arabic) 1988. Published by the Kurdistan Popualar Democratic Party, Branch of Europe.
20. A series of personal interviews with Kurdish victims and eye witnesses. 1989 and 1990.
21. A personal interview with Mr Shawkat Haji Mushir, member of the leadership committee of the PUK. London. November, 1990.
22. The Catastrophe of the Century. Halabja, another Nightmare. Film (on video) produced and distributed by Iran.
23. Materials supplied by Mr. Hoshiar Zebari, member of the executi e committee of the Kurdistan Democratic Party. 1988.
24. Halga Graham. Observer. 28.8. 1988.
25. Ekram Maie. The Kurdish Observer. 1990. Issue No.6.
26. Tim Kelsey. The Independent. 12. 6 .1 989.
27. Ala’Aldeen DAA, Foran J, House I, Hay, A.The Lancet. 32.1990. Vol. 33S. P287-8.
28. Memorandom of the Iraqi Kurdistan Front. Published by the IKF, 1990.
29. Pravda. 11.9 .1 988.
30. Tim Kelsey. The Independent. 5 .10.1988.
31. John Bulloch. The Independent. 12.10.1 988.
32. James Adams, Defence Correspondent of the Sunday Times. In: Amnesty International advertisment. Published in various newspapers, including The Independent of 17.11.1990 and 1 .12.1 990.
خشته‌ی ئاماره‌كانی كاته‌كان و شوێنه‌كان و ژماره‌ی قوربانيهكانی كيميابارنی كه‌مپه‌ينی ئه‌نفال
(NA = واته ئامار ده‌ست نه‌كه‌وتوه)
…
…