كۆڕۆنا: قۆناخی نوێ و ستراتیژی حكومەت
دلاوەر عەلائەدین
K24, 8 April 2020
قۆناخی یەكەمی رێگرتن لە پەتای كۆڤید 19 وا دەگاتە كۆتاییەكی سروشتی و قۆناخێكی سەختتر بەڕێوەیە. تا ئێرە هاوپەیمانێتی نێوان خەڵك و حكومەتی هەرێم بووەتە هۆی سەركەوتنێكی گەورە. راستە باجەكەی كەم نەبوو، بەڵام گیانی خەڵكانێكی زۆری لە ئازار و مردن پاراست. لەو نێوەشدا هاووڵاتیان و كارمەندانی تەندروستی و بڕیاردەرانی هەرێم زانست و هونەر و ئەزموونێكی زۆریان لە كۆنتڕۆڵکردنی پەتا پەیدا كرد، كە لە قۆناخی دووەمدا خێر دەدەنەوە.
هەر لە قۆناخی یەكەمدا، حكومەتی هەرێم پۆڵەسیەكی روون و ئاشكرای لەخۆ گرت، ئەویش رێگرتن لە هاتنە ناوەوە و تەشەنەكردنی ڤایرۆسەكە بوو. ئەو رێكارە كلاسیكیانەی كە لەبەردەستی حكومەتدا بوون بۆ پاراستنی تەندروستی گشتی، بە زیادەوە و بەبێ دوودڵیی بەكارهێنران. شەفافیەتی بڕیاڕدەرانیش لەو بوارەوە سوودی هەبوو لەوەی كە خەڵك متمانەی بە داتا و پلان و رێكارەكان هەبوو و بۆیەش هاوكاری حكومەتیان دەكرد. بەڵام ئەو پلان و رێكارە قورس و گرانبەهایانە بۆ قۆناخی داهاتوو ناگونجێن و پێویستیان بە چاوپێخشاندنەوە و گۆڕانكاری بنەڕەتی هەیە. ئەویش لەسەر بنەمایەكی زانستی و ئەزموونی سەردەم.
قۆناخی نوێ بە پلانێكی جیاواز
تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆڕۆنا لە وڵاتانی دەوروبەری هەرێم گەیشتە ئاستێك كە لەتوانایاندا نەماوە رێگەی لێبگرن. واتە لە سنوورەكانەوە، ڤایرۆسەكە هەمیشە رووی بەرەو هەرێمە. لە ناوەوەی هەرێمیشدا، راستە كۆڕۆنا لەسەرەتای تەشەنەكردندایە، بەڵام بایی ئەوەندە لە نێو خەڵكدا جێگیر بووە، كە ئیتر هەموو دەرفەتێكی تێكەڵاوبوونی كۆمەڵگا بەكاردێنێ بۆ خولانەوە و بەردەوام بوون.
تا ئێستا لە هەرێمدا، هەوڵدراوە نەخۆش و هەڵگرانی ڤایرۆس و ئەوانەی تەماسی راستەوخۆیان پێیانەوە هەبووە دەستنیشان بكرێن و جیا بكرێنەوە. ئەوەش لە رووی پرینسیپەوە راستە و دەبێ بەردەوام بێ، بەڵام بە رێكار و شێوازێكی جیاواز. لەمەودوا، ژمارەی تووشبووان خێرا رووی لە زیادبوون دەبێ و لە توانای حكومەتدا نامێنی كە هەموو نەخۆشێك و خەڵكە نزیكەكانیان لە نەخۆشخانە و شوێنەكانی كەرەنتین بحەوێنێتەوە. تا ئێستا، جیاكردنەوەی سەدان كەس لە باڵەخانە تەرخانكراوەكان و نەخۆشخانەكان كارێكی ئەستەم نەبووە. بەڵام توانای دارایی حكومەت و قەوارەی باڵەخانە و نەخۆشخانەكەن زۆر سنووردارترن لەوەی كە بەرگەی شەپۆلی نوێ بگرن. هاوكات، خەڵكی نەخۆش و خزم و كەسە نزیكەكانیشیان، بەتایبەتی ئەوانەی نەخۆشیەكەیان بە سووكی گرتووە و باری جەستە و دەروونیان باشە، ئامادەییان تێدا نابێ بۆ ماوەی درێژ لە ماڵ و ژینگە سروشتیەكەیان دوور بخرێنەوە، وەیان بخرێنە باڵەخانەی وا كە رەنگە هەر خۆیان سەرچاوەیەك بن بۆ زیاتر تەشەنەكردنی ڤایرۆس. بە واتایەكی دیكە، ئەزموونی چین لە هەرێمدا بە ئاسانی دووبارە نابێتەوە و دەستكەوتەكانی پێشووش بە ئاسانی ناپارێزرێن.
جیاكردنەوە بەبێ كەرەنتین
لە دوای تووشبوونی یەكێك بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، بە دڵنیاییەوە مەسەلە كاتە و زۆربەی ئەندامانی خێزانەكەشی رووبەڕووی ڤایرۆسەكە دەبنەوە. بۆیە، پێویست بە خوردكردنەوەی خێزان و گواستنەوەیان بۆ باڵەخانەكانی كەرەنتین ناكات. لەجیاتیان، پێویستە تەواوی خێزانی نەخۆش پێكەوە وەك تاكە (یەكەیەك) مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێ. واتە بەیەكەوە جیابكرێنەوە و خودی ماڵی نەخۆشەكەش كە دەوروبەرە سروشتیەكەیانە، بكرێتە شوێنی حەوانەوە و جیاكردنەوە.
(أ) داوا لە نەخۆش بكرێ لە ماڵەوە بێ و هەتا چاكبوونەوە نەچێتە دەرەوە. پێویست ناكات هیچ تووشبوویەك كە نەخۆشیەكەی سووكە لە نەخۆشخانە دابنرێ، بەڵكو نەخۆشخانە تەنیا بۆ نەخۆشی توند تەرخان بكرێ. ئەوانەی بە سووكی گرتوویانە هەر لە ماڵەوە دەتوانن ئیسراحەت بكەن، خۆیان بەرپرسیارێتی نەخۆشیەكە بگرنە ئەستۆ و ئەندامانی دیكەی خێزانیش هاوكاریان بن. زۆربەی نەخۆشەكان، بەتایبەتی لاوەكان، دەتوانن ژیان بە ئاسایی بەردەوام بكەن و توانای خزمەتكردنی خۆیان و ئەندامانی خێزانیان هەر دەمێنێ، چونكە زۆربەیان بە سووكی دەیگرن و بە نۆبەش دەیگرن. نەخۆش لەو جۆرە پێكەوە ژیانەی ناو خێزان وورە و باری دەروونی بەرز دەبێتەوە، لەولاشەوە لەجیاتی حكومەت خەرجی ژیانی خۆی لە ئەستۆ دەگرێ.
لەگەڵیدا، پێویستە نەخۆش لە ناو ماڵ بەپێی توانا خۆی لە ئەندامانی دیكەی خێزان بپارێزێ، بە تایبەتی لە پیرەكان و ئەوانی نەخۆشی دیكەی پێشوەختیان هەیە. پاكوخاوێنی رابگرێ، دەست لە هەموو شوێنێكی گشتی ناوماڵ نەدات و دەستی زوو زوو بشوات. ماسكێك (دەستكرد بێ، یان تایبەت) بەكاربێنێ تاوەكو لیك و ئاوی هەناسەی بە قسەكردن و كۆكین و پژمین بڵاو نەكاتەوە. رۆژانە چاودێری رەوتی تەندروستی خۆی بكات، لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە بنكە تەندروستییە لۆكاڵیەكانەوە بكات بۆ خاتری راوێژكردن و بەدواداچوون. پێویستە لە رێگەی پزیشكێك، یان پەرستارێكی شارەزا بە تەلەفۆن رێنمایی بكرێ تا بزانێ كەی و چۆن دەرمانی پێویست بۆ ئازار و تایەكەی وەربگرێ. ئامۆژگاری وورد بۆخۆی و خێزانەكەی (بە نوسراو، یان بە تەلەفۆن) پێشكەش بكرێت، تا بزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ نەخۆشییەكەی بكەن.
(ب) هەندێ لە نەخۆشەكان نەخۆشییەكەیان لێ توند دەبێ. ئەوانە پێویستیان بە ئۆكسجین و دەرمانی زێدە دەبێ، بۆیە دەبێ لە نەخۆشخانە بخەون و بخرێنە ژێر چاودێری بەردەوام. كەمینەیەكیش لەوانە پێویستیان بە خزمەتی چڕ و ژووری ئینعاش دەبێ. بێگومان پێویستە ئەوانە زوو دەستنیشان بكرێن و بگوازرێنەوە نەخۆشخانە. ئەو كارەش دەكرێ لە رێگەی تەلەفۆنەوە ئەنجام بدرێ و تیمی پرۆفێشناڵی تەندروستی بەو كارە هەڵبستن، تاوەكو كەسی دیكە تووشی نەخۆشییەکە نەكەن. بەو مانایە، تەنیا ئەوانەی نەخۆشییەکەیان توندە لە نەخۆشخانەكان بن، كەسی دیكە پێویستی پێێ نییە.
(ج) بۆ خاتری پاراستنی خزم و كەس و خەڵكی گەڕەك، پێویستە خێزانی نەخۆش پابەند بن بە خۆجیاكردنەوە لە دەوروبەر و دراوسێكان. واتە نەخۆشەكە و خێزانەكەی لەماڵ دەرنەچن و هەموو لایەكیش (خزم و دراوسێكانیان) ئاگادار بكەنەوە، كە تا چاكبووەنەوەی دوا ئەندامی ماڵ هاتووچۆیان نەکەن و تێكەڵاویان نەبن. پێویستە منداڵ و لاوەكانیش پابەند بكرێن بەو رێكارانە. هەڵبەتە، لە رووی مافی مرۆڤەوە، ئەو جۆرە رێكارە كاتییە، رێگە پێدراوە، چونكە گیانی خەڵك دەپارێزێ و رێگە لە پەتایەكە دەگرێ. راستە حكومەت بۆی ناكرێ چاودێری هەموو ماڵێكی جیاكراوە بكات، بۆیەش پێویستە ئەركەكە بخاتە ئەستۆی خێزانی نەخۆش و خەڵكی گەڕەك و موختاری گەڕەك. ئاستی هۆشیاری ئەوانە زۆر بەرز بووە و پێویستیان بە چاودێری پۆلیس و ئاسایش نییە، بەڵكو خەڵكی گەڕەك هەر خۆیان دەتوانن هاوكاری یەكتر بكەن، چونكە لە بەرژەوەندی خۆیاندایە چاودێری رێنماییەكان بكەن و رێگە بە زیاتر تەشەنەی پەتایەكە نەدەن. دەتوانن یارمەتی ماڵی نەخۆش بدەن، كە ئازاریان سووك بێ و كێشەی پەیداكردنی خواردن و دەرمان و پێدوایستی دیكەی ژیانیان نەبێ. ئەو هاوكاریانە قەرزێكن دواتر خێزانی نەخۆش لە دوای چاكبوونەوەیان، بەزیادەوە دەیدەنەوە كۆمەڵگە.
(د) پێویستە حكومەت تواناكانی بۆ بەڕێوەبردنی قۆناخی نوێ تەرخان بكات. توانا مرۆیی و لۆجیستی و داراییەكانی بۆ هۆشیاركردنەوە خەڵك و زامینكردنی هاوكاریان و پاڵپشتیكردنی نەخۆشەكانی ناو ماڵەكان و چارەسەركردنی نەخۆشە توندەكانی نەخۆشخانەكان بەكار بێنێ. پێویستە زۆر بە ووردی رێنمایی بۆ چۆنێتی خۆ چارەسەركردن پێشكەش بە هاووڵاتیان بكات. هەر كەسێك ڤایرۆسەكەی لێ دەسنتیشان دەكرێ، یان نەخۆش دەكەوێ، بە نوسراو و بە گفتوگۆ زانیاری سەبارەت بە چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ نەخۆشیەكەی پێ بدرێ و بەردەوام دڵنیا بكرێتەوە. پێویستە ژمارەی تەلەفۆنی تایبەت بۆ نەخۆشەكان دابنرێ و ناوی ئەو كەسانەش لە داتابەیسی بنكە تەندروستییە لۆكاڵەكاندا هەبن، تاوەكو چاودێری بكرێن و خەڵكی گەڕەك ئاگادار بكرێنەوە، لە كاتی گونجاویشدا، نەخۆشە توندەكان بۆ نەخۆشخانە بگوازنەوە.
بە داخەوە قۆناخی دووەمی پەتای كۆڕۆنا لە هی یەكەم درێژخایەنتر و بە ئەرك و ماندووبوونی زیاتر دەبێ، باجەكەشی لەسەر هاووڵاتیان و كۆمەڵگە گەورەتر دەبێ، ئەوەش لەكاتێكدایە كە سیستەمی تەندروستی هەرێم لەو ئاستەدا نییە، كە بتوانێ بەتەنیا بەرەنگاری بێتەوە. پێویستە حكومەت بەردەوام پێداچوونەوە بە ستراتیژی رووبەڕووبوونەوەی پەتای كۆڤید 19 بكات و لەگەڵ هەر قۆناخێك پلان و رێنمایی و رێكاری نوێ لەسەر بنەمای بەڵگە دابڕێژێ. تەنانەت دوای تێپەڕبوونی ئەو وەرزەی پەتایەكەش، حكومەت پلانی بۆ خاوكردنەوەی رێكارەكان هەبێ، بەپێی هەنگاوی مەدروس و پلانی بۆ وەرزەكانی داهاتووی ئەو نەخۆشیە هەبێ.
دیارە حكومەت خەریكی ئامادەكردنی چەند بنكەیەكی نوێیە لە شێوازی نەخۆشخانە بۆ زیادكردنی ژمارەی قەرەوێڵەکان و زیادكردنی توانای خزمەتگوزاری تەندروستی و كەرنتین. ئەوە مایەی خۆشحاڵییە و پێویستە حكومەت خەریكی زیادكردنی ژمارەی ئامێرەكانی هەناسەپێدان و ئۆكسجین و قەرەوێڵەكانی ئینعاش بێ، چونكە لە قۆناخی داهاتوو ئەوانە گیانی خەڵك رزگار دەكەن. پێویستە وەزارەتی تەندروستی بەبێ دواكەوتن وەبەرهێنانی زیاتر لە توانا مرۆیی و لۆجیستی و كارگێڕی تەواوی سیستەمی تەندروستی و لە بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری بنكەكانی تەندروستی بكات و خزمەتەكان بە كوالیتیەوە، بگەیەنێتە هەموو گەڕەكێك.