ڤایرۆسی كۆرۆنا و خۆپاراستن
دلاوەر عەلائەدین
رووداو. ٣١ كانوونی دووەمی ٢٠٢٠
كۆرۆنا ڤایرۆس چییە؟
كۆرۆنا یەكێكە لە دەیان جۆرە ڤایرۆس و لە بەكتریا زۆر جیاوازن، بۆیە بە ئەنتیبایۆتیك ناكوژرێن. پێیدەگوترێت كۆرۆنا، چونكە لەژێر میكرۆسكۆپی ئەلیکترۆنیدا شێوەكەی لە تاج(کۆرۆنا) دەچێت.
كۆرۆنا چەند جۆرێكی هەیە و نەخۆشیی جۆراوجۆر لە مرۆڤ و گیانەوەرانی دیكەدا پەیدادەكەن، ئەوەی ئێستا رەنگە لە گیانلەبەرانی دیكەدا بەربڵاوبووبێت، بەڵام بازی داوەتە نێو مرۆڤ. واتە مرۆڤ یەكەمجارە تووشی دەبێت و هێشتا بەرهەڵستیی سرووشتی لەنێو كۆمەڵگەدا پەیدا نەبووە.
تاوەکو چەند كوشندەیە؟
كۆرۆنا ڤایرۆس بەو ئاستە كوشندە نییە كە خەڵك لێی دەترسێت.
• زۆرینەی هەرە زۆری خەڵك (بەتایبەتی لاوان و ئەوانەی لەشساغن) كە تووشدەبن، رەنگە هەستی پێنەكەن، یان نەخۆشییەكی سووك دەیانگرێت و چاكدەبنەوە بەبێ ئەوەی بزانن كۆرۆنا بووە.
• كەمینەیەكی بچووك بە هۆكاری جیاواز نەخۆشییەكە بە قورسی دەگرن و لەنێو ئەوانیشدا كەمینەیەكی زۆر بچووكتر دەمرن، لەنێو ئەوانەشدا خەڵكی پیر و ئەوانەی كۆئەندامە هەناوییەكانی لەشیان باش كارناكات بەختی چاكبوونەوەیان كەمترە. نیوەی زیاتری ئەو نەخۆشانەی بە قورسی گرتوویانە، تەمەنیان لە سەرووی شەست ساڵییەوە بووە.
• چارەسەری كاریگەر لە ئارادا نییە، بەڵام جیاكردنەوەی نەخۆش و ئۆكسجین و چارەسەری دەرهاویشتیەكانی لە كەشی ناو نەخۆشخانەیەكی مۆدێرندا پێویستن.
چۆن بڵاودەبێتەوە؟
ڤایرۆسەكە لە سیپەلاك و بۆرییەكانی هەناسەدایە و لەگەڵ هەناسەدان، قسەكردن، كۆکە، پژمین دەپرژێتە دەوروبەر. ماوەی چەند رۆژێك تاوەکو دوو هەفتەی پێدەچێت تاوەکو نیشانەی نەخۆشی لە نەخۆشێكی نوێدا دەردەكەوێت. كێشەکە ئەوەیە كە زۆربەی هەڵگرانی ڤایرۆسەکە ئاگایان لێ نییە كە دەیگرن و پێش ئەوەی نیشانەكانی نەخۆشییەكەیان لێ هەڵبدات، بڵاوی دەكەنەوە.
بۆچی لە چین سەری هەڵداوە؟
چونكە ژمارەی دانیشتووانی زۆرە و خەڵك و باڵندە و ئاژەڵ و گیانەوەری دیكە زۆر لە یەكدییەوە نزیكن. جا لەڕێگەی بەخێوكردنەوە بێت یان خواردنی ئەو جۆرە گیانەوەرانەوە. زۆر لە ڤایرۆسە كوشندە و درمەكانی پێشوویش هەر لەوێ سەریان هەڵداوە. ئەمجارەشیان نیوەی نەخۆشەكانی مانگی کانوونی یەکەم پەیوەندییەكیان بە ماركێتی گیانەوەران یان خواردنی گیانەوەریی ئاوییەوە هەبووە.
ڤایرۆسەكە تاوەکو چەندە بڕدەكات و ئایا مرۆڤایەتی لە مەترسیدایە؟
ڤایرۆسەكە زۆر بڕناكات و لە كۆتاییدا بە رێگەی جیاواز رێگەی لێدەگیردرێت. بۆیە مرۆڤایەتی لە مەترسیدا نییە. ئێستا تاوەکو دۆزینەوەی ڤاكسین یان چارەسەر، باشترە خۆت بپارێزیت.
• دووربكەوە لەوانەی نەخۆشن، پاكوخاوێنی و دەستشووشتن گرنگن. كە تێكەڵاویی خەڵكت كرد، هەوڵبدە دەست لە دەم و لووت و چاوت مەدە. لە جیاتیی ئەوەدا كلینیكس بۆ ئەو مەبەستانە بەكاربهێنە تاوەکو ئەو كاتەی دەست دەشۆیت یان تەعقیمی دەكەیت.
• ماچكردن و تەوقەكردن باش نین. تێكەڵاویی خەڵكی زۆر لە ژووری داخراوی بچووكدا باش نییە.
• لەكاتی تێكەڵبووندا هەناسەی بەرامبەر هەڵمەمژە، تۆزێك دوورەپەرێز بە، بەتایبەتی خۆت لەوانە بپارێزە كە دەكۆکن و دەپژمن.
• لەشساغی، ئاو خواردنەوە، خواردنی باش، وەرزش، چوونە بەر هەوای سرووشتی هەموویان هاوكاریت دەكەن.