تێڕوانينی ستراتيژی و به‌رنامه‌ی ڕزگاربوون له‌ قه‌يرانه‌ يه‌ك له‌دوای يه‌كه‌كان

به‌شی يه‌كه‌م

مه‌ترسيه‌كانی ئاينده‌ و ستراتيژيه‌تی كورد له‌ عيراقدا


دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زيز عه‌لائه‌ددين

هاوڵاتی ژماره‌ ٤٥٦ ، ڕۆژی ١٠/۹/٢٠٠٨ لاپه‌ڕه‌ ٥

له‌و دواييه‌، بزوتنه‌وه‌ی كوردی باشوور له‌ عيراقدا دووچاری زنجيره‌ قه‌يران و پاشه‌كشه‌یه‌كی چاره‌نوس سازی وا بووه‌‌ كه‌ به‌ هۆيه‌وه‌ ڕێڕه‌وه ستراتيژه‌كه‌ی هه‌ڕێم كه‌وتۆته‌ به‌ر پرسياره‌وه‌. ده‌سه‌لاتداران له‌ هه‌موو ڕۆژانێكی تر زياتر پێويستيان به‌ لێكۆڵينه‌وه‌ و بيركردنه‌وه‌يه‌‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڕێڕ‌‌ه‌وی هه‌رێم له‌ عيراقی تازه‌دا دياری بكه‌ن و زانايانه‌ به‌رنامه‌ی ڕزگاربوون دابڕێژن و هه‌تا ڕۆژی چه‌سپانی مافه‌ بنه‌ڕه‌تيه‌كانی مرۆڤی كورديش پابه‌ندی ببن.

ئه‌و وتاره‌ دووبه‌شيه‌ هه‌وڵێكه‌ بۆ تاوتوێ كردنی هۆ و فاكته‌ره‌ بنه‌ڕه‌تيه‌كانی قه‌يرانه‌ ناوه‌كی و ده‌ره‌كيه‌كان. له‌و به‌شه‌ی يه‌كه‌مدا، كاريگه‌ری ڕووداوه‌كانی ئه‌و دواييه‌ی عيراق و مه‌ترسی گۆڕانی پارسه‌نگی هێزه‌ كاريگه‌ره‌كان شی كراونه‌ته‌وه‌، و كه‌موكوڕيه‌كانی ستراتيژيه‌ت و به‌رنامه‌ی كوردی ده‌ست نيشان كراون. له‌ به‌شی دووه‌می وتاره‌كه‌دا (له‌ هه‌فته‌ی داهاتوودا)، چۆنێتی وه‌رچه‌رخانی ڕێڕه‌و و دۆزينه‌وه‌ی ڕێگاچاره‌كان به‌پێی لۆژيك و هونه‌ری سياسه‌تكاری سه‌رده‌م پێشنياز كراون.‌

عيراقی نوێ و فرسه‌تی سه‌رفرازيی

له‌ دوای شه‌ڕی ڕزگاركرنی عيراق، كورد و شيعه‌ی عه‌ره‌ب به‌ ته‌وژمه‌وه‌ به‌ره‌و به‌غدا كشان و ڕۆڵی پێشڕه‌ويان له‌ دروستكردنی عيراقی نوێ بينی. هه‌رچی عه‌ره‌بی سوننه بوون، به‌تايبه‌تی به‌عسيه‌ توندڕه‌و‌ و قه‌وميه‌ نه‌ژادپه‌رسته‌كان، ڕێڕه‌وی پڕهه‌ڵه‌یان گرته‌به‌ر و له‌ گێژاوكی خوێناوی تيرۆريزمدا كه‌وتنه‌ مه‌له‌ كردن. كه‌وتنه‌ دژايه‌تی كردنی زلهێزی ئه‌مه‌ريكی و پڕۆسه‌ی به‌ديموكراسی كردنی عيراق. ئه‌و چه‌ند گروپه‌ سوننه‌مه‌زهه‌به‌ بچووكانه‌یش كه‌ له‌ پڕۆسه‌ی ديموكراسی و هه‌ڵبژاردنه‌كانی ٢٠٠٥دا به‌شداريان كرد، كه‌مينه بوون و نه‌يانتوانی بۆشايی مه‌رجه‌عيه‌ت پڕ بكه‌نه‌وه‌.

شيعه‌ی عيراق بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت و داڕێژتنی ده‌ستوور و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی چاره‌نوسی وڵاته‌كه‌ پێويستیان به‌ هاوپه‌يمانێتی كوردی بوو. به‌ هه‌مان شێوه‌، ئيداره‌ی ئه‌مه‌ريكی بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌جيندا عيراقيه‌كه‌ی، له‌ چه‌ندين لاوه‌ پێويستی به‌ هاوكاری كورد بوو. ئه‌وانه‌ فرسه‌تی زێڕين بوون بۆ گواستنه‌وه‌ی خه‌باتی كورد بۆ ئاستێكی به‌رزتر و وه‌ده‌ستهێنانی به‌شێك له‌ مافه‌خوراوه‌كانی كورد. خۆشبه‌ختانه‌، كورد له‌و ماوه‌يه‌دا له‌ ڕووی سياسی و عه‌سكه‌ری و جه‌ماوه‌ريه‌وه‌ باڵاده‌ست و يه‌كخيتاب بوو، و به‌هۆيانه‌وه‌ سه‌ركرده‌كانی كورد توانیان له‌ چه‌ندين سه‌نگه‌ره‌وه‌ ده‌ست له‌ نه‌ياره‌كان بوه‌شێنن و مافه‌ بنه‌ڕه‌تيه‌كانی كورد له‌ ده‌ستووردا جێگير بكه‌ن، و پۆستی سه‌رۆك كۆمار و پۆستی گرنگی وه‌زاری وه‌ربگرن، وه ڕێژه‌ بودجه‌يه‌كی گه‌وره‌تر له‌ ڕێژه‌ی دانيشتوانی هه‌رێم مسۆگه‌ر بكه‌ن. ئه‌وانه‌ و ده‌يان ده‌ستكه‌وتی تر مايه‌ی ده‌ستخۆشی بوون. دياره‌ كه‌ ئه‌ركی مسۆگه‌ر كردنی ده‌ستكه‌وته‌كان قورس بوو، به‌ڵام به‌ڵگه‌نه‌ويسته‌ كه‌ ئه‌ركی پاراستن و گه‌شه‌پێدانيان قورستريشه‌، به‌تايبه‌تی له‌ ڕوانگه‌ی لاسه‌نگ بوونی پارسه‌نگی هێزه‌كان به‌ هۆی هه‌ڵسانه‌وه‌ی عه‌ره‌بی سوننه‌ و لاواز بوونی پێكهاته‌كانی ناو هاوپه‌يمانێتی كورد و شيعه‌.

هه‌ڵسانه‌وه‌ی سوننه‌

له‌و يه‌كدوو ساڵه‌ی دواييدا، سوننه‌ی عه‌ڕه‌ب به‌ يارمه‌تی ئه‌مه‌ريكا و حكومه‌تی به‌غدا توانیان چاره‌نوسی خۆیان وه‌ربچه‌رخێنن و ئيمڕۆ به‌ ئومێدن كه‌ له ئاينده‌يه‌كی نزيكدا به‌ ئاماده‌باشيه‌كی سياسی و عه‌سكه‌ری مه‌زنه‌وه‌ بێنه‌ ناو گۆڕه‌پان. تيرۆريسته به‌عسيه‌‌كان خۆيان له‌ ئه‌لقاعيده‌ جيا كردۆته‌وه‌ و له‌ دوای شه‌ڕێكی خوێناوی دژبه‌ ئه‌ڵقاعيده‌دا‌، ئارامی له‌ ناوچه‌كانيان خه‌ريكه‌ سه‌قامگير ده‌بێ. ئه‌وانه‌ به‌ نيازن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌ گوڕ و ته‌وژمه‌وه‌ به‌شداری له‌ ده‌نگدان بكه‌ن و ژماره‌ موسته‌هه‌قه‌كه‌ی خۆيان له‌ په‌رله‌مانتاران مسۆگه‌ر بكه‌ن.

عه‌ره‌به‌ سوننه‌كان، ده‌وڵه‌تی‌ عيراق به هی خۆيان ده‌زانن وه‌ به‌ ڕه‌وت و سروشتيش له‌ دژی ئێرانن، بۆيه‌ له‌مه‌ودوا ئه‌مه‌ريكيه‌كان و ده‌وڵه‌ته‌ عه‌ره‌بيه‌كان گرنگيه‌كی تايبه‌تيان پێ ده‌ده‌ن و پشتيان بۆ لاوازكردنی نفوزی ئێرانی پێ ده‌به‌ستن. به‌شێكی ئه‌و گرنگی پێدانه‌ش بێ گومان له‌سه‌ر حيسابی كورد ده‌بێت. جا هه‌ر له‌ سه‌ندنه‌وه‌ی پۆسته‌ سه‌ره‌كيه‌كانی به‌غدا و ڕێژه‌ به‌رزه‌كه‌ی بودجه‌وه‌ بگره‌ هه‌تا ده‌گاته‌ سه‌ر مه‌سه‌له‌ی‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ سنووريه پڕله‌كێشه‌‌كان.

سوننه‌كان دراوسێی مێژوويی كوردن و له‌ ناوچه‌ سنووريه‌كاندا له‌گه‌ڵ كورد تێكه‌ڵن. ئه‌وانه‌ تێياندايه‌ دۆسته‌ و هه‌يانه‌ دوژمنه‌، به‌ڵام له‌ كۆنه‌وه‌ شه‌ڕه‌به‌رژه‌وه‌ندی و سياسه‌تی داگيركه‌رانه‌ی حكومه‌ته‌ عيراقيه‌كان و كاردانه‌وه‌ی كورد، گرژی له‌نێوانياندا به‌رده‌وام كردوه‌. عه‌ره‌به‌ سوننه‌كان خۆيان به‌ لاواز نازانن و له‌ ناوچه‌ هاوبه‌شه‌كاندا كاريان له‌ كورد ئاڵۆز كردوه‌. ئه‌و (١٤٥) هه‌زار چه‌كداره‌ی سه‌ر به‌ (مه‌جاليسی ئه‌لسه‌حوه‌)ش كه‌ ئاماده‌ن بێنه‌ ناو سوپا و پۆليسی عيراقيه‌وه، له‌ ناوچه‌ سنوريه‌كانيان و له‌ پايته‌ختیشدا‌ ده‌بنه‌ پاڵپشتی مه‌رجه‌عه‌ نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كانيان. له‌مه‌ودوا سه‌ركرده‌كانی سوننه‌ كارتی ئه‌لقاعيده‌ و په‌يوه‌نديه‌ تازه‌ ئه‌مه‌ريكیه‌كانيان به‌كار ده‌هێنن بۆ ئه‌وه‌ی نفوزی كوردی كه‌م بكه‌نه‌وه‌ و ده‌سه‌ڵاتی حوكمڕانی ناوچه‌ی موسڵ و شه‌نگار و ده‌وروبه‌ری كه‌ركوك و دياله‌ به‌لای خۆياندا بشكێنن. له‌ ڕێگه‌ی ده‌نگدانيشه‌وه‌ نه‌ك ته‌نيا ڕۆڵی سوننه‌ موفليسه‌كانی وه‌ك (موتله‌گ و عله‌ييان) ناهێلن، به‌ڵكو ته‌نگ به‌ حيزبی ئيسلاميش هه‌ڵده‌چنن و پۆستی سياديان لێ ده‌ستێننه‌وه‌. وا له‌ئێساوه‌ پێشبينی له‌وه‌ ده‌كرێ كه‌وا له‌ خولی داهاتووی په‌رله‌ماندا، سوننه‌ی عه‌ره‌ب به‌ جه‌خته‌وه‌ داوای پۆستی سه‌رۆك كۆماريه‌تی ده‌كات. ئه‌و پۆسته‌ گرنگه‌ به‌ هيچ عورفێك مافێكی پارێزراوی كورد نه‌بووه‌ و له‌سه‌ر كورديش تاپۆ نه‌كراوه‌. خۆ يه‌كه‌م سه‌رۆك كۆماری عيراق (غازی ئه‌لياوه‌ر) بوو، كه‌ عه‌ره‌بێكی‌ سوننه‌ بوو. وه‌ به‌خشينی پۆسته‌كه‌ به‌ مام جه‌لال تاله‌بانی له‌دوای هه‌ڵبژاردنه‌كاندا له‌ ئه‌نجامی ڕێكه‌وتنێكی سياسی كاتی بوو، وه‌ په‌يوه‌نديدار بوو به‌ هه‌يبه‌ت و قورسايی سياسی و ڕۆڵی عيراقپارێزيی خودی تاله‌بانی به‌ پله‌ی يه‌كه‌م، وه‌ به‌ ويستی ئه‌مه‌ريكی و ته‌بايی خيتابی كوردی به‌ پله‌ی دووه‌م. بۆيه‌، له‌ دوای تاله‌بانی و له‌ دوای هه‌ڵبژاردنی داهاتوو، زۆر زه‌حمه‌ته‌ پۆستی سه‌رۆك كۆمار وه‌يان هه‌رپۆستێكی سيادی تری (وه‌ك وه‌زيری ده‌ر‌ه‌وه‌) بدرێته‌ كورد. له‌و حاڵه‌ته‌شدا بۆشاييه‌كی مه‌زن له‌ نفوزی كورد له‌ به‌غدا په‌يدا ده‌بێت و باڵی عيراقپه‌رسته‌كان زاڵ ده‌بێت.

كورد و شيعه:‌ كاميان عيراقيتره‌؟

كورد له‌ سه‌رده‌می ئۆپۆزيسيۆنه‌وه‌ تا ئێره‌ پشتی به‌ هاوده‌ردێتی و هاوپه‌يمانێتی شيعه‌ی عيراقی به‌ستبوو. به‌ڵگه‌نه‌ويسته‌ كه‌ هه‌روه‌ك چۆن كورد به‌ پله‌ی يه‌كه‌م كورده‌ و هه‌رێميه‌ ئه‌وجا عيراقيه‌، شيعه‌كانيش وه‌لائيان بۆ هاومه‌زهه‌به‌كانيان و هه‌رێمه‌كانيان‌ پێشی وه‌لائيانه‌‌ بۆ عيراقێك‌ كه‌ تێيدا له‌ ڕۆژی كوشتنی ئيمامی حوسه‌ينه‌وه‌ تا ڕووخانی سه‌ددام بنده‌سته‌‌ی سوننه‌ بوونه‌. ئه‌و هاوپه‌يمانێتیه‌ی كورد و شيعه‌ تا ڕاده‌يه‌كی زۆر به‌رهه‌می بۆ هه‌ردوولا هه‌بووه و به‌هۆيه‌وه‌ گورزی مه‌زن له‌ هێزی عه‌ره‌بی سوننه‌‌ دراوه‌ و مه‌ودا عه‌ره‌بيه‌‌كه‌ی عيراقيش خاو كراوه‌ته‌وه‌. به‌ڵام له‌ سايه‌ی ديموكراسيه‌تی په‌رله‌مانيدا، عه‌ره‌بی شيعه‌، كه‌ زۆرينه‌ی دانيشتوانه‌، ته‌واوی عيراق به‌ هی خۆی ده‌زانێ‌.

سه‌ره‌ڕای ڕه‌وتی فيدراليزمی خێزانی ئه‌لحه‌كيم، بيركردنه‌وه‌ی مه‌جليسی ئه‌علای ئيسلامی و زۆربه‌ی شيعه‌كان له‌ هی حيزبه‌ كورديه‌كان مه‌ركه‌زيتر و عيراقيتره‌. خۆ ڕێڕه‌وی سياسی بزوتنه‌وه‌ی شيعه‌ی (سه‌دڕی) و حيزبی (ده‌عوه‌) و حيزبی (فه‌زيله‌) به‌ فه‌لسه‌فه‌يه‌كی شيعی عيراقی و تا ڕاده‌يه‌ك عه‌ره‌بپه‌رستيه‌وه‌ دياريكردوه‌. ئه‌وانه‌ له‌ يه‌كه‌م ڕۆژه‌وه‌ نه‌يانشاردۆته‌وه‌ كه‌وا ڕێگه‌ به‌ نوری ئه‌لماليكی ناده‌ن كه‌ركوك ته‌سليمی كوردان بكاته‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت له‌ به‌رژه‌وه‌ندی عيراقی عه‌ره‌بيدا نيه‌ كه‌ كه‌ركوك و هه‌رێمی كوردستان له‌ وڵاته‌كه‌ جيابێته‌وه‌، وه‌ له‌ هيچ سياسه‌تمه‌دارێكی ده‌سه‌ڵاتداری به‌غدا قه‌بوول ناكرێ كه‌ به‌ سازش كردن ڕێگه‌ی سه‌ربه‌خۆيی بۆ هه‌رێم خۆش بكات. وه‌ ئاشكرايه‌ كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارێكی به‌غدا دايه‌ ئه‌وه‌نده‌ی بۆی بچێته‌ سه‌ر هه‌وڵدات قه‌واره‌ی ده‌سه‌ڵات و به‌رژه‌وه‌نديه‌كانی فراوانتر بكات. بۆيه‌، ئاساييه‌ كه‌ شيعه‌ی عيراقی به‌ نيازی پاراستنی يه‌كێتی خاكی عيراقه‌وه‌ ده‌ستووری به‌غدا و ياساكانی حوكمڕانی و سياسه‌تی ناوه‌كی داده‌ڕێژن، كه‌ ئه‌وانه‌يش له‌ سروشته‌وه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی ڕه‌وتی سياسه‌تی كوردين‌ و له‌ ئاينده‌دا ده‌بنه‌‌ مايه‌ی كرژيی نێوان هاوپه‌يمانه‌كان.

ئه‌گه‌ر له‌ زۆربه‌ی مشتومڕه‌كاندا شيعه‌كان لايه‌نگيری كورديان گرتبێ، كه‌چی كه‌ كار ده‌گاته‌ سه‌ر ئه‌و بڕياره‌ چاره‌نوس سازانه‌ی كه‌ له‌وانه‌يه‌ كورد له‌ سه‌ربه‌خۆيی نزيك بكاته‌وه‌‌، ئه‌وانيش ده‌بنه‌ ڕێگر. ئه‌وان و سوننه‌كان ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستيان بێت، چ به‌ پلان و چ به‌ پيلان، بێ شه‌رم ده‌يكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركوك بۆ سه‌ر هه‌رێم بگرن ‌. خۆ‌ كۆی ده‌نگی ئه‌وانه‌ به‌سه‌رهی كورد و دۆسته‌كانیدا زاڵه. ئه‌و فاكته‌رانه‌ و پاڵپشتێی ئه‌مه‌ريكی، متمانه‌يان به‌ سه‌رۆك وه‌زيرانی عيراق داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌مه‌ودوا به‌بێ ترس خۆی له‌و جۆره‌ بابه‌ته‌ به‌ره‌نگاريانه‌ نه‌دزێته‌وه‌. بۆيه‌ كورد ناتوانێ پشت به‌و به‌ڵێنانه‌ی مه‌ركه‌ز ببه‌ستێ كه‌ له‌ كاتی لاوازيدا به‌كوردی داوه‌. ئه‌و سه‌ركردانه‌ی كورديش كه‌ پشتيان به‌ به‌ڵێنه‌كانی ماليكی به‌ستووه‌ ده‌بێ به‌ خۆيان دابچنه‌وه‌.

ئايا كورد له‌ عيراق ميوانه‌؟

ئه‌وا چه‌رخێكه‌ باشووری كوردستان به‌ دۆڵی ڕافيده‌ينه‌وه‌ لكاوه‌ و دياره‌ كه‌ تا ماوه‌يه‌كی درێژی ديارينه‌كراويش هه‌ر وا ده‌مێنێت. خۆ ئه‌گه‌ر له‌ سه‌رده‌می دوای شه‌ڕی ڕزگاركردنی عيراق تروسكه‌ چانسێكی جيابوونه‌وه‌ هاتبێته‌ كايه‌وه‌، ئه‌وا ئێستا له‌ ڕێگای ده‌ستوور و دارايی و چه‌ندين ميكانيزمی تره‌وه‌، هه‌رێمی كوردستانی باشوور به‌ عيراقه‌وه‌ نوسێندرايه‌وه‌‌. جا بيه‌وێ يان نه‌يه‌وێ ئيمڕۆ كوردی باشوورعيراقيه‌ و خۆيشی تێدا خاوه‌نماڵه‌. خۆ ئه‌گه‌ر كورد دوودڵ بێ و خۆی له‌ به‌غدادا به‌ ميوان بزانێ، ئه‌وا بێ گومان عيراقيه‌كانی تريش به‌ چاوی ميوانه‌وه‌ سه‌يری ده‌كه‌ن و‌ حيسابی بێگانه‌ی بۆ ده‌كه‌ن.

وه‌ك بووه‌ته‌ كه‌ڵتور، سه‌ركرده‌كانی هه‌رێم له‌ كاتی سه‌ردانی به‌غدا و گفتۆگۆكردندا وه‌ك بێگانه‌ و نوێنه‌ری ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ هه‌ڵوێستيان نواندوه‌. وه‌ به‌ زمانی "ئێمه‌ و ئێوه‌" له‌گه‌ڵ شه‌ريكه‌ عيراقيه‌كان دواون. له‌ هه‌موو ئاستێك و له‌ هه‌موو بۆنه‌یه‌كدا، جه‌خت له‌سه‌ر مافی جيابوونه‌وه‌ی كورد له‌ عيراق ده‌كه‌ن و منه‌تی پێكه‌وه‌ژيانی "ئيختياری" له‌سه‌ر عه‌ره‌ب ده‌كه‌ن. واته‌، ئه‌گه‌ر داوايه‌ هه‌رێمپه‌رستيه‌كانی كورد جێبه‌جێ نه‌كرا وه‌يان زروفی شياو هاته‌ كايه‌وه‌، ئه‌وا به‌وزوانه‌ هه‌رێم له‌ عيراق جيا ده‌كه‌نه‌وه‌. ئه‌گه‌ر كورد عيراقی ناوێت و هه‌رده‌م ئاواتی جيابوونه‌وه‌ و سه‌ربه‌خۆيی به‌بيرعيراقيه‌كانی تر بهێنێته‌وه‌، ئايا چۆن چاوه‌ڕوان ده‌كرێ عيراقيه‌كانی تر ئه‌و ئاواتانه‌ی كورد له‌بير بكه‌ن، وه‌يان ناوچه‌ كورديه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێميش به‌ بێ كێشه‌ بخه‌نه‌ سه‌رهه‌رێم؟ به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، هه‌تا بۆيان بكرێ له‌ ڕووبه‌ری خاكه‌كه‌ی و قه‌واره‌ی سامانه‌كه‌ی كه‌م ده‌كه‌نه‌وه.

سه‌رۆكی هه‌رێم‌ له‌ كۆمه‌ڵگای سياسی ناو به‌غدا به‌ گفتوگۆچيه‌كی ڕه‌ق و‌ سه‌ركرده‌يه‌كی جياخواز ناسراوه‌. خۆی له‌ ميدياكاندا دانی به‌وه‌دا ناوه‌ كه‌ ڕقی له‌ ژيانی ناو به‌غدايه‌ و مه‌گه‌ر به‌ مه‌جبووری نه‌بێت هه‌تا بۆی بكرێت ناچێته‌ ئه‌و شاره‌‌‌وه‌. به‌رامبه‌ر كاميرای كه‌ناڵی (ئه‌لعه‌ره‌بيه) به‌ بێ دوودڵی ده‌ری بڕيوه‌ كه‌وا كاتی ئيعلان كردنی هێشتا نه‌هاتوه، ده‌نا مه‌سه‌له‌ی به‌ده‌وڵه‌تبوونی هه‌رێم مه‌سه‌له‌ی كاته و له‌ ماوه‌ی ته‌مه‌نی خۆيدا دێته‌دی. ئه‌و‌‌ هه‌ڵوێستانه‌ نه‌ك ته‌نيا شه‌ريكه‌ عيراقيه‌كانی ناو چه‌قی ده‌سه‌ڵاتی له‌ سه‌ركرده‌كانی هه‌رێم دڵسارد و دڵڕه‌ق ده‌كه‌ن، به‌ڵكو ته‌واوی دۆست و دوژمنه ده‌ره‌كی و ناوه‌كيه‌كان ده‌خه‌نه‌ خه‌نده‌قی نه‌ياره‌كان و به‌هۆيه‌وه‌ شه‌ڕ له‌ كورد ئاڵۆزتر ده‌كه‌ن.

به‌ڵێ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌مێكه‌ هه‌وڵی دڵنياكردنه‌وه‌ی عيراقيه‌كانی داوه‌ و ده‌يه‌وێ ئينتيباعی جياخوازی له‌سه‌ر لابچێ، وه‌ له‌ ديمانه‌ ڕۆژنامه‌وانيه‌كاندا هه‌رده‌م جه‌خت له‌سه‌ر عيراقێتی هه‌رێم و عيراقپارێزی خۆی ده‌كاته‌وه‌. به‌ڵام گۆته‌كانی دڵنياكه‌ره‌وه‌ نين و عه‌ره‌به‌كان چاوه‌ڕێن كورد به‌ كردار بيسه‌لمێنێ‌. له‌ مانگی ديسه‌مبه‌ری ڕابوردوودا سه‌رۆكی هه‌رێم كۆنفرانسی خوێندنی باڵای ئينته‌رناسيونالی كرده‌ بۆنه‌يه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی په‌يامی عيراقپارێزی خۆی و عيراقپه‌روه‌رێتی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ ڕێگای ئه‌كاديميه‌كانه‌وه‌ به‌ باقی عيراق بگه‌يه‌نێ. له‌ دوای سرودی (ئه‌ی ڕه‌قيب) كۆنفرانس ده‌ستی پێ كرد و سه‌رۆكی هه‌رێم وتارێكی دڵنياكه‌ره‌وه‌ی تێروته‌سه‌لی پێشكه‌ش كرد. كه‌چی هيچ كام له‌ سه‌رۆك زانكۆ و شانده‌ ئه‌كاديميه‌ عه‌ره‌به‌كان قه‌ناعه‌تیان به‌ قسه‌كان‌ نه‌هات و به‌ ڕاشكاوانه‌ وون بوونی ئاڵا و سرودی نيشتيمانی عيراقی (سلام جمهوری)يان كرده‌ به‌ڵگه بۆ جياوازی نێوان گۆته‌ و كردار (قه‌ول و فيعل). له‌ ڕاستيشدا، هۆی لێنه‌دانی سرودی نيشتيمانيش هه‌ڵه‌يه‌كی هونه‌ری و ته‌كنيكی بوو ده‌نا له‌ به‌رنامه‌دا بوو كه‌ له‌ دوای سرودی كوردی لێ بدرێت.

كوردستانێتی سه‌ركرده‌كان

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كانی هه‌رێم عيراقيانه‌ هه‌ڵسوكه‌وتيان نه‌كردوه‌، كه‌چی به‌ڵگه‌‌كان نايسه‌لمێنن كه‌ كوردستانيانه و هه‌رمێپه‌رستانه‌ هه‌ڵسوكه‌وتيان كردووه‌. بۆيه‌ به‌لای هه‌رچاودێرێكی سياسيه‌وه‌، به‌راوردی له‌نێوان سياسه‌تی ڕۆژانه‌ی سه‌ركرده‌كانی كورد و خه‌ونی به‌ده‌وڵه‌تكردنی كوردستان جێگای ‌سه‌رسوڕمانه. هه‌تا ئێستا كاری ئه‌و سه‌ركردانه‌ له‌ قالبی موزايه‌ده‌ و شه‌ڕه‌ميديا تێنه‌په‌ڕيوه‌. له‌ كرداری هيچياندا ده‌ر‌نه‌كه‌وتووه‌ كه‌وا پڕۆژه‌ی ده‌وڵه‌تی كورديان هه‌يه‌ و به‌ ‌ته‌ركيزه‌وه‌ له‌ ناوه‌وه‌ی ئيداره‌ی هه‌رێم و له‌ ناوچه‌ سنووريه‌ پڕله‌كێشه‌كان و له‌ سه‌ر شانۆی نێوده‌وڵه‌تيدا كارێكی شايانیان بۆ ئه‌و جۆره‌ پڕۆژه‌يه‌ ئه‌نجامداوه‌. ده‌ستووری ديموكراسی هه‌رێم سه‌ری ديار نيه‌، باری هه‌رێم وا به‌ره‌و خراپيه‌، ياسا سه‌روه‌ر نيه‌، گه‌نده‌ڵيی به‌ره‌و زياديه‌، هه‌ڵمه‌تی چاكسازی و به‌ موئه‌سسه‌سه‌كردن و دامه‌زراندنی بنه‌مای حوكمڕانی ده‌ستی پێ نه‌كردوه‌. تا ئێستا به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ نيه‌ كه‌ سه‌ركرده‌كانی كورد نيه‌تی چاكردنی بارودۆخيان هه‌يه‌، وه‌يان له‌ مه‌سه‌له‌ی په‌روه‌رده‌ی كاديری پيشه‌يی و پته‌وكردنی توانای پيشه‌يی و ڕۆشنبيری و ئيداری و سياسی كوردستان جيددين، وه‌يان ده‌يانه‌وێ جۆره‌ قه‌ڵايه‌ك بۆ دۆزه‌كه‌يان دروستكه‌ن كه‌ به‌ هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ره‌كی نه‌ڕوخێت.

ئيتر جێگه‌ی سه‌رسوڕمان نيه‌ كه‌ زۆرينه‌ی خه‌ڵكی كوردستان‌ له‌ پارتی و يه‌كێتی و سه‌ركرده‌ بڕيارده‌ره‌كانيان ناڕازينه‌ و ئاماده‌ نين له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا ده‌نگ به‌ ليستی كوردی بده‌ن. سه‌ره‌ڕای هه‌ڕ‌ه‌شه‌ی مووچه‌بڕين و درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی تۆماركردنی ناوه‌كان‌، ته‌نيا (يه‌ك له‌ ده‌)ی خه‌ڵكی هه‌رێم له‌ مه‌ڵبه‌نده‌كانی هه‌ڵبژاردندا خۆیان ناونوس كردوه‌‌. ئه‌و خه‌ڵكه‌‌ دڵنيان له‌وه‌ی كه‌ ئه‌و جۆره‌ بايكۆته‌ زه‌ره‌رمه‌نده‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی دوژمندايه‌، به‌ڵام له‌ تووڕه‌يی و بێچاره‌يیدا ئاماده‌ن كه‌ باجی سزادانی سه‌ركرده‌كانيان بده‌ن. ڕه‌نگه‌ سه‌ركرده‌كانیش له‌وه‌دا بێ منه‌ت بن چونكه‌ هێشتا ديار نيه‌ ئايا هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكان له‌ هه‌رێمدا ده‌كرێ (چونكه‌ ياساكه‌ بۆ ئه‌و پارێزگايانه‌يه‌ كه‌ له‌ ئيقليمدا ڕێكنه‌خراون)، وه‌ هه‌روه‌ها بايكۆته‌كه‌ كار ناكاته‌ سه‌ر ڕێژه‌ی ده‌نگدان و ژماره‌ی ئه‌ندامه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌كان. دياره‌ كه‌ بايی ئه‌وه‌نده‌ش له‌خۆيان دڵنيان كه حيزبی تری ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌لات ناتوانێ جێگه‌يان پێ له‌ق بكات چونكه‌ ده‌توانن بۆكسه‌كان به‌بێ به‌شداريی ‌ خه‌ڵك پڕده‌نگ بكه‌ن. به‌ڵام له‌وانه‌شه‌ ئه‌وجاره‌يان ئه‌وه‌ زه‌حمه‌ت بێ چونكه‌ هه‌وڵه‌كان بۆ ئه‌وه‌ن كه‌ ڕێگه‌ی پێشێلكاری بگيرێت.

باجی بێ به‌رنامه‌يی كورد

ڕووداوه‌ سياسی و عه‌سكه‌ری و ئاساييشيه‌كانی عیراق هه‌موويان به‌يه‌كه‌وه‌ به‌ستراونه‌ته‌وه‌. له‌ گه‌مه‌ی سياسيدا، ئه‌و لايه‌نه‌ی ستراتيژيه‌تی ڕوون بێ و به‌رنامه‌ی درێژخايه‌نی بۆ پياده‌كردنی ئه‌جينداكانی هه‌بێ، ئه‌وا له‌ چه‌ندين سه‌نگه‌ره‌وه‌ ده‌توانێ ياری له‌ دوژمن بباته‌وه‌. ئه‌مه‌ريكيه‌كان، سه‌ره‌ڕای شكستی پلانه‌ هه‌نووكه‌ييه‌كانيان، له‌ ئه‌نجامدا سه‌ركه‌وتنيان مسۆگه‌ره‌ چونكه‌ هه‌رده‌م خه‌ريكی بيركردنه‌وه‌ی زانستيانه‌ن بۆ ده‌ستكاريكردنی به‌رنامه‌ مه‌دروسه‌كانيان، و له‌ چه‌ندين لاوه‌ كار بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و به‌رنامه‌يه‌ ده‌كه‌ن. حكومه‌تی ماليكيش به‌هه‌مان شێوه‌، ئيمڕۆ داشه‌كانی شه‌تره‌نجه‌ قه‌ڕ‌‌باڵغه‌كه‌ی ده‌جولێنێ و تاكتيكی هه‌مه‌جۆر به‌كار ده‌هێنێ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ گيژاوكی تيرۆر و هێرشی سياسی نه‌ياره‌ جۆراوجۆره‌كانی به‌ سه‌ركه‌وتوويی ده‌ربچێ. له‌ دياله‌ و خانه‌قين ته‌نگ به‌ كورد هه‌ڵده‌چنێ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ جه‌بهه‌يه‌كی تره‌وه‌ لاوازی بكات و سازشی پێ بكات. ڕه‌نگه‌ ئه‌و قه‌يرانانه‌ی دوايی په‌يوه‌ندی ڕاسته‌وخۆيان به‌ گفتوگۆی نه‌وت و مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك و بودجه‌ی هه‌رێمه‌‌وه‌ هه‌بێ.

له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و گه‌مه‌ سياسيه‌ به‌به‌رنامه‌یه‌ی ئه‌مه‌ريكا و حكومه‌تی به‌غدادا، لايه‌نی كوردی (پارتی و يه‌كێتی و حكو‌مه‌تی هه‌رێم) سياسه‌تی كاردانه‌وه‌ی بێ به‌رنامه‌ی له‌ ئامێز گرتووه‌. ده‌ستی ڕاستی له‌ هی چه‌پ ئاگادار نيه‌، و ته‌نسيقی سه‌ربه‌ره‌و خوار و ته‌نيشتاوته‌نيشت ئاسه‌واريان ديار نيه‌. ده‌مێكه‌ ئه‌مه‌ريكيه‌كان شاره‌زای باری ده‌روونی و جۆری بيركردنه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كانی كوردی بوونه‌. لاوازی و به‌رژه‌وه‌ندیپه‌رستێتی كورديان بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌جيندای خۆيان به‌كار هێناوه‌. پۆل برێمه‌ر توانی سه‌ركرده‌كانی كورد به‌ هه‌ڕه‌شه‌ی بێبه‌شكردن له‌ دارايی وه‌يان تامه‌زرۆكردنی خه‌لاتكردن بهێنێته‌ سه‌رخه‌ت. بۆيه‌ تا ئێستا نه‌ كورد توانيويه‌تی فشار بخاته‌ سه‌ر ئه‌مه‌ريكيه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی كار له‌ ڕێڕه‌وی سياسه‌تيان بكات و نه‌ ئه‌مه‌ريكيه‌كان هه‌ڕه‌شه‌ی ناڕه‌زايی سه‌ركرده‌كانی كورد به‌ جيددی وه‌رده‌گرن. ئێستا سياسه‌تمه‌داره‌ عه‌ره‌به‌ عيراقيه‌كانيش فێری هه‌مان ياری بوونه‌. ئه‌وانيش له ‌نزيكه‌وه‌ ئاگاداری باری شلۆقی هه‌رێم و بێ سه‌روبه‌ری ناوماڵی كورد و لێكدابڕانی سه‌ركرده‌‌ و ڕه‌عيه‌كانی كوردن.

ئيمڕۆ له‌ په‌رله‌مانی عيراقدا، ڕێژه‌ی په‌رله‌مانتارانی كورد له‌وپه‌ری به‌رزيدايه‌، ‌هێشتا به‌شی به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی هه‌مه‌لايه‌ی عه‌ره‌بی نه‌كردوه‌. خۆ ڕه‌نگه‌ له‌ ئه‌نجامی گه‌يشتنی لێشاوی ده‌نگی عه‌ره‌بی سوننه ‌و‌ قڕ بوونی ده‌نگی كوردی له‌ ناوچه‌ سنووريه‌كانی وه‌ك موسڵ و دياله‌ و كه‌ركوكدا، له‌ خولی داهاتوو ژماره‌ی په‌رله‌مانتارانی كورد له‌ به‌غدا له‌وه‌ی ئێستا كه‌متريش ببێته‌وه‌، و‌ قورسايی سياسی كورد تا ڕاده‌يه‌ك له‌ به‌غدا كه‌م بێته‌وه‌. له‌وانه‌يه‌ له‌ زۆرانبازی سياسیدا مه‌جالی موڕاوه‌غه‌ی كورد ته‌سك بێته‌وه و نه‌ك ته‌نيا ڕۆڵی مه‌ليك دروستكه‌رێتی له‌ده‌ست بدات، به‌ڵكو ڕه‌نگه‌ ده‌ستكه‌وته‌‌كانيشی بكه‌ونه‌ به‌ر مه‌ترسی پێداچوونه‌وه‌.

ماليكی به‌ لاوازی و ماليكی به‌توانايی؟

له‌و ڕۆژانه‌ی كه‌ سه‌دريه‌كان و فه‌زيله‌ييه‌كان و به‌شێكی سوننه‌كان وه‌زيره‌كانيان له‌ كابينه‌دا كێشاوه‌، ئه‌وكات ماليكی له‌وپه‌ڕی لاوازيدا بوو و له‌ هه‌موو كاتێكی تر زياتر پێويستی به‌ پاڵپشتی لايه‌نی كوردی بوو، كه‌چی هێشتاش به‌ دڵنياييه‌وه‌ وورده‌ وورده‌ به‌ڕی له‌ ژێر پێی سياسه‌تمه‌داره‌ كورده‌كان ده‌ر‌هێنا‌. به‌ودواييه‌ مه‌ودای ده‌سه‌ڵاتی جێگره‌ كورده‌كه‌ی و وه‌زيره‌ كورده‌كانی تری كه‌م كردۆته‌وه‌. به‌ بێ ڕاوێژكاری ئه‌وان كاری سياسی و عه‌سكه‌ری ئه‌نجام ده‌دات. له‌ كۆنتراكتی نه‌وتدا، ڕێگه‌ی به‌ وه‌زيری نه‌وت دا كه‌ به‌ يه‌كده‌سته‌كی حكومه‌تی هه‌رێم بته‌زێنێ و كۆمپانيا نه‌وتيه‌ هه‌رێمدۆسته‌كانيش سزا بدات. دۆسيه‌ی گفتوگۆ عيراقی و ئه‌مه‌ريكيه‌كانی له‌ ده‌ستی وه‌زيره‌ كورده‌كان ده‌رهێناوه‌ و به‌ ئاشكرا تانه‌ی پڕۆئه‌مه‌ريكيه‌تی پێوه‌ناون.

ماليكی، بزوتنه‌وه‌ی سه‌دريه‌كان و له‌شكری مه‌هدی بۆ هاتنه‌سه‌ر حوكم به‌كارهێنا. ڕێكخراوی (ئه‌لسه‌حوه‌)ی سوننی و پێشمه‌رگه‌ی كوردی بۆ لێدانی ئه‌لقاعيده‌ به‌كار هێنا. ئه‌وجا له‌ پڕۆسه‌يه‌كدا، كه‌وته‌ هه‌ڵمه‌تی كه‌م كردنه‌وه‌ی جموجۆڵی ميليشيا ناياساييه‌كه‌ی ئه‌لمه‌هدی و ئه‌لسه‌حوه‌، و كه‌م كردنه‌وه‌ی نفوزی بزوتنه‌وه‌ی تێكده‌رانه‌ی سه‌دريه‌كان و عه‌شايه‌ره‌كانی سوننه‌. ئێستاش وا حيسابی هه‌مان جۆره‌ ميليشيای ناياسايی و تێكده‌ر بۆ پێشمه‌رگه‌ و نفوزی پارتی و يه‌كێتی له‌ ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم ده‌كات. ڕاسته‌ مافی كۆنتڕۆلكردنی شاره‌كانی عيراق و چه‌ك كردنی ميليشياكان مافێكی ده‌ستووری حكومه‌تی عيراقيه‌، به‌ڵام لايه‌نی كوردی وايداده‌نا كه‌ جارێ نۆره‌ی لێدانی نفوزی كوردی له‌ ناوچه‌ پڕكێشه‌ سنووريه‌كان نه‌هاتووه‌ و حكومه‌تی ماليكی بۆی ناكرێت به‌وزوانه‌ و به‌بێ گفتوگۆی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ خودی سه‌ركرده‌كانی كورد ئه‌و جۆره‌ هێرشه‌ پڕ ئيهانانه‌‌ ده‌ست پێ بكات.

ڕۆژی كورد ڕووی له‌ ئاوابوونه‌

ئيتر هه‌روه‌ك پێشبينی لێ ده‌كرا، قۆناخی زنجيره‌ سه‌ركه‌وتنه‌كان تێپه‌ڕی و قۆناخی پاشه‌كشه‌ی دۆزی كوردی وا به‌بێ دواكه‌وتن سه‌ری ده‌رهێناوه‌. له‌جياتی ئه‌وه‌ی كورد به‌رده‌وام بێ له‌ سوو وه‌رگرتن له‌ فرسه‌تی گێژاوكی ناو به‌غدا و لاوازی حيزبه‌ عيراقيه‌كان و ته‌نگاوی ئه‌مه‌ريكيدا، كه‌چی ئێستا خه‌ريكه‌ به‌غدا سوود له‌ فرسه‌تی شلۆق بوونی باری هه‌رێم و بێ ڕێڕه‌وی سه‌ركرده‌كانی هه‌رێم وه‌رده‌گرێ. ئيمڕۆ زۆربه‌ی خه‌ڵكی كوردستان و هاوپه‌يمانه‌ عيراقيه‌‌كان و دۆسته‌ نێوده‌وڵه‌تيه‌كان له‌ سه‌ركرده‌كانی هه‌رێم ناڕازين و به‌ حه‌سره‌ته‌وه‌ ڕه‌خنه‌ی ڕاسته‌وخۆيان لێ ده‌گرن و هه‌تا دێ زياتريش تووشی بێ هيوايی و (خه‌يبه‌تی ئه‌مه‌ل) ده‌بن. له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی عه‌ره‌بی سوننه و باڵاده‌ست بوونی سه‌رۆكوه‌زيرانی عيراق و توند بوونی نه‌هجی عيراقپه‌روه‌ری شعيه‌كان، سه‌ركرده‌كانی كورد ده‌ستيان له‌ هه‌موو ڕۆژێكی تر لاوازتر و مه‌كشوفتره‌. له‌ هه‌موو ڕۆژگارێك زياتر بێ به‌رنامه‌ن و جێ پێيان شلۆقه‌‌ و متمانه‌ی زۆرينه‌ی جه‌ماوه‌ره‌كه‌شيان له‌ده‌ست داوه‌. ئه‌گه‌ر له‌ ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند مانگه‌ی داهاتوودا سه‌ركرده‌كانی كورد به‌خۆيان دانه‌چنه‌وه‌ و به‌خۆنه‌كه‌ون، ئه‌وا ڕۆژی كورد به‌ كه‌مته‌رخه‌می سه‌ركرده‌كانی ڕووی هه‌ر له‌ ئاوابوون ده‌بێ.

له‌ قه‌يرانی ئاڵۆزی سياسیدا، ڕێگاچاره‌ی خێرا و ئاسان و حازربه‌ده‌ست نايه‌ته‌ ئاراوه‌، به‌ڵام وه‌رچه‌رخانی ڕێڕه‌و و دۆزينه‌وه‌ی ڕێگاچاره‌كان به‌پێی لۆژيك و زانست و هونه‌ری سه‌رده‌م، كاری ئاسانن.‌ به‌شی دووه‌می ئه‌و وتاره‌ (له‌ هاوڵاتی چوارشه‌ممه‌ی داهاتوودا) بۆ دۆزينه‌وه‌ی هه‌ندێ له‌و ڕێگاچارانه‌ و داڕێژتنی به‌رنامه‌يه‌كی تۆكمه‌ ته‌رخان كراوه. چه‌ندين پێشنيازی ته‌واكه‌ری يه‌كتری تێدا هاتووه‌ به‌و ئومێده‌ی كه‌ سه‌ركرده‌كانی كورد بتوانن له‌ چه‌ندين سه‌نگه‌ره‌وه‌ بكه‌ونه‌ فريای بزوتنه‌وه‌كه و زنجيره‌ی قه‌يرانه ده‌ره‌كی و ناوه‌كيه‌‌كان بپسێنن


بۆ بەشی دووەم كلیك لێرە بكە