ئاسۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و ديارده‌ی گروپگه‌رایی

ئاسۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و ديارده‌ی گروپگه‌رایی

دلاوەر عەلائەدین

MERI 1 April 2018

لەدوای کەوتنی رژێمی سەدامەوە لە ساڵی ٢٠٠٣، عێراق سێ (٣) هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەنجامداوە لە ساڵانی ٢٠٠٥ و ٢٠١٠ و ٢٠١٤ دا. لە تێكڕای ئەم هەڵبژاردنانە، شێواز وپرۆسەی هاوپەیمانیەتیەکانی پێش وپاش هەلبژاردنەکان لەبەر سروشتی گروپگەرایی (confessionalism) تا ئاستێک پێشبینیکراوبوون. لەبنەچەدا، ئەم سیستەمە لە سەر بنەمایەکی تەقلیدی دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان سێ هێزی سياسی سەرەکی لە عیراقدا درووستبووە: عەرەبی شیعە، عەرەبی سوننە و کورد.

ئەم شێوازە وای لە پارتە سیاسیە بچوکەکان کردوە کە ناچار بن بەوەی هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەم هێزە سەرەکیانە دروستبکەن. لە هەڵبژاردنی داهاتووشدا کە وا بڕیارە لە ١٢ ی ئایاری ٢٠١٨بەڕێوەبچێت، رەنگە ئەم ئاراستەیە گۆڕانکاری ئەوتۆی بەسەردا نەيه‌ت و بەڵکو وه‌‌ك پێشوو بەردەوام بێت. ئەوەی لایەنە سیاسیەکان بەرەو یەک رادەکێشێت بەرژەوەندی سیاسی و هەستی نەتەوایەتیە. وادیارە کە ئەم دوو خاڵە کاریگەری زۆریان هەیە لەسەر دروستکردن و ئاڕاستە‌كردنی هاوپەیمانیەتیەکان لە نێوان لایەنەکان، وەکو عه‌لمانی (سێكيولار) و مەدەنیەکان، بۆ نموونە سەدریەکان لە ڕێی پارتی ئیستیقامە و حیزبی شیوعی عێراقیه‌وه‌.

لە ڕێککەوتی ٢٢ ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ دا، یاسادانەرە عێراقیەکان دوای وتوێژێکی زۆر بڕیارێکیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان عێراق لە بەرواری ١٢ی ئایاری ٢٠١٨ پەسەند کرد، بەوەش ئەو چەقبەستویەی پێشتر هاتبووە ئاراوە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان، کۆتایی هات. هەڵبەتە عێراق ئێستا گه‌يشتووه‌ته‌ چواڕيانێك و زۆرینەی ئەو خاڵانەی لەمه‌ترسیدان پەیوەستن بە بردنەوەی هەر هاوپەیمانێتیەک لەنێوان ئەو ٢٧ هاوپەیمانێتیەی تۆمارکراون. ئەم ژمارە زۆرەی هاوپەیمانێتیەکان ئاماژەیە بەوەی کە لایەنە سیاسیەکان درک بە سوودی دروستبوونی هاوپەیمانیەتی گه‌وره‌تر بەرامبەر بوونی لیستی بچووك وه‌يان تاک لایەنی دەکەن. بێگومان لەبەر ئەو شێوازە پەرلەمانیەی لە ئارادایە، ئەو بیست و چوار ملیۆنەی مافی دەنگدانیان هەیە لە بريتين له‌ ١٨ ناوچەی دەنگدان، سەرۆک وەزیرانی داهاتوو هەڵنابژێرن، بەڵکو ڕێگە بۆهاوپەیمانێتیەکان خۆش دەکەن کە دەستنيشانی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو بكات و حکومەتی داهاتوو پێک بهێنێت.

هەرچەندە هێشتا زووە پێشبینی له‌ پێکهاتەی حکومەتی داهاتووی عێراق بکرێت، بەڵام ڕەنگە لەلایەن یەکێک لەم چوارهەڵبژاردانە پێکبهێنرێت:

– هاوپەیمانی ئەلنەسر کە لە لایەن سەرۆک وەزیران حەیدەر ئه‌لعەبادیەوە سەرۆکایەتی دەکرێت

– هاوپەیمانێتی ئەلوەتەنیە کە لەلایەن ئەیاد عەلاوی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراقەوە سەرۆکایەتی دەکرێت

– هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کە لە لایەن نوری ئه‌لمالیکی سەرۆک وەزیرانی رابردووی عێراقەوە رابەرایەتی دەکرێت

– هاوپەیمانێتی فەتح کە لە لایەن سەرکردەی حەشدی شەعبی هادی ئەلعامری سەرۆکایەتی دەکرێت.

بەڵام لەبەر ئەوەی لەعێراقدا توێژی سياسی بەکۆی گشتی پێگەیەکی جەماوەری بەهێزیان نیە، ڕەنگە هيچ لەو هاوپەیمانێتیانە بەتەنيا زۆرینەی کورسیەکانی پەرلەمان بەدەست نەهێنن، هەربۆیە ئەگەری دروستبوونی هاوپەیمانێتی لە نێوان لیستەکان زیاترە، ئەمەش لەبەر بوونی کێشەی ئابووری و ئەمنی و سیاسی ڕەنگە هاوکار بێت بۆ دروستبوونی پاڵپشتی فراوان و ودەستهێنانی شەرعیەت. زياد لەوەش، واپێشبینی دەکرێت کە هەڵبژاردنی داهاتوو دۆخەکە وەکو خۆی بهێڵێتەوە و گۆڕانکاری ئەوتۆ نە‌هێنێتە ئاراوە، مەگەر تائاستێکی کەم نەبێت، ئەوەش لەبەر بوونی چەند هێزێکی پێکهاتەیی بەتوانا کە پشتيان بەستووە بە پاڵپشتی سياسی گروپگەراییه‌وه‌. خۆ لەوانەشە دۆخەکە گۆڕانکاری بەسەردا بێت لەبەر بوونی درز و ناتەبایی لە نێو گروپە تەقلیدیەکان و چەقەکانی دەسەڵات و هەروەها لەبەر بەرزبوونەوەی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک بەرامبەر بە دۆخی ئێستای دیموکراسی لە عێراقدا وئەو بەرەوپێشچوونە سنوردارەی کە لەمەودای ١٥ ساڵی ڕابردوو هاتۆتە دی.

دەکرێت بووترێت کە بوونی حکومەتی زۆرينه‌ پاڵپشتێتی خەڵک بۆ خۆی زیاد دەکات و ئەگەری دروستبونی ململانێی تایفی کەم دەکاتەوە و هەژموونی دەسەڵاتی دەرەکيش دادەبەزێنێت و ڕاکيشانی خواستی وەبەرهێنانی دەرەکی زیاد دەکات. بەڵام، لەهەمان کاتدا لە مەودای دووردا،عێراق پێویستی بە حکومەتێکی ریفۆرمخواز هەیە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە سیستەمی حکومڕانی و سیاسی و هەڵبژاردن و ئابووری.

درێژەی راپۆرت بە ئینگلیزی

Confessionalism-and-Electoral-Prospects-in-Iraq.pdf