ریفراندۆم خۆ ئامادەكردنی دەوێ - دواخستنی نابێتە شكست

ریفراندۆم خۆ ئامادەكردنی دەوێ - دواخستنی نابێتە شكست


دیمانە لەگەڵ

دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زيز عه‌لائه‌ددين

رووداو 30/08/2017

لە نەوەتەكانی سەدەی رابردوودا، یەكێك بوو لەو كوردە تاراوگەنشینانەی بە خۆپیشاندانەكانیان لە لەندەن، كاریگەریی بەرچاویان هەبوو لەسەر بەرپرسانی ئەمریكی و بەریتانی بۆ ئەوەی بڕیاری دروستكردنی ناوچەی دژەفڕین لە "باكووری عێراق" بدەن كە دواتر هەرێمی كوردستانی وەكو قەوارەیەكی دیفاكتۆ لێكەوتەوە. د.دلاوەر عەلائەددین، سەرۆكی ئینستتیوتی مێری لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) باسی ئەنجامدانی گشتپرسی لە باشووری كوردستان دەكات و پێیوایە پەلە كراوە لە بڕیارەكە و پێویستی بە ئامادەسازیی نێوخۆیی زیاتر هەبوو، بەڵام دەڵێت ئەو وەكو د.دلاوەر بە "بەڵێ‌" دەنگ دەدات.


ئێستا هەرێمی كوردستان وەك د‌ەوڵەتێكی سەربەخۆ رەفتار دەكات


رووداو: گوشارەكان لەسەر سەركردەكانی هەرێمی كوردستان بۆ دواخستنی گشتپرسی وا زیاد دەبن. بەڕای تۆ، وەك ئەكادیمییەكی چاودێر، دوابخرێ؟

د.دلاوەر: ریفراندۆم هەنگاوێكی گرنگی نیشتیمانییە و ناكرێ بە ئاسانی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێ. بە دیاریكردنی وادەكەی، هەرێمی كوردستان خۆی بە هەڵوێستێكی مەعنەوی و سیاسییەوە گرێداوە. ئەگەر جارێ وا زوو و بەبێ بەرامبەر دەست لەو بڕیارە هەڵبگرێ ئەوا بە دەستبەتاڵی لێی دەردەچێ، بەڵام ئەگەر دواخستن پێویست بوو، ئەوا ر‌ەنگە بەرژەوەندیی نیشتمانیی تێدا بێ.

دەكرێ‌ دەوڵەت بەبێ‌ ریفراندۆمیش رابگەیەنرێ‌


رووداو: بەرامبەرەكان دەبێ چی بن؟

د.دلاوەر: خواستەكانی هەرێمی كوردستان هەمەجۆرن. رەنگە ئاسانترینیان ئەوە بێ كە ریفراندۆم هەتا دوای هەڵبژاردنەكانی عێراق دوابخرێ. دوای ئەوە بە پاڵپشتی و چاودێریی عێراق و نەتەوە یەكگرتووەكان بكرێ‌. ئەوە دەرفەت دەداتە سەركردایەتی هەرێمی كوردستان ئامادەسازی ناوخۆیی و دەرەكی زیاتریش بكات و زەمینەیەكی لە ئێستا گونجاوتر لە ناوەوەی هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان بڕەخسێنێ. رەنگە پڕۆسەی هەڵبژاردنی گشتی هەرێمی كوردستان ببێتە هۆكارێك بۆ رێكخستنەوەی ناوماڵی هەرێمی كوردستان و گوڕێكی نوێش بە لۆبی دەرەكی بدات.


زەمینەسازی بۆ گشتپرسی بە كەمی و درەنگەوە كراوە


رووداو: ئەی ئەگەر حكومەتی عێراق بەوە رازی نەبێ و داوای ئەڵتەرناتیڤێكی دیكە بكات؟

د.دلاوەر: ئەڵتەرناتیڤی دیكە هەن و دەكرێ رەچاو بكرێن. بۆ نموونە: ئێستا هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری و ئەمنیی پەیدا كردووە. لە چەندین لاوە مومارەسەی رۆڵی سیادی دەكات كە لەو چوارچێوەیە فراوانترە فیدراڵیەت و دەستوور رێیان پێداوە. واتە ئێستا هەرێمی كوردستان وەك د‌ەوڵەتێكی سەربەخۆ رەفتار دەكات. هاوكات پێشمەرگە كۆنترۆڵی بەسەر زۆر لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان و سامانە نەوتییەكاندا هەیە. ئەگەر بەغدا بەفەرمی و بەپێی رێككەوتننامەیەكی نوێ دان بە سەرجەم ئەوانەدا بنێ، ئەوا ماددەی 140 جێبەجێ دەبێ و كوردستانی عێراق وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆی لێدێت، بەڵام بە بۆندێكی لاوازی كۆنفیدراڵییەوە بە عێراقەوە‌ دەبەسترێتەوە. لە ئایندەشدا توانای جیابوونەوەی ئاسانتر و ‌بێ سەرئێشەتریش دەبێ. لە ئینستتیوتی مێری ئەو باسەمان لەگەڵ پسپۆڕ و دیپلۆماتی ئێرانی و ئەمەریكی و ئەوروپایی كردووە و بەلای هەموویانەوە ئەو جۆرە رێككەوتنە‌ شایستەی رەچاوكردنە.

رووداو: پێتوایە گشتپرسی بەبێ كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان شەرعی دەبێت؟

د.دلاوەر: ریفراندۆم جۆرێكە لە راپرسی كە دەكرێ فەرمی بێ، یان نافەرمی، سەركردایەتیی سیاسی دەتوانێ پێوەی پابەند بێ، یان پابەند نەبێ. دەكرێ ریفراندۆم بكرێتە پێشخانێك بۆ دەسپێكردنی پڕۆسەی سەربەخۆیی و دەشكرێ دەوڵەت بەبێ ریفراندۆم رابگەیەندرێ. بەڵام باشترە ریفراندۆم پاڵپشتی سیاسی و یاسایی و حوكمڕانی لەگەڵدا بێ. خۆ ئەگەر بتەوێ حكومەت لەڕووی یاساییەوە پابەندی ئەنجامەكەی بێ، پێویست بەوە دەكات بە یاسایەك لە پەرلەمانەوە پشتگیریی لێ بكرێ. لە حاڵەتی ئێستاشدا، كاراكردنەوەی پەرلەمان، سەرباری ئەوەی كە بۆ چارەسەری كێشەكان و گەڕاندنەوەی متمانە‌‌ بە سیستەمی حكومڕانی زۆر پێویستە، بۆ ریفراندۆمیش پێویستە تاوەكو لە رووی مەعنەوی و سیاسییەوە پەیامی ئەنجامەكەی لاواز نەبێ.


ئەركە قورس و ئاڵۆزەكە لەدوای گشتپرسی دێت


رووداو: تا چەند پێتوایە زەمینەسازی و ئامادەكاری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ گشتپرسی كراوە؟

د.دلاوەر: زەمینەسازی بۆ سەربەخۆیی دەیان ساڵە كراوە، بەڵام بەپێی دیزانێكی مەدروس نەبووە. بۆ ریفراندۆمیش، زەمینەسازی زۆر بە كەمی و بە درەنگییەوە كراوە، ئەوەش بە هۆكاری بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابووریی ئێستای هەرێمی كوردستان. ئێستاش دەكرێ هەنگاوی جیددی بەپێی نەخشەڕێگایەكی مەدروس بنرێت بۆ ئەوەی قەرەبووی رابردوو بكرێتەوە. ئەو كەمپەینە كارێكی زۆر مەزن و ئاڵۆزە، زۆر هەڵدەگرێ و پێویستی بە بیركردنەوە و كاری بێوچانە.


نەمانتوانیوە سوود لە كوردی تاراوگە وەربگرین


رووداو: لە ئاستی جیهانیدا چی دەكرێ كە هێشتا نەكراوە؟ بەڕێزت ماوەیەكی زۆر خەریكی لۆبیكردن بووی بۆ دەوڵەتی كوردستان و رۆڵێكی گرنگتان لە گۆڕینی بڕیاری بەریتانی و ئەمەریكیدا بینی بۆ دامەزراندنی ناوچەی ئارام لە1991 كە دواتر لە سایەیدا حكومەت و پەرلەمانی هەرێمی كوردستان دامەزران. ئێستا لۆبی كوردی لە چ ئاستێكدایە؟

د.دلاوەر: كاریگەریی لۆبیكردن لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەقەدەر بزووتنەوەی چەكدارە، ئەگەر زیاتریش نەبێ. لە پایتەختە كاریگەرەكاندا چارەنووسی میللەتان و نەخشەی سیاسی جیهان دیاری دەكرێ. ئەوەی ئێمەی كورد هەتا ئێستا كردوومانە بەرچاو بووە و كاری زۆر باش كراوە، بەڵام لە چاو بەربەستەكان و مەزنێتی دۆزەكەمان، كەم كراوە و پێویستمان بە زیاترە. بۆ نموونە، گۆڕینی بڕیاری زلهێزەكان پێویستی بە دوو جۆرە هەڵمەت هەیە. یەكیان بۆ ئەوەیە لەنێو خودی ئیدارەی حكومەت و دامەزراوەكانی حوكمڕانیەوە كار بكەیتە سەر جۆری بیركردنەوەی بڕیاردەران و داڕێژەرانی سیاسەت لەو وڵاتانە. لەنێو سەنتەری دیراساتی ستراتیژی و میدیا و توێژی رۆشنبیر و بزنسدا دۆست زیاد بكەی و نەیار كەمبكەیەوە. لەو بارەیەوە هەوڵی زۆر دراوە، بەتایبەتی لەلایەن نوێنەرانی حكومەت و هەندێ رێكخراوی ناحكومیەوە. بەڵام توانا و چوارچێوەی كاری ئەوانە سنووردار بووە و زۆرجاریش شێوازی حیزبی بەسەریاندا زاڵ بووە.

دووەمین كەمپەین بۆ ئەوەیە گوشار بخەیتە سەر حكومەت و سیاسەتمەدارە هەڵبژێردراوەكان لە ئاستی لۆكاڵی و بازنەكانی هەڵبژاردنەوە‌. لەوەدا كوردستان پێویستی بە لەشكری كوردی هەندەرانە كە لە هەموو قوژبنێكی وڵاتەكە بكەونە كاری لۆبیكردن. خۆشبەختانە لە سەرجەم وڵاتە گرنگەكان خەڵكی هوشیار و زمانزانمان هەن كە پرۆفێشناڵن و هەڵگری وڵاتینامەی ئەو وڵاتانەن و خاوەنماڵن. بەڵام ئێمە هێشتا سوودمان بەپێی پێویست لەوانە وەرنەگرتووە و رۆڵی ئەوانمان بەگەڕنەخستووە، بگرە زۆرینەی ئەوانە لە حكومەت و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان زویرن و لە لاوازیی سیستەمی حكومڕانی و دیاردەی گەندەڵی زۆر نیگەرانن. بە لامەوە، كوردی هەندەران گەورەترین بەها و كرێدیت (رەسید)ی وڵاتەكەمانن لە دەرەوە و پێویستە بكرێنە بەشێك لە هەرێمی كوردستان و خۆیان بە خاوەنی بزانن. ئەو ئەركەش لە ئەستۆی حكومەت و سەركردایەتی سیاسیی كوردیدایە.

كوردی هەندەران گەورەترین رەسیدی وڵاتەكەمانن


رووداو: ئەگەر لەكاتی دیاركراودا گشتپرسی بكرێ‌، پێشبینی دەكەیت وڵاتانی دەوروبەر كێشەی سەربازی یان بازرگانی بۆ هەرێمی كوردستان دروست بكەن؟

د.دلاوەر: هەتا هەرێمی كوردستان خاوەنی دەرودراوسێی توند و رەق بێ كە پەنا ببەنە بەر ئامرازی ئەمنی و سەربازی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، ئەوا دەبێ سەركردایەتیی سیاسی هەمیشە ئاگای لەخۆی بێ. واتە هیچ دیاردە و بڕیارێكی توندڕەوانە لەو دەوروبەرەدا مەحاڵ نییە، بەڵام بەپێی واقیع و زروفی ئێستا و عەقڵیەتی حوكمڕانی ئیمڕۆی بەغدا و تاران و ئەنكەرە، ئەو جۆرە ئەگەرانە كەمترن لەوەی خەڵك لێیان دەترسێ، چونكە بەكارهێنانی بازوو ‌ئامرازێكی زۆر لاوازە و ئامانجی ئەو وڵاتانە بەدی ناهێنێ. بۆ نموونە، جوڵاندنی حەشدی شەعبی، یان پەلهاویشتنی ئێران و توركیا بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانێكی دیكە كە دۆخە‌ شڵەقاوەكەی عێراق و ناوچەكە هێندەی دیكە دەشڵەقێنێ و كەس نازانێ كۆتاییەكەی بەكوێ دەگات. بۆیە ئێستا هەوڵی دراوسێكان ئەوەیە كە پێشوەخت‌ رێگە لە ریفراندۆم بگرن، بەڵام بەدوور نازانرێ كە دوای ئەنجامدانی هەوڵ بدەن بە ناڕاستەوخۆ (بۆ لاوازكردن یان پشتگوێخستن) كار لەسەر رەوتی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان بكەن.

بەپێی واقیعی ئەمڕۆ ئەگەری داخستنی سنوور لەلایەن وڵاتانی دراوسێ‌ كەمە


رووداو: لە ئاستی ناوخۆشدا كێشە زۆرن. پێشوازینەكردنی خەڵكی كوردستان وەك پێویست بۆ گشتی، بۆ چی دەگەڕێنییەوە؟

د.دلاوەر: بەلای خەڵكەوە كێشەكە لە بەڵێ و نەخێردا نییە، لە وادەی ئەنجامدانەكەشی نییە، بەڵكو لەبەر هۆكاری سیاسی و ئابووری و حكومڕانییە كە بنچینەی هەمووشیان دەگەڕێتەوە بۆ لاوازیی سیستەمی حكومڕانی لە هەرێمی كوردستان و لاوازیی لە جێبەجێكردنی یاسا و یەكسان نەبوونی دەرفەتەكان و لاوازیی لە ئیدارەی ململانێكان و قەیرانەكان بە تایبەتی قەیرانی دارایی و مووچە. ئەو جۆرە لاوازیانە كێشەی درێژخایەنن و ئەگەر چارەسەر نەكرێن كۆمەڵگای هەرێمی كوردستان بەردەوام لێكدەترازێ و ئەركە نیشتیمانییەكانی وەك سەربەخۆییش دەبنە قوربانی ململانێیەكان.

رووداو: بۆچی هەندێ لەلایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دژایەتی گشتپرسی دەكەن؟

د.دلاوەر: تا ئێستا هیچ لایەنێكی سیاسی دژایەتی ریفراندۆمی نەكردووە، بەڵام رای جیاوازیان سەبارەت بە زەمینە و كاتی ئەنجامدان و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی پرۆسەكە هەیە‌. زۆربەیان بە قەناعەتەوە رایان وایە كە كاتەكەی گونجاو نییە، چونكە لەڕووی سیاسییەوە هەرێمی كوردستان لكێترازاوە و كێشەكانی سیستەمی حوكمڕانی هەڵپەسێردراون. دیارە كە ئەنجامدانی ریفراندۆم بەم شێوازە و بەو حاڵەتەی ئێستا بە مەترسیدار دەزانن لەسەر خودی هەرێمی كوردستان و ناوچەكە، بە تایبەتی ئەگەر خەڵكی كوردستان لەسەر ئەو پرۆسە نیشتیمانییە یەكدەنگ نەبن.

بۆچوونی بەرامبەریش ئەوەیە كە كێشەكانی هەرێمی كوردستان ئاڵۆزن و‌ رەنگە جارێ وا بەخێرایی و بەئاسانی ناوماڵ تەرتیب نەبێتەوە. لەو نێوەشدا كات خێرا تێدەپەڕێ و دوور نییە ئەو سۆزەی ئێستا بۆ پێشمەرگە هەیە و ئەو پاڵپشتییە نێودەوڵەتییە وەك خۆی نەمێنێ. پرسی ریفراندۆم دەریخست كە زۆربەی هێزە جیهانییەكان لە ئیقلیمییەكان زیاتر عێراقپارێز و پڕۆ عێراقن. رەنگە لە دوای داعش هەروەك سەردەمی پێش داعش خۆیان دوورەپەرێز بگرن و خواست و نیگەرانییەكانی هەرێمی كوردستان پشتگوێ بخەن.

ریفراندۆم دەریخست هێزە جیهانییەكان لە ئیقلیمییەكان زیاتر عێراقپارێز و پڕۆعێراقن


رووداو: رات چییە لەبارەی ئەوانەی كە داوا دەكەن خەڵك بە نەخێر دەنگ بدەن؟

د.دلاوەر: لە دیموكراسیدا، مافی دەنگدەرە دەنگ بەو‌ جۆرە بدات كە خۆی بە راستی دەزانێ. دەنگدان بۆیە نهێنییە تا‌ رەنگدانەوەی قەناعە‌تی دەنگدەر بێ كە ئەوەش مافێكی مرۆڤە. ریفراندۆم پرۆسەیەكی دیموكراسییە و دەبێ رێز لە ڕای دەنگدەران بگیردرێت، جا بە (نەخێر) یان بە (بەڵێ). دیارە لەسەر سندووقەكاندا دوو بژارە دەخرێنە بەردەم دەنگدەران و دەبێ هەردووكیان قەبوڵ بكرێن بەبێ ئەوەی هیچ لایەنێك مافی ئەوەی هەبێ تانە لە بژارەی بەرامبەر بدات.

رووداو: ئەگەر وەڵامی ریفراندۆم ئەنجامێكی دڵخۆشكەر نەبێت هەڵوێستی سەركردایەتی سیاسیی چی دەبێت؟

د.دلاوەر: پێویستە پرسیارەكە ئەوە بێت ئایا دەكرێ ریفراندۆم بكرێ‌، بەبێ ئەوەی دەرەنجامە پۆزەتیڤەكەی زامن بكرێت؟ ئەگەر سەركردایەتی هەرێمی كوردستان دڵنیا نەبوو لەوەی زۆرینەی رە‌ها دەنگ بە (بەڵێ) دەدات، باشترە سەبری لێ بگرێ، چونكە دەرچوون بەڕێژەی كەم كاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر پرۆسەی سەربەخۆیی دەبێت. لە رووی سیاسی و مەعنەوییەوە برینەكەی بۆ دەیان ساڵ دەمێنێ و نەیارانی هەرێمی كوردستانیش دەنگیان لە ئێستا زوڵاڵتر دەبێ.

رووداو: ئەگەر ریفراندۆم نەكرا یان دواخرا، بە شكستێكی گەورە دادەنرێت؟

د.دلاوەر: نەخێر، چونكە بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان بەردەوام دەبێ و دەیان ئامراز و شێواز و دەرفەتی دیكە لە ئایندەدا دەڕەخسێن.

رووداو: لە دوای ئەنجامدانی ریفراندم لەكاتی دیاریكراودا، هەڵوێستی دواتری سەركردایەتی سیاسی كورد چی بێت باشە؟

د.دلاوەر: ئەنجامدانی ریفراندۆم یەكەم هەنگاوی كاروانێكی دوورودرێژی سەربەخۆییە، ئەركە قورس و ئاڵۆزەكە لەدوای ریفراندۆم دێت. ئەگەر ریفراندۆم بكرێ‌، دواتر ناكرێ ئەنجامە‌كەی تەنیا وەك وەرەقەیەك بۆ دەستكەوتی هەنووكەیی بەكار بێت و پاشان هەڵپەسێردرێت، بەڵكو دەبێ ببێتە دەستپێكی پرۆسەیەك كە كۆتاییەكەی سەربەخۆیی بێت. لەوەشدا هەرێمی كوردستان پێویستی بە بەكارهێنانی زانست و هونەری دەوڵەتسازی و دامەزراندنی كۆڵەگە سەرەكییەكان دەبێ. دەبێ لە چەندین تەوەرەوە هەڵمەتی نەپساوە بكات و بەرنامە بۆ دامەزراوەكانی وڵات دابڕێژی تا لە هەموو بەرەیەكدا هەنگاو بۆ چەسپاندنی بناغەی دەوڵەتێكی سەقامگیر بهاوێ.


دواخستن یان نەكردنی گشتپرسی شكست نییە


رووداو: پێتوایە ئەو زانست و هونەرە بەكارهێنراون یان دەكرێت وا زوو بەپێی پێویست بەكاربێن؟

د.دلاوەر: لە پێشتردا كاری باش كراون، بەڵام بە گشتی هەرێمی كوردستان لەو ڕووەوە تا ڕادەیەك لاوازە. هەڵبەتە نەچوو‌ە بچێ، دەكرێ بە گوڕێكی نوێ و‌ ئیمكاناتی دارایی تێروتەسەلەوە كار لەسەر نەخشەڕێگای دەوڵەتسازی بكرێ. پێویستە ئەولەویەتێكی لووتكەیی بدرێتە ئەو بابەتە و رۆڵی ئەكادیمیەكانیش لەوەدا بەگەڕ بخرێ.

رووداو: ئێوە وەك ئینستتیوتی مێری دەتوانن چ رۆڵێك لەوەدا ببینن؟

د.دلاوەر: ئینستتیوتی مێری بۆ ئەوە دروستبووە كەلێنێكی گرنگ لە بواری دیراساتی ستراتیژی پڕ بكاتەوە و هاوكاریی داڕێژەرانی سیاسات و بڕیاردەران بكات بۆ دروستكردنی روانگەی درێژخایەن و نەخشەڕێگای عەمەلی، بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی نیشتیمانسازی و دەوڵەتسازی، بۆ چەسپاندن و تۆكمەكردنی سیستەمی حوكمڕانی دروست و سەروەركردنی یاسا. هاوكات، تۆڕی پەیوەندییەكانی ئینستتیوتی مێری لە نێو دامەزراوە ئەكادیمی و (تینك تانك)ەكانی جیهاندا زۆر بەربڵاو و كاریگەرە. بۆیە ئینستتیوت لە بواری لۆبیی دەرەكیدا رۆڵی خۆی لە كارتێكردنی بڕیاری هێزە جیهانییەكان بینیوە، ئەویش نەك وەك بەرگری لە حكومەت، یان لە حیزبەكان، بەڵكو لە دۆزی خەڵك و‌ بەرگری لە مافی مرۆڤ و بۆ سەقامگیری‌ و تۆكمەكردنی سیستەمی حوكمڕانی.

رووداو: لە مەسەلەی بەڵێ یان نەخێر، هەڵوێستی ئینستتیوتی مێری چییە؟

د.دلاوەر: مێری دامەزراوەیەكی ئەكادیمییە، هەروەك زانكۆكان كە پێویستە چاودێر بێ و بێلایەنیی خۆی بپارێزێ و بۆی نییە هەڵوێستی هەبێ. مێری دەتوانێ لە رێگەی توێژینەوە و بیركردنەوە هاوكاربێ و راوێژ پێشكەش بكات. واتە كەی پرسی پێكرا بە بەڵگە و شیكردنەوەی ئەكادیمیانە وەڵامدەداتەوە بەبێ ئەوەی نوێنەرایەتی جەمسەرێك لە جەمسەرەكان بكات.

رووداو: ئەی بەڕێزت وەك د.دلاوەر هەڵوێستت چییە؟

د.دلاوەر: بێگومان بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم لەدەستی مندا نییە، بەڵكو لەدەستی بڕیاردەرانی هەرێمی كوردستانە. ئەگەر پرس بەبەندە كرابووایە، رای خۆم لەسەر كات و سات و چۆنیەتی ئەنجامدان و زەمینەسازییەكەی دەدا و رەنگە یەكێك لەوانە دەبووم كە داوای سەبرگرتن و زەمینەسازیی ناوخۆیی باشترم دەكرد. لە داڕشتنی بەرنامە و نەخشەڕێگاكانیشدا هاوكاریی سەرجەم لایەنەكانم دەكرد. بیرت نەچێ، بەندە بە درێژایی تەمەنم كاری لۆبیم بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی كردووە و چاوەڕێم ئەو خەونە لە ژیانمدا بێتەدی، بۆیەش ئەگەر بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم هەتا سەر بەردەوام بێ، ئەوا لە رۆژی خۆیدا دەچمە سەر سندوق و وەك دلاوەر بە (بەڵێ) دەنگ دەدەم، ئەوەش بەو چاوەڕوانییەی كە لەوێ بەدواوە بە هیممەتی هەموو لایەك، بە ‌دەستەجەمعی گوڕ بە پرۆسەی نیشتیمانسازی و د‌ەوڵەتسازی دەدرێ، بەندەش بەگەشبینییەوە بەشداریی تێدا دەكەم.

دیمانەی رووداو

لە سایتی گوڵان 30/08/2017