هه‌نگاوه‌كانی دوای گشتپرسی
هه‌نگاوه‌كانی دوای گشتپرسی
دلاوەر عەلائەدین
رووداو 09-10-2017
پێش و پاش گشتپرسی، بۆ خه‌ڵكی جيهان ده‌ركه‌وت كه خواستی خەڵکی هه‌رێمی كوردستان له به‌ده‌وڵه‌تبوون كه‌متر نيیه و نابێ، به‌ڵام پرۆسه‌ی دامه‌زراندنه‌كه‌ی و كاتی راگه‌ياندنه‌كه‌ی جێگه‌ی مشتومڕه. ئه‌زموونی وڵاتانی ديكه نيشانيان داوه كه راگه‌ياندنی ده‌وڵه‌ت پێويستی به ره‌چاوكردنی كۆمه‌ڵێك فاكته‌ری گرنگه، له‌وانه هێزی ناوه‌كی، پاڵپشتی زلهێزێكی جيهانی و هه‌ڵبژاردنی باش‌ترين كاتی راگه‌ياندن.
هێزی ناوه‌كی
گره‌وی هه‌رێمی کوردستان بۆ هه‌نگاونان به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆيی له‌و كاتوساته‌دا تا ڕاده‌يه‌ك په‌يوه‌ست بوو به‌وه‌ی كه ئيمڕۆ هێزه عێراقی و ئيقليميیهكان په‌رته‌وازه و ناته‌بان. به‌ڵام حاڵی هێزه ناوهكيهكانی هه‌رێمیش به هه‌مان شێوه‌یە. دياره له‌و چه‌ند ساڵه‌ی دواييدا حاڵه‌تی په‌رته‌وازه‌يی و ناته‌بايی نێو هێزه كورديیه‌كان وه‌ك رێژه‌ی نه‌گۆڕ ده‌قی گرتووه و بووه‌ته حاڵه‌ته سروشتيه نۆرماڵهكه. بێگومان يهكڕيزيهكهی رۆژی 25ی ئه‌يلول ديارده‌يه‌كی زۆر گرنگ و بێ وێنه بوو، به‌ڵام زۆر به قورسی هاته كايهوه و مه‌ودای كاريگهريهكهی ته‌نيا بۆ 24 كاژێر بوو، له‌وێ به‌دواوه كه‌لێنه‌كان خێرا ده‌ركه‌وتنه‌وه. كه‌چی له به‌رامبه‌ردا هێزه عێراقی و ئيقليميه لێكترازاوه‌كان به‌هۆی گشتپرسییەوە له‌يه‌كتر نزيكبوونه‌وه. بۆيه ئێستا له هه‌موو كاتێكی ديكه زياتر پێويسته هه‌ڵوه‌سته لەسەر باری ناوه‌كیی هه‌رێم بكرێ، هه‌وڵی به‌هێزكردنی سيسته‌می حوكمڕانيهكهی بدرێت، په‌رله‌مانی كارا بێ و پرۆسه‌ی بڕياردانی بهدامهزراوهيی بكرێ و تهركيزيش بخرێته سه‌ر ئاشتكردنه‌وه‌ی هاووڵاتيان و باشتركردنی بژێوی ژيانيان.
پاڵپشتی جيهانی
له جيهانی ئيمڕۆدا، دامه‌زراندن و پاراستنی ده‌وڵه‌تێكی نوێ له هه‌ر قوژبنێكی دونيادا به‌بێ پاڵپشتيی زلهێزان كارێكی زۆر زه‌حمه‌ته، چجای به‌ده‌وڵه‌تبوونی هه‌رێمێكی خنجيلانه له دەورودراوسێيهكی دژوار و ناهه‌مواردا. ئه‌گه‌ر هه‌رێمی کوردستان بيه‌وێ پاڵپشتی نێوده‌وڵه‌تی بۆ خۆی مسۆگه‌ر بكات، پێويستی به‌وه‌يه ئاراسته‌ی كاروانه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ هی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی يه‌كبخات. به وردی پاڵنه‌ری هاوكێشه‌كان بخوێنێته‌وه و بزانێ چۆن ئهولهويهتهكانی خۆی له‌گه‌ڵ هی زلهێزێكی دۆست و يه‌ك دوانێك له هێزه ئيقليميیهكان هاوئاهه‌نگ بكات.
ديارده و ململانێيهكانی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وای ده‌گه‌يه‌نن كه گۆڕانكاری بنه‌ڕه‌تیی ديكه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا به‌ڕێوه‌ن، ئه‌گه‌ر كورد پشووی درێژ بێ و خه‌ريكی پته‌وكردنی هه‌ناوی خۆی و لۆبیی ده‌ره‌كی بێ، ئه‌وا توانای قۆستنه‌وه‌ی ده‌رفه‌ته‌كانی ئاينده‌ی ده‌بێ.
ئهولهويهتهكانی ئەمەریکا
له ئێستادا، ئه‌وله‌ويه‌تی هه‌ره به‌رزی زلهێزی ئه‌مه‌ريكی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا بريتيه له شه‌ڕی دژبه تيرۆر كه جارێ هيچ جۆره سازشێكی له‌سه‌ر ناكات. هه‌ر وڵاتێك يان بزووتنه‌وه‌يه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌و ئهولهويهته هه‌ماهه‌نگ بووبێ، گه‌وره‌ترين سوودی له هاوكاریی ئه‌مه‌ريكی بينيوه. ئه‌وه‌تا رێكخراوێکی وەکو (په‌يه‌ده) كه سه‌ر به هێزی (په‌كه‌كه)يه و ئه‌وه‌ی دواييش له ئه‌مه‌ريكا و ئه‌وروپا به تيرۆريست له‌قه‌ڵه‌م دراوه، كه‌چی نه‌ك ته‌نيا ئه‌مه‌ريكا خه‌ريكه به‌سه‌ر سوريادا فه‌رزی ده‌كات، به‌ڵكو به‌دوور نازانرێ توركياش رازی بكات كه په‌يوه‌ندی له‌گه‌ڵی باش بكات و دان به حوكمڕانی (به‌ره‌ی ديموكراتی سوريا)دا بنێ. هه‌تا ئه‌وكاته‌ی هه‌رێمی كوردستان، يان حكومه‌تی عێراق ته‌ركيزيان له‌سه‌ر ئه‌و ئهولەويهتهی ئه‌مه‌ريكا و ئه‌وروپا بێ، ئه‌وا به‌شه شێری پاڵپشتيیهكانی ئه‌و هێزه جيهانيانهيان ده‌ستده‌كه‌وێ.
ئه‌وله‌ويه‌تی دووه‌می ئه‌مه‌ريكا ئه‌وه‌يه كه حكومه‌تی حه‌يده‌ر ئه‌لعەبادی له حوكمی عێراقدا به‌رده‌وام بێ و له هه‌ڵبژاردنی گشتیی ئاينده‌دا سه‌ربكه‌وێ. ئهمهريكيیهكان، راست بن يان هه‌ڵه، وای داده‌نێن به‌ديلی عەبادی توندڕه‌وێكی سه‌ر به كامپی نووری ماليكی ده‌بێ كه به سه‌رسه‌ختییه‌وه سه‌ر به ئێران ده‌بێ. ئه‌مه‌ريكاييه‌كان وای داده‌نێن كه عەبادی ميانڕهوه و ئاماده‌يه هێدی هێدی عێراق له ئێران دوور بخاته‌وه. بێگومان ره‌نگه له‌وه‌دا زۆر سه‌هوو بن، چونكه عێراق قوڵاييهكی ستراتيژیی گرنگه بۆ ئێران و له ماوه‌ی حوكمڕانیی ئهلعەباديدا، ئێران توانيويه‌تی عێراق زياتريش بخاته ژێر ركێفی خۆيه‌وه، جا به هێزی حه‌شدی شه‌عبی بێ يان به پشتبه‌ستن بە فاکتەری سياسی و ئابووری و ئه‌منی. له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا، ئه‌مه‌ريكا ئاماده‌يه هه‌موو هاوپهيمانهكانی هان بدات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كاره‌ی لێ تێكنه‌ده‌ن. خۆ به‌پێی لۆژيك، وا له هاوپهيمانێكی بچووكی وه‌ك هه‌رێمی کوردستان چاوه‌ڕوان ده‌كرێ كه له‌وه‌دا هاوكار بێ، چونكه ته‌نانه‌ت مانه‌وه و سه‌ركه‌وتنی خۆی پێويستی به پاڵپشتیی زلهێز ده‌بێ.
ئه‌وله‌ويه‌تی دواتری ئه‌مه‌ريكا بريتيیه له تهنگههڵچنين به ئێران تاوه‌كو چه‌كی ئه‌تۆمی لێ داماڵێ و نفوزی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا كه‌م بكاته‌وه. ئه‌وه خواستێكی ئه‌مه‌ريكی و ئه‌وروپی و عه‌ره‌ب و توركيا و ئيسرائيله، زوو يان دره‌نگ ده‌بێته ئهولهويهتێكی لووتكهيی به‌ڵام له دوای به‌ديهێنانی ئهولهويهتهكانی يه‌كه‌م و دووه‌م. له‌و حاڵه‌ته‌شدا، هه‌رێمی كوردستان رۆڵێكی زۆر گرنگ و كارتێكی به‌هێزی ده‌بێ كه نه ئێران ده‌توانێ لێی بێ‌باك بێ و نه ئه‌مه‌ريكاش ده‌ستی لێ هه‌ڵگرێ.
ئه‌وكات، دۆستايه‌تی نێوان ئێران و هه‌رێمی کوردستان بۆ ته‌هران گرنگتر ده‌بێ وه‌ك له پێچه‌وانه‌كه‌ی و له به‌رژه‌وه‌ندیی ئێران‌دا ده‌بێ له ئێستاوه به سياسەتی كۆنی خۆیدا بچێته‌وه و هه‌رێمی کوردستان بۆ خۆی رابكێشێ و رێگه له سهرفرازيیهكهی نه‌گرێ. هه‌ر كاتێك ئێران چاوپۆشی له به‌ده‌وڵه‌تبوونی کوردستان بكات، ئه‌وا عێراق و توركيا توانای رێگريكردنيان لێی نابێ. خۆ ئه‌گه‌ر به پێچه‌وانه‌وه ئێران بووه سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه بۆ هەرێمی کوردستان، ئه‌وا ئهڵتهرناتيڤی زۆر به‌هێز له‌به‌رده‌ستدا ده‌بن و ره‌نگه له به‌رژه‌وه‌ندیی زلهێزه جيهانيه‌كاندا بێ كه هه‌رێم له ئێران بپارێزن و له عێراقێكی سه‌ر به ئێران جيای بكه‌نه‌وه.
هه‌ڵبه‌ته، هاوكێشه نێوده‌وڵه‌تيیه‌كان جموجۆڵ و گۆڕانكاریی زياتريشيان لێ چاوه‌ڕوان ده‌كرێ، هێزه ئيقليميهكانيش هه‌ميشه چاوه‌ڕێی بڕيار و ئهولهوياتی ئه‌مه‌ريكی نابن، به‌ڵكو ره‌نگه له ده‌ره‌نجامی ململانێی ئاڵۆزی ههمهپاڵنهردا، هاوكێشه‌كان له ديوی توركيا زياتر بگۆڕێن. ئيمڕۆ توركيا تووڕه‌يی ده‌رده‌بڕێ، بۆ كهنارگيركردنی هه‌رێمی کوردستان هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئێران ده‌كات، به‌ڵام ئه‌و دوو هێزه متمانه‌یان به‌يه‌كتر نيیه و دوورنيیه به‌هۆی به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌وره‌تر سياسەتی هه‌ردوولايان ديسانه‌وه بگۆڕێ. له‌و حاڵه‌ته‌دا رێی تێده‌چێ ئه‌وجاره‌يان توركيا له‌گه‌ڵ سعوديه هه‌ماهه‌نگی بكات و به‌يه‌كه‌وه ببنه فريادڕه‌سی هه‌رێم له به‌رامبه‌ر هه‌ژموونی ئێران.
باری سياسی هه‌رێم و به‌غدا
له‌لايه‌كی ديكه‌وه، ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان پشووی درێژ نه‌بێ و په‌له له راگەیاندنی ده‌وڵه‌ت بكات، يان له‌كاتی گفتوگۆدا ره‌چاوی په‌رته‌وازه‌يی ناو ماڵی خۆی و هه‌ڕه‌شه‌ی هێزه ئيقليميهكان و ئهولهويەتەكانی هێزه جيهانيیهكان نه‌كات، ئه‌وا ده‌بێ حيسابی به‌ربه‌ست و ته‌حه‌دای مه‌زن بكات. هێزی ههناويی ناو هه‌رێمی کوردستان له رووی سياسی و ئابووريیه‌وه كێشه‌ی زۆره. توانای ئێران و توركیا له ده‌ستێوه‌ردان و بنكۆڵكردنی هه‌رێم زۆر له‌وه زياتره كه دركی پێكراوه. حكومه‌تی به‌غداش، كه له به‌رامبه‌ر هێزه ئيقليمیهكان و هێزی تيرۆردا لاوازه، له به‌رامبه‌ر هه‌رێمی کوردستاندا خه‌ريكه به‌هێز و به‌هێزتر ده‌بێ. حكومه‌تی عەبادی تازه له شه‌ڕی داعشدا وه‌ك رزگاركه‌ر خۆی ده‌نوێنێ و به‌هۆی پشتگيریی كۆمه‌ڵگای نێودهوڵهتيیهوه متمانه‌ی به‌خۆی زياتر ده‌بێ. حكومه‌تی به‌غدا پێش گشتپرسی تكای گفتوگۆی له هەولێر ده‌كرد، كه‌چی ئێستا ده‌بێ تكای لێ بكرێت له گفتوگۆدا به‌شدار ببێ. كه بهشداريش بوو هه‌ڵبه‌ته توندیهكی زێده ده‌نوێنێ تاوه‌كو ببێته قاره‌مانی پاراستنی يهكپارچهيی خاكی عێراق له به‌رامبه‌ر مه‌ترسیی داعش و "خواستی جياخوازيی كورد".
ستراتيژی هه‌رێم
له‌جياتی ئه‌وه‌ی به‌گوتاری ئاگرين و بڕياری يه‌كلايه‌نه ده‌ستی حكومه‌تی عێراق به‌هێزتر بكرێت، پێويسته لايه‌نی كوردی سه‌رجه‌م ئه‌و دهستپێشخهريانه بقۆزێته‌وه كه جه‌خت له رێكکه‌وتن و دۆزينه‌وه‌ی خاڵی ناوه‌ڕاست ده‌كه‌نه‌وه. پێويسته ستراتيژی كوردی سێ قۆناغی جياكهرهوهی تێدابێ: هه‌نووكه‌يی بۆ ئاساييكردنه‌وه، مامناوه‌ندی بۆ گفتوگۆ و رێكکه‌وتن، دوورمه‌ودا بۆ دامەزراندنی ده‌وڵه‌ت.
له چه‌ند رۆژ و هه‌فته‌ی ئاينده‌دا، پێويسته هه‌رێم له باره‌ی فڕۆكه‌خانه و ده‌روازه سنووريیهكان و مه‌سه‌له‌ی نه‌وت و گازەوە ده‌ستپێشخه‌ری بكات له پێشكه‌شكردنی هه‌ندێ سازش و پێشنيازی عه‌مه‌لی. به‌وه ته‌ركيزی به‌غدا بخاته سه‌ر وردهكاريیه تهكنيكيیهكان و به‌هۆيانه‌وه پردی په‌يوه‌ندی و گفتوگۆ دروست بكاته‌وه. له‌و ميانه‌دا شتێك به‌ده‌ست عەبادیهوه بدات تاوه‌كو مهوقيعی له نێو شيعه‌كان لاواز نه‌كات و عەباديش له به‌رامبه‌ردا بتوانێ هاوكاری هه‌رێم بێت. ئه‌و جۆره دهستپێشخهريیه دڵی هاوپه‌يمانانی نێوده‌وڵه‌تی رازی ده‌كات و رێگه‌يان بۆ خۆش ده‌كات هاوكاربن و گوڕێك به نێوهندگيرییهكان بده‌نه‌وه و رێگه نه‌ده‌ن هه‌رێم له عوزلهدا گير بخوات. هاوكات، لايه‌نی كوردی پشووی له گفتوگۆكاندا درێژ بێ و هه‌تا كاتی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ته‌نسيق له‌گه‌ڵ عەبادی بكات. له گوتاره‌كاندا نه‌رمی بنوێنێ تاوه‌كو چيتر نه‌بێته ئامانجی رمحهكان و چه‌قی موزايهدهی پۆپۆليستی نێو عێراقيه‌كان و دراوسێكان.
له‌و نێوه‌دا، پێويسته هه‌رێمی کوردستان خۆی بۆ قۆناغی گفتوگۆی جيددی سه‌باره‌ت به داڕشتنه‌وه‌ی په‌يوه‌ندی حوكمڕانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر ئاماده بكات و هه‌وڵ بدات له مه‌ودای مامناوه‌نديدا به كۆمه‌ڵێك ده‌ستكه‌وتی نوێوه دۆزه‌كه بباته پێشه‌وه. ئه‌وه‌ی ده‌مێنێه‌وه (واته به‌ده‌وڵه‌تبوون) بۆ ئه‌و كاته‌ی بهێڵێته‌وه كه ئه‌ستێره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ مانگ و رۆژ ده‌كه‌ونه سه‌ر يه‌ك هێڵی راست.
پێويسته له ئێستاوه سه‌ركردايه‌تی كورد كه‌مترين و زۆرترينی ئه‌و داواكاريانه دياری بكه‌ن كه له گفتوگۆكاندا پێی رازی ده‌بن و ده‌شزانن له به‌غدا مايه‌ی قه‌بوڵكردن ده‌بن. شايانی باسه كه پێش ئه‌نجامدانی گشتپرسی، سه‌ركرده‌كانی به‌غدا ئاماده بوون، جگه له سه‌ربه‌خۆيی، گفتوگۆ له‌سه‌ر هه‌موو جۆره گوژمهيهك بكه‌ن به سيسته‌می فيدراڵيشهوه، به‌ڵام له ئێستادا، ئه‌وانه به هيچ شتێكی ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستوور رازی نابن و بهلايانهوه ده‌بێ كورد سوپاسی خودا بكات ئه‌گه‌ر ماده‌ی 140 ی ده‌ستووری بۆ جێبه‌جێ بكرێت.
جموجۆڵه‌كانی ئێستای به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ن نه‌ك ته‌نيا حاڵه‌تی پێشوو به‌رده‌وام بكه‌ن، بگره ده‌سه‌ڵاته سياديهكانيش له هه‌رێم بستێننه‌وه. هه‌ڵبه‌ته، ئه‌وه له گفتوگۆدا يه‌كه‌م وه‌ره‌قه‌ی ده‌ستپێكی لايه‌نی عێراقی ده‌بێ، هه‌روه‌ك چۆن يه‌كه‌م وه‌ره‌قه‌ی ده‌سپێكی هه‌رێميش به پێچه‌وانه‌وه، به ميچێكی به‌رزه‌وه ده‌ستپێده‌كات و داوای ده‌وڵه‌ت ده‌كات. هه‌ردوو لاشيان ده‌زانن له بارودۆخی ئيمڕۆدا هيچكام له‌و دوو جه‌مسه‌ره قابيلی قه‌بوڵكردنی هه‌ردوولا نين، به‌ڵام له‌نێوانياندا مهسافهيهكی به‌رفراوان هه‌يه كه ده‌كرێ خاڵی رێكکه‌وتنی تێدا بدۆزرێته‌وه. به رێكکه‌وتن له‌سه‌ر سازشێك بۆ قۆناغی ئێستا ئه‌و مانايه ناگه‌يه‌نێ كه ئه‌نجامی گشتپرسی پووچه‌ڵ ده‌بێته‌وه، به‌ڵكو لايه‌نی كوردی هه‌ميشه ده‌ست به‌و (به‌ڵێ)يه گرنگه‌ی گشتپرسییه‌وه ده‌گرێت.
خواسته‌كانی هه‌رێمی کوردستان
ده‌كرێ داواكاريه‌كان به گوژمه (پاكێج) بن كه چه‌ندين خواست و مه‌رجی سياسی و ئابووری و عه‌سكه‌ری و ئه‌منی و ده‌سه‌ڵاتی سيادییان تێدا بێت و به وردهكاريهكی زۆره‌وه به شێوازی كۆنتراكتێكی چڕ‌وپڕ بنووسرێنه‌وه. به شێوه‌يه‌كی گشتگيرانه، ده‌كرێ گوژمه‌كان هه‌ر يه‌كێك، يان تێكه‌ڵێك له‌وانه‌ی تێدابێ:
• ده‌كرێ ئه‌و فيدراڵيهی ئێستا له ئارادايه، گهشهيهكی به‌رچاوی پێ بدرێت. بۆ نموونه، سه‌رجه‌م ناوچه كوردستانيهكانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم كه ئێستا له ژێر كۆنتڕۆڵی هه‌رێمن، به‌فه‌رمی بخرێنه سه‌ر هه‌رێم و ده‌سه‌ڵاتی سياديی زۆر زياتریش به هه‌رێم بدرێت. واته، وه‌ك كيانێكی نيمچه كۆنفيدراڵی لێ دروست بێت، جا گرنگ نيیه ناوی كۆنفيدراڵی لێ بنرێت يان نا.
• ده‌كرێ به‌پێی ده‌ستووری ئێستا، باس له سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ی پهيكهری سيسته‌می حوكمڕانی عێراق بكرێ و هه‌رێم ببێته هانده‌رێك كه ته‌واوی كێشه‌كانی حوكمڕانی لە عێراق چاره‌سه‌ر بكرێ و عێراق بۆ چه‌ندين يه‌كه‌ی فيدراڵی خورد بكرێته‌وه. لەو نێوه‌دا لايه‌نی كورد ده‌ستی له داڕشتنه‌وه‌ی پارێزگاكانی كه‌ركووك و نه‌ينه‌وا و دياله و سه‌رجه‌م دهوروبهرهكهيدا هه‌بێ، له ههمووشياندا ناوچه كوردستانيه دابڕێنراوه‌كان له ناوچه‌كانی ديكه جيا بكرێنه‌وه و هه‌ريه‌كه‌يان به ميكانيزمی نوێی جياواز يه‌كلایی بكرێنه‌وه. بۆ نموونه، ناوچه كوردستانيهكانی نه‌ينه‌وا كه ئێستا له ژێر كۆنتڕۆڵی پێشمه‌رگه‌دان، به پێی گشتپرسيهك له ئاستی قه‌زا و ناحيهكاندا بخرێنه‌وه سه‌ر هه‌ولێر و دهۆك، ناوچه هاوشێوه‌كانی خواروو بخرێنه سه‌ر كه‌ركووك، سلێمانی يان هه‌ڵه‌بجه.
ده‌كرێ پارێزگای كه‌ركووكيش به ميكانيزمێكی جيا بخرێته سه‌ر هه‌رێمی کوردستان، يان بكرێته (حاڵه‌تێكی تايبه‌ت) له‌ناو هه‌رێم يان هه‌رێمێكی سه‌ربه‌خۆ بێت به‌و مه‌رجه‌ی كه هێزی پێشمه‌رگه و ئاسايشهكهی ده‌ستاوده‌ست نه‌كه‌ن و له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی كورديدا بمێننه‌وه. پێشوه‌خته رێكکه‌وتن هه‌بێ له‌سەر ئەوه‌ی دوای به‌هه‌رێمكردنی كه‌ركووك و ئاساييكردنه‌وه، گشتپرسيهك له ئاستی پارێزگا ئه‌نجام بدرێت بۆ ئه‌وه‌ی له نێوان يهكگرتنهوهيان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان يان به‌غدا يان مانه‌وه به هه‌رێمی جيا بژارهيان هه‌بێ. له هه‌موو حاڵه‌تێكدا، ئه‌گه‌ر هه‌رێمی کوردستان بوو به ده‌وڵه‌ت، ئه‌وا هه‌رێمی كه‌ركووكيش له هه‌مان پرۆسه‌دا به‌شدار ده‌بێت و ملكه‌چی هه‌مان پرۆسه ده‌كرێت.
دۆستداری و دۆستپارێزی
هه‌ڵبه‌ته له كه‌شی كرژيی دوای گشتپرسيدا، ره‌نگه ئه‌و جۆره بژارانه له لايه‌ن هه‌رێم يان به‌غداوه به ئاسانی ره‌چاو نه‌كرێن، به‌ڵام بهديلهكانيان زۆر له‌وانه خراپترن. پێش گشتپرسی، هاوپه‌يمانانی ده‌ره‌كی ده‌ستپێشخه‌ریی زۆريان كرد و هه‌وڵی نێوانگيریی زۆريان دا، به‌ڵام ئێستا ئه‌وانه دڵشكاو و نيگه‌رانن و له خيتابی كوردی بهگلهيين، چاوه‌ڕێن هه‌رێمی کوردستان كارێكی وا بكات حكومه‌تی عێراق بێنێته سه‌ر مێز و گفتوگۆی جيددی له‌گه‌ڵدا بكات. پێیانوایە، هه‌رێمی کوردستان ئه‌و گرفت و ئاڵۆزيانهی به‌سه‌ر خۆی هێناوه و هه‌ر ده‌بێ خۆیشی له زهمينهسازكردن بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گفتوگۆی بێ پێشمه‌رج دهستپێشخهربێ. ئه‌گه‌ر هه‌رێم له ڕۆژێكی وادا چاوی له هاوكاری دۆسته هاوپهيمانهكانيهتی، ده‌بێ خۆیشی تا نيوه‌ی رێگاكه بپێوێ و يارمه‌تی خۆی بدات تاوه‌كو دۆسته‌كانی بتوانن يارمه‌تی بده‌ن.
ده‌بێ گوتاری كوردی كه‌متر باس له براوه و دۆڕاو بكات، يان باس له يه‌ك ده‌رئەنجام بكات، لهجياتيان باس له سيناريۆی براوه - براوه بكات و به هه‌موو شێوازێك شه‌به‌حی شه‌ڕ يان ئابڵۆقه‌ی درێژخايه‌ن له‌سه‌رخۆی لابه‌رێ. له‌وه‌دا پێويسته ئاڵقه‌ی لۆبی فراوانتر بكات و سه‌رجه‌م دۆسته‌كانی به‌كاربێنێ بۆ گوشارخستنه سه‌ر حكومه‌ته‌كانی عێراق و توركیا و ئێران. راسته زۆر له ئه‌مه‌ريكی و ئه‌وروپيه‌كان ره‌نجاون، به‌ڵام مانای وانيیه كه چيتر دۆستی كورد نين. ته‌نانه‌ت له‌نێو عێراقی و توركی و ئێرانيهكانيشدا هه‌رێمی کوردستان دۆستی زۆری ماوه. چيتر راست نيیه كه ده‌ڵێن كورد دۆستی نيیه له غه‌يری چياكانی، به‌ڵكو پێويسته خۆيشی فێری دۆستپارێزی ببێ و نه‌بێته گه‌وره‌ترين دوژمنی خۆی.