له ریفراندۆمدا ئه‌مریكا هه‌وڵیدا كورد پێچه‌وانه‌ی سیاسه‌ته‌كانی نه‌كات
دلاوه‌ر عه‌لائه‌ددين
13-1-2018
سه‌رۆكی ئینستیتیوتی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ توێژینه‌وه، له هه‌ڤپه‌یڤینێكدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئانادۆڵو رایده‌گه‌یه‌نێت له په‌یوه‌ست به ریفراندۆمه‌وه خوێندنه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ سیاسه‌تی هێزه هه‌رێمیی و دهرهكییهکان له‌جێی خۆی نه‌بوو.
ئاژانسی ئانادۆڵو: ریفراندۆم نه‌ده‌بوو بكرابا؟ یان بۆچی به‌م دۆخه‌ی ئێستا گه‌یشتین؟ هۆكاری سه‌ره‌كیی چییه؟
دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین: "له‌راستییدا پێویسته ئێمه له‌وه تێپهڕێبین كه ئایا ریفراندۆم كرابا یان نا، چونكه كرا، به‌ڵام ده‌كرێت ده‌رسی گه‌وره‌ی لێ فێرببین، له ئاینده‌دا پێویسته ئه‌گه‌ر ویستمان خۆمان له‌قه‌ره‌ی پڕۆژه‌یه‌كی وا گه‌وره بده‌ین كه ده‌رئه‌نجامه‌كانی یان به پۆزه‌تیڤی یان نێگه‌تیڤی زۆر گه‌وره ده‌بن پێویستییمان به‌چه‌ند شتێك هه‌یه، یه‌كه‌میان خوێندنه‌وه‌یه‌كی زۆر وردی ده‌وروپشت و ناوخۆمان، هێزه‌كان، ململانێی هێزه‌كان، هاوكێشه‌كان، هه‌روه‌ها سه‌یری پێكهاته‌ی ناوخۆیی بڕیاری ناوخۆمان بكه‌ین، ئایا تاچی راده‌یه‌ك ئاماده‌ین و تاچی راده‌یه‌ك بارودۆخ ئاماده‌یه تا خۆمان له قه‌ره‌ی وه‌ها بڕیارێك بده‌ین. ئه‌و ده‌رئه‌نجامه خراپانه‌ی له ریفراندۆم كه‌وته‌وه به‌تایبه‌ت له‌دوای ئۆكتۆبه‌ر كه دیوی هه‌رێم نه‌یتوانی خۆی رابگرێت به‌رامبه‌ر به‌و هه‌ڕه‌شه و هێرشه‌ی كرایه سه‌ری، ئه‌مه ره‌نگدانه‌وه‌ی چه‌ند شتێك بوو، یه‌كه‌میان خوێندنه‌وه‌مان بۆ سیاسه‌تی هێزه هه‌رێمی و دهرهكییهکان له‌جێی خۆی نه‌بوو، له‌هه‌مان كاتیش‌دا بڕوایه‌كی زێده‌مان به بنه‌ما و شێوازی پته‌ویی په‌یكه‌ری حوكمڕانیمان بوو، ئێمه لاوازیی زۆرمان لێ به‌ده‌ركه‌وت، ده‌ركه‌وت له‌و 26 ساڵه‌ی رابردوو بایی ئه‌وه‌نده بناغه و ره‌گ و ریشه‌ی حوكمڕانیمان نه‌چه‌سپاند كه‌وا به شێوه‌یه‌كی دامه‌زراوه‌یی و له‌سه‌ر بنه‌مای سه‌روه‌ریی یاسا حوكمێكی دروست و رازیكردنی خه‌ڵك، پته‌وكردنی هێزی چه‌كدار و پێشمه‌رگه‌مان ئه‌وانه‌مان بایی ئه‌وه‌نده نه‌كردبوو كه بهرەنگاری هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وان ببین، خۆ ره‌نگه له حیسابی هه‌ندێك له بڕیاردهرانمان وایان پێشبینی نه‌ده‌كرد كه كاردانه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر هێنده بەهێز بێت، یان هه‌ندێك هێز له‌ناوه‌وه شه‌ڕ نه‌كه‌ن، به‌ڵام كاتێك خۆت له‌قه‌ره‌ی مه‌سه‌له‌یه‌كی وا گه‌وره ده‌ده‌یت ده‌بێت حیساب بۆ كابووس بكه‌یت، حیساب بۆ خراپترین بژارده بكه‌یت و دوای حیساب بۆ باشترین ده‌رئه‌نجام بكه‌یت".
ئاژانسی ئانادۆڵو: له یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی پرسی ریفراندۆمدا عێراق به توندی په‌نای بۆ دوو كارت برد ئه‌ویشیان هێزی چه‌ك و ئابڵوقه‌ی ئابووری، هه‌ڵوێستی عێراق له‌باره‌ی ریفراندۆمه‌وه چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن، ئه‌م پرسه ده‌بوو ئاوا یه‌كلایی بكرێته‌وه؟
دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین: "ره‌نگه خه‌ڵك وای چاوه‌ڕوان نه‌ده‌كرد كه كاردانه‌وه‌ی عێراقی به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن هێزی چه‌كداری به‌و شێوه‌یه توندبێت كه به‌زیاده‌وه توند بوو و له‌هه‌موو شێوازه‌كانی ئابڵوقه‌دانی هه‌رێم دیسانه‌وه توند بوو و به‌زیادیشه‌وه توند بوو و ماوه‌كه‌شی درێژه‌ی خایاند، به‌ڵام دیسانه‌وه تۆ ده‌بێت چاوه‌ڕوانی هه‌موو شتێك بكه‌یت له‌به‌رامبه‌ره‌كه‌ت به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر بزانیت له به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌ودایه كه بیكات و تۆش له‌و حاڵه‌ته پشت و په‌نات له‌به‌رده‌ستدا نییه، عێراق نه‌یده‌توانی هێزی چه‌كدار به‌رامبه‌ر به ئێمه بجوڵێنێت و به‌و شێوازه تونده‌ش ره‌فتار بكات ئه‌گه‌ر نه‌یزانیبا هێزی هه‌رێمی و جیهانییه‌كانی له‌پشته، وه ئه‌گه‌ر نهشیزانیبا له ئه‌نجام سوود له‌و جۆره ده‌رئه‌نجامه وه‌رده‌گرێت، بۆیه با له‌لامان سه‌یر نه‌بێت، به‌دڵنیاییشه‌وه ئێمه ره‌چاومان نه‌ده‌كرد، ئه‌ركی ئێمه ئێستا ئه‌وه‌یه كه به‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا بچینه‌وه و بزانین كاریگه‌رییه‌كان چۆن به‌ره‌و كه‌می ده‌به‌ین".
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئێستا له‌دوای ریفراندۆم ده‌كرێت بڵێین ئەو ریفراندۆمە بوو به مێژوو؟، یان هێشتا كار و كاریگه‌ریی ماوه و ده‌مێنێت؟
دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین: "كاریگه‌ری ریفراندۆم له‌دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر لایه‌نه توندوتیژییه‌كه‌ی ده‌كرێت بڵێین به‌سه‌رچووه، به‌ڵام كاریگه‌ری ئێستاش هه‌ر به‌رده‌وامه، ئه‌گه‌ر ته‌ماشای سیاسه‌تی عێراق بكه‌یت بۆت ده‌رده‌كه‌وێت ئێستاش له‌و قۆناغه ده‌ژیین كه قۆناغی پاش ریفراندۆم، ئێستاش به‌رده‌وامه له سزادانی هه‌رێم و سه‌ركرده‌كانی هه‌رێم به‌هۆی ئه‌نجامدانی ریفراندۆمه‌وه، وڵاتانی ده‌وروپشتمان ئه‌و پشت رهقییهی لێیان دروست بوو ئێستاش به‌رده‌وامه به توركیا و ئێران و ئه‌مریكاشه‌وه، واته ئه‌گه‌رچی توندییه‌كه‌ی كه‌مێك سوود بووه و ئێستا گه‌یشتووینه‌ته قۆناغێك ره‌نگه ده‌رگه و په‌نجه‌ره‌ی باش بكرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ورده ورده بار ئاسایی بكرێته‌وه، به‌ڵام هێشتا دوورین له‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه ئه‌و ئاسته نۆڕماڵهی له‌سه‌ری بوو، ئه‌مه‌ش پێویستی به هیممه‌تی هه‌مه‌لایه‌نه و به سهبریشه".
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئه‌ی ئه‌نجامه‌كانی ریفراندۆم چی لێ هات؟
دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین:" ئه‌مه ده‌ربڕینی ویستی خه‌ڵكی كوردستان بوو، ئه‌و ده‌رئه‌نجامه له زاكیره‌ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و زاكیره‌ی ده‌وروبه‌ری هه‌رێمیش هه‌ر ده‌مێنێته‌وه، له‌لای دۆستان و نه‌یاران، ئه‌مه شتێك نییه بسڕێته‌وه، به‌ڵام پێویسته ئێمه و عێراقییه‌كانیش حیسابی وردی بۆ بكه‌ین، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر عێراق بیه‌وێت هه‌رێمی كوردستان له‌خۆبگرێت و نه‌هێڵێت ئه‌و ده‌رئه‌نجامی ریفراندۆم و ئه‌و 93 له‌سه‌دی ده‌نگه‌ی به‌ده‌ست هاتووه كاریگه‌ری بمێنێت ده‌بێت ده‌رگه بۆ هه‌رێمی كوردستان بكاته‌وه و هه‌رێم وا لێ بكه‌ن وه‌كو بڵێ له‌به‌هه‌شتی دیموكراسیدایه، په‌یوه‌ندی و پردی متمانه‌ی له‌گه‌ڵ پته‌وبكه‌ن، له‌بواری نه‌وت و غاز و هاوبه‌شی راسته‌قینه له بڕیاری حوكمڕانیدا وه‌كو لایه‌نی شیعه و پێكهاته‌كانی تری لێ بكه‌ن، ئه‌گه‌ر شتێكی وایان كرد و هه‌موو هاوڵاتییه‌كی كورد و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان هه‌ستی به عێراقێتی خۆی و خاوه‌ندارێتیی بۆ عێراق و هاوبه‌شی موڵكییه‌ت كرد، له‌و حاڵه‌ته‌دا ده‌توانیین بڵێن ئه‌و ژماره‌یه له‌لایه‌نی عێراقهییهوه له‌بیر ده‌كرێت، ئێمه‌ش بۆ كوردستان جارێكی تر پێویستمان به‌وه نییه بزانیین خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ده‌وڵه‌تی ده‌وێت یان نا؟ چونكه له‌وه زیاترت ده‌ست ناكه‌وێت، ئه‌مه به‌ته‌واوی هێزه‌وه كورد وتوویه‌تی به‌ڵێ سه‌رفرازی و سه‌ربه‌خۆیی ده‌وێت، لێره‌دا هونه‌ری سیاسه‌تمه‌دار و سه‌ركرده‌كانه پڕاگماتی بن و خوێندنه‌وه‌ی باش بكه‌ن بۆ دینامێتی نێو عێراق و هاوكێشه‌ی سیاسی و هێزه‌كان، خۆشیان نهخشهڕێگهیهك به تێڕوانین و ستراتیژیه‌وه دابنێین كه بزانن هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و كوێ ده‌به‌ن، هه‌روه‌ها چی له‌به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای نیشتماندایه كه بیكه‌ن".
ئاژانسی ئانادۆڵو: له 2017 جیهان دوو ئه‌زموونی جیابوونه‌وه‌ی به‌خۆوه بینی، هه‌ردووكی شكستییان خوارد ئه‌ویش ریفراندۆمی كه‌ته‌لۆنیا و هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه سه‌لماندی جیهان گه‌ڕایه‌وه دواوه و به‌زه‌بری هێز و چه‌ك ئه‌و پرسانه‌ی یه‌كلایی كرده‌وه؟
دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین: "شكستپێهێنانی هه‌ردوو ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان و كه‌ته‌لۆنیا ئاماژه نییه بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ دواوه، یان ئاماژه نییه بۆ ئه‌وه‌ی بڵێین دونیا ئێستاش له رابردوو ده‌ژیت، ئه‌مه ئاماژه‌یه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی له‌و دوو ده‌ڤه‌ره‌ی ئێمه و كه‌ته‌لۆنیاش تێیدا ده‌ژیین ململانێی به‌رژه‌وه‌ندی و هێزه‌كان، دینامێتی بڕیاره سیاسییه‌كان جارێ ئاماده‌نیین بۆ ئه‌وه‌ی له‌پێشترێتی بده‌ن به پێكهاته یان كه‌مه نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه كه یه‌كسه‌ر جیاببنه‌وه له‌و وڵاتانه‌ی ئێستا مه‌سه‌له‌ی زلهێزه‌كان تێیاندا یه‌كلا نه‌بووه‌ته‌وه، بۆ نموونه له ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵات تازه گۆمه‌كه شڵه‌قاوه، تازه باڵانسی هێزه‌كان تێكچوونه و به‌رقه‌رار نه‌بووەته‌وه، به‌پێی سیاسه‌ته‌كانی زلهێزانی ناوچه‌كه و ئێمه‌ش وه‌كو یاریكه‌ری بچووك له‌و حهوزهداین، جارێ ماسییه گه‌وره‌كان زۆر شتییان یه‌كلایی نه‌كردووه‌ته‌وه و رێگه‌ش ناده‌ن ماسییه بچووكه‌كان پلان و كاره‌كانییان تێكبده‌ن و گۆمه‌كه بشڵهقێننهوه، ئه‌مه مانای ئه‌وه‌ش نییه كه ته‌واو ئیتر ده‌رفه‌ت نایه‌ته پێشه‌وه و پارسه‌نگی هێزه‌كان ناگۆڕێن، مانای ئه‌وه نییه چووینه دواوه، به پێچه‌وانه‌وه ره‌نگه له ئاینده‌دا ده‌رفه‌تی گه‌وره بێته كایه‌وه، بۆ نموونه به‌غدا خۆی یه‌كلا نه‌بووه‌ته‌وه ئیستیقراری كردبێت و حوكمی توندی تێدابێت و وڵاته‌كه‌ش ئه‌وه‌نده پته‌و بێت بتوانێت باڵانسی نێو عێراق رابگرێت، عێراق ئێستا خۆی بووه‌ته قوربانی ململانێی هێزه‌كانی ناوچه‌كه، خۆ له‌دوای ماوه‌یه‌كی تر له‌نێوان ئێران و هێزه‌كانی ناوچه و هێزه‌كانی وه‌كو ئه‌مریكا دیسان ئه‌و گۆمه دهشڵهقێتهوه و ده‌رفه‌ت له‌گه‌ڵ خۆی ده‌هێنێت، جا بۆیه ده‌كرێت بڵێین پشوو درێژ بین و بارودۆخ بخوێنینه‌وه و له‌ململانێی هێزه‌كان تێبگه‌ین ئه‌و كات ده‌توانیین سوود له ده‌رفه‌ته‌كان وه‌ربگرین، به‌ڵام هه‌موو جارێكیش سه‌رفرازیش مه‌رج نییه ته‌نها له‌رێگه‌ی جیابوونه‌وه له‌رێگه‌ی ئاڵا و سه‌ربه‌خۆییه‌ك بێت سه‌رباری ئه‌وه‌ی ده‌وروبه‌ر ئاماده نه‌بێت، ئێمه ده‌توانیین به په‌یژه ورده ورده له سه‌رفرازی بچینه پێشه‌وه، به‌ره‌زامه‌ندی و پاڵپشتیی هێزه هه‌رێمییه‌كان و بێ ئه‌وه‌ی كه‌س به مه‌ترسی له‌سه‌ر خۆی بزانێت، به‌ڵام ئێمه له‌وه‌دا هێشتا سه‌ركه‌وتوونه‌بووین هه‌موو ده‌ورودراوسێ و ئه‌و كاره‌ی ئێمه ده‌یكه‌ین نابێته مه‌ترسی له‌سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌وان، ئه‌و كاره پێویستی به وه‌به‌رهێنانه له‌هه‌ردوولاوه و پێویستی به دروستكردنی پردی متمانه‌یه له هه‌موو لایه‌كه‌وه، ئێمه زۆر خه‌ریكی ئه‌و شته نه‌بووین، جگه له‌وه‌ی له‌ناوه‌وه هێزی ههناوییمان پته‌و نه‌كردووه".
ئاژانسی ئانادۆڵو: له‌م سه‌روبه‌نده‌دا په‌یوه‌ندییه‌كانی ناوه‌ند و هه‌رێم چۆن ده‌گه‌ڕێنه‌وه باری ئاسایی یان هیچ نه‌بێت وه‌كو پێشترییان لێ دێته‌وه؟
دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین: "خۆی بارودۆخی هه‌رێم ده‌بێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ دۆخی پێشوو، به‌ڵام كه ده‌ڵێن دۆخی پێشوو مانای دۆخی پێش ریفراندۆم نییه، مانای دۆخی پێش ساڵی 2014یه ، پێش 2014 هه‌رێمێك له سێ یان چوار پارێزگا پێكهاتبوو و به‌پێی ده‌ستووری عێراقی به حوكمێكی فیدڕاڵی پێناسهكرابوو، كۆمه‌ڵێك توانا و ده‌سه‌ڵاتی پێ‌درابوو یان هه‌یبوو و ئه‌و حاله‌ته ورده ورده لهگهشهدابوو، هه‌رێم توانای ئه‌وه‌ی هه‌بوو هه‌رچی سامانی خۆی هه‌یه به‌كاریبهێنێت بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ماڵی خۆی، له‌ناو به‌غداشدا هه‌رێم وه‌كو هاوبه‌شێك به‌شدار بوو له‌سه‌ر شێواز و سیاسته‌كانی حوكمڕانی، ئێمه ئه‌و شتانه‌مان زۆر له‌ده‌ستداوه، ده‌كرێت به‌رێككه‌وتنی ئاینده و به دروستكردنه‌وه‌ی پردی متمانه و زیاتر لێكتێگه‌یشتن و دروستكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر باش له‌گه‌ڵ بڕیارده‌ران له به‌غدا ده‌كرێت بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌و دۆخه‌ی جاران و ده‌شبێت ده‌ستمان بكه‌وێته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه كار و تێگه‌یشتن و سه‌بری ده‌وێت، ئێستا حكوومه‌تی به‌غدا به‌تایبه‌ت حكوومه‌تی سه‌رۆكوه‌زیرانی ئێستا له كاردانه‌وه‌كانی بۆ ریفراندۆم كاردانه‌وه‌یه‌كی سزادهرانهبوو بۆ ئابڵوقه‌دان و زیاتر كه‌نارگیركردنی هه‌رێم ئه‌وه‌ی كه كردی خه‌ڵكی دنیا پێیان ئاسایی بوو و تا راده‌یه‌ك لێیان قبوڵكردبوو، به‌ڵام ئێستا ئه‌ونده زێده‌ی كێشا و زێده رۆیشتووه خه‌ڵكی ئاسایی هه‌رێم تێیدا زه‌ره‌رمه‌ند بووه، به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بزنس و كۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵكی عێراقیش تێیدا زه‌ره‌رمه‌ند بووه، ته‌نانه‌ت وڵاتانی ئێران و توركیاش و ئه‌ورووپییه‌كانیش نیگه‌رانن و پێیان زێده‌یه ئه‌وه‌ی عێراق ده‌یكات.
پرسیارەکە ئەوەیە عێراق بۆ ده‌یكات؟ بێگومان تێكه‌ڵاوییه‌ك هه‌یه له‌نێوان چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و هه‌ڵبژاردنی گشتی كه به‌ره‌و پیرییه‌وه ده‌چیین، كاتێك سیاسه‌تمه‌داران شتی سیاسی و چاره‌نووسسازی ستراتیژی و ركابه‌رایه‌تی گه‌وره تێكه‌ڵ به موزایه‌داتی هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن خه‌ڵك باجه‌كه‌ی ده‌دات و سه‌ریان لێده‌شێوێت و ئه‌و یهكپارچهیهی عێراق ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه ئه‌و سه‌قامگیرییه‌ی ئێمه‌ش مه‌به‌ستمانه وا به ئاسانی نایه‌ته دی، بۆیه پێویسته فشاری جیهانی له‌سه‌ر به‌غدا ئه‌وه‌بێت كه ئه‌و قه‌یرانه تێكه‌ڵ به موزایه‌داتی هه‌ڵبژاردنه‌كان نه‌كرێت، خۆ ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنی عێراق دواخرا مانای ئه‌وه‌یه ئه‌و قه‌یرانه‌ش دوابخرێت، له‌و كاته تۆوی جیاكاری و ناكۆكی ئاینده زیاتر ده‌چێندرێت، ئه‌وه‌ی عێراق پێوه‌ی ده‌ناڵێنێت ماڵی سوننه و شیعه ده‌مێكه له‌یه‌ك جیاوازبوون تا گه‌یشته ئه‌وه‌ی خاكی سوننه بكه‌وێته ده‌ستی داعشه‌وه، كورد و شیعه بایی ئه‌وه‌نده له‌یه‌ك نه‌ترازابوون كه عێراق پارچه ببێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و سێ پێكهاته سه‌ره‌كییه‌ی عێراق ته‌واو له‌یه‌ك بترازێن تازه نابێت چاوه‌ڕێی عێراقێكی یه‌كگرتوو بكه‌ینه‌وه، بۆیه نابێت سه‌ركرده‌كان قه‌یرانی قوڵی كوشنده بۆ خاتری ده‌ستكه‌وتێكی كاتیی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌كاربهێنن.
ئاژانسی ئانادۆڵو: كه‌واته بۆچی حكوومه‌تی عێراق و به‌دیاریكراوی عه‌بادی وه‌ڵامی په‌یوه‌ندییه‌كانی كورد بۆ دانوستاندن ناداته‌وه؟
دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین: "حه‌تمه‌ن حكوومه‌تی عێراقی یان بڕیارده‌رانی پاڵپشتی حكوومه‌ت له به‌غدا تا سه‌ری ساڵی 2018 ویستوویانه ئه‌و ناكۆكییانه یان ده‌رئه‌نجامی ریفراندۆم بۆ ده‌ستكه‌وتنی ده‌نگی جه‌ماوه‌ر و ته‌وزیفكردنی بۆ هه‌ڵبژاردن به‌كاربهێنێت، به‌ڵام عه‌بادی و حكوومه‌ته‌كه‌ی نه‌یده‌توانی ئه‌وه بكات ئه‌گه‌ر ئێران و ئه‌مریكا و هێزی ناوچه‌كه پاڵپشتی نه‌بوونایه، ئێستاش ئه‌مریكا به‌هۆكاری ئه‌جیندای خۆی پاڵپشتی له حكوومه‌تی به‌غدا ده‌كات كه به‌رده‌وامه له سزادانی هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها ئێرانیش به‌هه‌مان شێوه بۆ هۆكاری خۆی پاڵپشتیی ئه‌و سزادانه ده‌كات، جا ئێستا ئه‌گه‌ر بێت‌و ئه‌مریكا و ئێران له‌گه‌ڵ وڵاتانی تر بكه‌ونه ئه‌و حاڵه‌ته‌ی رایان بگۆڕن و بچن فشار بخه‌نه سه‌ر به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی ترازاوه زیاتر لێكنهترازێت و ئه‌و كه‌لێنه‌ی له‌گه‌ڵ كورد په‌یدابووه نه‌گاته ئاستی ئێسك شكاندن، ئه‌وه له به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌و حكوومه‌ته و هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و وڵاتانه و زلهێزه‌كانیش ده‌بێت، جا بۆیه وامه‌زانه بڕیاری ساردوسڕییهكهی حكوومه‌تی عێراق له‌گه‌ڵ كورد ته‌نها هی عه‌بادییه، به‌ڵكو ئه‌مه هی ته‌واوی ماڵی شیعه‌یه، ئه‌وجا هی ئه‌مریكا و ئێرانیشه، بۆیه ده‌بێت هه‌موو بهئاگابێن ئه‌وه خه‌ریكه زیاد تێده‌په‌ڕێت، خه‌ریكه هه‌ستێكی نێگه‌تیڤ به‌رامبه‌ر به عه‌بادی، ماڵی شیعه، به‌رامبه‌ر به ئێران و ئه‌مریكاش دروست ده‌بێت و ئه‌وه له به‌رژه‌وه‌ندیی هیچیان نییه ئه‌گه‌ر چاوییان له‌په‌یوه‌ندیی درێژخایه‌ن بێت و ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت به‌رژه‌وه‌ندییان له هه‌رێم بمێنێت، بۆیه نابێت هێزی هه‌ناوی كورد به‌كه‌م بزانن ئه‌گه‌ر وابوو به‌هه‌ڵه‌دا ده‌چن و نابێت هیچ كاراكته‌رێك له‌و یارییه‌دا كهنارگیربكرێت، ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌وان مه‌به‌ستییان سه‌رفرازیی عێراق و یه‌كپارچه‌یی عێراقه ئه‌وا به‌وشێوه‌یه بنكۆڵی ده‌كه‌ن، بۆیه له‌به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌موواندایه به‌زوویی په‌یوه‌ندیی عێراق و هه‌رێمی كوردستان ئاسایی بكرێته‌وه".
ئاژانسی ئانادۆڵو: هه‌ڵوێستی وڵاتان به‌تایبه‌ت ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر به رووداوه‌كانی ریفراندۆم و 16ی ئۆكتۆبه‌ر چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین: "ئه‌و هه‌ست و مهشاعیرهی له لایه‌ن كورده‌وه هه‌یه به‌رامبه‌ر به سیاسه‌تی ئه‌مریكی هه‌ق و ناهه‌ق تێكه‌ڵ بووه و راست و ناڕاستی تێكه‌ڵ بووه، ئێمه ناتوانین گله‌یی له ئه‌مریكا بكه‌ین كه سیاسه‌تێكی توندی په‌یڕه‌و كرد له‌دوای ریفراندۆمه‌وه كاتێك پێشوه‌خت زۆرهه‌وڵیدا كورد به‌پێچه‌وانه‌ی ره‌وت و سیاسه‌تی ئه‌مریكا ههڵسهوكهت نه‌كات، زۆر هه‌وڵیدا زۆر سیاسه‌ت هه‌یه لێیان تێكنه‌دات، ته‌نانه‌ت داوای دواخستنییان ده‌كرد به‌و وهعدهیهی پشتی كوردیش ده‌گرن، تا ئێره نا‌توانیین گله‌یی له ئه‌مریكا بكه‌ین كه ناڕه‌حه‌ت بوو به ئه‌نجامدانی ریفراندۆم، به‌ڵام له‌وێ به‌ولاوه كاتێك ئه‌مریكا بێده‌نگ بوو له به‌كارهێنانی هێز و ئاواره‌كردنی ده‌یان هه‌زار كه‌س له كه‌ركووك و به سزادان و كه‌نارگیركردنی هه‌رێم به‌و شێوه‌یه و درێژخایه‌ن كردنی له‌وه‌یاندا كورد هه‌قی خۆیه‌تی گله‌یی له ئه‌مریكا بكات، ئه‌مریكاش دوو ئه‌مریكایه كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك هه‌یه له واشنتۆن له كۆنگرێس و ته‌نانه‌ت له‌ناو ئیداره‌ش كه زۆر ناڕه‌حه‌تن له‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به كورد ده‌كرێت و داواش ده‌كه‌ن پێچه‌وانه بكرێته‌وه و بارودۆخ ئارام بكرێته‌وه و كورد زیاتر سزا نه‌درێت، به‌ڵام چه‌ند دیپلۆمات و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیكه‌ش هه‌ن كه زۆر عێراقییانه بیر ده‌كه‌نه‌وه، زۆر بیر له سیاسه‌تێك ده‌كه‌نه‌وه وا ده‌زانن ئه‌و حكوومه‌ته‌ی ئێستای عێراق هه‌رچییه‌ك بكات و ئه‌گه‌ر سزای كوردیش بكات پشتی بگرن و قوربانی به‌و حكوومه‌ته نه‌ده‌ن به راده‌یه‌ك كه چاوپۆشی له هه‌موو خراپه‌كارییه‌كانی بكه‌ن چونكه لهپێشترێتییان به عێراق داوه، به مانایه‌كی تر له‌لای ئه‌وان عێراق له‌پێشتره و له ئاینده ده‌یانه‌وێت حكوومه‌ته‌كه‌ی عه‌بادی به‌رده‌وام ببێت و له هه‌ڵبژاردن دووباره‌وه ببێته‌وه به‌سه‌رۆكی حكوومه‌ت، به‌و ئومێدهشن ئه‌و حكوومه‌ته ورده ورده له ئێران بترازێنن، جا ئێتر به شێوازێك پێی بڵێ جۆرێك له خه‌یاڵ پڵاوی وا پێشبینی ده‌كه‌ن ئه‌وه له به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌مریكادایه وه ئه‌وانه بوونه‌ته به‌ربه‌ستیش له‌به‌رده‌م لۆبی و داواكارییه‌كانی كوردی و هیچ په‌له‌یه‌ك له حكوومه‌تی عه‌بادی ناكات كه په‌له بكات و په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێم ئاسایی بكاته‌وه.
جا بۆیه ئێمه كاتێك ده‌ڵێین ئه‌مریكا ده‌بێت ئه‌و گرووپانه له‌یه‌كتر جیابكه‌ینه‌وه، ئه‌و گرووپه‌ی كه ئێستا بووه‌ته به‌ربه‌ست و به‌شێكه له‌و سیاسه‌ت داڕێژه‌رانه‌ی له سه‌رده‌می داعشه‌وه له‌گه‌ڵمان به‌رده‌وامن ده‌بێت ئه‌وانه زیاتر به‌ربه‌ستن، به‌ڵام وه‌كو ئه‌مریكایه‌كی زلهێز هێشتا دۆسته و نایه‌وێت هه‌رێمی كوردستان بنكۆڵ بكرێت یان پووچه‌ڵ بكرێته‌وه یان حكوومه‌ته‌كه‌ی لاواز بكرێت یان هه‌ڵوه‌شێته‌وه، ده‌یه‌وێت كورد به‌هێز بمێنێته‌وه، به‌ڵام كاتێك راوێژ وه‌رده‌گرێت له‌و دیلپۆماتانهی له به‌غدا دانیشتوون ئه‌وا به پێچه‌وانه‌ی ئاراسته‌ی كورد و لۆبی واشنتۆنیش ره‌فتار ده‌كه‌ن، بۆیه ئێمه ده‌بێت كارێكی وا بكه‌ین واشنتۆن قایل بكه‌ین و ئه‌و به‌ربه‌رستانه‌ی له به‌غدا دروست بوون یان تێگه‌یشتنه‌كانییان بگۆڕین یان ره‌فتارییان بگۆڕین".
ئاژانسی ئانادۆڵو: كه‌واته ئه‌گه‌ر كورد به‌گوێی ئه‌مریكای كردبا و باشتر نامه‌كه‌ی ریكس تیله‌رسنی خوێندبایه‌ته‌وه باشتر نه‌بوو؟
دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین: "كاتێك كه سه‌ركرده‌كان له‌سه‌ر مێزێك‌دا چه‌ندین بژارده‌یان ده‌كه‌وێته به‌رده‌ست پێویستییان به‌وه‌یه به‌ڵگه‌كان و خوێندنه‌وه‌كان هه‌ڵبسه‌نگێنن و بە ده‌رئه‌نجامەکانی خۆیان به قه‌ناعه‌تێك بگه‌یه‌نن و بڕیارێك بده‌ن، له رۆژی خۆیدا سه‌ركرده‌كانی ئه‌و په‌یام و نامانه‌ی كه‌وته به‌رده‌ست كه هه‌ر هی تیله‌رسن نه‌بوو، هی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و وڵاتانی ئه‌وروپیش بوو، له قه‌ناعه‌تی خۆیاندا بایی ئه‌وه‌نده‌ی نه‌كرد كه ریفراندۆمی پێ دوابخه‌ن، من خۆم كه‌سیی پێم كیفایه‌ت بوو ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی ئێران دای كه به‌ڵێنی گه‌وره بوو، ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی ئه‌مریكا دای، بایی ئه‌وه‌نده ده‌بوو كه سبه‌ینێ به‌ره‌و روویان ببینه‌وه ئه‌گه‌ر پێچه‌وانه‌ی بهڵێنهكانییان كردبا ئه‌وا ئێمه له رووی مۆڕاڵه‌وه هێزمان زیاتر ده‌بوو ئیحراجییان بكه‌ین و ئه‌و كات شتی گه‌وره‌مان كردبا ئه‌وانمان به قه‌ردار ده‌هێنایه به‌رچاو، به‌ڵام چونكه ئه‌وان بهڵێنهكانییان دا و ئێمه به‌گوێمان نه‌كردن ئێستا ئه‌وان پشت ئه‌ستوورن به‌وه‌ی بڵێین ئێوه بڕواتان پێ نه‌كردین، جا لێره‌دا ئه‌و بڕیاره‌ی تۆ دهیدهت له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ڵسه‌نگاندن و حیكمه‌تێكه له‌رۆژی خۆیدا تۆ چی به چاك ده‌زانیت بۆ میلله‌تی خۆت ئه‌وه هه‌ڵده‌بژێریت، جا لێره‌دا ئێمه ناتوایین حوكم بده‌ین كه ئایا تاچی راده‌یه‌ك ئه‌مریكا یان ئێران بهڵێنهكانییان ده‌گه‌یانده جێ، ره‌نگه نهیاندهگهیاندبایە جێ، به‌ڵام ئه‌و سزایه‌ی ئێمه درایان و ئه‌و له‌ده‌ستدانی كه‌ركووك و ناوچه‌كانی دیكه به هه‌ڵه‌ی خۆمان نه‌ده‌بوو یان به‌خوێندنه‌وه‌ی خۆمان نه‌ده‌بوو، ئه‌وكات به غه‌درێكی دوژمنكارانه‌ی نه‌یارانمان ده‌زانی".